له‌یادی 24/4كان …سه‌لام عومه‌ر
تێكستی به‌هار…..
ئه‌و به‌هاره‌ی له‌پایز ده‌چوو
ویستم به‌به‌هارێكی ته‌مه‌نمدا بێمه‌وه،بگه‌ڕێمه‌وه ئه‌و رۆژانه‌ی یان ئه‌و به‌هاره‌ی له‌پایز ده‌چوو، رۆژه‌كانی ئه‌و ساڵه پڕئاو و شێ‌دار بوون، گیا تائه‌ژنۆ هاتبوو، گه‌ڵاكان سه‌وزو ده‌شت وده‌ر یه‌كپارچه شینایی، جگه له گوڵه زه‌رده‌كان، جگه له‌زه‌رده‌ی خۆر ئاوا بوون، یان زه‌رد زه‌رد بوونی سیماكان، ره‌نگی زه‌رد نه‌ده‌دیترا،كه‌چی به‌هاری ئه‌وساڵه له پایز ده‌چوو؟
به‌خۆم نه‌بوو رێك به‌وێدا به‌و به‌هاره پایزیه‌دا چوومه‌وه و كه‌وتمه ناو ئه‌و گوڵه نیسانیانه‌ی له‌سه‌ره مه‌رگ دابوون، به‌ر له‌واده‌ی ماڵئاوایی ده‌وه‌رین، هاتمه‌وه ناو ئه‌و رۆژانه‌ی له‌گه‌مه‌ی منداڵی وفیلمه ترسناكه‌كان ده‌چوون، یان ئه‌و حیكایه‌ته ئه‌فسانه‌ییانه‌ی شه‌وانی زستان گوێم لێده‌بوون، هاتم ده‌نگدانه‌وه‌یه‌كی ترسناك، یان شریخه‌و خرمه‌ی لێكترازانی ناپاڵمه‌كانم وه‌بیر هاته‌وه، به‌هاری لێكردمه خه‌زان، هه‌لا هه‌لا بوونی جه‌سته‌كان و به‌سه‌ریه‌كدا رمانی شارێك ئه‌و وێنه تراژیدیایه‌ی لاتۆمار كردم كه قه‌ت له‌بیری نه‌كه‌م، چونكه له ناكاوێك نیشتمان سوور داگه‌ڕاو به‌هار زه‌رد ده چۆوه.
ئاسمان ئاسنی ده‌باراند…
ترسێك له به‌غداوه هات و…
سێبه‌ری له‌چاودا چاندم،
له‌و رۆژه‌دا…
له‌و به‌هاره پایزیه،
ناڵه‌یه‌ك مناڵی وه‌راندم،
ئاگرێك شاری سوتاندو….
هه‌ورێكی ره‌ش…
ره‌ش وه‌كو ئاسۆی شاره‌كه‌م
ئاسنی به‌سه‌ردا باراندم
ئه‌و رۆژه به‌رده‌ڵانه‌كانی رۆخ شار گوند‌و په‌ناو په‌سیوه‌كان، چیا هه‌ڵدێرو شوێنه نه‌دیوه‌كان لێواو لێو بوون له‌و ژن و منداڵانه‌ی یان له‌و خه‌ڵكه بێخه‌تاو به‌سته زمانانه‌ی له‌ترسی ناپاڵم، له‌ترسی فرۆكه‌و چه‌كه كۆ كوژه‌كان شاریان جێهێشتبوو، ئه‌و رۆژه روبار سوور داگه‌را بوو، ئاسمان ره‌ش و ترس ره‌نگه‌كانی قوتدابوو، پێم وابوو ئه‌وساته‌وه‌ختانه‌یه كه مرۆف تیایدا بێ مانا ده‌بێ، یان سه‌ره‌تای ئه‌و كۆتاییه تاریكانه‌یه كه له‌خه‌وندا ده‌مدیتن و لێره له‌و به‌هاره خه‌زانیه هه‌رهه‌مومان ده‌یبینین وئیدی كۆتایی به‌و مه‌مله‌كه‌ته دێ كه‌من پێم وابوو هه‌موو دنیایه، ئاخر ئه‌و رۆژه هێشتا له‌ته‌مه‌نی حه‌وت ساڵان دا بووم،هه‌لا هه‌لا بوونی مر‌ۆڤم دی، فیچقه‌ی خوێن و به‌سه‌ریه‌كدا رمانی شارێكم دی،پێم وابوو ئه‌وه ئه‌و رۆژه‌یه كه‌كۆتایی بوونه، سه‌ره‌تای وه‌رینی ته‌مه‌ن و داڕمانی ئه‌و جیهانه‌یه كه‌هێشتا نه‌مدیوه، رۆژێكه‌و له‌و كۆتاییانه ده‌چێ كه هه‌رهه‌مومان لێی ده‌ترسین، به‌هارێكه‌و