Skip to Content

Thursday, April 18th, 2024
له‌ کوردستانی سه‌ختدا، گه‌ریلاکان له‌ یه‌که‌ی تۆکمه‌ و توندتۆڵ پێکهاتوون.

له‌ کوردستانی سه‌ختدا، گه‌ریلاکان له‌ یه‌که‌ی تۆکمه‌ و توندتۆڵ پێکهاتوون.

Closed
by March 20, 2008 گشتی

خوێنه‌ری به‌ڕێز ئه‌م ڕیپۆرتاژه‌ له‌ ڕۆژنامه‌ی به‌ناوبانگی واشنگتۆن پۆست بڵاو کراوه‌ته‌وه‌. ڕۆژنامه‌نووسه‌کانی واشنگتۆن پۆست تاکه‌ ڕۆژنامه‌نووس بوون که‌ له‌ کاتی ‌‌هێرشه‌ داگیرکارییه‌که‌ی ده‌وڵه‌تی ڕه‌گه‌زپه‌رستی تورک له‌ ناوچه‌ی ژێر ده‌سه‌ڵاتی گه‌ریلاکانی  کوردستاندا بوون. ئه‌م وتاره‌ که‌ له‌گه‌ڵ چه‌ند وێنه‌یه‌کی گه‌ریلا له‌ ڕۆژنامه‌که‌ بڵاو کراوه‌ته‌وه‌ بوو به‌ مایه‌ی بێزاری داموده‌زگای تۆرانییه‌کان. ڕۆژنامه‌ی حوڕیه‌تی تورکی نامه‌یه‌کی بێزاری نووسیوه‌ بۆ واشنگتۆن پۆست ده‌رباره‌ی ئه‌م ڕیپۆرتاژه‌. هه‌ڵبه‌ت تورکه‌کان ده‌یانه‌وێت هه‌موو ڕاگه‌یاندنه‌کانی جیهان به‌و شیوه‌یه‌ی ئه‌وان لێیان خۆش دێت باسی کورد و په‌که‌که‌ بکرێ. فه‌رموو ئه‌مه‌ش لینکی وێنه‌کانه‌ له‌ ڕۆژنامه‌که‌وه‌.

http://www.washingtonpost.com/wpdyn/content/gallery/2008/03/07/GA2008030703660.html

ئاماده‌کردنی: وریا مامڵێسی 
جۆشوا پارتلۆ          
واشنگتۆن پۆست
یه‌کشه‌مه‌ 8 ی مارس 2008

 کۆمه‌ڵگه‌ی سه‌ربازانی کورد

له‌ کوردستانی سه‌ختدا، گه‌ریلاکان له‌ یه‌که‌ی تۆکمه‌ و توندتۆڵ پێکهاتوون.
  
