Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
له‌گۆشه‌نیگایه‌كی ته‌ندروسته‌وه‌ ته‌ماشای…..

له‌گۆشه‌نیگایه‌كی ته‌ندروسته‌وه‌ ته‌ماشای…..

Closed
by May 22, 2009 گشتی

 

 لەگۆشەنیگایەكی تەندروستەوە تەماشای
 تاقیكردنەوەی نیشتیمانی بكەن 
 فایەق سەعید
 
 

 

 زۆرجار ئەو سەرنجانەی لەسەر سیستمی نوێی پەروەردە دەخرێنەروو یا بەشێوەیەكی تایبەت لەسەر تاقیكردنەوەی نیشتیمانی دەنووسرێن (بروانە وتارەكەی كاك مەریوان سەلاح و كەمال مەحموودو كاك خالید خوددادا، ئاوێنە ژمارە 169، 170) لەدەسنیشانكردن یا هەلسەنگاندنی گرفتەكەدا سەركەوتوو نین. هۆكاری سەرەكی ئەمەش بۆ دوو خال دەگەرێتەوە كەیەكەمیان پەیوەندی بەتێروانین ئێمەوە هەیە لەبەرامبەر پرۆسەی پەروەردە. ئێمە خاوەنی تێروانینێكی كۆنین و لەپرۆسەی پەروەدە واتێگەیشتووین كەخوێندكاری دەبێ دەری بخات كەلەزانستەكان تێگەیشتووە. بەپێی سیستمی كۆنیش تەنها تاقیكردنەوە ئەمە دەردەخات و ئەمەش تێروانینێكی كۆنە. جگە لەتاقیكردنەوە چەندین شێوازی دیكە هەیە بۆ دەرخستنی ئاستی خوێندكار و یەكێك لەوانەش تاقیكردنەوەی نیشتیمانیە. من بەش  بەحالی خۆم سالی وابووە یەك دانە تاقیكردنەوەشم لەهەر چوار وانەكەدا نەكردووە كەلەو دەمەدا بەخوێندكارەكانم وتۆتەوە، بەڵام توانیویشمە ئاستی زانستیان خوێندكارەكانم دیاری بكەم. بەشێوەیەكی  دی نابێ ئێمە خوێندكار بەتاقیكردنەوەكانەوە ببەستینەوەو فشاری بخەینە سەر بەلكو دەبێ لەمەودای چەند سالێكدا تەماشای گەشەسەندنی مەعریفی بكەین و یارمەتی بدەین بۆ ئەوەی قوتابخانەی خۆش بوێت. بۆ ئەنجامدانی ئەم كارەش پێویستمان بەئامرازی كاركردن هەیە كەمن تاقیكردنەوەی نیشتیمانی بەیەكێكیان دەزانم. گرفتەكە لێرەدا ئەوەیە ئەم تاقیكردنەوەیە مێتودو ئامرازێكی زۆر هاوچەرخەو ئێمەش لەگۆشەنیگای سیستمێكی كۆنەوە هەلسەنگاندنی بۆ دەكەین و ئەمەش وا دەكات سەرجەمی دەرئەنجامەكانمان هەڵە دەربچن.
   بێگومان بەشێكی ئەمە تێروانینە كۆنەش پەیوەندی بەهۆكاری بنەأتی سیستمی كۆمەلایەتی و خوێندنی ئێمەوە هەیە كەلەلایەك كتێب و  كەرەستەكانی سیستمی هاوچەرخی بۆ دەستەی فێركاری دابین نەكردووەو لەلایەكی دیكەشەوە ملیۆنە هاولاتی فێری خوێندنەوەی كتێب نەكردووەو لەكۆتاییدا دەستەی فێركاری رەنگە زانیاری تەوای لەبارەی ئەم تاقیكردنەوانەوە نەبێت.
