Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
كەفى خوێن  ….. شێروان ئیبراهیم حەیدەرى

كەفى خوێن ….. شێروان ئیبراهیم حەیدەرى

Closed
by November 20, 2008 ئەدەب

   ((سەیلى هیجرت بەردى بنچینەى لەرەگ هێنامەدەر
   بارى فیكرت قەددى راستى تێكشكاندم وەك فەنەر))
 ((نالى))

 
      كەفى خوێن  ….. شێروان ئیبراهیم حەیدەرى
  
 كافرترین كافرۆشى عیشق
 لەدیار كالیبتۆزەكانى "نادى تیجارە "مەبە بە پەرى
 با رەشەبا لە نێو رەشمالى خۆیدا نەت گەوزێنىَ
 ئەى عەزاب پۆشى فیراق
 لە دیار سنەوبەرەكانى شەودا سوژدە بۆ جوانى مەبە
 بادەنگى كوكوختیەكان نەتگریێنىَ
 ئەى شولاز
 بۆنى تۆ ……..
 بۆنى كالیبتۆزەكان …………
 دەچنەوە سەر یەك توخمات
 بۆنى تۆ رۆژەرێیەك سەوداسەرى دەكا
 دلى باغەوانەكان مەست دەكا
 رۆحى عابیدە سەركەشەكان دەردەكا
 نەشوەى كالیبتۆزەكان من و سەگەكانى باوكم مەست دەكا
 بۆنى كالیبتۆزەكان بە باوە دەفرن
 هەڵالە لەگەل خۆیان دەهێنن
 دەیكەنە هاراوەى میسك و عەنبەر
 بەسەر رۆحدا فەرشى دەكەن
 هەڵالەكان هەلاهەلام دەكەن
 سەر دەكەن بەگۆ شەقى تێهەلدەدەن
 نەغمەى دەنگى تۆ
 سوار دەپەرێنىَ
 لەسروودى ریشۆلەى ناو كالیپتۆزەكان دەچن
 لەدەنگى كاروانى قازو قومریان دەچن
 كەبە كاروان دەگریێن
 بەیەك دەنگ دەلێن ((رەفیقان ! من ئەوا رۆییم لە لاتان
                                  لە مەزلومان بڵا چۆل بىَ وڵاتان )) "1"
 دەنگت با دەیهێنىَ
 رەشەبا دەیبا
 هەندێ جاریش لەگەل ئاوى جۆگەلەكان سەرچاوە دەگرێت
 دەنگت ناكەوىَ لە عەزفى خۆیدا
 هەموو مەلەكان بانگ دەكا
 بانگى فیراق
 گوێچكەى كەڕ دەتاسێنىَ
 رەنگى تۆ و رەنگى تفرى كالیبتۆزەكان یەك رەنگن
 لە ئاقارى سپى بوونەوەى رۆژەكان بەیەك دەگەن
 من و تۆ لەیەك شەپۆل دا مەوج دەدەین
 هەردووكمان قوربانى كالیبتۆزەكانین
 كالیبتۆزەكان قوربانى بروسكن
 ناوە ناوە رۆحیان دەوە رێنىَ
 من عشقى گەڵایە كەوزەكانم
 عشقى بۆن و عشقى بخورى باغەوانەكانم
 رۆحى من لەناو لەپى جۆگەكاندا گوزەر دەكا
 چاوى من لە سەربەرماڵى كەفچرى خوێنى تۆدا سەمادەكات
 سەما …. سەماى دەروێشانى تەریقەتى عیشق …. سەماى پرچ و سەماى نەى
 سەماى خوا پەرستى …… سەماى لەرزینى كاسەى مەى
 سەما …. سەماى بەر تۆفان و بەر رەشەبا …. سەماى لەرزینى وردە زیخى نێو كانى