دوای کشانه‌وه‌ی هێزه‌کانی سوپای تورک له‌ عێراق، چل گه‌ریلا کۆببوونه‌وه‌ بۆ ناشتنی ته‌رمی پێنج له‌ هه‌ڤاله‌کانیان. ته‌رمه‌کان له‌ پلاستیکی ڕه‌ش پێچرابوون و له‌ سه‌ر په‌لی چه‌ند دارێک درێژکرابوون و به‌ ئاڵای پارتی کرێکارانی کوردستان داپۆشرابوون. گه‌ریلاکان به‌ بێده‌نگی له‌ پێنج شوێندا‌ به‌ردیان کۆکرده‌وه‌ و  هه‌ڵیانچنیبوو وه‌ک په‌یکه‌رێکی یاده‌وه‌ری ته‌رمی گه‌ریلاکانیان له‌ سه‌ر دانا بوو. گه‌ریلاکان به‌ دوو ڕیز وه‌ستابوون چه‌که‌کانیان ئاڕاسته‌ی چیاکانی ده‌وروبه‌ریان کردبوو و چاوه‌ڕێی وته‌ی سه‌رکرده‌که‌یان ده‌کرد.
باهۆز ئه‌رداڵ که‌ ته‌مه‌نی 39 ساڵه‌ و سه‌رکرده‌ی سوپای گه‌ریلاکانه‌ له‌ وته‌که‌یدا گوتی "سوپای تورک نه‌یتوانی هیچ ناوچه‌یه‌ک یا بنکه‌یه‌کمان بگرێت ته‌نانه‌ت نه‌یتوانی یه‌ک پارچه‌ چه‌ک یاخود نایلۆنێکی خۆلیشی ده‌ست که‌وێت". ئه‌رده‌ڵ له‌ به‌رده‌وامی قسه‌کانیدا ده‌ڵێ " سوپای تورک هیچ مۆڵه‌تێکی پشوو دانی نه‌بوو. له‌ کاتێکدا هێرشیان ده‌کرد‌ لێمان دان و زیانمان پێگه‌یاندن، کاتیک خێوه‌تگه‌یان دا‌نا لێمان ‌دان و زیانمان پێگه‌یاندن، هه‌تا له‌ کاتی کشانه‌وه‌شیان لێمان دان و زیانمان پێ گه‌یاندن.
‌ به‌ پێی دوانه‌کانی ده‌وڵه‌تی تورک ئاکامی شه‌ڕی ئه‌و ‌هه‌شت ڕۆژه‌ی که‌ به‌ درێژایی سنوری باکوری عێراق ڕوویاندا، به‌ شێوه‌یه‌کی نه‌خشه‌کێشراو به‌ سه‌رکه‌وتوویی، که‌ دوژمنی په‌که‌وته‌ کرد و به‌ هه‌زاران ئه‌شکه‌وت و شوینی حه‌شارگه‌یان تیکدا، کۆتایی هات. به‌ڵام له‌ ڕاستیدا ئاکامی شه‌ڕه‌که‌ له‌و شوێنه‌دا کۆتایی هات که‌ ده‌ستی پێکرد، ئه‌و شوێنه‌ی که‌ به‌ سه‌دان کیلۆمه‌تری شاخاوییه‌ و له‌ ژێر کۆنترۆڵی گه‌ریلا سه‌رسه‌خته‌کاندایه‌.
ئه‌رداڵ به‌ گه‌ریلاکانی گووت " له‌ شه‌ڕی ده‌ ڕۆژه‌ی زابدا گه‌ریلاکانمان قاره‌مانیه‌تییه‌کی دیرۆکییان نواند. له‌م به‌رخودانه‌دا ئێوه‌ جارێکی دی ڕوحی به‌رخودانی په‌که‌که‌تان هێنایه‌وه‌ مه‌یدان"
ڕۆژنامه‌نووسه‌کانی واشنگتۆن پۆست له‌ کاتی جه‌نگه‌که‌ و دوای جه‌نگه‌که‌ پێنج ڕۆژیان له‌ ناوچه‌ی ژێرده‌سه‌ڵاتی گه‌ریلاکان به‌سه‌ر برد. ئه‌وان تاکه‌ ڕۆژنامه‌نووس بوون که‌ له‌و‌ ماوه‌یه‌ی جه‌نگه‌که‌‌دا هاوڕیێیه‌تیی گه‌ریلاکانییان کرد. ڕۆژنامه‌نووسه‌کان تێبینی ئه‌وه‌یان کرد که‌ گه‌ریلاکان کۆمه‌لگه‌یه‌کی خۆته‌یار کردووی سه‌ربه‌خۆن، نمایش و ڕێساگه‌لی تایبه‌ت به‌ خۆیان هه‌یه‌ که‌ هاوشیوه‌ی له‌ به‌شه‌کانی تری عێراقدا نیه‌. به‌ هه‌ر حاڵ چوونه‌ نیو خه‌ڵک و جێگاکانی که‌ گه‌ریلاکان ده‌ستنیشانیان کرد بوو بۆ نیشاندان سنوور دار بوو . هه‌روه‌ها ئاگاداربوونی ورده‌کاریه‌کانی شه‌ڕه‌که‌ کارێکی زه‌حمه‌ت بوو له‌به‌ر دوری ناوچه‌کان له‌ یه‌کتری.
