له ژوره‌كه‌ی خۆمه‌وه تا دڵی تۆ …. نه‌به‌ز گۆران
نیشتیمان هی ئه‌وانه‌یه
شوێنیان هه‌یه
ئه‌وانه‌ش بۆی ئه‌مرن
بێ شوێنن.!!
هه‌موو شه‌وێك
ته‌نیایی له‌چاوه‌كانمدا ئه‌نوێت
به‌یانیان پێش خۆم
به خه‌به‌ردێت.
شه‌وان دره‌نگ ئه‌خه‌وم/ رۆژانیش دره‌نگ هه‌ڵه‌سم/ له‌هه‌موو حاڵه‌تێكدا، ئه‌مه‌وێت كارێك بكه‌م، ژیان زووتر ته‌واوبێت/ زۆر خۆشحاڵم دوای خۆم هیچم نیه جێی بهێڵم جگه له چه‌ن دێرێكی شێواو/ ئه‌وانه‌ی ئه‌مناسن تێده‌گه‌ن، ئه‌وانه‌ش نامناسن حه‌زناكه‌م قه‌د تێبگه‌ن/ ئه‌ترسم بمرم و دڵی هه‌موو ئه‌و ژنانه بشكێت له‌دوره‌وه خۆشیان ئه‌وێم/ من خه‌می ئه‌وانه‌مه ژیانیان نه‌دیوه‌و، له‌مردن ئه‌ترسن/ نوسینه‌وه‌ی مه‌رگ خۆشتره له نوسینه‌وه‌ی ژیان/ مه‌رگ ئازارێكه یه‌كجار ده‌رده‌كه‌وێت، كه‌چی ژیان ئازارێكه هه‌موو به‌یانیه‌ك ئه‌دا له ده‌رگاكه‌ت/ ژیان ئه‌گه‌ر په‌رده‌یه‌ك بوایه به‌ده‌ستی خۆم لام ئه‌دا بۆئه‌وه‌ی ئیتر كه‌س توش نه‌بێت.
ژیان
سێ وه‌رزه
ته‌نها وه‌رزی منداڵی خۆشه.
مه‌رگ، داخستنی دوكانی ژیانه.
خۆشبه‌ختی، دۆزینه‌وه‌ی دڵی ژنێكه له‌ناو سه‌به‌ته‌یه‌ك سێودا.
ژن ئه‌گه‌ر كانی بوایه
هه‌ردوو قاچم تێ ئه‌خست
تا پیاوه‌تیم فێنك بێته‌وه.
ژن چیرۆكێكه
به‌قه‌ڵه‌می پیاو ئه‌نوسرێته‌وه.
من واخۆم راهێناوه هه‌میشه قسه‌له‌گه‌ڵ خۆمابكه‌م. بۆئه‌وه‌ی گوێم له ئێوه بێت/ ئه‌م خه‌ڵكه ده‌ست له‌ژیانی ئه‌م و ئه‌و هه‌ڵناگرن، ئێ ئاوایه تا خۆیان وننه‌كه‌ن ئه‌بێ شتێك بڵێن/ من مر‌ۆڤم خۆشده‌وێت، بۆیه تائێستا ماوم/ مرۆڤ ڕه‌شه‌بایه‌كه ڕویكرده هه‌رلایه‌ك تێكی ئه‌دا/ مرۆڤ نه‌بوایه زه‌وی جوانتر ئه‌بوو/ مرۆڤ شیعرێكی ته‌واو نه‌كراوه/ من ئه‌و مرۆڤانه‌م خۆشده‌وێن به‌ئه‌ده‌به‌وه ئه‌مرن، به‌ئه‌ده‌به‌وه ئه‌گرین، به‌ئه‌ده‌به‌وه ئه‌ژین/ من مر‌ۆڤم خۆشده‌وێت بۆیه تا ئێستا مر‌ۆڤم/ به‌ڵام زۆرن ئه‌وانه‌ی لێم تێناگه‌ن، كه‌من ئه‌وانه‌ی لێم تێده‌گه‌ن.
هه‌موو جارێ
له‌تاقیكردوه‌ی خۆشه‌ویستیدا
ده‌رناچم ، بۆیه به‌ته‌نیا ماومه‌ته‌وه.
مه‌یه بۆلای من
ژوره‌كه‌م ئه‌وه‌نده بچوكه
رێی خه‌ونه‌كانمی تیانابێته‌وه
چ جای تۆ.