 سەماى سەر شێـتى …. سەماى ژێر باران …… سەماى ((خەیامانە ))لە دەورى گۆزەدا 
 لە كەفى خوێنى تۆدا خەرمانەى مانگ دەبینم
 لە كەفى خوێنى تۆدا بەختى رەشى خۆم دەبینم
 لە كەفى خوێنى تۆدا دەستى باوكت وەك دەستى ((ئیبراهیم )) دەبینم
 بەلام ئەو دەستە بت ناشكێنىَ
 خوێن دەرژێنىَ
 ئەو دەستە بت ناشكێنىَ
 بت دەسازێنىَ و قوربانى بۆ دەكات 
 من عاشقم
 عاشقى ئەو ئاگرەم كەمەستەكان هەڵى دەكەن لە شەوانى زستاندا
 ئەو ئاگرەى بەرۆكى ئاسمان دەگرىَ
 ئەو ئاگرەى هەموو یادگاریەكان لەگەل خۆی دەهێنىَ
 ئەو ئاگرەى لە زاكیرەماندا هەرگیز ون نابێت
 بەرد دەسوتێنىَ
 جەستە دەكا بە غوبار
 ئەو ئاگرەى گەرممان دەكاتەوە و تامى لەمیوە خۆشترە  
 تۆش عاشقیت
 عاشقى ئەو دەست و پەنجانەى كە لەسەر كالیپتۆزەكان وێنەیان بەجێدەمێنىَ
 عاشقى ئەو دەست و پەنجانەى كە لەسەر پیانۆكانى ئەجەل دێن و دەچن
 عاشقى ئەو هەورانەیت كە لەسەردانى كالیپتۆزەكان دەبارن
 نەرم نەرم دەبارن
 هەورەكان بەسەر ئەو خاكەدا دەبارن كە بۆنى خوێنى تۆى گرتووە
 ئەو بۆنەى مەقامى شەهادەتى پێیە
 شەهادەتى عیشق
 شەهادەتى سەفا
 شەهادەتى نوور
 هەورەكان دەبارن
 لەگەل كەفى خوێنى تۆدا بە خوڕ دەبارن
 دلى باغەوانەكان دەكەن بە جل
 عەباى ژنە رەشپۆشەكان دەكەن بە ئاو
 ئاو بەسەر هەموو شەقامەكاندا دا دەرژێنن كە شوێن پێى تۆى بە سەر داهاتووە
 هەورەكان بە خوڕ دەبارن
 لەدیدارى كەفى خوێن دا دەبن بە تەرزە
 عەشقى تۆ لەگەل رووانى كالیبتۆزەكان گەورە دەبێ
 عەشقى تۆ لەگەل گەمەى كاریلە گوىَ شۆرەكانە مەزن دەبێت
 عەشقى تۆ لەگەل كەروێشكە خرپنەكانە دەخەوێ
 ئاى دلى تۆ تەختى شاهن شا نیە
 دلى تۆ تەختى ئەو لاولاوانەیە كەخۆیان هەڵدەواسن بە دیوارى ژیان
 دلى تۆ لەناو لە پى ((رەحمان)) دایە
 خوا دەگرى بەسەرى دا
 من و تۆ تەنیا یەك باخچە كۆمان دەكاتەوە
 من و تۆ تەنیا یەك پەنجەرە ئاوڕمان لێدەداتەوە
 من و تۆ تەنیا یەك خوا كۆمان دەكاتەوە 
 من و تۆ تەنیا یەك شاتوو لە خەونەكانمان دەبینین
  ئەو شاتووەى دۆمەكان لە ژێریا خیوەتیان هەڵدەدا دەیان كرد بە هەرا
 دەیان كرد بە رۆژى حەشر
 من و تۆ تەنیا یەك باخچە كۆمان دەكاتەوە
 من لەدیار ئەو باخچەیەدا كەفى خوێنى تۆ دەبینم لە گەلأ پووشەكان بەنێو جۆگەكاندا دەرۆن
 دەرۆن بۆ دونیاى دوور