گه‌ریلاکان له‌ نێو  ئه‌‌م چیا به‌ به‌فر داپۆشراوانه‌دا بوون به‌ ڕه‌به‌نێکی کۆڵنه‌ده‌ری دوور له‌ هه‌موو خۆشییه‌کی ژیان. هه‌رچه‌ند گه‌ریلاکان بنکه‌کانیان له‌ باکوری عێراقه‌ به‌ڵام ڕ‌وویان له‌ شوێنێکی تره‌. سه‌عاته‌کانیان به‌ کاتی تورکیایه‌ که‌ سه‌عاتیک پاش کاتی عێراقه‌. گه‌ریلاکان بنکه‌کانیان له‌ ناوجه‌رگه‌ی ئیسلامی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدایه‌ به‌ڵام هیچ ئاره‌زوویه‌کیان ‌ بۆ دین و ئه‌و فه‌رهه‌نگه‌ی له‌ تورکیا، سوریا، ئیران و عیراق به‌ جێیان هێشتووه نیه‌‌. گه‌ریلاکان خه‌باتی خۆیان وه‌ک شۆڕشی ئه‌مه‌ریکا دژی کۆڵۆنیالی به‌ریتانیا یاخود به‌و گه‌ریلایانه‌ی که‌ به‌ سه‌رکردایه‌تی کاسترۆ له‌ چیاکانی سیارا مه‌یسترا ده‌خه‌بتین به‌راورد ده‌کرد.
عوسمان دلبرینی ته‌مه‌ن 32 ساڵ که‌ بۆ ماوه‌ی هه‌شت ساڵه‌ گه‌ریلایه‌ به‌م شیوه‌یه‌ بۆمان ده‌دوێ "خه‌باتی ئێمه‌ بۆ ئازادی و دیمۆکراسییه‌، ئێمه‌ خه‌بات ده‌که‌ین بۆ ئاشتی و مافی هه‌موو کوردێک له‌ هه‌ر وڵاتێک بێ".
گه‌ریلاکان تاکتیکی سه‌خت به‌کارده‌هینن، دزه‌ ده‌که‌نه‌ ناو خاکی تورکیاوه‌و په‌لاماری سوپای تورک ده‌ده‌ن و پاشان ده‌کشێنه‌وه‌ بنکه‌کانیان. گه‌ریلاکان که‌متر له‌ حاڵه‌تی به‌رگریدان بۆ پاراستنی ناوچه‌کانیان له‌ هێرشی سوپای تورک.
به‌ گوێره‌ی ڕاپۆرتی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریکا ئه‌و 4000 – 5000 گه‌ریلایه‌ی په‌که‌که‌ هه‌ڕه‌شه‌یه‌کی ئه‌وتۆ نین له‌ چاو جاراندا. به‌ڵام په‌که‌که‌ سوود له‌ بوژاندنه‌وه‌ی هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تیی 25 ملیۆن کوردی په‌رشوبڵاوی ناوچه‌که ده‌بینێت.
سه‌رکرده‌کانی په‌که‌که‌ ده‌ڵێن ئه‌وان ئێستا خه‌بات ناکه‌ن بۆ کوردستانێکی سه‌ربه‌خۆ، ته‌نانه‌ت خه‌بات ناکه‌ن بۆ ئه‌و شێوه‌ فیدراڵییه‌ی که‌ له‌ هه‌رێمی کوردستانی عێراقدا هه‌یه‌. ئه‌وان ده‌یانه‌وێت زمانی کوردی له‌ قوتابخانه‌ به‌کاربهێنرێت، دانبنرێت به‌ ناسنامه‌ی کوردی، یه‌کسانی بۆ ژنان بێته‌ دی، نه‌هێشتنی زوڵمی هێزه‌کانی ئاسایش له‌سه‌ر گه‌لی کورد، مرۆڤی کورد ڕیزی لێبگیریت و ڕۆلی سیاسی هه‌بێت له‌ هه‌ر شوێنێک که‌ لێی ده‌ژیت.