  خالی دووەم ئەوەیە كەتاقیكردنەوەی نیشتیمانی بابەتێكی زۆر تازەیەو بۆ هەموو كەسێك روون نیە كەچیە. بەم پێیەش زۆر ئاساییە كەهەندێكمان بەدلمان نەبێت. تاك لەسیستمی ئێمەدا وا فێركراوە هەموو شتێك كۆنترۆل بكات و خۆی بەرپرسی هەموو شتێك بێت. ئێمە داوای ئازادی دەكەین بەڵام كاتێك سیستمێك هەندێك ئازادی بەخوێندكار دەبەخشێت دنیامان لەبەر چاو تاریك دەبێت. ئەمەش خەتای كۆی سیستمەكەیە نەك تاك تاكی مرۆڤەكان. لەلایەكی دیكەشەوە بروا بەوە دەكەم كەهەڵە لەنووسینەوەی پرسیارەكان و جۆری پیادەكردنیدا كرابێت.
 من لەگەلّ رەخنەی هەموو ئەو بەرێزانەدا نیم كەدەلێن ئێمە ناتوانین ئاستی زانستی خوێندكار لەرێگەی (پرسیارەكانی ) تاقیكردنەوەی نیشتیمانیەوە دەسنیشان بكەین چونكە پرسیارەكان شێوەی هەلبژاردنی تێدایە. من رایەكی زۆر پێچەوانەم هەیە چونكە ئەگەر بۆ  هەر پرسیارێك پێنج وەلام هەبێت و خوێندكار دەبێ یەكێكیان هەلبژێرێت ئەوە مانای ئەوەیە ئەو خوێندكارانەی بەشانس وەلام دەدەنەوە تەنها %20 شانسی ئەوەیان هەیە وەلامەكەیان راست بێت، ئەمەش بەراستی زۆر نیە. بەڵام لەگەلّ ئەوەشدا ئەگەر هەموو پرسیارەكان بەشێوەی هەلبژاردن بێت ئەوە كارێكی باش نیە. من تەماشای تاقیكردنەوەی نیشتیمانی هەندێك وڵاتم كردووە كەبەشێكی زۆر لەپرسیارەكان بەشێوەی هەلبژاردنەو بەشەكانی دیكەشی بۆ وەڵامدانەوەی خوێندكار پێویستی بەنووسینی زۆر كورت هەیەو زۆربەیان لەیەك دوو دێر ناكەن.  هەندێك لەپرسیارەكان پێویستیان بەوێنەكێشان هەیە یا گوێگرتن لەچیرۆكێك و وەلامدانەوەی پرسیارەكان كەدیسانەوە بەشێوەی هەلبژاردنە. ئەم شێوەیەش بۆ خوێندكار گرینگە چونكە ماندووی ناكات.
 دەبێ ئەوەش یاداشت بكەم كەتاقیكردنەوەی نیشتیمانی راستە ناوی تاقیكردنەوەیە بەڵام بەهیچ شێوەیەك تاقیكردنەو نیە بەلكو هەلسەنگاندنە. واتە مەبەستی لەم تاقیكردنەوەیە لەهەموو ولاتە ئەوروپاییەكاندا بۆ ئەوە نیە كەخوێندكار بكەوێت یا دەرچێت، بەلكو بۆ ئەوەیە كەبزانرێت تا چەند خوێندكار ئەو برە زانستەی وەرگرتووە كەپێویستە بیزانێت. وەزارەتی پەروەردەش لەمەدا روون بووە كەمەبەستی هەلسەنگاندنی خوێندكارە. ئەم تاقیكردنەوانە لەبنەرەتدا بۆیە دانراون بۆ ئەوەی یارمەتی قوتابخانەكان و دایبابەكان بدەن بەمەبەستی دۆزینەوەی ئەو خالە لاوازانەی لەلای خوێندكارەكان هەیە. ناكرێت ئێمە بەخێزان و خوێندكارو بەرێوبەرەكانیش بڵێین ئەم خوێندكارە لەبیركاریدا لاوازەو برایەوە. دەبێ مامۆستاكان خالی لاوازییەكە دەسنیشان بكەن. بۆ نموونە لەوانەیە خوێندكار تەنها لەرووبەردا لاواز بێت یا لاوازی خوێندكارێك لەبیركاریدا هۆكارەكەی لاوازی ئەو بێت لەزمانی كوردیدا نەك خودی بیركاری.  