مرۆڤ تیایدا شی ده‌بێته‌وه، هاوكێشه‌و یاسا بنه ره‌تیه‌كانی ژیان، لێره له‌م ساته وه‌ختانه‌دا هه‌ڵده‌وه‌شێنه‌وه‌و ئێمه ده‌بینه سه‌ره‌تای له‌ناو چوون، یه‌كه‌م هه‌نگاوی ته‌فرو تونا بوون و یه‌كه‌م بێده‌نگیه كه‌له‌وه‌ته‌ی دنیا دنیایه به‌خۆی نه‌دیوه، ئه‌گه‌رنا ئه‌وێ رۆژێ سه‌ره‌تای كۆمه‌ڵ كوژی و گۆڕینی وه‌رزه‌كان بوو، یه‌كه‌م هه‌نگاوی رێكه‌وتنه ئاشكرا‌و نهێنیه‌كان بوو، ده‌ست وه‌شاندن له گوڵ وخه‌ڵكی بێخه‌تاو شوێنه پیرۆز‌و فێرگه‌كان بوو، ئه‌وێ رۆژێ 24/4/1974بوو،ویستیان شارێك داوه‌شێنن، بۆ هه‌میشه به‌هار بكه‌نه خه‌زان، منداڵی مه‌و ژیان هه‌رله‌وێ به‌كۆتا بهێنن،كه‌چی كه‌سێ كۆمه‌ڵگایێ،وڵاتێ رێكخراوێ نقه‌ی لێوه نه‌هات،به‌ڵام له‌ناو مزگه‌وته‌كان، له‌هۆڵی خانه‌قاو له‌ژێر ساپیته روخاوه‌كان له‌هه‌موو كونجێكی شاردا، ناڵه‌ی بریندار‌و چریكه‌و لاوانه‌وه‌ی دایك ده‌بیسترا، ئه‌و به‌هاره ئه‌و رۆژه خه‌زانیه، من له‌هه‌موو شت ده‌ترسام، له‌ناو باخچه‌یه‌كی سپینداردا كه‌وتبوین و خشه‌ی گه‌ڵاكان گمه‌ی باڵی كۆتر‌و فڕینی پاساریه‌كان،له‌ئێمه ببونه ( سیخۆ )،ئه‌و سیخۆ نه‌عله‌تیانه‌ی ماڵ وخوێندنگه‌و زانكۆ و مزگه‌وته‌كانیان به‌سه‌ر یه‌كتریدا وێران كرد، سروده‌كانیان له‌قورگی قوتابیه‌كاندا تاساندو….
ئاسمان ئاسنی ده‌باراند
دوكه‌ڵ گه‌ڵای ده‌سوتاندو
قه‌وانه‌كان…..
قه‌وانه زه‌ردو لوسه‌كان
له‌باخه‌ڵما بوونه پشكۆ
بۆنی باروت….
بۆنكڕَوزی زانكۆی شه‌هید
مناڵیمی وێران كردوو
هه‌تاوی لێده‌شاردمه‌وه
گرمه‌ی بۆمبا…
ئه‌وساو ئێستاش
بۆ ئه‌و به‌هاره پایزیه‌ی ده‌ناردمه‌وه
كه‌هه‌ر له‌ئه‌فسانه ده‌چێ
له‌كابووس و…
ترسی ئه‌و ئاسمانه ده‌چێ
دوای نیوه‌رۆی ئه‌م رۆژه یان ئه‌م عه‌سره به‌هاریه‌ی كه‌هه‌ر له پایز ده‌چوو، جگه له‌پیاوه خۆبه‌خشه‌كان كه‌له‌ناو شاردا خه‌ریكی شاردنه‌وه‌ی جه‌سته له‌ت و په‌ته‌كان بوون،خه‌ریكی كۆ كردنه‌وه‌ی پارچه‌ی مرۆڤه بێ گوناهه‌كان بوون،شار ببوه كه‌لاوه‌ی شه‌ڕ، بۆنی خوێن لێنه‌ده‌گه‌را ژیان به‌رده‌وام بێ، ئێمه‌ش ئێمه‌ی مناڵ و ژن و نیوه مردووه‌كان، له‌ژێر گه‌ڵا سه‌وزه پایزیه‌كانی ئه‌و رۆژه‌دا به‌ره‌و هڵدێره‌كان، روه‌و شوێنه نه‌دیو و په‌ناو په‌سیوان په‌رته‌وازه ببوین، پێمان وابوو سیخۆكان، ئه‌وانه‌ی هاتن وسرشتی شاره‌كه‌یان تێك وپێكدا ئه‌و ئیزراعیله نه‌گبه‌ته‌یه كه له‌وه‌ته‌ی هه‌ین پێمان ده ترسێنن، پێمان وابوو ئه‌م جاره بێته‌وه ئیدی ئێمه‌ش كون كون ده‌بین و كه‌سمان قوتارمان نابێ، ئاخر راكردنی ئێمه به‌ره‌و په‌نا گه‌كان