له نێوان (شه‌ریعه‌تی) و (شاندل)دا!
ئیتر ئێمه‌ی مرۆڤین و عاده‌تی سه‌یر.. هه‌ركاممان بگره هه‌ر واین… كه باسی دانایه‌ك, فه‌یله‌سووفێك, بیرمه‌ند و بلیمهتێكمان لا ده‌كرێت و دوو لاپه‌ڕه‌ی نووسینهكانیمان خوێندووه‌ته‌وه, یه‌كسه‌ر ڕێگه به خۆمان ده‌ده‌ین و وای پیشان ده‌ده‌ین ئێمه له ناخ و بیری ئه‌وه‌وه له نێزیكترین كهسهكانین!
ئۆی خودایا! منێكی هیچی به‌ر ده‌رگات.. منی غه‌ریب و هایمی ده‌شتی ناسینت.. به‌نده‌ی پڕ خه‌تای ده‌ر قاپیت، سبه‌ی، وه‌ختێك خه‌وی ئه‌به‌د ده‌مباته‌وه و سه‌رم له خاكدا بزر ده‌كه‌م و ئاوڕێك بۆ دوا ناده‌مه‌وه، چیتر گوێم به ده‌نگی ئه‌وانی پاش خۆم ناله‌رێته‌وه، پاش مه‌رگم, دوای كوژانه‌وه‌ی مۆمی بوونی ئێره‌ییم، كه له‌وسه‌ره‌وه داگیرسام و بۆ هه‌تایه سه‌ری زه‌وینی خۆڵینم جێهێشت.. ده‌مێك گه‌ردیله‌یه‌ك هه‌وا و مشتێك ئاو و پاروویه‌ك نانم، له‌م تۆپه لار‌و پڕ چاڵ و چۆڵ و به‌رز و نزمییه‌دا، له‌م گۆ به با و ئا‌ڤ و خۆراكه‌دا، بۆ نه‌ما، هه‌قی ئه‌وه‌یان لێ سه‌ندمه‌وه تروسكاییه‌ك بووینم و سرتهیهك بژنهفم، عازای عهنامم له كار كه‌وتن و هیچم بۆ ئێره پێ نه‌ما… ئه‌و وه‌خت…..
تههااا… من بیر له چ ده‌كه‌مه‌وه، ده‌مهه‌وێ چ برێم و بۆ كێنده‌ر ده‌چم! ئاخر ئه‌م فیكرانه بۆ ساتێكیش ئاسمانی مێشكی من به‌ر ناده‌ن، بۆ چركه‌یه‌ك دڵم له‌م په‌ژارانه چۆڵ نابێت.. نازانم وه‌سوه‌سه‌ی شه‌یتانه یا ئیلهامی فریشتانه! تا ئه‌مێسته‌ش لام ڕوون نییه له‌سه‌ریان خه‌ڵات ده‌كرێم یا به‌ر سزای سه‌ختی خودا ده‌خرێم.. به‌ڵام ئاوا خه‌یاڵ ده‌كه‌م: ورته و بۆڵه و وڕێنه‌ی ئاواهی حسێوێكیان له‌سه‌ر نییه. ئه‌گه‌ر هه‌شبێت خودایا! عه‌فو.. خالیقا! به‌خشش. منی قه‌له‌نده‌ری ئه‌م ده‌شته كاكی به كاكییه چم تا له وه‌ختی فریشته‌كانی تۆ بگرم؟! ئومێد ده‌كه‌م به كه‌ره‌می بێ مه‌رزی خۆت، به پله و پایه‌ی به‌رزی خۆت قه‌ڵه‌می بوردن به‌سه‌ر كاری چه‌وت و ڕهشمدا بێنیت و به هیچیش حسابیان بۆ نه‌كه‌یت!
خه‌ریك بوو ده‌مگوت… پاش مردنم، دوای بۆ قیامه‌ت ته‌شریف بردنم چه‌ند كه‌سی بێگانه به ڕووحم لێم ده‌بن به ئاشنای گیانی و، چه‌ند دووره ماڵ بۆم ده‌بن به هاوسێ و چه‌ند نه‌ناسراوم لێ جه‌م ده‌بن و خۆیانم لێ ده‌كه‌ن به دۆست! ئههاااای.. ئیلاهی! هه‌ر لێره‌وه من له‌وانه به‌ریم، نایانناسم، نازانم كێن، خه‌ڵكی چ مه‌مله‌كه‌تێكی دوور دوورن، سوێند به تۆ له نزیكیی زۆریان ده‌ترسم و هه‌ر ناوێرم خۆمیان به خه‌یاڵیش لێ نێزیك خه‌مه‌وه… خوایه گیان! دڵم به‌وه ده‌ده‌مه‌وه تۆ دانایت و هه‌رچی ده‌كه‌یت له جێی خۆیتی، ئه‌گه‌رنا زاورم ده‌چوو، له خۆفی لێكۆڵینه‌وه له هۆی په‌یوه‌ندییم به‌مانه‌وه دڵم له ده‌مه‌وه ده‌رده‌چوو.. شوكر به‌م هۆیه‌وه لێم ناپرسیته‌وه، ئاخر ئه‌وان ئه‌و ده‌م، هه‌ر وه‌ك ئێستا، بێ عیلمی خۆمی بێ عیلم خۆیان پێدا ههڵواسیبووم، ئاخر بڵێ دڵتان له كوێی من چووه؟! چم بۆ ئێوه ئه‌نجامداوه و چ خێرێكم بۆتان بووه؟ منێك بۆ خۆیشم نه‌ده‌شیام به نیازن به خۆنزیكخستنهوهتان چتان ده‌ستكه‌وێت و به چی بگه‌ن؟!
په‌روه‌رێنم خۆ ده‌زانم زۆر له‌و زانایانه‌ی منیش خۆمیان لێ ده‌به‌مه پێشه‌وه هه‌ر وان و له من به‌رین، له‌وه‌ی خۆم به ناسیاویان ده‌زانم ته‌ریق ده‌بنه‌وه و په‌نات بۆ دێنن له ده‌ستم! ئاخر من و عومه‌ری كوڕی خه‌تتاب كوێمان به یه‌ك ده‌خوات خوایه؟! من و ئه‌بوحه‌نیفه، من و غه‌زالی، عه‌تتار، سه‌عدی، ئیبن عه‌ره‌بی… ئیبن قه‌ییم، عه‌ققاد، موسته‌فا مه‌حموود! له هه‌مووشیان زیاتر شه‌ریعه‌تی….!! شه‌ریعه‌تی!
ئاای خوایه له شه‌ریعه‌تی، دێوانه‌یه‌كی سه‌راسیمه‌ی سه‌حرای جونوون! سهرقاڵێكی جه‌نجاڵ و بۆ حه‌ق عه‌وداڵ، ڕێونكردوویهكی بۆ ماڵ نه‌ڕۆیشتووی به مه‌نزڵ نه‌گه‌یشتوو… مه‌ست و خومار به شه‌رابی ناو باده‌ی ڕوویی یار. ئه‌وێك كه _جه‌لالی ئال ئه‌حمه‌د گوته‌نی_ “له هه‌ر جێیه‌ك جۆرێك بوو و له هه‌موو جێ یه‌ك جۆر”! ….
