Skip to Content

Saturday, April 20th, 2024
لاقە کردنی گەنجەکەی کوردستان چیمان پێدەڵێت؟

لاقە کردنی گەنجەکەی کوردستان چیمان پێدەڵێت؟

Closed
by December 9, 2012 گشتی

 

 

پەخش کردنی ئەو گرتە ڤیدیۆییەی لاقە کردنی گەنجێک دەکرێت تێیدا و بڵاوکردنەوەی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوکدا، بۆخۆی هەڵگری کۆمەڵێک مانا دەگەیەنێت. مانایەک نا لەوەی ئاستی وشیاری تاک و کۆمەڵگا هەنگاوێکی بەرەو پێشەوە نابێت، بەڵکو نیشان دانی ئەو نهێنیە دەگەیەنێت کە تا چ ئەندازەیەک پەروەردەی کۆمەڵایەتی لە کۆمەڵگادا بەرەو داڕوخان و شکست دەڕوات. ئەو لاقە کردنە نیشانەی ئاستی دەرون نەخۆشی ئەو پیاوە دەردەخات لەوەی خاوەنی هیچ ڕەوشت و مۆڕاڵێک نیە. ئاخۆ دەبێت ئەو پیاوە لە خۆشەویستی پاراستنی شەرەفی خێزانەکەیەوە بێت کە ئەو هەنگاوە دڕندانەیەی ناوە؟ ئایا گەر وابێت دەبێت چ مەرگەساتێک بەسەر کچەکەیشیدا بهێنێت؟ یان دەبێت بپرسین ئاستی مۆڕاڵی پیاو لە کامە پنتدایە کاتێک کە خۆشەویستی بونی نەبێت و تەنها ئاستی وشیاریەکەی ببەستێتەوە بە زایەندی ژنەوە و لەوێدا شەرەف و ناموسی خۆی ببینێتەوە؟ ئاخۆ ئەوە ڕەنگادانەوەی ئاستی وشیاری کۆمەڵگایە لەوەی ئەو پیاوە و گروپەکەی دێن وا بەو شێوە دڕندانەیە ئەو تاوانە دەدەن بە جەستە و دەرونی ئەو گەنجەدا؟ ئاخۆ گەر کۆمەڵگا خاوەن پەروەردە و ئاستی وشیاریەکی مەدەنی بوایە ئەوکات ڕێی تێدەچو ئەو پیاوە وا بکات لەو گەنجە؟ ئاخۆ لەم نێوەدا تاک یان کۆمەڵگا، هەردولا وەک یەک تاوانبارن یان ئەم کارانە بۆخۆی دەچێتە قاڵبی دەرون نەخۆشی و کاری ناوازەوە؟ بێگومان وەڵام دانەوەی ئەم پرسیارانە و دەیان پرسیاری دیکەش کە پەیوەست دەبێت بەم جۆرە تاوانانەوە بۆخۆی دەبێت وەڵامەکەی تەنها لەو ژینگە کۆمەڵایەتیەدا بۆیی بگەڕێین کە کۆمەڵگا تێیدایە و دەرئەنجامەکانی هەر لەوێدا دەتوانن بەدەر بکەون.

 کۆمەڵگای کوردی وەک هەریەک لە کۆمەڵگاکانی وڵاتانی ڕۆژهەڵات، هێشتا لە نێو چەقبەستوییەکی بۆماوەییدا دەژین، هێشتا کۆمەڵگا لە کۆمەڵێک ڕوی زۆرەوە دەرگیری کەپت و لە ڕوی پەروەردەوە تا دەگات بەم ساتە، هێشتا  لە دوایە. خۆ گەر ئاستی وشیاری کۆمەڵگا لە جێگایەکدا بوایە کە کۆمەڵێک هەنگاوی بەرەو خۆ وریاکردنەوە و ئاستی ڕەوابوون بدایە بەمافە مەدەنیەکانی نێو تاکە نێرینە و مێینەکانی، بێگومان دەبوم لەوەی کە ئەم جۆرە دیاردانە نەدەبینران و نەدەشبیستران. ئەوەی لەم تاوانەدا دەبینرێت ئاستی ئەو وەحشیگەریە بێ مۆڕاڵیە دەگەیەنێت کە کۆمەڵگا خۆبەخۆ و بێ ئەوەی بەخۆی بزانێت خزێنراوەتە نێو زەلکاوێکەوە، زەلکاوێک تادێت بەرەو بۆگەنی دەڕوات. ئەویش زەلکاوی نەبونی پەروەردەی کۆمەڵگایەکی مەدەنی دەگەیەنێت. لەم ساتەوەختانەشدا، دەبێت چاوەڕوانی ئەم دیاردە ناچیزانەش بین، چونکە ئاستی داڕمانە پەروەردەییەکان لە کۆمەڵگادا تادێت ڕوو لە سەرە لە زۆر لاوە.

