Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
له‌و كاته‌وه‌ .. له‌و كَه‌ڕه‌كه‌ ..له‌و ..

له‌و كاته‌وه‌ .. له‌و كَه‌ڕه‌كه‌ ..له‌و ..

Closed

عەلاگەیەکی ڕەشی دڕاو
پڕا و پڕِ لە توێکڵە شوتی ..
لە تەنیشت عەمودێکی ژەنگاوی
دوو زەردەواڵە بە ئاسمانەوە دەور و خولی ئەدەن
ئەوە گەڕەکەکەی ئێمەیە ..
چوار هەرزەکار وەستاون
یەکێکیان بە بیجامەوە
یەکێکیان بە تراکسودەوە
یەکێکیان بە شەرواڵەوە
یەکێکیان بە دشداشەوە
هەرچواریان ڕوخسار زیبکاوی
زیبکەکان لە خوارەوە ڕەش
لە ناوەڕاستەوە قاوەیی
لەسەرەوە زەرد
نازانن ئەوە دروشمی گەڕەکەکەی ئێمەیە ، زیبکە قۆناغە و پێویستە بیبڕین
ئەوە گەڕەکەکەی ئێمەیە ..
ژنێک بە جلیکان ئاو کێش ئەکا
پیاوێک بە جامانە و کاوبۆوە
سۆندەی بیرەکەی بە دەستەوەیە و
ئەڤەلۆنێکی توشی تەشەنوج کردووە
ئەوە گەڕەکەکەی ئێمەیە
کەڵەشێرێک ، بە نینۆکی لاقی چەپی ،
قاچی راستی ئەخورێنێ و
ڕیقنەیەک ئەکات بە مەڕمەڕٍی بەردەرگایەکا ..
خاڵخاڵۆکەیەک کە هەتاو خاڵەکانی کاڵ کردۆتەوە ،
مردووە و لەگەڵ بادا سەردانی هەموو پەنا و
کەلاوەکان ئەکا ..
پشتێنیک مێروولەی ڕەش ،
لەکەمەری دارتوویەک ئاڵاوە ..
گیاندارێکی کلک بڕاو و قاچشکاو و برسی و تینو ،
لە گۆشەیەکا وەستاوە و تەماشای ئاسمان ئەکا ،
وەک ئەوەی بڵێ : خودایە ! من چ تاوانێکم لە دنیای ڕۆشنا کردبوو ؟
ئەم ئازار و عەزابە هەتا کەی خودایە ..هەتا کەی .. ؟؟؟
نازانێ ئەوە دروشمی گەڕەکەکەی ئێمەیە ، ئەبێ هەموو گیاندارێ ئەشکەنجە بدرێ ، تا مردن
شەقامێکی نیو قیر و نیو چیمەنتۆ
نازانێ ئەوە دروشمی گەڕەکەکەی ئێمەیە ئەبێ هەموو شەقامێ نیو قیر و نیو چیمەنتۆ ..
قۆرتێک ، تاسەی مرور..
قۆرتێک تاسەی عەشایەری
قۆرتێک شوێن برینی تۆڕی ئاو
قۆرتێک جێگا زامی تۆڕی ئاوەڕۆ
قۆرتێک جێگا تەقەڵی هێڵی تەلەفۆن
قۆرتێک جێگا لافاوی پار
ئوتومبیلێک کردی بەشەڕ و تۆرا و
وتی ئەڕۆمەوە بۆ شەریکە
خۆ لەوێ خێرخوایەک هەر ئەبێ چۆڕێ بەنزین و
قومێ ڕۆنم بداتێ ..قەبری باوکم سوتا بە تاسە و قۆرت و چاڵ و خۆڵ ..
نازانێ ئەوە دروشمی گەڕەکەکەی ئێمەیە ، ئەبێ بە تاسە و قۆرت و چاڵ و خۆڵ قەبری باوکت بسووتێ ..
ئەوە گەڕەکەکەی ئێمەیە ..
دەرگاکان کراونەتەوە و کتێبەکان داخراون
گەدەکان کراونەتەوە و مێشکەکان داخراون
هێلکەدانەکان کراونەتەوە و چاوەکان داخراون
گیرفانەکان کراونەتەوە و بەلوعەی فرمێسکەکان داخراون ..
کونە لوتێک بە دوو چین بلۆک
خۆی داخست و نوسی : ئیتر دوکەڵ و خۆڵ هەڵنامژم
لە دەمەوە چی هەڵئەمژی هەلی مژە .ئیتر من ئیشێکی تر ئەکەم..
وتیان : نەگبەت .. ئیش کوا ؟ بە زاتی خوا دوکەڵکێشیشت دەست ناکەوێ ..
ئەویش وتی : نەشتەرگەرییەکی تەجمیل ئەکەم و ئەڕۆم بۆ ئیزاعە و تەلەفزیۆن ..
نازانێ ئەوە دروشمی گەڕەکەکەی ئێمەیە، لوت تەنها بۆ دوکەڵ و خۆڵ هەڵمژین ..
ئەوە گەڕەکەکەی ئێمەیە ..
بەڕۆژ ئەخەوین و بە شەو خەریکی فەیسبوکین
باران سەفەری کردووە و
ڕیکوێستەکانمان ، وەرناگرێت ..
باران دەستە دۆمینەکەی لە تورکیا تەواو ئەبێت و
ئەگەر چەند خاڵێکیشی پێمابێ ئێران لێی ئەباتەوە ..
باران دڵی بە ئەڵوەن ناسوتێ ..
باران پشتی سیروان ناخورێنێ
چونکە ئێمە کەسمان ئەزنیف نازانین ..
ئەوە پێناسەی گەڕەکەکەی ئێمەیە ..
ئەگەر هاتی لێت تێک نەچێ
زەردەواڵەکان
زیبکەکان لە خوارەوە ڕەش
لە ناوەڕاستەوە قاوەیی
لە سەرەوە زەرد
لێت تێک نەچێ
ئەڤەلۆنێک ئەپژمێ
جامانەیەک بە کاوبۆیەک ئەڵێ بەخوا تۆ ئەڕۆی
کاوبۆکەیش ئەڵێ : بە تەڵاقم تۆ ئەڕۆی
سمێڵێک بە تاتۆیەک ئەڵێ : پێشکەوە ..
تاتۆکەیش ئەڵێ : بە موقەدەساتم پێش ئەکەوی ..
لێت تێک نەچێ ، ئەوە گەڕەکی ئێمەیە ..

(شیعری : نه‌وزاد ئه‌حمه‌د حسێن )
نه‌وزاد به‌ندی

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.