چی له باره‌ی پیاوێكه‌وه بڵێم كه پڕم لێی، خه‌ریكه له هه‌موو لایه‌كی قالبمهوه دێته ده‌رێ، هه‌رچه‌ند هه‌وڵ ده‌ده‌م به‌ری بگرم هه‌ر لێمه‌وه ده‌ڕژێت! چی بنووسم؟ چی ده‌ربڕم؟! له كهللـهم ده‌دات ده‌ست هه‌ڵگرم و لێره‌دا قسه‌م به كۆتا بگه‌یه‌نم… بڕۆم؟ نه‌ڕۆم؟! وا ده‌زانم ڕۆشتن و وازهێنانم زۆر باشتره.. ئاخر ئه‌م باسه سه‌ری دیاره و بنی گوم، ده‌ستپێكه‌كه‌ی ئه‌مه‌تا و دوماهیكی نادیار و لێڵ، ڕاستیت بوێت _كه نازانم كێیت!_ له داهاتوو زۆر ده‌ترسم، له ڕێبڕین بۆ ناڕوونی ده‌تۆقم، ناوێرم به نێو تاریكی‌دا بچم و له ناو ته‌مدا هه‌نگاوبنێم… ده‌ڕۆم!
بۆ مه‌گه‌ر ده‌كرێت؟! چه‌نده له تاریكی ده‌ترسم و غیره‌تی به‌ره‌وڕوو چوونیم نییه سه‌د هێنده زراوم له تانیوهڕێ چوون ده‌تۆقێت… هه‌رگیز له خۆم نابوورم هاوڕێیه‌ك له نیوه‌ی ڕێ به‌جێبێڵم، یه‌خه‌ی خۆم به‌رناده‌م گه‌ر تاوانێكی وا ئه‌نجام ده‌م.. ئه‌وجا كێش بێت…!
من له وه‌ته‌ی چاوم به كتێبه‌كانی شه‌ریعه‌تی ئاشنا بووه، قه‌ڵه‌م و نووسینم، ته‌رزی فیكرم، هه‌ڵسه‌نگاندم، خوێندنه‌وه‌م گۆڕاوه، به‌ره‌و باش یا خراپ؟ خۆیشم نازانم! ئه‌وه‌نده ده‌زانم وه‌ك پێشتر نه‌ماوم… پێشتر؟! بۆ مه‌گه‌ر پێشتر فیكرم ده‌كرده‌وه؟ بۆ مه‌گه‌ر ده‌منووسی؟ چما من شتێك بووم تا قه‌ڵه‌میشم هه‌بووبێت؟! ئۆۆۆی دیسانه‌وه تام هه‌یه، هه‌م گه‌رووم دێشێت و كۆكه و نركه سینهمیان شه‌قار كردووه، ئه‌وه هه‌م گیانم گه‌رم بووه و وڕێنه ده‌كه‌م… ئاای خوایه! تو بێژی ڕۆژێك ئه‌م تایه به‌رمدا؟ وه‌ی قه‌ت خوا نه‌كات… ئاخر ئه‌گه‌ر وا بوو، له ژێر فشاری چیدا ده‌ستم بۆ قه‌ڵه‌مه‌كه‌م ببه‌م؟ چی بنووسم؟
ئا… به ته‌مابووم بڵێم شه‌ریعه‌تی حاشا ده‌كا یا نا، خۆشی دێ یا قین، ده‌گه‌شێته‌وه یا ترشم پێ ده‌فرۆشێت… من ڕووحی ئه‌و ده‌ناسم، ئاشنایم و شه‌رمیش له‌م قسه‌یه‌م ناكه‌م و خۆم به نزیكی ده‌زانم، ئه‌ڵبه‌ت نه له هزر و بۆچوونیدا، كه زۆرجار شێخم لێی نامێنێت و له ده‌ستی ده‌گاته گیانم! به‌ڵكو هه‌ستی، هه‌ستی ئه‌و به هه‌ستی خۆم ده‌زانم، دڵی ئه‌وم له عه‌قڵی زیاتر قه‌بووڵه… بیریشم نه‌چووه و ده‌زانم ئه‌و له‌و كاتانه‌دا فیكره‌كانی خراپ و چه‌وتن كه به دڵ بۆیان ده‌چێت… كوره نازانم چۆنی ده‌ربڕم، ئه‌و كاتێك له نێو ده‌ریای سۆزیدا ته‌كانێك به عه‌قڵی ده‌دات دایم زه‌ره‌رێك ده‌دات و گوته‌یه‌كی ناقۆڵا فڕێ ده‌دات.. ئه‌گه‌رنا ئه‌و ده‌مانه‌ی له سه‌رزه‌مینی بیركردنه‌وه‌دا عه‌قڵی ده‌جووڵێنێت شاكارێك ده‌خولقێنێت! خۆم باش له خۆم حاڵی ده‌بم، دروست ده‌زانم ده‌مه‌وێت چی بڵێم، وه‌لێ باشتر له‌مه ئه‌وه ده‌زانم كه ناتوانم تۆ حاڵی كه‌م، پێت بفامێنم چی ده‌ڵێم!
من شه‌ریعه‌تی له‌و كتێبانه‌وه ده‌ناسم كه _خۆی گوته‌نی_ بۆ خۆی نووسیونی.. له (كویریات)هكانیهوه ئاشنایه‌تیم له‌گه‌ڵدا په‌یدا كردووه.. به‌ڵێ چوار نامیلكه‌كه‌ی كه هه‌ژار به كوردی كردوون و (تشیع علوی و صفوی)یه‌كه‌ی و چه‌ندین كتێبی تریم خوێندووه‌ته‌وه، به‌ڵام من شه‌ریعه‌تیی (گفتگوهای تنهایی) و (هبوط در كویر) باشتر ده‌ناسم! من ئه‌و كتێبانه‌شی ده‌خوێنمه‌وه كه نه‌ینووسیون و بڕیاری نهنووسینیانی دابوو، سوێندم له‌سه‌ر هه‌ندێ شتی خواردووه بێ ئه‌وه‌ی بۆی كۆڵابێتمهوه و بۆ قایلكردنی به‌رانبه‌ر بورهانی عه‌قڵیم به ده‌سته‌وه بووبێت، هه‌ر له خۆوه و له ڕێی (بۆ)وه هه‌ستم پێ كردووه، دۆزیومه‌ته‌وه، به‌سه‌ریدا چووم، ڕێم لێ كه‌وتووه… دواییش وا ده‌رچووه و هه‌ر وا بووه كه من گوتووم!