دووركه‌وتنه‌وه‌بوو له‌شوێنی مه‌رگ،ئه‌وشوێنه‌ی له‌ناكاوێك هه‌ر له‌چه‌ند چركه ساتێك‌دا گیانی سه‌دان كه‌س فڕین، وورده ئاسن و بۆن كروزی خانوو له‌ناویشیدا جه‌سته‌ی مرۆڤ شاری نقوم كرد، دوكه‌ڵێكی ره‌ش ئاسمانی داپۆشی بوو، باڵنده‌كان په‌رته‌وازه ببون وبه‌ره‌و لوتكه‌كان گمه‌یان ده‌هات، هه‌رچی شوشه‌و شت ومه‌كه به‌بریقه‌كان بوو به‌قوڕ سواخ دران، هاژه‌ی روبار ئه‌و روباره رون و پڕ له‌شه‌پۆلانه‌ی كه‌له‌وه‌ته‌ی هه‌یه له‌كوێستانه‌وه دێ و به‌ناو شاردا ره‌تده‌بێ سوور داگه‌ڕابوو، به‌نه‌رمی و به‌بێ ئه‌و كه‌فه جوانه‌ی پێشتر هه‌یبوو، ده‌هات وئه‌و ورده ئاسنانه‌ی سارد ده‌كرده‌وه كه به‌سریدا ده‌باری، ئێمه‌ش له‌ناو سپینداره‌كاندا له‌شه‌و ده‌گه‌ڕاین، به‌دیار مه‌رگی له‌ناكاو وتاریكیدا نقه‌مان لێوه نه‌ده‌هات، ترس له‌چاومان ده‌باری ناڵه‌ی دایك‌و كچه عازه‌به‌كانی وێ ئه‌و دایك‌و كچانه‌ی ئازیزانیان هه‌لا به‌هه‌لا ببو ئێمه‌ی مناڵی زیاتر ده‌په‌ستایه باوه‌شی دایكمانه‌وه، خه‌می وێران بوونی شار‌و سوتانی كتێبه‌كان و ونكردنی گه‌مه‌كان، ئه‌و گه‌مانه‌ی له‌و رۆژانه‌دا به‌قه‌وانه زه‌ردو لوسه‌كان ده‌مان كرد، هێنده‌ی دی شپرزه‌ی كردبووین،له‌گه‌ڵ هه‌واڵی نه‌مانی یان شه‌هید بوونی هه‌ر كه‌سێكیشدا له‌ولاوه چریكه‌وگریه‌ی ئافره‌تێك رایده‌چڵكاندین و به‌ترسه‌وه چاومان ده‌كرده‌وه، ئه‌و عه‌سره یان ئه‌و دوای نیوه‌رۆ ته‌ماویه له‌ئێمه نه‌ده‌ڕۆی، به‌دیار شه‌و و وه‌رینی گه‌ڵا سه‌وزه‌كان چاومان له‌قوڵایی ئاسمان بڕیبو، له‌و به‌رزاییه‌ی هێرشه‌كانی مه‌رگ لێوه دێن و ئێمه ده‌به‌ن، له‌وێوه له‌و به‌رزاییانه‌وه كه‌لێواو لێوه له‌ترس :ـ
ئاسمان ئاسنی ده‌باراند،
گه‌ڵا به‌سه‌وزی ده‌وه‌ری…
رنینه‌وه‌ی پرچی دایكم و
نوزانه‌وه‌ی….
كچی باوك‌و برا شه‌هید
له‌ناخه‌وه دایڕماندم،
پێم وابوو ئیدی دوارۆژه‌و….
جارێكی دی گه‌مه ناكه‌م
جارێكی دی له‌ناو پۆلدا
شاخی ره‌نگاو ره‌نگی گۆیژه‌و…
خوایه وه‌ته‌ن ناڵێمه‌وه،
له‌ناو پۆلدا…
ئیدی ناتوانم بپرسم،
ئاخ دوا جاره‌و ئیدی ده‌مرم،
ئاخ دواجاره‌و زۆر ده‌ترسم،
له شه‌و نزیك ده‌بوینه‌وه، ئێواره‌یه‌ك كه‌پێشتر ئێواره‌ی وا نه‌بوو ئێمه‌ی له تاریكی ده‌ئاڵاند، ئاخر سروشت چه‌ند تاریك با چه‌ند بێ روناكی و وه‌ك شه‌وی ده‌یجوربا، به‌پێچه‌وانه‌ی جاران و ترسه‌كانی نێو تاریكی، مه‌رگ ئێمه‌ی نه‌ده دیت و هه‌ناسه‌یه‌ك یان، ئۆخه‌یه‌كی ده‌نگی دایكم ئێمه‌ی سه‌رله‌نوێ دروست ده‌كرده‌وه، چونكه تاریكی بۆ به‌ڵاو سیخۆ و ئاسنی باریو، له‌و رۆژه‌دا وه‌ك قه‌ڵغان