بێریڤان که‌ کچه‌ گه‌ریلایه‌کی ته‌مه‌ن 27 ساڵه‌ ده‌ڵێت " له‌ نێو کۆمه‌ڵگه‌ و شاره‌کاندا هه‌ستم ده‌کرد که‌ خه‌ریکه‌ ده‌خنکیم، به‌ڵام له‌ چیاکاندا هه‌ست به‌ ئازادی ده‌که‌م"
گه‌ریلاکان مووچه‌ وه‌رناگرن، خۆیان جلوبه‌رگی هاوشێوه‌زه‌یتونی بۆ خۆیان ده‌دوورن، برینداره‌کانی خۆیان ده‌رمان ده‌که‌ن، گه‌ریلاکان ماڵیان نیه‌، هه‌میشه‌ له‌ جوڵه‌دان له‌ نێو جۆگه‌ و چه‌مه‌ قه‌زاوییه‌کاندا، تاشه‌به‌رد و ڕیگه‌ ئاسته‌نگه‌کاندا. گوند و ئاوه‌دانییه‌کانی ناوچه‌که‌ وێران و چۆڵکراون. گه‌ریلاکان له‌ ئه‌شکه‌وتدا یا له‌ ژێر ئاسماندا له‌ نێو کیسه‌خه‌وه‌کانیاندا ده‌خه‌ون. ئاوی کانیاوه‌کان ده‌خۆنه‌وه‌ و ئه‌و خوارده‌مه‌نییه‌ی له‌ سروشت یا له‌ ڕێگای قاچاخه‌وه‌ ده‌ستیان ده‌که‌وێ ده‌یخۆن. گه‌ریلایه‌ک وتیی" ژیانمان زۆر جیاوازه‌ له‌ ژیانی ئێوه‌"
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا که‌ په‌که‌که‌ خۆشحاڵه‌ به‌ چوونی مێوانان بۆ لایان، به‌ڵام حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان له‌ باکوری عێراق ڕیگه‌ ده‌گرێت له‌و خه‌ڵکانه‌ی به‌ تایبه‌تی ڕۆژنامه‌نووسان که‌ ده‌یانه‌وێت بچنه‌ ناوچه‌کانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی گه‌ریلا.
پاش وه‌رگرتنی بانگهێشتننامه‌یه‌ک بۆ چوونه‌ ناوچه‌که‌، ڕۆژنامه‌نووسه‌کانی واشنگتۆن پۆست بۆ ماوه‌ی هه‌شت سه‌عات به‌ ڕێگه‌یه‌کی به‌رده‌ڵان که‌ شوانه‌کان به‌کاریده‌هێنن به‌ره‌و لوتکه‌ی چیاکان به‌ڕیکه‌وتن. له‌ لوتکه‌ی چیاکانه‌وه‌ ئه‌و شارانه‌یان ده‌بینی که‌ که‌تبوونه‌ دامێنی خواره‌وه‌. پاشان به‌ره‌و لێژاییه‌ک خوار بوونه‌وه‌ و ڕینیشانده‌ره‌که‌یان گوتی که‌ قه‌دپاڵی چیاکان هه‌مووی مینڕێژکراوه‌. له‌ کاتی ڕۆیشتنماندا ده‌بوایه‌ به‌سه‌ر پردێکی ئاسنین، که‌ به‌ بۆمبی تورکیا تێک درابوو، پێچاوپێج بپه‌ڕینه‌وه‌. له‌ کاتێکدا فڕۆکه‌ تورکییه‌کان به‌سه‌رمانه‌وه‌ ده‌بوون ده‌بوایه‌ له‌ پاڵ تاشه‌ به‌رده‌کان خۆمان مه‌ڵاس بده‌ین. ده‌ستڕێژی تفه‌نگ و ته‌قینه‌وه‌ی تۆپه‌ دوره‌کان له‌ نێو چیاکاندا ده‌نگی ده‌دایه‌وه‌. له‌ نێو تاریکییدا یه‌که‌م گه‌ریلا که‌ جلکی گه‌ریللایی له‌به‌ردا بوو و کڵاشینکۆفی به‌ شانه‌وه‌ بوو له‌ پشت دارێکی نێو چه‌مێکی به‌رده‌ڵانییه‌وه‌ هاته‌ ده‌ره‌وه، پاش که‌مێک چه‌ند گه‌ریلایه‌کی تریش ده‌رکه‌وتن. یه‌کێک له‌ گه‌ریلاکان ده‌ستی به‌رز کرده‌وه‌ و به‌ ئینگلیزی گوتی " به‌خێر بێن بۆ نێو چیاکانمان"