ده‌زانم له‌م وڵاته‌ی خۆیشماندا كه‌م نین ئه‌وانه‌ی شتی شه‌ریعه‌تی _كه‌م، نه‌ك زۆر_ ده‌خوێننه‌وه و هه‌ندێ شتی بۆ سه‌ر زمانی كوردی ده‌گۆڕن و له فه‌یسبوكدا په‌یجی به ناوه‌وه ده‌كه‌نه‌وه.. جار جار دڵم به‌م كه‌سانه خۆش ده‌بێت و زۆر جاریش پێیان زویر ده‌بم، دڵم ده‌ڕه‌نجێت، غیرهم ده‌جووڵێت و ئاوات ده‌خوازم له ڕووداوێكی ده‌گمه‌ندا هه‌موو ئه‌و مه‌شخه‌ڵانه له‌سه‌رڕێی ناسینی ئه‌و بكوژێنه‌وه و هیچێكیان لێ نه‌مێنێته‌وه، ئاخر وای بۆ ده‌چم ئه‌وانه كه‌س به‌ره‌و ماڵی ئه‌و نابه‌ن، به‌ره‌و لاڕێ ڕایاندهدهن، یان كه‌سانێك بۆ خانه‌ی ئه‌و ڕاده‌كێشن كه شایسته‌ی چوونه دیوه‌خانی وی نین! له‌و كه‌سانه‌ن وا وێنه‌ی یادگاریت له‌گه‌ڵدا ده‌گرن، نه‌ك بۆ ئه‌وه‌ی خۆشتیان ده‌وێت، حه‌زده‌كه‌ن هه‌میشه له‌به‌ر چاویان بیت، هه‌ست به گه‌رمی گیانت ده‌كه‌ن، نه بۆ ئه‌وه‌ی له ڕوخسار و بریسكی چاوانت بڕوانن، له شه‌وان و له كاتی خهڵوهتیاندا له‌گه‌ڵتدا بدوێن و وه‌ك شێت تارماییه‌كه‌ت وێنا بكه‌ن، به بینینی وێنه‌كه‌ت خۆت بێننه پێش چاو و بتدوێنن، ئه‌و شتانه‌ی له حوزووری خۆتدا ڕوویان نایه بینوێنن، به‌رانبه‌رت ئه‌نجامی دهن، په‌نجه بنێن به لووتتدا، زمانت لێ ده‌ربێنن، ماچت بكه‌ن، زله‌ت لێ دهن… چاوت لێ داگرن، جار جاریش له زۆر شهیداییاندا بۆت جنێوی مزرت پێ بده‌ن! نا.. له‌به‌ر ئه‌مانه وێنه‌ت ته‌كدا ناگرن، ئه‌وان ده‌یانهه‌وێت كه چوونه‌وه نێو ڕه‌فیقان، له كاتی (هه‌ركه‌س بۆ خۆی) و (كێ ئازایه مه‌تحی خۆی كا)دا به ده‌رخستنی ئه‌و ڕه‌سمه باڵ با بده‌ن و خۆیانی پێ هه‌ڵبكێشن، “فڵان كابرا.. فیساره پیاو، كه ئێوه وا به موهیمی ده‌زانن، ڕهفیقمه، موو به به‌ینمانه‌وه ناچێت، بڕوا ناكه‌ن؟ ها بڕوانن! چه‌ند دۆستانه پێكه‌وه وێنه‌مان گرتووه! ئه‌ها سه‌یر كه‌ن هێند له‌یه‌كه‌وه نزیكین ده‌ستم خستووه‌ته سه‌ر شانی! ئه‌تو حه‌سوود! بۆ ناڕوانی؟ دیقه‌ت بده ئه‌و بزه‌یه‌ی كه له‌سه‌ر ده‌می نه‌خشێنراوه هۆكه‌ی سوعبهتێكی من بوو له عانی وێنه‌گرتندا…”! ده‌ی ئه‌مانه بۆ ماڵی بشێوی ئه‌و ناشێن! یا خوا ڕێ ههڵهكهن و هه‌رگیز نه‌گه‌نه خانه‌ی ئه‌و! خانه‌قا ده‌روێشی پێویسته، خه‌رابات مه‌ستی ده‌وێت، مه‌یكه‌ده ده‌بێت به عاشقان جمه‌ی بێت، كانی له به‌ر چاوی تینوودا جوان خۆی ده‌خاته‌ڕوو… گوناه نییه ده‌ستی لووتزل و سهرزركهتاڵ به‌ره‌و لای شێخی ته‌ریقه‌ت ڕابكێشین؟ كه‌سی وشیار، ئه‌وی هیچ كات حه‌زی به مه‌ستی نه‌بووه و نییه، چی داوه له خه‌رابات؟ كه‌سی عاقڵ، سه‌رقاڵ به حسێب و كتێبه‌وه هار بووه دێته مه‌یكه‌ده؟ تۆی تێراو، ده‌مته‌ڕ، میزڵدان ئاوساو چ خێره سایه‌ی شوومت خستووه‌ته سه‌ر كانی سازگار؟ بۆ لاناچیت تا شوانێكی تینوو، ماندوو، شه‌كه‌تی یه‌ك ڕۆژی ته‌واو تاودان و دووی ڕان كه‌وتن بێت و بێ په‌رداخ، بێ نازونووك و دێوانهوار به ده‌مدا خۆی به‌سه‌ردا بهاوێت و ده‌می پێوه بنێت و پڕ به گیانی مژی لێ دا و نۆشی بكات…
من حه‌زناكه‌م كه‌سی نالایق سهربكاته ماڵی ئاوا به عیرفان و خوتهخوتی مه‌عریفی ته‌نراودا.. پێم خۆش نییه كاكه، خۆ به زۆر نییه، حه‌زناكه‌م و بڕایه‌وه! هه‌ر بۆیه ئێستاش _جارێكی تر_ وام به مێشكدا دێت ده‌ست هه‌ڵگرم و له خێری ئه‌م نووسینه‌ش گه‌ڕێم، ئاخر ئه‌مه‌ش هه‌ر وه‌ك ئه‌وان نووسینان خه‌ڵكی به ماڵی وی فێركردنه!
به‌ڵێ.. باسی شه‌ریعه‌تی بوو. شه‌ریعه‌تی بۆ زۆر لا په‌لی كێشاوه و كه‌ناره‌كانی زۆر و دوورن، ئه‌وه‌ی من ده‌مه‌وێت لێی بدوێم هه‌ر له‌و نووسینانه‌یدا زۆر به‌رچاو ده‌كه‌ون كه بۆ خۆیی نووسیون، له وڕێنه‌كانی ته‌نیاییدا دركاندوونی.
ئه‌وه‌ی وه‌ك من ڕێی له‌م كۆڵانانه‌ی شه‌ریعه‌تی كه‌وتبێت، گومانم له‌وه نییه وه‌ك من ناوێكی غه‌ریب سه‌رنجی ڕاكێشاوه، ناوی نووسه‌ر و فه‌یله‌سووفێكی بیانی، كه‌سێكی نامۆ به‌م ڕۆژگاره: (پرۆفیسۆر شاندل)!
ئه‌وه‌ی من بناسێت ئه‌وه باش ده‌زانێت ناوی نووسه‌ر و بیرمهندانم كه‌م پێ له‌به‌ر ده‌كرێت، به‌تایبه‌ت ئه‌وی خۆرئاوایی بێت من ناویم خۆش له‌سه‌ر زمان ناسووڕێت، چه‌ند فشار بۆ یادگه‌م دێنم ناوی خۆی و باب و باپیری عه‌نتیكه‌ی بیرنایه‌ته‌وه! بۆیه هه‌زار ناوی سه‌یرم بۆ ڕیز كه و بڵێ ئه‌مه‌یان فه‌یله‌سووفێكی ئه‌ڵمانی و ئه‌وی تر نووسه‌رێكی فه‌ره‌نسایی و ئه‌وی دیكه بیرمه‌ندێكی ئه‌مریكایی و ئا ئه‌مه‌ی كه ڕۆماننوسێكی ڕووسییه و ئه‌وی ئه‌ولاش ئه‌كته‌رێكی هۆلیۆده! به دووری مه‌زانه بڕوات پێ بكه‌م، به‌م یادگه كۆڵهمهوه و بێ ئه‌وه‌ی بۆی بكۆڵمه‌وه هه‌ر كه ناوی (شاندل)م له شه‌ریعه‌تی ده‌بیست، یان له نووسینه‌كانیدا به‌رچاوم ده‌كه‌وت لێی دڕدۆنگ ده‌بووم و به گومانه‌وه بۆ ئه‌م كه‌سایه‌تییه ده‌مڕوانی.. هه‌ندێ جار وا بیرم ده‌كرده‌وه ئه‌مه نووسه‌رێكی گومناو بێت و شه‌ریعه‌تی له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئاشنایه‌تییه‌كی ڕووحی له‌گه‌ڵدا بووه ویستوویه‌تی گه‌وره‌ی بكات، جاری وا بوو ده‌مگوت ئه‌مه ئه‌دیبێكی ههژاردۆسته و شه‌ریعه‌تی وه‌ك فه‌یله‌سووف ناساندوویه‌تی، بیرم دێت جارێك سوێندم خوارد كه‌سێك به ناوی شاندلهوه هه‌ر بوونی نییه!