بوو، پێمان وابوو ته‌نها تا شه‌و گه‌ڵا سه‌وزه‌كان نه‌وه‌رن، داره‌كان نه‌ڕوتێنه‌وه‌و ئاسمان چاوی لێمان نه‌بێ ئیدی ورده ئاسن و خرمه‌ی لێكترازانی بۆمب و هاڕه‌ی سیخۆكان به‌سه‌ر ئێمه‌ی كفت و ماندوودا نابارن، ئیدی ئێمه به‌ره‌و جێگه‌یه‌كی دوور دوور كۆچ ده‌كه‌ین و یادگاریه‌كان قه‌وان وكه‌لا شوشه‌كان، كتێب وته‌باشیره‌كان، پارچه‌ی جه‌سته‌ی ئازیزان و گۆڕی شه‌هیدی ونی قوتابیانی زانكۆ‌و هه‌مو رابردوو جێده‌هێڵین، ده‌ڕۆین و سنووره ده‌ستكرده‌كان ده‌بڕین، به‌ره‌و ئه‌و خێوه‌ته ته‌لبه‌ند كراوانه‌ی له‌زیندان ده‌چوون له‌و پلانه ترسناكانه ده‌چوون كه‌به‌زیندوویی ئێمه‌ی ون ده‌كرد، ده‌رۆیشتین نه‌مان ده‌هێشت شه‌و روناك بێته‌وه به‌رێ پێچاو پێچه‌كانی (كێلێدا) ئاودیو ده‌بین، به‌ره‌و ئه‌و شوێنه نه‌دیوانه‌ی ته‌نها فڕۆكه‌ی لێنی یه، ئه‌گه‌رنا نامۆیی منداڵی ده‌هاڕێ ونیشتمان ورد‌و خاش ده‌كا، شه‌و داهات و زۆری نه‌برد له‌پاشكۆی جێبێكی ره‌ق و ته‌قیان هاویشتین و به‌ناو كزه‌با ته‌زیوه‌كانی كوێستاندا له(به‌رده‌پان )شارێكیان هه‌ڵڕشت، دواتر به‌ره‌و گه‌رمێن به‌ره‌و (سه‌راب گه‌رم) فڕێیان داینه ئه‌و ئاواره‌ییه‌ی، له‌ئاواره‌بونیان راهێناین، فێره ده‌ربه‌ده‌ریه‌كیان كردین قه‌ت ناوێرم به‌ناویدا بچمه‌وه، ئه‌وجارانه‌ش كه به‌نێو به‌هاره پایزیه‌كاندا ره‌تده‌بم، بارینی ئاسنم دێته‌وه یاد، یان ئه‌و رۆژانه‌ی بێ خه‌تا خه‌تابار ده‌كراین و شاریان لێ تێك و پێك داینه‌وه، لاویه‌تیان لێستاندین وبۆ ئێره‌یان هێناین، ئاخر له‌وه‌ته‌ی هه‌م له‌وه‌ته‌ی دنیا دنیایه…..
له‌ئاسما ئاسن ده‌بارێ،
روناكی له‌منداڵی
ئاینده له‌لاویه‌تی
ده‌ترازێن و….
جارێكی‌تر هه‌ڵدێینه‌وه
باڵنده به‌رزه فره‌كان گه‌ڕانه‌وه‌و
گه‌ڵاكان سه‌وز ده‌نوێنن
ئێمه مناڵیمان ونكرد…..
لاویه‌تیمان لێبه‌ربۆوه
به‌ڵام له‌جیات سروده نیشتمانیه‌كان
فێره ئه‌و دابارینه بووین….
كه‌له‌به‌هارێكی پایزی..
یان هه‌مو به‌هارێكی ساڵدا
دروشمێكمان له‌سه‌ر زاره
ئه‌ویش :
بیست وچواری چواره
جێ كه‌ڵبه‌ی سه‌گی هاره
تانك‌و تۆپ وته‌یاره
ناترسێنێ ئه‌م شاره
ئه‌و به‌هاره ره‌نگ پایزیه‌ی مه‌رگی پیشان داین، له‌سڕبوونی ته‌مه‌ن‌و خلۆربونه‌وه‌ی ساڵه‌كان ده‌چوو، به‌كۆتاهات‌و به‌سه‌رچوو، زۆری نه‌برد نسكۆیه‌ك رۆژه‌كانی رابردوو و ته‌واوی ژانه‌كانی به‌سه‌ردا باراندین، ئه‌و ژانه له‌ناكاوانه‌ی هه‌موو جار له‌نێو رێكه‌وتنه بێئاگایه‌كاندا دوو باره ده‌بوونه‌وه‌و بێ خه‌تا ئێمه‌یان پێوه ده‌كرد، وه‌ك ئه‌و نێچیرانه‌ی به‌ده‌ست راوچییه‌كانه‌وه