له‌فه + ی + فیکه = ئه‌تککردنی زمانی کوردی
له سه‌روبه‌ندی ڕووداوه‌کانی 30 حوزه‌یرانی 2013ی نێو په‌رله‌مانی کوردستاندا، ده‌سته‌واژه‌یه‌کی نوێ هاته نێو زمانی کوردییه‌وه و به‌کاربرا، ئه‌ویش ده‌سته‌واژه‌ی”له‌فه‌ی فیکه”یه. ئه‌ندام په‌رله‌مانێک، که هاتبوو بۆ جڤینی په‌رله‌مان، ئه‌و “له‌فه‌ی فیکه”یه‌ی له‌گه‌ڵ خۆیدا هێنابووه ژوورێ. من لێره‌دا وردتر له ڕووی زمانه‌وه، له‌و ده‌سته‌واژه‌یه و ڕاستی و دروستی و هه‌ڵه و ناڕاستیی ده‌کۆڵمه‌وه:
له‌فه، وشه‌یه‌کی عه‌ره‌بییه و له زمانی عه‌ره‌بیدا به له‌ففه(لفة)، واته: به دانانی شه‌دده‌یه‌ک له سه‌ر حه‌رفی”ف”، ده‌نووسرێ و ده‌خوێنرێته‌وه و ده‌گوترێ. حه‌رفی شهددهلهسهری عه‌ره‌بی، له زۆرێک له زمانانی جیهاندا و له‌نێویشیاندا، زمانی کوردی، ده‌بێته دوو حه‌رف، واته: دووپاتبوونه‌وه‌ی ئه‌و حه‌رفه، که له‌م ده‌سته‌واژه‌یه‌دا “له‌فه”یه، که ده‌بێت، له نووسین و خوێندنه‌وه و گوتندا، ببێته “له‌ففه” نه‌ک “له‌فه”، که‌واته جارێ پێش هه‌ر شتێک وشه‌ی”له‌فه” هه‌ڵه‌یه و وشه‌ی “له‌ففه” دروسته. وشه‌ی “له‌ففه”، له زمانی عه‌ره‌بیدا به واتای: پێچانه‌وه‌ی شتێک یا شتێکی پێچراوه به‌کار ده‌هێنرێت و ئێستا پتر بۆ خۆراکێکی پێچراوه، واته: خۆراکێکی وه‌ک، گۆشتی بر‌ژاو یا سووره‌وه‌کراو یا کوڵاو یا سه‌وزه یا فهلافیل یا په‌نیر و که‌ره یا هه‌ر جۆرێکی دیکه‌ی خۆراک، که گرمۆڵه بکرێ و له نێو نانێکدا یا له نێو دوو له‌تی نانێکدا دابنرێ یا نانێکی تێوه بپێچرێت و بۆ خواردن ئاماده بێت. ئه‌م “له‌ففه” یه، که کورد، کردوویه‌تی به “له‌فه”، له زمانانی ئه‌وروپاییدا، وشه‌ی “ساندویچ Sandwich”ی بۆ به‌کار ده‌هێنرێ، که له بنه‌مادا له زمانی ئینگلیزییه‌وه، که‌وتووه‌ته نێو زمانه ئه‌وروپاییه‌کانی دیکه‌شه‌وه و تا ڕاده‌یه‌کی زۆریش، به هۆی کاریگه‌ری ڕۆژاوا له سه‌ر وڵاتانی ڕۆژهه‌ڵاتی له‌مه‌ڕ خۆمان و به هۆی کۆڵۆنیالیزم و به هۆی چاولێکه‌ری و سه‌رسامبوونی خهڵکهکانیهوه به ڕۆژاوا و ڕۆژاوازهدهییهوه، ئه‌و وشه‌ی “ساندویچ”ه، که‌وتووه‌ته نێو زمانانی عه‌ره‌بی و کوردی و ئه‌وانی دیکه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاسته‌وه. وشه‌ی “ساندویچ”یش، که که‌تووه‌ته نێو ئه‌و زمانانه‌وه، گۆڕاوه و زۆرجاران بووه به”ساندویتش” و “ساندویج”، له‌کن عه‌ره‌ب، و له‌کن کوردیش بووه به “سه‌نده‌ویج”. ده‌ڵێن عه‌ره‌ب و ئه‌کادیمیای زمانی عه‌ره‌بی، له سه‌رده‌مێکدا، بۆ ئه‌وه‌ی ڕزگاریان بێت له وشه‌ی “ساندویچ”ی بیانی و بۆ عه‌ره‌باندنی ئه‌و وشه‌یه، به ڕسته‌یه‌ک وشه‌ی “ساندویچ”یان گۆڕیوه یا لێکداوه‌ته‌وه و کردوویانه به “له‌تکه‌ر و له‌تکراو و لهتوێشیاندا شتێکی تازه/ الشاطر والمشطور وبینهما طازج” یا “له‌تکه‌ر و له‌تکراو و ئه‌وه‌ی له دووتوێیاندایه/ الشاطر والمشطور وما بینهما” یا “له‌تکه‌ر و له‌تکراو و له دووتوێشیاندا گۆشتی وشککراو/ الشاطر والمشطور وبینهما لحم مقدد”. گۆشتی وشککراو”لحم مقدد”، ئه‌و گۆشته‌یه، که له‌به‌ر خۆر و تیشکی خۆر یا به دووکه‌ڵی ئاگر ده‌برژێنرێ و وشک ده‌کرێ. ئه‌و ڕسته دوورودرێژه له‌بری وشه‌ی”ساندویچ”، له‌به‌ر درێژی و سه‌ختی گوتنی و به‌کارهێنانی، که مرۆڤ تووشی هه‌ناسه‌سواری ده‌کات، له کاتی داواکردن و ناوهێنانی ساندویچێکی بچکۆله‌دا، به‌کار نه‌هات و نه‌بووه ڕاستییه‌ک و له‌نێو زمانی عه‌ره‌بیدا جێی خۆی نه‌کرده‌وه و ئێستا عه‌ره‌ب وشه‌ی له‌ففه”لفة” و “ساندویچ، به‌ڵام به شێوه‌ی ساندویتش و ساندویج و سه‌نده‌ویج”، به‌کاری ده‌به‌ن. کورد له‌بری ته‌واوی ئه‌و وشه و ده‌سته‌واژه عه‌ره‌بی و ئه‌وروپاییانه، ده‌سته‌واژه و وشه‌ی ڕه‌سه‌نی خۆی له زمانه‌که‌یدا هه‌یه، که وشه‌ی”بابۆڵه”یه، که ڕێک و دروست واتای “له‌ففه” عه‌ره‌بییه‌که و “ساندویچ”ه ئه‌وروپاییه‌که، ده‌گه‌یه‌نێت.