شه‌ریعه‌تی (پرۆفیسۆر شاندل) له ڕیزی (لیۆ ماسینیۆن، فرانتز فانون، ژاك برك، ئه‌لكسیس كارل و ژان كوكتو) داده‌نێت و ناویان لێ ده‌نێت (معبودهای من) (په‌رستراوه‌كانی من).. ئه‌وانه‌ی تا ئه‌وپه‌ڕی ملكه‌چی و واقوڕماوی و تاساوی پێیان سه‌رسامه و لێیان سوودمه‌ند بووه، ئه‌وه‌نی خۆشده‌وێن له خه‌یاڵ به‌ده‌ره.. شاندل بۆ شه‌ریعه‌تی له حافزی شیرازییش مه‌زنتر و ئاشناتره، ئه‌و به هیچ كه‌سێك وه‌كو وی دڵی ناكرێته‌وه و ڕوخساری ناگه‌شێته‌وه!
وه‌ك گوتم ناوی پیاوه گه‌وره‌كانی دنیام پێ له‌به‌ر ناكرێت، به‌ڵام هه‌موو ئه‌و ناوانه‌م له شوێن و ده‌می تره‌وه بیستبوو جگه له شاندل، له كاتێكدا شه‌ریعه‌تی وا ناوی شاندل ده‌بات كه زۆر له‌وانی تر به‌رزتره و فره زیاتر سوودی لێ بینیوه و قسه‌كانیشی به ڕووحی ئاشناترن! له كاتی خوێندنه‌وه‌ی (گفتگوهای تنهایی) و (هبوط در كویر)دا له هه‌موو شت زیاتر (شاندل)م لێ بووبووه مه‌ته‌ڵ و پێم ههڵنهدههێنرا، ڕاستییه‌كه‌ی بڵێم زۆر جاریش زگم پێ ده‌سووتا و به‌زه‌ییم پێدا ده‌هاته‌وه كه بۆچی پیاوێكی وا مه‌زن كه‌س نایناسێت و له شه‌ریعه‌تی زیاتر كه‌س یادێكی ناكات، كه‌میش نه‌بوون ئه‌و جارانه‌ی ته‌ریق ده‌بوومه‌وه و له ناخی خۆمدا ده‌مگوت كێ ناڵێت ئه‌وه منم داماوم و كه‌س ناناسم و ناوی كه‌سم نه‌بیستووه، كێ نایه‌ژێت شاندل ناسراو و ناودارێكی گه‌وره نییه و من غافڵم؟! ئه‌وكاتانه _نازانم بۆ؟ پێده‌چێت ڕووم نه‌هاتبێت له كه‌س بپرسم_ به دوای دۆزینه‌وه‌ی ئه‌م فه‌یله‌سووفه دڵدارهدا نه‌گه‌ڕام و نه‌مدیته‌وه، هه‌ر به مه‌ته‌ڵی لام مایه‌وه، ئه‌وه‌ی ئه‌م بیركردنه‌وه كۆنه‌ی تازهكردمهوه و وای لێ كردم بۆ ناسینی كه‌سێتیی پرۆفیسۆر شاندل بگه‌ڕێم خوێندنه‌وه‌ی (پایان غم انگیز زندگی یونگ)ی شه‌ریعه‌تی بوو، ئه‌م چه‌ند ڕۆژه‌ی ڕابورد جارێكی تر ئه‌و كتێبهیم خوێنده‌وه، ئیتر هه‌وای دۆزینه‌وه‌ی شاندل له‌سه‌ری دام.
شه‌ریعه‌تی له باسی پهرستراوهكانیدا _دوای باسكردنی بڕێكیان_ ئاوا ده‌نووسێت: “و دیگران و دیگران… پروفسور شاندل كه در هیچ قالبی نتوانستم محصورش كنم و به قول جلال آل احمد: «هر جایی جوری بود و همهجا یك جور» و هر لحظه جلوه‌ای دیگر داشت و در همه تجلیهای رنگارنگ و شگفتش یك روح آشكار بود و همواره از بودا تا دكارت در نوسان بود و شرق و غرب را، گـذشته و آینده را و زمین و اسمان را زیر پا میگـذاشت و لحظهای آرام نداشت و در حادثه ی صبح بیستوهشتم فوریه‌ی سال 1967 برای همیشه آرام گرفت”. (علی شریعتی، كویر، معبودهای من). واته: (كه‌سانی تر و ئه‌وانی تر… پرۆفیسۆر شاندلیش كه له هیچ چوارچێوه‌یه‌كدا نه‌متوانی سنوورداری كه‌م و بیگونجێنم، به قه‌ولی جه‌لالی ئال ئه‌حمه‌د “ئه‌و له هه‌ر جێیه‌ك جۆرێك و له گشت جێیه‌ك یه‌ك جۆر بوو” و هه‌ر ساتێك ده‌ركه‌وتنێكی هه‌بوو و له هه‌موو ده‌ركه‌وتنه جۆراوجۆر و ناوازهكانیدا ڕووحێك دیار و به‌رچاو بوو و هه‌میشه و له‌سه‌ریه‌ك له بودا تا دیكارت له جووڵه و هاتوچۆدا بوو، خۆرهه‌ڵات و خۆرئاوا و ڕابوردوو و داهاتوو و زه‌وی و ئاسمانی ده‌خسته ژێر پێوه و ساتێك ئۆقره‌ی نه‌ده‌گرت، له ڕووداوێكدا له بیست و هه‌شتی شوباتی ساڵی 1967دا بۆ هه‌میشه ئارامی گرت).
ده‌بێت ئه‌م (شاندل)ه، ئه‌م پرۆفیسۆره دنیادیته و ئارامبڕاوه كێ بێت كه ئاوه‌ها ڕووحێكی سه‌ركه‌ش و موسافری وه‌ك ڕووحی شه‌ریعه‌تی ده‌سته‌مۆ كردووه؟ ده‌بێت چ كه‌سێك بێت وا به‌م چه‌شنه خه‌یاڵێكی ئاوا كێوی له نێو ده‌ستی خۆیدا ڕام كردووه؟!
ئه‌و له‌باره‌ی ئه‌م شیفتهبوونهیهوه به شاندل ده‌ڵێت: “از میان همهی متفكران و همهی نویسندگان و دانشمندان امروز جهان كسی چون شاندل (shandel) مرا گرفتار عالم خویش نكرده است. روح او در همان فضا سیر می كند كه روح من، اندیشهاش قدرت و ظرافت آمیخته ای را دارد كه من دوست دارم و ارزو می كردم كه كاش می داشتم و قلمش، زبانش و نگاهش همچنان است كه قلم و زبان و نگاه من می كوشد تا آنچنان باشد!