 

ئاخۆ دەبێت ئەرکی دەسەڵات چی بێت لە ئەنجام دانی ئەم جۆرە تاوانانەدا؟ ئایا دەسەڵات هیچ بەرپرسیاریەتیەکی دەکەوێتە ئەستۆ یان دەبێت بڵێین بەڵێ گەر دەسەڵات بەشێک نەبێت لە تێکدانی پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکان  و بەشێک نەبێت لەو هێزەی بە ناڕاستەوخۆ کۆمەڵگا پەلکێش دەکات بەرەو گەندەڵی و جیهانبینی ستەم کاری، ئەوکات ئەم دیاردە ناوازانەش ڕونادەن؟

 چۆن دەتوانین بڵێین دەسەڵات زۆرترین بەرپرسیاریەتی دەکەوێتە ئەستۆ؟

 گەر نمونەی کۆمەڵگای ئەوروپا بهێنینەوە ڕەنگە کارێکی خراپ نەبێت، ئەو هەنگاوەی کە کۆمەڵگای ئەوروپا ناویەتی لەوەی لە جیهان بینی کۆن ڕزگاری ببێت و بنەماکانی کۆمەڵگایەکی مەدەنی جێ بخات، بۆخۆی ئەو ئاڵوگۆڕە مەزنە بوو کە لەسەرجەم کایەکانی ژیاندا هەنگاویان بۆنا، بەبێ ئەوەی لە ڕابردوی کەلتوری کۆمەڵگا بترسن و لێی بسڵەمێنەوە لەوەی دەستی بۆنەبەن و بڵێن جارێ وەختی ماوە( وەک ئەوەی دەسەڵاتدارانی کوردستان دەڵێن نابێت باسی سەربەخۆیی کوردستان بکرێت، چونکە هێشتا دەوڵەتی تورکیا و ئێران و عێراق ماون) دەسەڵاتی مەدەنی لە وڵاتانی ئەوروپادا، وە بە کامڵ بونی سیستەمی بەڕێوە بردنی کۆمەڵگایەکی مەدەنی بێترس و چاوەڕوانی لەوەی کەی کات دێت بۆئەوەی هەنگا بنرێت بەرەو ئاڵوگۆڕێکی نوێتر، دەستی بەو کارە کرد و کۆی کۆت و بەندە کۆمەڵایەتیەکانی تا ئەو کاتی لەبەریەک هەڵوەشاندەوە، کە دەبوون بەڕێگر لەبەردەم چونە پێشی کۆمەڵگادا. بەتایبەتیش پەروەردەی کۆمەڵگا و پەروەردەی نێو قوتابخانەکان کە لەو ڕێگایەوە توانرا هەم منداڵان بەشێوازێکی مرۆڤ دۆستانە و دوور لە چاوی ڕەگەز پەرستیەتی نێوان مێ و نێر، تاکێکی بڕوا بەخۆ پەروەردە بکرێت. ئەو هەنگاوە مەزنە بۆخۆی  کۆمەڵگای ئەوروپای بەرەو وەرچەرخانی مەزن برد و ڕزگاری کرد لەسەردەمی قۆناغی پەروەردەی کۆمەڵگایەکی  دەرەبەگیانە و ئاینیانە.

 خاڵێکی گرنگ تر، ئاستی خۆ ڕزگار کردن لە کەلتوری کەپت کردن بووە لە هەموو پنتەکانی ژیانی مرۆڤدا. چونکە تا کەلتوری ترس و نەتوانینی ئەو گرێیانەی لە مێشکی تاکدایە لەوەی بە ئازادانە دەری ببڕێت و بەشوێن وەڵام و چارەسەرکردنیدا لەلایەن خێزان و خودی کۆمەڵگاشەوە پێی بدرێتەوە، خودی دیاردە نامرۆڤایەتیەکان بەردەوام دەبێت. من دەپرسم لە کۆمەڵگا ڕۆژهەڵاتیەکاندا ئاستی کەپت کردن لە چ ڕێژەیەکدایە لەسەرجەم ئەو بوارانەی کەمرۆڤ بۆ ئازاد بونی پێویستیەتی؟ ئاخۆ گەر ئێستا بکەرانی ئەو تاوانە بگیرێن، شایانی ئەوەن سزای لە سێدارەدانیان بەسەردا بسەپێنرێت یان بخرێنە ژێر چاودێری جیهانبینی چاکسازی لەوەی ببنەوە بەمرۆڤێکی مرۆڤ پەروەر؟ ئاخۆ گەر ئەو تاوانبارانە بە سزای لە سێدارەدان کۆتایی بەژیانیان بهێنرێت، دەتوانرێت ئاستی ئەو بێحورمەتیەی بەو گەنجە کردویانە هیچ حورمەتێکی بۆ بگەڕێنێتەوە تا ئەوەی لە کۆمەڵگادا وەک مرۆڤێکی ئاسایی خۆی ببینێتەوە، بێگومان نەخێر دەبێت وەڵامەکە، چونکە بە جیهانبینی لە سێدارەدان و جیهانبینی تۆڵە سەندنەوە هیچ چارەسەریەک و هیچ ئاڵوگۆڕێکی حورمەتدارانە بەدی نایەت، تەنها چارەسەر ئاستی گۆڕانکاری مەزنە لەوەی ئاستی مرۆڤ بون بدرێتەوە بەڕەگەزی مێ و خۆی بتوانێت خاوەنی خۆی بێت، نەک پیاو، چونکە ئەوە ڕەگەز پەرستیەتی پیاوە، وای لەم پیاوانەش کردوە بەو ئەندازەیە لە دڕندایەتی، بەر ببنە لاقە کردنی ئەو گەنجە و بێحورمەتی پێ ببەخشن، خۆ گەر یەکسانی خوازی هەبوایە لە نێوان کەسایەتی ژن و پیاودا ئەو کات پیاو نەدەبوە ئەم کەڵەگایەی ئێستا و پەلاماری هەردوو ڕەگەز بدات؟ من دەڵێم گەر ئەو تاوانبارانە ئاستێکی مرۆڤ بونیان تێدا بوایە، هیچ کات دەستیان بۆ کارێکی ئاوا دڕندانە نەدەبرد لەوەی تۆڵەی خۆیان بکەنەوە.