"باشترین هه‌ڤاڵم بوو"

هێرشی ده‌وڵه‌تی تورک که‌ ناوی ڕۆژیان لێ نابوو له‌ 21ی فابریوه‌ریدا به‌ هێرشی ئاسمانی ده‌ستی پێکرد پاشان به‌ پاڵپشتی دوو هه‌زار سه‌رباز که‌ به‌‌ چه‌ند شه‌پۆلێکی جیاواز به‌ درێژایی 200 میلی نێوان سنووری عێراق و تورکیا په‌ڕینه‌وه‌ دیوی عێراق. دۆلی زاب یه‌که‌م ئامانجی ‌هێرشه‌ زه‌مینییه‌که‌ بوو. زاب ناوچه‌یه‌کی سه‌خت و دژواره‌ که‌ ده‌که‌وێته‌ به‌شی ڕۆژئاوای ناوچه‌ی ژێر ده‌سه‌ڵاتی گه‌ریلاکان. له‌ زابدا گه‌ریلاکان باره‌گاو که‌مپی مه‌شقی سه‌ربازییان هه‌یه‌، په‌ناگه‌ی ژێرزه‌مینی و گۆڕستانی گه‌ریلاکانی تێدایه‌. گه‌ریلاکان به‌ چه‌کی دژه‌ئاسمانی وه‌ک دۆشکه‌ و ڕه‌شاش له‌ لوتکه‌ی چیاکانه‌وه‌ به‌رگری له‌ ناوچه‌که‌ ده‌که‌ن.
ئه‌رداڵی سه‌رکرده‌ی گشتی گه‌ریلاکان که‌ له‌ سوریا وازی له‌ خوێندنی پزیشکی هێناو ماوه‌ی بیست ساڵه‌ له‌ نێو ڕیزه‌کانی په‌که‌که‌یه‌ و له‌و کاته‌وه‌ سه‌رقاڵی خه‌باته‌ دژی تورکیا وتی "سوپای تورک به‌ ڕێکه‌وت و کوێرانه‌ نه‌بوو که‌ هێرشیان کرده‌ سه‌ر ئه‌م ناوچه‌یه‌. ئه‌و له‌شکره‌ی که‌ هێرشی کرد به‌س بوو بۆ ئه‌وه‌ی ناوچه‌یه‌کی وه‌ک زاب داگیر بکات، به‌ڵام سوپایه‌کی وه‌ها به‌ ژماره‌ زۆر زه‌حمه‌ته‌ ڕیک بخه‌یت و جووڵه‌شی خاو ده‌بێ".
له‌ کۆتاییدا ئه‌رداڵ گوتی " گه‌ریلاکان سوپای تورکیان له‌ چیاکانه‌وه‌ ڕاماڵی و پتر له‌ 120 سه‌ربازیان کوشت" . به‌ڵام تورکیا ده‌ڵێ ته‌نها 24 سه‌ربازی کوژراوه. قسه‌ له‌مه‌ڕ زیانه‌کانی گه‌ریلا پتر دژ یه‌که‌، ئه‌رداڵ و گه‌ریلاکانی تر سورن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی که‌ ته‌نها 10 گه‌ریلایان گیانی له‌ ده‌ست داوه‌ له‌ کاتێکدا ده‌وڵه‌تی تورک ده‌ڵێت که‌ پتر له‌ 230 گه‌ریلای کوشتووه‌.
یه‌کێک له‌و ته‌رمانه‌ی له‌ ڕۆژی ناشتنه‌که‌ی زابدا له‌ سه‌ر داره‌کان درێژ کرابوو ته‌رمی گه‌ریلایه‌ک بوو به‌ ناوی ئه‌یهان ئه‌روح. گه‌ریلا کوژراوه‌کان له‌ کاتی ئاماده‌کاریی ناشتنیاندا  ناویان له‌سه‌ر کاغه‌زێکی سپی ده‌نووسرێت و به‌ سنگیانه‌وه‌ ده‌لکێنرێ.
ڕۆشها‌ت سه‌رحه‌د که‌ گه‌ریلایه‌کی ته‌مه‌ن 30 ساڵه‌ و له‌ ئه‌سته‌نبوڵ ڕۆژنامه‌نووس بووه‌، حه‌زی به‌ بینینی ئه‌و ئاماده‌کارییانه‌ نه‌ده‌کرد، دوور له‌ گه‌ریلاکان له‌ ناو ژوورێکی چۆڵکراوی به‌ به‌رد دروست کراو له‌ سه‌ر گردۆڵکه‌یه‌ک به‌ ته‌نها مایه‌وه‌. ژووره‌که،‌ جگه‌ له‌ ده‌نگی خشه‌ خشی ڕادیۆکه‌ی و ویزه‌ ویزی فڕۆکه‌ سیخوڕییه‌کان، بێده‌نگ بوو.
سه‌رحه‌د وتی "ئه‌یهان باشترین هه‌ڤاڵم بوو، هه‌ر له‌یه‌که‌م ڕۆژی شه‌ڕه‌که‌دا گیانی له‌ ده‌ست دا".