 دەرۆن و منەكانى نێو من لە ناوخۆیاندا دابەش دەكەن
 دەستى تۆ دەبینم وەكو قەدى درەختەكان بڕاونەتەوە
 دەستى تۆ دوعا خوازە بۆ باڵاى سنەوبەرەكان
 پەنجەى شەهادەتى تۆ شایتمانى عیشقن
 رۆحى تۆ دەبینم لە باوەشى ئاسمانێكى بێ سنووردا لەسینەى رەنگاڵەكاندا بۆ لاى خوا بەرێدەكەون 
 لەوێدەبن بە قەندیلۆكەى عەرش
 لەوێدەبن بە ……..
 گولە نێرگزى رەحمەت و گوڵاو پژێنى سەر كفن
 پووشى دەوجۆگەكانیش كەلەگەلأ خوێنى تۆدا دەرۆن
 چاوەكانم دەتەزێنن
 فرمێسكەكانم سڕدەكەن
 فرمێسكەكانم بەناو سینەیەكى زەمهەریرى دا دێن
 جەستەم دەكەن بە تاتە شۆرێكى سڕ
 ئێستا ئەو باخچەیە بىَ كالیبتۆزە
 لە باخچەكەى ((ئسحاب ئەل جەننە ))  زیاتر قەترانى بووە
 چیمەنەكەى رۆژە رێیەك دووكەڵى سپى سپى لەسەر هەڵدەستىَ
 ئەو باخچەیە بێ شەرابە بىَ ساقییە
  بێ حۆرییە
  بىَ حەوزى كەوسەرە
 ئەو باجچەیە بێ ((سەل سەبیل بىَ زەنجەبیلە ))
  بىَ نوورە
 بىَ رێگایە
 بىَ دەرگایە
 كەندە پیسە
 لەمن تەنیا تر ئەوە
 كۆلكەدارەكانیش باوكت لە كوورەى رەژوو دا دەیان سوتێنىَ و فوو لە خۆڵە مێشى سپى دەكات
 ئەو خۆڵەمێشەى وەكو تاراى بووكین سپیە
 جارجاریش سپیترین خۆڵەمێش بەسەر جێى ژوان دا شەنەدەكا
 ئەوەى پیاسە دەكات لەنێو ئەحزانەكانى مندا سووتانى ئەو خاكەیە
 ئەوەى تابلۆكان دەگوازێتەوە فریاد رەسى وێنەكانى تۆیە
 كەلە پشت دارەكان دەهاتن و دەچوون
 ئەوەى دڵى بە جێماوە لە نێو ئەو خۆلە مێشەدا
 ئەوە منم 
 ئەوەى دڵى بە جێماوە لە نێو ئەو كەفە زیوینیەدا
 ئەوە منم
 هیچ رەنگى ژیان نابینم
 ئەوەى دەركراوى نێو ئەو باخچەییە(( ئادەم)) نیە
 ئەوە منم
 لە دوورەوە گوێم لەدەنگى روحى ئەوە دەلێت ((مەلێن كەڵكى نەبوو رۆیى ,جەهەننەم
    سەرم قەلغانە بۆتیرى قەزاتان ))"2"
 ئەوە منم 
 كە  هیچ  كوخێك
 كە  هیچ  ساباتێك
 كە  هیچ  تاشە  بەردێك
 بۆ  سێبەرى  ژیان  نابینم
 
 
 
 
 ((نادى تیجارە )): مەبەست لەو نادییەیە كە دەكە وێتە سەر رێگاى شەقلاوە لە هەولێر
 یەكێك بوو لەو نادیانەى كە كاتى خۆى خەلكێكى زۆر جمەى دەهات و سەردانیان دەكرد
 ئێستاش وەكو بەرى دەست تەختە .
 
  ((1,2))  دوو دێرە هۆندراوەى نالى شاعیرە
 
     Sherwan79@hotmail.com
 
 هەولێر 
 
 
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.