سخنانش كه هر كدام، جز عمق فكری، طعم و بوی خاص و خلق و خوی ویژهای دارد مرا سخت سیراب می كند، او منطق فلسفی یونانی را با احساس شرقی در امیخته است و با علوم و متد علمی امروزین مجهز كرده و از هنر و بویژه شعر بدان پیرایه ها بسته و تزیین كرده و برای خویش یك نگاه ساخته كه با ان می بیند، یك زبان ساخته كه با ان می گوید و یك روح كه با آن زندگی می كند”.
(له نێو هه‌موو بیرمه‌ند و گشت نووسه‌ر و زانایانی ئه‌مڕۆی جیهاندا هیچ كه‌سێك وه‌ك شاندل منی گیرۆده‌ی دنیای خۆی نه‌كردووه، ڕووحی ئه‌و له هه‌مان ئه‌و فه‌زایه‌دا ده‌ڕوات كه ڕووحی من…، بیركردنه‌وه‌ی توانست و زهرفییهتێكی هه‌یه كه من حه‌زده‌كه‌م و ئاره‌زووم ده‌كرد كه خۆزگه من ده‌مبوو و قه‌ڵه‌مه‌كه‌ی، زمانی و ڕوانینی وه‌هایه كه قه‌ڵه‌م و زمان و دیدی من ده‌كۆشێت تا وا بێت!
گوته‌كانی كه هه‌ریه‌كه، جگه له قووڵیی فیكری، تام و بۆنێكی تایبه‌ت و خولق و خوویه‌كی نایابی هه‌یه، ته‌واو من تێراو ده‌كه‌ن، ئه‌و مه‌نتیقی یۆنانی تێكه‌ڵ به هه‌ستی شه‌رقی كردووه و به زانسته‌كان و میتۆده زانستییه‌كانی ئه‌مڕۆ ته‌ییاری كردووه و له هونه‌ر، به تایبه‌ت شیعر زینه‌ت و خشڵی لێ به‌ستووه و ڕازاندوویه‌تیه‌وه و، بۆ خۆی نیگایه‌كی خولقاندووه كه به‌و ده‌بینێت، زمانێكی خولقاندووه كه به‌و ده‌دوێت و ڕووحێكی ئافراندووه كه به‌و ده‌ژێت”!
ئه‌و ده‌رباره‌ی ژیان و كه‌سێتی شاندل ده‌ڵێت: “شاندل له ساڵی 1933 له ئه‌لجه‌زایر هاتووه‌ته دنیاوه. دایكی ڕیشه‌یه‌كی مه‌غوولی هه‌بوو و باوكیشی تێكه‌ڵه‌یه‌كی عه‌ره‌ب و فه‌ره‌نسایی بوو. دایكی تا كۆتایی ته‌مه‌نی ڕووحی لادێیبوون و عه‌شایه‌ریی خۆی پاراستبوو، به‌ڵام باوكی له پیاوانی ئایینیی پرۆتستانتی بوو، په‌روه‌رده‌یه‌كی باڵای ئایینی و زانستی وه‌رگرتبوو، پیاوێكی هۆشمه‌ند، پڕجۆش و بیرمه‌ند و داوێنپاك بوو، كه هه‌موو ژیانی له كێشمه‌كێشی سیاسی و فیكری بۆ ئه‌لجه‌زایر و بیروباوه‌ڕه كۆمه‌ڵایه‌تی و ئایینییه‌كه‌ی خۆیدا به‌خشیبوو..”.
له شوێنێكدا وا باس ده‌كات شاندل به ئه‌سڵ عه‌ره‌ب بووه. هه‌روه‌ك له جێیه‌كی تردا ده‌ڵێت دایكی عه‌ره‌ب بووه! جارێكیش وه‌ك فهرهنساییهكی ڕه‌سه‌ن ده‌یناسێنێت! له جێیه‌كی تریشدا ده‌ڵێت فهرهنساییهكی به ڕه‌گه‌ز توونسی بووه!
هه‌روه‌ك ئاماژه به‌وه ده‌كات كه “شاندل له دایكییه‌وه نه‌رمونیانی و وردبینی و له باوكیشیه‌وه فیكری زانستی و مه‌نتیقی و ڕووحی سیاسی و ئه‌خلاقی به میرات وه‌رگرتبوو و، خۆیشی ئه‌م میراتانه‌ی پهروهراندبوو و گه‌شه‌یه‌كی تری پێ دابوون و شتگه‌لێكی خستبوونه سه‌ر.. ئه‌و نووسه‌رێك بوو _به گوته‌ی موحه‌ممه‌دی قه‌زوینی_ هه‌ركات به‌رهه‌مێكی ده‌خوێنمه‌وه له دڵه‌وه ئاره‌زوو ده‌كه‌م كه بریا نووسه‌ری ئه‌مه من ده‌بووم”!
ئه‌و ناوی چه‌ندین به‌رهه‌م له نووسراوه‌كانی شاندل دێنێت. وه‌ك (سه‌مفۆنیای پێشوازی له ئورلیدا) و (ده‌فته‌ره خۆڵه‌مێشییه‌كان) (les cahiers gris)، و (ده‌فته‌ره سه‌وزه‌كان) (les cahiers verts) و (له پشتی په‌رده‌كانه‌وه) (Derriere les masques)!
ئه‌و ده‌ڵێت: “كتێبی (ده‌فته‌ره خۆڵه‌مێشییه‌كان)، كه سێ به‌رگ بووه، له ڕووداوێكی پڕئازاردا له‌ناوده‌چێت.. ئه‌م كاره‌ساته شاندلی ئه‌وه‌نده ئازار داوه تا سنووری شێتی بردوویه‌تی.. دواتر ده‌ستی داوه‌ته نووسینی (ده‌فته‌ره سه‌وزه‌كان) و پێش ئه‌وه‌ی ته‌واوی كات خۆی ته‌واو بووه! ئه‌مه‌شی به ناته‌واوی ماوه‌ته‌وه و ته‌نیا دوو به‌رگی لێ نووسیوه، به پێی قسه‌یه‌ك ئه‌م كتێبه‌ی كه به سه‌رسووڕهێنه‌رترین و پڕدهردترین و مالیخۆلیاترین نووسینه‌كانی ئه‌و له سه‌رانسه‌ر ته‌مه‌نیدا ده‌ژمێردرێت، بڕیاره دوای مه‌رگی چاپ بكرێت”..
شه‌ریعه‌تی له زۆر شوێندا به قسه‌كانی پرۆفیسۆر شاندل گوته‌كانی خۆی ته‌واو ده‌كات و هه‌ندێ جار وایان لێك ده‌ئاڵێنێت كه نازانیت كامیان قسه‌ی شاندلن و كامه هی خۆی.. له چه‌ندین جێی جیاوازدا، له باسی فیكر، فه‌لسه‌فه، هونه‌ر، عیرفان، ته‌نانه‌ت دهروونزانیشدا هه‌ر پشت به قسه‌كانی ئه‌و ده‌به‌ستێت و وه‌ك دوا بۆچوون ده‌یگوازێته‌وه. ئه‌و له دوا په‌راوێزی (پایان غم انگیز زندگی یونگ)دا ده‌رباره‌ی ئالۆزیی هه‌ندێ له گوته‌كانی نه‌خۆشه‌كه‌ی یۆنگ ده‌نووسێت: “لێره‌دا ئه‌و ئالۆزییه‌ی ده‌یبینیت ته‌نانه‌ت بۆ خودی یۆنگیش ڕوون نییه، به‌ڵام شاندل ڕوونی ده‌كاته‌وه كه یا بۆ یاده‌وه‌ری و به ئه‌گه‌رێكیش بۆ خه‌یاڵكردنی قسه‌كه‌ر ده‌گه‌ڕێته‌وه، یا به هۆی ئه‌و تێكچوون و شێوانهوهیه كه له بیركردنه‌وه و مه‌نتیقی ئه‌ودا ڕوویانداوه…”!