له‌په‌له‌قاژه‌ی مه‌رگ دان‌و.. ئه‌وانه‌ش له‌ناو قه‌فه‌زه‌كاندا له‌خورپه‌دان، ئه‌و رۆژانه له‌هاوین نزیك ده‌بوینه‌وه سه‌ره‌تای به‌كۆتاهاتنی ئه‌و ده‌ستكه‌وتانه‌بوون، كه له‌نێو ئاگر به‌سته‌كاندا بوونه خۆڵه‌مێش، ئێمه‌ی مناڵ، ئێمه‌ی خێزان‌وئه‌و تێكۆشه‌رو ئاینده‌ویستانه‌ی له‌شه‌ڕگه‌كانه‌وه هه‌ڵاتبووین‌و له‌نێو خێوه‌ته گه‌رمه‌كاندا مامه‌ڵه‌مان له‌سه‌ر بوو، وه‌كو كۆیله‌و ئه‌و كاڵایانه سه‌یر ده‌كراین كه له‌سنوره‌كاندا هه‌بوون. دۆڕاوێك بوین ئه‌و ده‌ستی‌و ده‌ستیمان پێده‌كراو ئاكام له‌سه‌ر مێزی قومارخانه‌كه‌ی جه‌زائیر به‌و كه‌نداوه گۆڕاینه‌وه كه هه‌موو یاسا نێوده‌وڵه‌تیه‌كانی تێدا شه‌رمه‌زار كرا‌و دواتریش ئاگرێكی هێنده بێ ئامانی لێكه‌وته‌وه هه‌شت ساڵان ته‌ڕو وشكی به‌یه‌كه‌وه سوتاند، ئاخر قه‌ده‌ر نه‌بوو ئێمه‌ی به‌وێ گه‌یاند. له‌خۆمانه‌وه نه‌چوینه وێ‌و ئه‌وێش هێنده سانا نه‌بوو تا هه‌ڵێینه‌وه، ده‌بوو وه‌رینی گه‌ڵا سه‌وزه‌كانی به‌هارو ئه‌و یاده‌وه‌ریه تفتانه له‌گه‌ڵ خۆمان بێنینه‌وه كه نه‌مان ده‌ویستن، ئێمه له‌زیندانێكه‌وه بۆ زیندانێكی دی‌و له‌سه‌ربازخانه‌یه‌كه‌وه بۆ سه‌ریازخانه‌یه‌كی دی ده‌گوازراینه‌وه، هه‌ره‌س‌و داڕمانی گیان، له‌و شوێنه‌دا ده‌ستی پێكرد، كه ئازایه‌تی‌و تفننگه‌كانمان لێ به‌ربۆوه، له‌و شوێنه‌دا یان له‌و سنووره‌دا، كه قه‌وانه‌كانیان له‌باخه‌ڵا ده‌رهێنام‌و گوتیان له‌وێ، له‌ناو ئۆردوگا كاكی به‌كاكیه‌كاندا، گه‌مه‌كردن قه‌ده‌غه‌یه، نابێت قه‌وانه به‌تاڵه‌كان ئاودیو بن‌و ئیدی ده‌بێت ئێوه ده‌سته‌كانتان شۆِڕبێته‌وه، رازی بن به‌وێنه‌كانی پشته‌وه‌ی سه‌رتان‌و ئه‌و ژمارانه‌ی به خه‌یمه‌كانتانه‌وه هه‌ڵواسراون .ئه‌من له‌وێ، رێك له‌و شوێنه‌دا منداڵیم هه‌ڵوه‌ری، زانیم سه‌ره‌تایه‌كی سه‌خت ده‌ستی پێكردو ئیدی ئاینده زۆر به‌زه‌حمه‌ت ده‌دۆزێته‌وه، هه‌ر له‌وێ له‌ئاسمانی وڵاته‌كه‌م روانی‌و زانیم ئیدی له‌هه‌موو وه‌رزه‌كان، له‌ته‌واوی ساته‌وه‌خته‌كاندا..
له‌ئاسمان ئاسن ده‌بارێ..
ئه‌وه‌ی دوێنێ كاسی كردین..
ئه‌وه‌ی لانه‌و..
قوتابخانه‌كه‌ی سوتاندین،
بۆهه‌میشه هه‌ردێته‌وه‌و
مناڵیمان بۆ خۆی ده‌با،
دێت‌و بۆ ده‌یان جاری دی..
شاره‌كه‌م هه‌ڵده‌وه‌شێنێ،
وڵاته‌كه‌م ده‌سوتێنێ‌و..
ئاسن له لاویه‌تی ئێمه‌و..
ده‌ست له‌هه‌موان ده‌وه‌شێنێ،
ئیدی زانیم..
ئاینده‌مان،
وه‌ك پریاسكه، به‌روبارێكدا ده‌چێ..
بۆنی بیابانی لێدێ..
له‌به‌هارێك عاسێ ده‌بێ،
وه‌كو پایز…
وه‌كو چاوی ئه‌و چیایه‌ی
دوور له‌ئێمه‌و..
تا سه‌رمۆخیش له‌ئێمه زیز.