 

 ئەم پیاوە دڕندانە لەم ڕێگایەوە دەخوازن دوو کەلتووری نوێی بۆگەن بهێنە نێو کۆمەڵگاوە، یەکەم کەلتوری جیهانبینی گوندەیی، دوەم کەلتوری تۆڵەسەندنەوەیەکی تەواو دڕندانە. خۆ کوشتنی هەزاران ژن لە کۆمەڵگای ئێمەدا، تەنها پیاو وە کەلتوری نێر بون لێی بەرپرسیارە، کەلتوری شەهوەتێک کە خۆشەویستی تێیدا بزر بوە. گەر لە کۆمەڵگادا ئاستی خۆشەویستی نەما لە نێو ئەو دوو ڕەگەزەدا و تەنها تێر بونی شەهوەتی پیاوانە بونی هەبوو، ئەو کات خۆبەخۆ کۆمەڵگا لە نێو بەرەڵاییدا خۆی دەبینێتەوە و هەزاران دیاردەی دڕندانەش دێنە جێبەجێ کردن دژی ئەو ڕەگەزەی کە ژێردەستەی پیاوە.

 

 کۆمەڵگای کوردستان پێویستی بە ئاڵوگۆڕێکی مەدەنیانە هەیە تا ئەوەی تاک و کۆمەڵگا بتوانن ببن بەخاوەن کەسایەتی خۆیان، ئێستا کۆمەڵگا لەبەردەم دیوارێکی ڕزیودایە و تەنها کەرامەتی خۆی لە زایندەی ژندا دەبینێتەوە، تائەو کاتەی کۆمەڵگا بەرەنگاری بکات لەوەی ئەو دیوارە ڕزیوە نەڕوخێت، تا ئەو ساتەش دەرەنجامە کارەسات بارەکان چاوەڕێی دەکات. لاقە کردنی ئەو گەنجەی کوردستان چیمان پێدەڵێت؟ بە بڕوای من، گەر دەسەڵاتی هەرێم خۆی نەخاتە بەردەم لێپرسینەوە لەوەی کە زۆرترین تاوانبارە لەبەردەم پەرەسەندنی ئەو تاوانانەی دژی ژنان دەکرێت و ژن کوشتن بوەتە کارێکی ڕۆژانە، تا دێت ئاستی ئەو بەرە دڕندەیە لە کۆمەڵگادا ڕوو لە زیاد بون دەکات. چونکە لە کۆمەڵگایەکدا دەسەڵات و دەزگا حکومیەکان خۆیان بەبەرپرسی ڕوداوەکان نەزانن کە لە کۆمەڵگادا ڕوو دەدەن، ئەو کات ئەوان دەبن بەهۆکاری سەرەکی لە درێژەدان بەو تاوانانە. پەرەسەندی ئاستی چینایەتی لە نێو کۆمەڵگادا و بەرەی دەسەڵاتدار ئازادی لەوەدا ببینێتەوە کە تەنها ژیان بۆ ئەوە، وە ئەوی خوارەوەی خۆیشی بەرداتە نێو تەمومژ و گرژیەکانی ژیانی بۆ زیاد بکات، ئەو کات دەکرێت کۆمەڵگا بۆخۆی ببێتە خاوەنی ئەو بڕوایەی کە ئەو دەسەڵاتە لە خزمەتی ئەمدا نیەو تەنها وەک قازانج خۆرێک بەسەر کۆمەڵگاوەیە و ئامادەش نیە چارەسەری مەدەنیانە بۆ کۆمەڵگا بدۆزێتەوە تا ئەوەی بەر بەو بەربەریەتیە بگرێت کە مێژویەکە یەخەی بەکۆمەڵگا گرتوە و بەتایبەتیش ڕەگەزی مێینە بوە بە باجدەرە سەرەکیەکە لەو مێژوە تاریکەدا. لاقە کردنی ئەو گەنجە، ئەوەمان پێدەڵێت گەر بەر بەو ڕوداوانە نەگیرێت، ئەوا هەنگاوی زۆر نامرۆڤانەتر ڕەنگە ڕوو لە کۆمەڵگای کوردستان بکات. بابزانین ئایندە چیمان پێدەڵێت؟

 

تاهیر حاجی حەسەن

٩/١٢/٢٠١٢

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.