له ژیانی زۆر تایبه‌تی شاندلیش شت باس ده‌كات، له زۆر شوێندا داستانی ئه‌وینداریی ئه‌و ده‌گێڕێته‌وه، به قسه‌ی شه‌ریعه‌تی، پرۆفیسۆر شاندل دڵبه‌ندی خاتوونێك ده‌بێت به ناوی (شاپل)، دۆلا شاپل _یا خاتوو شاپل_ له (شرۆڤه‌ی سه‌مفۆنیی پێشوازی له ئۆرلیدا) ئه‌و كه‌سه‌یه كه تا كۆتایی داستانه‌كه له‌گه‌ڵ شاندلدایه. له ڕاڤه‌ی ئه‌م نووسینه‌شدا باسی ئه‌وه‌ش ده‌كات كه به هۆی لێك زویربوونیانهوه “(شاندل) (شاپل)ی خۆشه‌ویستی به‌جێدێڵێت و دوای بیست ساڵ، ڕۆژنامه و گۆڤاره‌كان هه‌واڵی مه‌رگی له زینداندا بڵاوده‌كه‌نه‌وه، كه پێش مه‌رگیشی وه‌سێتی كردبوو هه‌موو نووسینه چاپنهكراوهكانی له‌گه‌ڵدا بخه‌نه گۆڕه‌وه. به‌ڵام دۆلاشاپل… تا ئێسته‌ش كه‌س له چاره‌نووسی خه‌به‌ردار نه‌بوو و نه‌بوو”! ئه‌ڵبه‌ت ئه‌م ڕیوایه‌ته بۆ مه‌رگی شاندل له‌گه‌ڵ ئه‌و قسه‌یه‌ی كه شه‌ریعه‌تی له (كویر)دا گوتی _كه گوایه شاندل به ڕووداوێك له 1967دا گیان له ده‌ست ده‌دات_ ناگونجێت!
له زۆربه‌ی جێگه‌كاندا قسه‌كانی شاندل زۆر ئاڵۆز و ناڕوونن، له باسی چۆنێتی بارداربوونی (مه‌ریه‌م) و هاتنه دنیای (مه‌سیح)دا شتی یه‌كجار سه‌یر و تێكئاڵاوی لێوه وه‌رده‌گێڕێت، ئه‌و قسانه‌ی كه من له بابه‌تی (دوو مانگ ژیان له‌گه‌ڵ كتێبێكدا)ی نێو (له خه‌ڵوه‌تدا)دا گوتوومه كوفرن و بێڕێزین به خوای گه‌وره!
نازانم ئێوه تا چه‌ند له‌وه ئاگادارن كه شه‌ریعه‌تی سه‌روه‌ختێك له ئه‌ورووپا و ئێرانیش به ناوی خۆزراوی (شمع)ه‌وه له ڕۆژنامه‌كاندا بابه‌تی بڵاوده‌كرده‌وه! وشه‌ی شمع له سێ پیتی سه‌ره‌تای ناوی شه‌ریعه‌تی و ناوه خانهوادهییهكهی (اسم فامیلی) پێكدێت، (علی شریعتی مزینانی)، وه‌ك دیاره له میتۆدی نووسینی ئه‌ورووپییدا وا ده‌نووسرێن: (شریعتی مزینانی, علی)، ئیتر دیاره هه‌ر سێ پیتی سه‌ره‌تای سێ وشه‌كه ده‌كاته (شمع) كه له عه‌ره‌بی و فارسی‌دا یانی (مۆم). ئه‌و خۆی به شێوه‌یه‌كی ڕازئامێز شتێك ده‌دركێنێت، له مه‌جمووعه ئاسار، 33، به‌رگی یه‌ك، لاپه‌ڕه 32 ده‌رباره‌ی په‌یوه‌ندیی به شه‌مع (مۆم)ه‌وه ده‌ڵێت: “میان من و شمع پیوندهای ویژه و پنهانی نیز هست، نخستین شعری كه سرودهام، (شمع) بوده است، منتها «شمع زندان». رابطه ی دیگری نیز میان من و شمع هست كه بسیار شگفت‌انگیز است، بسیار، اما نمی‌توان گفت، شاید در آینده روزی برسد كه بتوان، اما امروز نمی‌توان. گـذشته از آن، شمع یك نوع خود من است، مگر نه مجموعه‌ی حروف اول اسامی من است؟!” (له نێوانی من و شه‌مدا پێوه‌ندیگه‌لێكی تایبه‌ت و شاراوه‌ش هه‌یه، یه‌كه‌مین شیعرێكی هۆنیبێتمهوه، (شمع) بووه، به‌ڵام (شه‌می زیندان). پێوه‌ندییه‌كی تریش له نێوان من و شه‌مدا هه‌یه كه زۆر ناوازه و سه‌رسووڕهێنه، زۆر، وه‌لێ ناتوانم بیڵێم، له‌وانه‌یه له داهاتوودا ڕۆژێك بێت بكرێت و بتوانم، به‌ڵام ئه‌مڕۆ ناتوانم. جگه له‌وه‌ش، شه‌م به جۆرێك هه‌ر خودی خۆمه، مه‌گه‌ر نا كۆی پیته سه‌ره‌تاكانی ناوی منه؟)!
سه‌رباری هه‌موو ئه‌مانه، شه‌ریعه‌تی زۆر جار باس له‌وه ده‌كات خه‌ریكه له تاوی عیشقی عه‌لییدا وه‌ك مۆم بتوێته‌وه، له شوێنێكی (گفتگوهای تنهایی)دا وا باس ده‌كات نه‌خۆشه و خۆیشی نازانێت چی ده‌نووسێت… دوای كه‌مێك ده‌نووسێت: ئه‌وه له بێئاگاییمدا هه‌ر له خۆمه‌وه پێنووسه‌كه‌م ده‌جووڵێنم وشه‌ی درێژ و بێ‌مانا ده‌نووسم، له‌و وشه لهخۆوهنووسراوانهی ئه‌مه‌یه (منمشتعلعشقعلیام). گه‌ر وردبینه‌وه ده‌زانین ئه‌مه ڕسته‌یه‌كی پڕمانای شیعه و شیفتهیهكی عه‌لییه نه‌ك وشه‌یه‌كی بێ‌مانا! به بۆشایی خستنه نێو وشه‌كانه‌وه وای لێ دێت: (من مشتعل عشق علی ام) (من گڕگرتووی عیشقی عه‌لیم)! ئه‌مه‌ش ڕێك به سووتانی مۆم ده‌چێت!
وشه‌ی (شاندل) (shandel)یش هه‌ر وشه فه‌ره‌نسییه‌كه (چاندل) (Candle)ه، كه له زمانی فه‌ره‌نساییدا واته (مۆم)! (شاپل) (chapelle)یش یانی (مصلی، نوێژگه، جێگه‌ی نوێژ)!