هه‌رچی وشه‌ی “فیکه”شه، له زمانی کوردی‌دا، ناوه بۆ کارێک، که مرۆڤ ده‌یکات و به پێی لێکدانه‌وه‌ی هه‌ژاری موکریانی ده‌کاته: “فیته، فیکاندن، فیتوو، فیتوولێدان، فیکه‌فیک، فیته‌فیت، فیکه‌کێشان، فیکین، فیکهکردن، فیقه‌فیق، فیته‌فیت، فیقه، جیقه، فیتکه، فیتک، فیت، که به واتای: ده‌نگی تیژ له ناو دوو لێو ده‌رخستن” و به پێی گیوی موکریانییش، فیکه:”جۆره ده‌نگێکه باریکه به لێو لێ ده‌درێ به‌ده‌م باوه له زار دێته ده‌ره‌وه، شوان ئاژاڵی پێ لێ ده‌خوڕێ، سوار ئه‌سپی پێ ئاو ده‌دا و هێمنی ده‌کاته‌وه، دز هاواڵه‌کانی خۆی پێ ئاگادار ده‌کاته‌وه” . فیکه، ته‌نێ شوان و سوار و دز، به‌کاری ناهێنن و نایکه‌ن و ئه‌نجامی ناده‌ن، به‌ڵکه خه‌ڵکی دیکه‌ش فیکه ده‌که‌ن و فیکهدهکێشن و دهفیکێنن و زۆرجاران مرۆڤی لێزان و به‌هره‌مه‌ند، به فیکه، وه‌ک جۆره مۆسیقایه‌ک، ئاوازی خۆشی گۆرانی ده‌رده‌هێنن و ده‌کرێ ئه‌ویش وه‌ک هونه‌ر بژمێردرێ. که‌واته: فیکه‌کێشان، کرداره، لێ ئه‌وه‌ی که له دووتوێی نان(سه‌موون)ێکدا، هێنرابووه نێو هۆڵی جڤینی په‌رله‌مانه‌وه، ده‌نگ و ئاواز و کردار نه‌بوو، چونکه ئه‌وانه ناخرێنه توێی نانه‌وه و به ده‌ست ناگیرێن، به‌ڵکه ئه‌وه‌ی برابووه ژوورێ، ئامرازێک بوو، به ده‌ست ده‌گیرا و ده‌خرایه بهرکهوه و هه‌ڵده‌گیرا و ده‌بێنرا و ده‌خرایه توێی نان و هه‌ر شتێکی دیکه‌شه‌وه. ئه‌و ئامرازه، له پلاستیک(باغه) یا کانزا، دروستکراو بوو و بۆ فیکه‌کێشان و فیکه‌لێدان، به‌کار ده‌هێنرا، لێ بۆچی برابووه ژوورێ، ئه‌وه‌یان کاری من نییه و من مه‌به‌ستم ته‌نێ لایه‌نی زمانه‌وانیی واژهکهیه! ئه‌و ئامرازه‌ی نێو نان(سه‌موون)ه‌که، فیکه نه‌بوو، به‌ڵکه: فیقنه، فیقهنه، فیتفیته، فیتک، پیپیک، فیتهک، شاور ، بوو و هه‌موو ئه‌و ناوانه‌ش، به‌و ئامێره ده‌گوترێ، که وه‌ک هه‌ر ئامێرێکی دیکه‌ی مۆسیقا، وه‌ک ئامرازێک، بۆ ده‌رهێنانی ده‌نگ،که پفی پێدا ده‌کرێ، وه‌ک بلوێر و زوڕنا و شمشاڵ و دووزه‌له و…فیکه‌ی پێ ده‌کێشرێ یا لێده‌درێ، به‌کار ده‌هێنرێن.
که‌وابوو، ده‌سته‌واژه‌ی “له‌فه‌ی فیکه”، هه‌ر له بنه‌ڕه‌ته‌وه هه‌ڵه‌یه و کوردیی نییه و کورد به‌و جۆره به‌کاری ناهێنێت. “له‌فه‌ی فیکه”یش، ده‌چێته سه‌ر ئه‌و خه‌رمانه وشه و ده‌سته‌واژه و ده‌ربڕینانه‌ی دیکه، که له کوردستان، ڕۆژانه له لایه‌ن خوێندووان و نووسه‌ران و ڕۆژنامه‌نووسان و سیاسهتکارانهوه، ئه‌تک ده‌کرێن و زمانی کوردی‌یان پێ سه‌قه‌ت ده‌کرێ.
13 – 7 – 2013
ئه‌مجه‌د شاکه‌لی
له ژماره 373ی 5 – 8 – 2013ی، حه‌فته‌نامه‌ی”ڕه‌خنه‌ی چاو‌دێر” دا، بڵاو کراوه‌ته‌وه. *
————————————————-
هه‌ژار، هه‌نبانه‌بۆرینه، فرهنگ کردی – فارسی یک جلدی، سروش، تهران 1369(1991)، ل 527، 529.
موکریانی، گیو، کوردستان، چاپی یه‌که‌م، ئاراس، هه‌ولێر 1999، ل 677.
هه‌ژار، سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل 467.