ئه‌و رۆژانه، یان ئه‌و ساڵه بێ به‌هاریه‌م به‌نامۆیی‌و په‌رش‌و بڵاوی به‌ڕێكرد، ترسێك وه‌كو ته‌زوو به‌هه‌ناومدا ده‌هات‌و له‌چاوانم ده‌رده‌چوو له‌وێ په‌نایه‌ك نه‌بوو خۆمانی تێدا حه‌شارده‌ین، چیایه‌ك نه‌بو به خۆمان بگرێ‌و چه‌كه‌كانیشمان له‌سه‌ر سنوور لێ به‌ربۆوه، ده‌بوو له‌گه‌ڵ پێچانه‌وه‌ی ماڵه‌كانمان، ئازادیش بپێچینه‌وه، به‌ده‌ستی به‌تاڵا‌و جه‌سته‌ی سڕه‌وه بگه‌ڕێینه‌وه ئه‌و گوند‌و شارۆچكانه‌ی وێران كرابوون، بۆنی مه‌رگ، بۆنی باروت بۆ هه‌میشه له‌به‌ر چاوان بێ‌و شه‌قامه پڕ له‌چاڵا‌و چۆڵه‌كان به‌و خه‌مانه پڕكه‌ینه‌وه كه به‌سه‌رماندا باریبوو، منی مناڵ رێك له‌م رۆژانه‌دا بوو هه‌ستم كرد ژیان لێره له‌م دنیا پڕ له‌هه‌راو هۆریایه‌دا یه‌كسان نییه‌و ئێمه‌ی په‌راگه‌نده له‌كه‌س ناچین، له‌هه‌موو لایه‌كه‌وه گه‌مارۆ دراوین‌و چۆنیان بوێ وامان لێده‌كه‌ن، پلانه‌كان زۆر له‌ئێمه گه‌وره‌ترن‌و كه‌س ئێمه‌ی ناوێ، بۆخۆمان ده‌بێت به‌خۆماندا بچینه‌وه‌و ئه‌گه‌ر به‌رده‌وام له‌م بێده‌نگییه‌دا بین، ئیدی ته‌فروتونا ده‌بین‌و لێناگه‌ڕێن جارێكی دی له‌به‌هاردا، له‌وه‌رزهات‌و ره‌نگاو ره‌نگه‌كاندا ئه‌و گۆرانیانه بڵێن كه پێشتر ده‌مانگوت، ئاخر له‌و ساته‌وه‌ی گه‌ڕاینه‌وه ئه‌و وێرانه خاك‌و شارانه‌ی جه‌نگه‌كان هه‌لا به‌هه‌لای كردبوون، ئێمه وه‌كو كۆیله وابوین، هه‌ناسه‌یه‌ك له‌كوێستانه‌وه نه‌ده‌هات‌و ته‌مێك ته‌واوی وڵاتی داپۆشیبوو، چه‌ند به‌هارێك چه‌ند وه‌رزو ساڵێك تێپه‌ڕین‌وئێمه له‌سوڕی متبونا بووین، ئه‌و سه‌رسورانه‌ی ده‌یانگوت له‌خه‌ڵك ده‌ده‌ن‌و قه‌دیان پڕه له گولله، له‌بازاڕه‌كان ده‌ركه‌وتنه‌وه، ترسێك له‌رۆژه ره‌شه‌كان ئه‌ستورتر ژیانی لێوه‌ستاندبوین، زۆری نه‌برد هه‌ر چه‌ند ساڵێك بوو، شه‌وێك له‌شه‌وه‌كانی زستان ده‌نگی رێژنه‌ی گولله‌یه‌ك شاری به‌خه‌به‌ر هێنا، ئومێدێك له‌چیاكانه‌وه هات‌و له‌نێو شاردا خۆی به‌تاڵا كرده‌وه، ئاخر زۆری نه‌برد به‌هاره‌كان گوڵیان ده‌داو كانیاوه‌كان ته‌قینه‌وه، شه‌و نه‌بوو ده‌نگی تۆڵه هه‌ره‌س به سه‌نگه‌رێكی ده‌وژمن نه‌هێنێ،
ئه‌و شه‌وانه..
ئاسمان ئاسنی ده‌باراند
شه‌قامه‌كان وه‌ك نیوه‌ڕۆ.
وه‌ك رۆژه به‌هاریه‌كان
روناك‌و به ناڵه ناڵ بوون،
هه‌ناسه‌یه‌ك له‌كوێستان‌و
ئومێدێك له‌چیاوه ده‌هات.
شه‌قامه‌كان…
پڕ پڕ ده‌بوون،
له‌و قه‌وانه به‌تاڵانه‌ی
له‌مناڵیمان به‌جێما..
پڕ پڕ ده‌بوون،
له‌و چرپانه‌ی به‌لاویه‌تی گیرسایه‌وه
شه‌وانێك بوو…
له‌پێكه‌نین
ساڵانێك بوو، پڕ له ئه‌وین.