ئێرانناسی فه‌ره‌نسایی (یان ڕیشارد) له بابه‌تێكدا به ناونیشانی (شه‌ریعه‌تی و ماسینیۆن) ده‌نووسێت: “زۆر كۆشام و خۆم ماندوو كرد تا ئه‌م نووسه‌ره گومناوه بدۆزمه‌وه كه ئیلهامبه‌خشی ڕووحی شه‌ریعه‌تی بووه و، شه‌ریعه‌تی دوور له جه‌نجاڵی سیاسی خۆی به ده‌روێشی ئه‌و زانیوه، دوای گه‌ڕان و لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی ماندوونه‌ناسانه و پاش بڵاوكردنه‌وه‌ی چه‌ند به‌رهه‌مێك ده‌رباره‌ی شه‌ریعه‌تی، گه‌شتمه ئه‌و ئه‌نجامه‌ی كه پرۆفیسۆر شاندل ته‌نیا له خه‌یاڵی دكتۆر شه‌ریعه‌تی، (واته هه‌مان شه‌معی سووتاو)دا بوونی هه‌بووه…”!
نه‌ك هه‌ر ئه‌مه، (یان ڕیشارد) ده‌ڵێت: “ئه‌گه‌ر مامۆستا و په‌رستراوی شه‌ریعه‌تی شاندل بێت، یانی خوده ئه‌فسانه‌ییه‌كه‌ی خۆی، ئه‌وه له ئه‌نجامدا ده‌توانین بڵێین ئه‌و ماسینیۆنهش كه شه‌ریعه‌تی وه‌ك مه‌عبوودی خۆی وێنای ده‌كات له واقیعدا جگه له وێنه‌ی ده‌ره‌كیی شوناسی میسالیی خۆی كه‌سێكی تر نییه”!
كه‌واته پرۆفیسۆر شاندل كه‌سێك نییه جگه له خودی شه‌ریعه‌تی.. شاندل بوونێكی ده‌ره‌كی نییه و هه‌ر شه‌ریعه‌تی خۆیه‌تی، ئه‌ڵبه‌ت نه‌ك شه‌ریعه‌تیه ئاسایی و ناسراوه‌كه، به‌ڵكو ئه‌و شه‌ریعه‌تییه شاراوه‌یه‌ی به په‌نهانی ڕازه‌كانی ناو ناخی ده‌دركێنێت و بوخچه‌ی دڵی ده‌كاته‌وه، لایه‌نی نه‌ست و نائاگای شه‌ریعه‌تی، كه هه‌رچی به خه‌یاڵدا بێت ده‌یڵێت (شاندل)ه.. به‌مه ده‌توانین بڵێین شه‌ریعه‌تی خۆی به كۆیله‌ی ئه‌و خوده‌ی ده‌زانێت كه بوێرانه ته‌عبیر له بۆچوونه‌كانی ده‌كات و باكی له كه‌س نییه و ڕوونكردنه‌وه‌كانی ئه‌گه‌رچی شێتانه‌ش بن هه‌ر ده‌یاننووسێت!
ئه‌گه‌ر به‌راوردێك له نێوان ئه‌و شاندلهی شه‌ریعه‌تی لێی ده‌دوێت و خودی شه‌ریعه‌تیدا بكه‌ین خاڵی ورد و سه‌یرمان به‌رچاو ده‌كه‌وێت.. شه‌ریعه‌تی له‌دایكبووی ساڵی 1933یه، به قسه‌ی وی شاندلیش هه‌ر له‌و ساڵه‌دا له دایكبووه، باوكی شه‌ریعه‌تی هه‌ڵگری هه‌مان ئه‌و سیفه‌تانه‌یه كه ده‌یداته پاڵ باوكی شاندل و دایكیشی هه‌ر وا، ئه‌مه جگه له ڕه‌چه‌ڵه‌كی مه‌غوولی یا عه‌ره‌بی یا فه‌ره‌نسایی، كه ئه‌مانه هیچ نین جگه له یاریكردنێكی شاعیرانه به خه‌یاڵی خوێنه‌ر، به‌وه‌شدا دیاره كه هه‌رجاره‌ی جۆرێكن، ئه‌م ڕاگۆڕینهی ده‌رباره‌ی ئه‌سڵی شاندل جۆرێك له ڕێنوێنیكردنیشه بۆ من و تۆ تا بزانین ئه‌مانه ڕاستییه‌كیان نییه و زاده‌ی وڕێنه‌یه‌كی شاعیرانه‌ن. ده‌شكرێت كه شاندل ده‌گه‌ڕێنێته‌وه بۆ ڕیشه‌یه‌كی عه‌ره‌بی مه‌به‌ستی له ئینتیمای خۆی بێت بۆ ئیسلام و خاندانی پێغه‌مبه‌ر و عه‌لی، كه ئینتیمایه‌كی سه‌ختی ڕووحی و ویژدانییه. ئه‌و ده‌مانه‌ش باس له فهڕهنساییبوونی شاندل ده‌كات ئه‌وه خۆیه‌تی به زانستی نێو زانستگاكانی ئه‌و وڵاته گۆشكراوه و ڕاهێنراوه، له ڕووی زانستییشه‌وه، به تایبه‌ت له كۆمهڵناسییهكهیدا، به ڕۆڵه‌ی فه‌ره‌نسا حسێب ده‌كرێت!
ئه‌و وه‌سفه‌ی، ئه‌و، بۆ ڕووحی شاندلی به په‌سه‌ند ده‌بینێت پڕاوپڕ بۆ ڕووحی خۆی ده‌گونجێت. ڕووحێكی گه‌شتیار و ئۆقرهههڵگیراو و نهحهساو، هه‌روه‌ك مه‌غۆل كۆچه‌ری و ماڵبهكۆڵ.. كه شه‌رق و غه‌ربی لێك گرێداوه و به هه‌ستێكی ڕاهیبانه‌ی شه‌رقییه‌وه ڕاڤه‌ی فه‌لسه‌فه‌ی غه‌ربی ده‌كات و خاكی زانست و مه‌نتیق به ئاوی هه‌ست و سۆز و شیعر ده‌شێلێت. ئه‌وه‌ی كه شه‌ریعه‌تی ناتوانێت له چوارچێوه‌یه‌كدا سنوورداری كات و بیناسێنێت ڕووحی سه‌ركه‌ش و خه‌یاڵی بڵاوی خۆیه‌تی نه‌ك كه‌سێكی تر. ئه‌و له به‌رانبه‌ر نه‌فسی پڕههڵپه و دڵی پڕ كوڵیدا دۆشداماوه و هیچی لێ حاڵی نابێت!
له هه‌مووی سه‌یرتر جگه له نووسینه‌كانی شه‌ریعه‌تی له هیچ شوێنێكی تردا ڕێت له نووسه‌ر و بیرمه‌ندێك به ناوی شاندل ناكه‌وێت و، له‌مه‌ش سه‌یرتر نووسینه‌كانی شاندل وه‌ك شه‌ریعه‌تی باسیان ده‌كات پڕن له شیعری ڕه‌سه‌نی فارسی و به تایبه‌ت حافز _كه شه‌ریعه‌تی له شوێنێكدا وا باسی ده‌كات خۆی بووه له ڕابوردوودا یا ئه‌م حافزه له ئێسته‌دا_!