په‌رده‌كه‌م داداوه‌ته‌وه
چه‌نجه‌ره‌كه‌شم داخراوه
ته‌نها ده‌رگای خه‌وه‌نه‌كانم كراوه‌ن.
په‌نجه‌ره ناوی دووهه‌می چاوه‌ڕوانیه.
هه‌رچی ده‌رگاهه‌یه دابخرێت
به‌قه‌ت داخستنی ده‌رگای دڵێك سه‌خت نیه.
ئه‌گه‌ر سه‌یری تاڵه سپیه‌كانی سه‌رم بكه‌یت ئه‌زانی چه‌نجار دڵم شكاوه/ وه‌ك سوارێك كه‌وتمه خواره‌وه بۆناو ژیان/ كه‌وتنه ناو ژیان عه‌یبتره له‌سورابوونی مه‌رگ/ ئه‌وه‌ی دڵم خۆشده‌كات ئه‌وه‌یه ئه‌توانم به‌پاره‌یه‌كی كه‌م پاكه‌تێك هاورێ بكڕم/ جگه‌ره هاورێكه به بێده‌نگی ئه‌و كوژێت/ من له زمان بێزارم ، نه‌ك له بێده‌نگی، چاوێك كه‌سه‌یرت ئه‌كات به‌قه‌ت سه‌د قسه جوانتره/ مرۆڤ ئه‌گه‌ر زمانی نه‌بوایه حه‌یوانێكی نه‌جیب ئه‌بوو.
هه‌تا بێت ژوره‌كه‌ی من بچوكتر ئه‌بێته‌وه
ڕه‌نگه به‌شی من هه‌ر ئه‌وه‌بێت
له ژورێكی بچوكدا بۆدڵێكی گه‌وره بگه‌ڕێم.
هه‌فته‌یه‌كه كتێبێكم نه‌خوێندوه‌ته‌وه
هه‌ر خه‌ریكی خوێندنه‌وه‌ی
دڵی تۆم.
ئه‌وه‌نده‌ی شه‌ڕم بۆ خه‌ڵكیكرد شه‌ڕم، بۆ خۆم بكردایه، ئێستا له‌پێشی پێشه‌وه‌ی ژیان ئه‌بووم/ ئه‌وه‌نده تكام بۆسه‌لامه‌تی ئه‌وانكرد، دوعام بۆخۆم بكردایه ئێستا بووبووم به وه‌لی/ كه هه‌قی ئیشه‌كه‌م وه‌رئه‌گرم، ده جار ئه‌یژمێرم ئه‌ڵێم نه‌كا به‌شی چوار رۆژم بكات/ ئه‌و رۆژانه‌ی پاره‌م پێنیه خۆشترن له‌و رۆژانه‌ی پاره‌م پێیه/ مرۆڤ به‌بێ پاره سروشتی تره/ پاره رۆحی له‌مرۆڤدا كوشت./ حه‌زم له‌ئامۆژگاری نیه، مرۆڤ ئه‌بێت كه‌مێك یاخی بێت/ رقم له‌په‌نده كۆنه‌كانه/ بۆیه لای من سوار بوون خۆشه‌و، دابه‌زینش هه‌ر خۆشه/ كڵاوم له‌سه‌ردانیه تا ده‌ستی پێوه بگرم/ سه‌ری خۆم باش ئه‌شۆم ئیتر بۆچی بیخورێنم/ هه‌موومان ئه‌زانین سه‌ری گا هه‌ر زله/ ڕێوی ئه‌چێت به كونه‌كه‌ی خۆیدا یا ئه‌چێت بۆماڵه دراوسێكه‌یان، ئه‌وه كه‌ی موشكیله‌ی منه./ به‌رد له‌هه‌رشوێنێ بێ هه‌ر قورسه/ هه‌موو چێشتێ بێ خوێ خۆش نیه، خوێی زۆریش بۆ زه‌خت خراپه/ نان بۆ خواردنه‌و، گۆشتیش بۆ برژاندن/ زمانت بگره، قسه‌و بۆناكرێت.
بۆئه‌وه‌ی له‌باره‌ی خۆمه‌وه بدوێم
ده‌بێت ئیجازه له‌ته‌نیایی بخوازم.
ژوره‌كه‌ی من
هیچی تیانیه
جگه له پیاوێكی دڵ شكاو.
سلێمانی/ كۆتایی ته‌مه‌نی /2012