ته‌نها 4 ساڵ به‌سه‌ر ئه‌و به‌هاره‌دا تێپه‌ڕیبو كه له‌پایز ده‌چوو، هه‌ستم ده‌كرد ئه‌مساڵ گه‌ڵاكان سه‌وزن، لاوه‌كان به‌به‌رگی كوردیه‌وه له‌هات‌و چۆدان، چیا نركه‌ی دێت‌و قوتابیان خه‌ریكی نوسینه‌وه‌ی ئه‌و شتانه‌ن كه له وانه‌كاندا نه‌بوو، له‌چیاوه بۆیان ده‌هات‌و دیواره‌كانی شاریان پێ ره‌نگاو ره‌نگ ده‌كرد، زۆربه‌ی شه‌وه‌كان شار روناك ده‌بۆوه، ئاسن به‌سه‌ر ئه‌وانه‌دا ده‌باری كه پێشتر ئاسنیان به‌سه‌ردا باراندین، ژیان له‌نوێ بوونه‌وه‌دابوو‌و خه‌ریكی سارێژكردنه‌وه‌ی ئه‌و زامه قوڵانه‌بووین كه جه‌سته‌یان كون كون كردبووین، هیوا گوڵه‌كانی ده‌گه‌شاندنه‌وه‌و رۆژانێكی سه‌خت‌و دژوار له‌پێش بوون، ئێمه‌ی هه‌رزه، ئێمه‌ی مناڵی جاران كه نه‌مانزانی چۆن به‌كۆتا هات، ژیان فێره قوربانی دانی كردین، فێری كردین، ده‌بێت خۆمان خه‌م له‌دروستكردنه‌وه‌ی خۆمان بخۆین‌و له‌و روبارانه بپه‌ڕینه‌وه كه شه‌پۆله‌كانی به‌چیادا دێن‌و به‌ناو شاردا ره‌تده‌بن، ئاخر ئه‌و رۆژانه هه‌ناسه‌كانی كوێستان، بزنه‌رێیه سه‌خت‌و دژواره‌كانی چیا، زۆر له‌ئێمه نزیك بوون، ده‌نگێك له‌وێوه ده‌هات‌و به‌ناو شاره‌كه‌مدا ره‌تده‌بوو، ده‌ڕۆی، به‌سه‌ر ئه‌و نیشتمانه‌دا ئاسنی ده‌باراند، ئه‌و نیشتمانه‌ی له‌هه‌ستانه‌وه‌و نوێبونه‌وه‌یه‌كی به‌رده‌وامدا بوو، ئه‌و رۆژانه سه‌ره‌تای ئه‌و جه‌نگه درێژخایه‌نه‌بوو، كه ئێمه‌ی دروستكرده‌وه، ئه‌و جه‌نگه‌ی كه له‌سه‌ر مێزی قومارخانه‌كه‌ی جه‌زائیر مۆركراو له‌به‌غدا سوتێنرا، جه‌نگێك ته‌ڕو وشكی به‌یه‌كه‌وه ده‌هاڕی‌و، به‌ڵام بۆ ئێمه سه‌ره‌تای كۆكردنه‌وه‌ی ئه‌و توانایانه بوو كه له‌به‌هاره پایزیه‌كاندا هه‌ڵوه‌رین، سه‌ره‌تای خۆته‌كاندن بوو له‌و تۆز‌و خۆڵه‌ی كه له‌گۆڕه‌پانه‌كانی جه‌نگدا ته‌نهاو ته‌نها بووین‌و مامه‌ڵه‌مان پێكرا، سه‌ه‌رتایه‌ك بوو به‌ره‌و كۆكردنه‌وه‌ی ئه‌و ئه‌زمونانه‌ی بۆ ئێره‌یان هێناین جه‌نگ جه‌نگی ساغ كردنه‌وه‌ی جبه‌خانه قه‌به‌و چه‌كه كه‌ڵه‌كه‌بوه‌كانی جه‌نگی جیهانی دووه‌م بوو، له‌هه‌موو لایه‌كه‌وه ئاگر ده‌باری فڕۆكه‌و تۆپ‌و كاتیوشاكان، به‌سه‌ر ئێمه‌دا ده‌هاتن، وه‌رزه‌كان تێكه‌ڵكران، جارێكیدی باروت، ئاگر
له‌ئاسمانه وه ده‌باری
ئه‌و ئاسنه‌ی بۆ ئێمه هات
كه‌چی به‌یه‌كتریان دادا،
لاوه‌كان كۆده‌بونه‌وه،
سروده‌كان هه‌ستانه‌وه‌و
مناڵانی به‌هاری زه‌رد
به‌ردیان له‌باخه‌ڵ ده‌هاویشت
رق‌و تۆڵه،
له‌جێی ئه‌فسانه و حیكایه‌ت
شه‌وانه ده گوترانه‌وه،
جارێكی تر..
فیشه‌كی نێو چاڵه‌كان‌و
تفه‌نگی نێو ئه‌شكه‌وته‌كان
كۆ كرانه‌وه،
له‌سه‌ر پشتی ئه‌و تاشانه پاكرانه‌وه
له‌وه‌ته‌ی هه‌ن..
بۆ ئێمه پشت‌و په‌ناگه‌ن
له‌وه‌ته‌ی هه‌ن
له‌نركه‌ی چیا‌و..