ئه‌و كتێبانه‌ی گوایه هی شاندل بوونه هه‌مان كتێبه‌كانی خودی شهریعهتین و هه‌ندێكیشیان ته‌نیا خۆڵ له چاوكردنه و وێڵكردنی خه‌ڵكییه. (ده‌فته‌ره خۆڵه‌مێشییه‌كان) و (ده‌فته‌ره سه‌وزه‌كان) هی خودی شهریعهتین، به پێی هه‌ندێ به‌ڵگه كه له وێب سایتی ڕه‌سمیی دكتۆر شه‌ریعه‌تیدا بڵاوكراونه‌ته‌وه كتێبی (گفتگوهای تنهایی) له بهندگهلێك كاغه‌زی خه‌تدار (كلاسور)ی سهوزڕهنگ و خۆڵه‌مێشی ڕه‌نگدا نووسراوه! ئه‌و له شوێنێكدا ڕوونتر ده‌ڵێت: شاندل كتێبێكی زۆر ئالۆزی به ناوی (گفتگوهای تنهایی)یه‌وه نووسیوه، ئه‌م كتێبه هه‌مان ئه‌و كتێبه دوو بهرگییهیه كه به ناوی (ده‌فته‌ره سه‌وزه‌كان)یش ناوی هێناوه و گوتوویه‌تی گوایه بڕیار بووه دوای مه‌رگی شاندل چاپ بكرێت و هه‌رچی قسه‌ی پڕئازار و سه‌یر و مالیخۆلی هه‌یه تێیدا دركاندوویهتی، ئه‌م ناو و سیفه‌ته ته‌نیا بۆ (گفتگوهای تنهایی) خودی خۆی ده‌شێت و هه‌ر وایش بوو و له دوای مه‌رگی چاپ كرا!
ئه‌و گێڕانه‌وانه‌ش ده‌رباره‌ی مه‌رگی شاندل ده‌یگێڕێته‌وه یا ته‌نیا سه‌رگه‌ردانكردنی خوێنه‌ره و بۆ ئه‌وه‌یه‌تی ڕێ نه‌به‌نه‌وه سه‌ر خۆی، یا پێشبینیكردنیهتی بۆ مه‌رگی خۆی، كه ئه‌گه‌ری هه‌یه بگیرێت و له زینداندا بمرێت یا به ڕووداوێك له‌ناوبچێت.. به داخه‌وه ئه‌گه‌ری دووه‌م ڕاست ده‌رچوو، به‌ڵام نه‌ك له ساڵی 1967، به‌ڵكو له 1977دا ئه‌م ڕووداوه پێشبینیكراوهی ڕوویدا، ئه‌وه بوو له فه‌ره‌نسا به شێوه‌یه‌كی سه‌یر و كوت‌وپڕ گیان ده‌سپێرێت، كه هه‌ندێك گومانیان بۆ ژههرخواردنیشی چووه.
(عه‌لیی ڕه‌هنما) له كتێبی (شریعتی مسلمانی در جستجوی ناكجاآباد)دا ئاماژه به‌م ڕاستییه ده‌دات و ده‌ڵێت: “شه‌ریعه‌تی به ئیلهامی ناوه خوازراوه فارسییه‌كه‌ی خۆی، شه‌مێكی تری خولقاندبوو، ئه‌مجار شه‌مێكی فه‌ره‌نسایی؛ شاندل، …”.
(ئیحسانی شه‌ریعه‌تی)یش _كوڕی دكتۆر عه‌لی شه‌ریعه‌تی_ له وه‌ڵامی پرسیارێكی گۆڤاری (نسیم بیداری)دا ده‌رباره‌ی (شاندل) ده‌ڵێت: “نووسینه (كویرییهكان) نومادین (سیمبۆڵی)ين، هه‌ندێ جار شه‌ریعه‌تی له‌گه‌ڵ شاندلدا جیاوازه و هه‌میشه شاندل خودی شهریعهتییش نییه”! ئه‌م قسه‌یه‌ی ئیحسانی شه‌ریعه‌تی هه‌ر ئه‌و ڕاستییه ده‌سه‌لمێنێت كه شاندل لایه‌نی نائاگا (لا وعي)ی شه‌ریعه‌تییه و هه‌موو جار له‌گه‌ڵ ئاگایی (وعي)ی وی‌دا ته‌با و هاوڕا نین!
هه‌ندێك له دۆستانی شه‌ریعه‌تی تاقه هۆكاری ئه‌م خۆپهنهانكردنهی شه‌ریعه‌تی له پشتی ناوی (شاندل)ه‌وه بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێننه‌وه كه: له‌م وڵاته پاشكهوتووانهی خۆماندا كاتێك قسه‌یه‌ك ده‌درێته پاڵ كه‌سێكی تر و له‌وه‌وه ده‌یگوازیته‌وه كاریگه‌رییه‌كی زیاتری ده‌بێت، شهریعهتییش ته‌نیا له‌به‌ر ئه‌مه ناوی (شاندل)ی، كه پوخت و كورتكراوی ناوی خۆیشێتی، داهێناوه! وه‌ك (ئه‌میری ڕه‌زایی) ده‌ڵێت.
………………
چ سه‌یره ئه‌م ژینه! چ ئازاراوییه هه‌ڵگرتنی باری زانین! چ ئارامبه‌خشه بێئاگایی! بینیوته ئه‌ی دۆست؟! بینیوته ئه‌تۆیش به‌و هه‌موو شكۆ و بوێرییه‌وه نه‌توێراوه هه‌موو قسه‌كانی دڵت بڵێیت، جورئه‌تی ئه‌وه‌ت نه‌بووه ئه‌وه‌ی له ناخت‌دا په‌نگی خواردووه‌ته‌وه بۆ ئێمه‌ی هه‌ڵڕێژیت؟ دیت چۆن مردیت و ئه‌و ڕۆژه نه‌هات كه بتوانیت په‌یوه‌ندییه ناوازه‌كه‌ی خۆت و شه‌م ئاشكرا كه‌یت؟! من دڵنیام ئافراندنی ناوی شاندل ئه‌گه‌ر یه‌ك هۆكاری هه‌بووبێت ته‌نیا ئه‌وه بووه ئه‌و قسانه‌ی ناوێریت به ناوی خۆته‌وه بیاندركێنێت، له ئه‌ستۆی ئه‌ویان بخه‌یت.. باش ده‌زانم چۆن له ترسی (ساواك)دا بابه‌ته سیاسییه‌كانت به ناوی (شمع)ه‌وه بڵاوده‌كرده‌وه، هه‌ر به‌و چه‌شنه‌ش له ترسی ڕای گشتی و باوی چه‌سپاوی نێو خه‌ڵكیدا و بۆ خۆپاراستن له ناوزڕان و به‌دناوبوون جارێكی تر په‌نات بۆ شه‌مع برده‌وه، به‌ڵام به مۆدێلی فه‌ره‌نسایی!
ئومێد ئه‌كه‌م ئه‌ی دۆست! ئێستا ڕووحت ئارام بێت و خوایش به میهره‌بانیی خۆی له‌و گوته مالیخۆلیایانهت، كه به وڕێنه‌ی تادار ده‌چن تا قسه‌ی كه‌سی ساغ، چاوپۆشی كردبێت و خۆش بووبێت… هیوام وایه چیتر ترسی كه‌ست له‌سه‌ر نه‌بێت و چاوت به چاوی زهبانییهكانی دۆزه‌خ نه‌كه‌وتبێت!
سه‌رچاوه‌كانی ئه‌م بابه‌ته:
1. پایان غم انگیز زندگی یونگ، علی شریعتی.
2. گفتگوهای تنهایی، علی شریعتی.
3. هبوط در كویر، علی شریعتی.
4. ڕاپۆرته هه‌واڵێكی ماڵپه‌ری (خبرگزاری دانشجویان ایران _ ایسنا) به ناونیشانی: (علی شریعتی «پروفسور شاندل» است).
5. بابه‌تێكی (الهه ازادبخت) كه له وێبسایتی ڕه‌سمی دكتۆر شه‌ریعه‌تیدا به ناونیشانی (شاندل كیست؟) بڵاوكراوه‌ته‌وه.