ئەمەش كارەكانی مامۆستاو دایبابەكانیش ئاسانتر دەكاتەوە بۆ ئەوەی بتوانن یارمەتیەكی تەندروستی ئەو خوێندكارە بدەن. لەلایەكی دیكەوە ئەم تاقیكردنەوەیە بۆ توێژینەوەی زانستی لەبارەی ئاستی قوتابخانەكان و رێگاچارەكان ئاسانتر دەكاتەوە. بەهەمان شێوەش یارمەتیەكی باشە بۆ قوتابخانەكان بۆ  بەدواداچوون وچارەسەركردنی گرفتی خوێندكاران. ئەم تێروانینە بۆ تاقیكردنەوەی نیشتیمانی كەمن پێم خۆشە ناوی بگۆرین بۆ هەلسەنگاندنی نیشتیمانی، تێروانینێكە لەسەرجەمی ولاتە ئەوروپیەكانی رۆژئاوادا پیادە دەكرێت.  ئێمە كەبمانەوێت سیستمی كوردستان هاوچەرخ بكەینەوە دەبێ پەردەكانی خۆمان لاببەین و پەنجەرەكانمان بەرووی جیهانی هاوچەرخی پەروەردا بكەینەوەو بروانین لەجیهاندا چی دەگوزەرێت.  بەپێی شارەزایی خۆم تاقیكردنەوەی نیشتمانی لەزۆرێك لەولاتەكانی ئەوروپای رۆژئاوادا لەپۆلی 5 و 9 ئەنجام دەدرێن. بەڵام ئەمسال حكومەتی سوید بریاریدا كەلەپۆلی سێیەمی بنەرەتیش پیادە بكرێت چونكە بۆ دەسنیشانكردنی خالە لاوازەكانی منداڵان زۆر گرینگە. بەڵام دوو رێنمایی گرینگ لەگەلّ ئەم بریارەدا بۆ مامۆستاكان دەرچوو: یەكەم نابێت بەهیچ شێوەیك بەمندالان رابگەیەنرێت كەتاقیكردنەوەیان هەیە. دووەم نابێت منداڵ بەهیچ شێوەیك هەست بەوە بكات كەئەمەی وەلامی دەداتەوە تاقیكردنەوەیە تا هەموو تاقیكردنەوەكان تەواو دەبن، ئەمەش كارێكی زۆر ئاسانە.
 من لەكاك مەریوان و كەمال تێدەگەم كەخوێندكاران داوای كات و رۆژی تاقیكردنەوە دەكەن بەڵام ئەمە ئێمە خۆمان فێرمانكردوون و هەرخۆشمان دەبێ ئەوە برەوێنینەوە. پێم خۆشە ئەوەش رابگەیەنم تاوەكو ئێستاش ئەو ترسە لەلای منداڵە ئەوروپاییەكانیش هەیە بەڵام ئامرازی رەواندنەوی ئەو ترسەش زۆرەو دەبێ وەزارەتی پەروەردە بۆ مامۆستاكانی دابین بكات
 لەكۆتاییدا دەمەوێ بڵێم لەوتارە هاوبەشەكەی كاك مەریوان سەلاح و كەمال مەحموودا هەندێ نیگەرانی رەواو و هەندێن تێروانینی هەلەش بەدی دەكەم، بەڵام سەرجەمی وتارەكەی كاك خالید خوداد لەگەلّ ئەوەشدا پرە لەدلسۆزی بەڵام  پرە لەهەلەو تێگەلوپێكەلیەكی زۆری تێدایە. مرۆڤ لەدوای خوێندنەوەی دەگاتە ئەو سەرئەنجامەی كاك خالید بەهیچ شێوەیك لەتاقیكردنەوەی نیشتیمانی تێنەگەیشتووە.
 
 faiekk@hotmail.com
 
 
 
 
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.