هه‌ناسه‌ی ریشن نه‌بێ،
له‌هیچ زمانێكی دی ناگه‌ن
ساڵه‌كان، وه‌رزه خێرا‌و ترسناكه‌كانی ته‌مه‌نی منداڵه پایزیه‌كان له‌نێو بارینی ئاسنه جۆراوجۆره‌كان‌و شه‌قامی پڕ له‌دیواره ره‌نگاو ره‌نگه‌كاندا به‌ره‌و هه‌رزه‌یی ده‌چوون، بارانێك شاری ده‌شوشته‌وه‌و تۆڵه‌ی ساته دژواره‌كان، ئه‌و ساتانه‌ی سیخۆكان شاریان هه‌ڵوه‌راند، له‌ناخه‌وه، له‌ناوی ناوه‌وه‌ی هه‌رزه‌و.. پاشماوه‌كانی جه‌نگدا له ته‌كاندا بوو، جموجۆڵێكی خێرا ئه‌و به‌هارانه‌ی زیندوو ده‌كرده‌وه، كه گه‌ڵاكانیان به‌سه‌وزی ده‌وه‌راند، ئه‌و رۆژه رێك 24 / 4 / 1982 بوو به‌رگی ره‌ش سه‌رتاپای شاری داپۆشی، روباره كوێستانیه‌كان، ئه‌وانه‌ی به‌نێو به‌فردا ده‌هاتن، نركه‌یان ده‌هات، شه‌پۆله توڕه‌كان، له‌هاشه‌ی خۆیان نه‌ده‌كه‌وتن‌و ناڵه‌یه‌ك كه له‌گۆڕستانه‌وه ده‌هات، گیانی به‌ره‌نگاری به‌ره‌و كه‌شكه‌شان ده‌برد، باڵنده سركو بزێوه‌كان، به‌نێو هه‌وره‌كاندا له‌به‌رزاییه‌كی سه‌یره‌وه خۆیان به‌نێو دار‌و ده‌وه‌نه‌كانی ده‌وری شاردا ده‌كرد، هاڕه‌ی زنجیری گولله‌ی دۆشكه‌كانی سه‌ر قه‌ڵاو گردی حوسن له‌نێو شاردا ده‌بیسترا، قوتابیانیش به‌بێ سرته، به‌ره‌و گۆڕستان ده‌چوون‌و له‌م رۆژه‌دا ده‌یانویست تاوێ به‌دیار هه‌ناسه‌كانی شه‌هید سروودی ئازادی بچڕن، ئه‌و رۆژه ئه‌و به‌هاره بۆنی جه‌نگی لێده‌هات، یاده‌وه‌ریه‌كان گۆڕستانی سوور داگه‌ڕاندبوو، گرمه‌ی ناپاڵم‌و هاژه‌ی سیخۆكان له‌م رۆژه‌دا ده‌بیستران‌و شه‌هیده‌كان هه‌ستابونه‌وه سه‌رپێ، ناو گۆڕستان جمه‌ی ده‌هات له‌و قوتابیه كوڕ‌و كچانه‌ی ده‌یانویست ئیدی به‌هارمان لێنه‌كه‌نه‌وه خه‌زان، رێ‌و ره‌سمێك كه هه‌ر له‌پرسه ده‌چوو، بێده‌نگییه‌كی ئه‌فسوناوی به‌ئاماده‌بوان به‌خشی، په‌پوله‌كان له‌سه‌ر گوڵه‌كان ده‌نیشتنه‌وه‌و چاوه‌كان هه‌ر هه‌موویان نیگایان له‌یه‌كتری ده‌گرت، له‌هاشه‌ی روبارو هه‌ناسه ماندوه‌كان بترازێ چیدیت گوێ لێ نه‌بوو، ساتێك بوو ته‌نها بێده‌نگی لێده‌چۆڕا، زۆری نه‌برد خرمه‌ی میلی تفه‌نگی ئه‌منه‌كان‌و ده‌نگی پۆستاڵی سه‌ر سوره‌كان ئه‌م بێده‌نگیه‌ی شه‌ق كرد‌و هه‌ر هه‌موو به‌یه‌كه‌وه به‌رده‌كانیان هه‌ڵگرت. به‌ره‌و شار به‌ڕێ كه‌وتین‌و دروشمێكمان ده‌گوت زایه‌ڵه‌ی له‌ناوشاردا ده‌بیسترا، باڵنده‌كان، ئه‌و باڵنده سركو بزێوانه‌ی له‌نێو ده‌وه‌نه‌كاندا خۆیان مات كردبوو له شه‌قه‌ی باڵیان دا‌و به‌ره‌و به‌رزایی گمه‌یان ده‌هات، ده‌نگی رێژنه‌یه‌ك له‌پێشه‌وه‌ی خۆپیشاندانه‌كه شاری به‌خه‌به‌ر هێناو له‌هه‌موو لایه‌كه‌وه، له‌نێو جه‌رگه‌ی خۆپیشاندان‌و به‌رزاییه‌كانه‌وه، له‌سه‌ر زه‌وی‌و به‌ته‌نیشت كێله‌كانه‌وه ئه‌مجاره‌یان…
زه‌وی ئاسنی ده‌باراند
روبار سنه‌وبه‌ری قوت دا‌و
شه‌پۆل ئامینه‌ی لول ده‌دا،
ئاسن وه‌ك باران ده‌باری
لاوه‌كان چۆكیان كون ده‌بوو
گولله‌ش به ناومان ره‌تده‌بوو
ئێسكی لاو‌و..
كێلی گۆڕه‌كانی ده‌هاڕی،
رابونێك بوو ترسی به‌عس‌و
سه‌ربازگه‌یه‌كی ده‌به‌زان
رۆژێك بوو له‌و به‌هارانه‌ی
بۆ ئێمه ببونه خه‌زان،
ئیدی له‌وێوه تا ئێره
روباره‌كان..
باڵنده به‌رزه فڕه‌كان
لاوی ئه‌وساو
ئێستا‌و سه‌رتاپای نیشتمان
سروودێكمان له‌سه‌ر زاره
ئه‌ویش:
بیست‌و چواری چواره
جێ كه‌ڵبه‌ی سه‌گی هاره
تانك‌و تۆپ‌و ته‌یاره
ناترسێنێ ئه‌م شاره.