"چیاکان فێرکارمانن"

سه‌دان گه‌ریلا، له‌ ماوه‌ی شه‌ڕه‌که‌دا هه‌مان تاکتیکی ئه‌زمووی‌ چه‌ندین ساڵه‌ی‌ پشت پێبه‌ستراویان به‌کار ده‌هێنا. تاکتیکه‌که‌ش بریتییه‌ له‌ شوێنگۆڕکێی خیرا، لێدان و پاشه‌كشه‌، هه‌راسان کردن و لێدانی دوژمن. گه‌ریلاکان چه‌کی وه‌ک کڵاشینکۆف و ئاربیجی و نارنجۆکیان پێیه‌.
ئه‌رداڵ ده‌ڵێ " هه‌ندێک جار ته‌نها به‌ پێنج گه‌ریلا هێرش ده‌که‌ین، جارجاریش 50- 60 گه‌ریلا به‌شدار ده‌بن له‌ هێرشه‌کاندا. بۆ نموونه‌ له‌ شه‌ودا پێنج گه‌ریلا هێرش ده‌که‌نه‌ سه‌ر سوپایه‌کی گه‌وره‌، لێیان ده‌دن و پاشان ناوچه‌که‌ جێده‌هێڵن، ئه‌و سه‌ربازانه‌ تا به‌یانی خه‌ویان لێ ناکه‌وێ. به‌ڵام له‌ کاتێکدا بمانه‌وێ به‌رگری له‌ چیایه‌ک بکه‌ین ئه‌وا 50 – 60 گه‌ریلا به‌شدار ده‌بن.
دوای چاوپێکه‌وتنه‌که‌ی سه‌رۆک بۆش و ئه‌ردوگان له‌ نۆڤه‌مبه‌ردا بۆ باس کردنی کێشه‌ی په‌که‌که‌، گه‌ریلاکان به‌ په‌له‌ ده‌ستیان کرد به‌ ئاماده‌کاری بۆ شه‌ڕ. له‌ ناو ئه‌شکه‌وت و شوێنه‌ سه‌خته‌کاندا ده‌ستیان کرد به‌ کۆکردنه‌وه‌ی چه‌ک و ته‌قه‌مه‌نی، خوارردن و خواردنه‌وه بۆ کاتی پێویست. زۆپای ئاسنینیان له‌ ژووره‌کانی نێو ئه‌شکه‌وته‌کاندا دامه‌زراندبوو به‌ دار ژووره‌کانیان گه‌رم ده‌کرد.
ئالیف که‌ ته‌مه‌ن 32 ساڵه‌ و فه‌رمانده‌یه‌کی کچه‌ گه‌ریلایه‌ و ماوه‌ی 10 ساڵه‌ له‌ نێو ڕه‌فی گه‌ریلادایه‌ ده‌ڵێ "چیاکان قوتابخانه‌ن بۆ ئێمه‌، فێرمان ده‌که‌ن چۆن بڕۆین، چۆن له‌ نێو سه‌رماوسۆڵه‌دا بژین، چۆن به‌ برسییه‌تی بۆ ماوه‌یه‌کی دوورودرێژ ڕێ که‌ین". هه‌روه‌ها ئه‌و کیژه‌ گه‌ریلایه‌ ده‌ڵێ" سه‌ربازی تورک خاوه‌ن له‌شێکی قه‌به‌ن به‌ڵام ناتوان زیاتر له‌ دوو سه‌عات له‌ نێو به‌فردا بگوزه‌رێن".
گه‌ریلاکان له‌ چیاکاندا له‌ ڕێگه‌ی مه‌سجه‌وه‌ پێوه‌ندی به‌ یه‌کتره‌وه‌ ده‌که‌ن و به‌ بێته‌ل قسه‌ له‌گه‌ڵ یه‌کتر ده‌که‌ن. گه‌ر گه‌ریلاکان خانوویه‌ک بگرن په‌نجه‌ره‌کانی داده‌پۆشن بۆ پۆشینی ڕووناکی و له‌ شه‌وانیشدا ئاگر ده‌که‌نه‌وه‌ بۆ شاردنه‌وه‌ی دوکه‌ڵه‌که‌ی. سه‌رحه‌د ده‌ڵێ "ناترسین به‌ڵام هه‌رده‌م به‌ وریاییه‌وه ‌ئاگامان له‌ خۆمانه‌". سه‌رحه‌د مرۆڤێکی مۆنی گرنگنۆڕه‌، کاری ڕۆژنامه‌نووسیی له‌ ته‌له‌فیزیۆنی تورکی کردووه‌ و ماوه‌ی 10 ساڵه‌ پێوه‌ند‌ی ‌ به‌ ڕیزه‌کانی په‌که‌که‌وه کردوه‌. سه‌رحه‌د دایک و باوکی کورده‌ و له‌ شاری وان له‌ دایک بووه‌، به‌ڵام زمانی دایکی نازانێ چونکه‌ فێربوونی زمانی کوردی له‌ قوتابخانه‌ قه‌ده‌غه‌یه‌. سه‌رحه‌د له‌گه‌ڵ ته‌مه‌ن گه‌وره‌بوونیدا ده‌ستی کرد به‌ خوێندنه‌وه‌ی مێژووی کورد. کاتیک ده‌رکی به‌وه‌ کرد که‌ فه‌رهه‌نگه‌که‌ی ده‌چه‌وسێنرێته‌وه‌ هه‌ستی  تووڕه‌یی له‌ ناخیدا په‌یدا بوو.
سه‌رحه‌د ده‌ڵێ " کورد ناتوانێ له‌ تورکیادا وه‌ک مرۆڤیکی کورد بژی، خاوه‌ن ناسنامه‌ی خۆی نیه‌، خاوه‌ن مێژوو و فه‌رهه‌نگی خۆی نیه‌. پاش ده‌رک کردنم به‌ زه‌وت کردنی مافی نه‌ته‌وه‌که‌م، زه‌وت کردنی مافی خوێندن به‌ زمانی دایک و ناسنامه‌م، بڕیارم دا بچمه‌ ڕیزه‌کانی په‌که‌که‌وه‌"   ‌  
  له‌ کاتی جه‌نگدا گه‌ریلاکان ڕۆڵی هه‌مه‌جۆر ده‌بینن، هه‌ر له‌ ده‌رمانکاریی و چێشتلێنان و وێنه‌گرتنیی ڤیدیۆیی و یارمه‌تی لۆجیستیی تاکو شه‌ڕیی نێو به‌ره‌کان. گه‌ریلاکان هه‌مان شێوه‌جل ده‌پۆشن و هه‌مان جگه‌ره‌ ده‌کێشن و هه‌مان جۆری پێڵاو له‌ پێ ده‌که‌ن. گه‌ریلاکان سوپایه‌کی میللیی نین به‌ڵکو ئه‌وان هێزێکی نیمچه‌ له‌شکریین. هه‌ر گه‌ریلایه‌کی نوێ له‌ خولێکی سێ مانگی فێری تاکتیکی گه‌ریلایی ده‌بێت و به‌ بیر و ئایدۆلۆجیای سه‌رۆکی به‌ندکراویان عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لان په‌روه‌رده‌ ده‌کرێ.
خه‌باتی پارتی کرێکارانی کوردستان که‌ له‌ ساڵی 1984 ه‌وه‌ ده‌ستی پێکردووه‌ دژی ده‌وڵه‌تی تورک، بووه‌ به‌هۆی کوژرانی پتر له‌ 35000 که‌س که‌ زۆربه‌یان کوردی باشووری ڕۆژهه‌ڵاتی تورکیان.
له‌ ناوچه‌کانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی په‌که‌که‌ قه‌دپاڵی چیاکان به‌ وێنه‌ی ئۆجه‌لان ڕازێندراوه‌ته‌وه‌. گه‌ریلاکان دروشم و ئاڵای بچووکیان به‌ به‌رۆکه‌وه‌یه‌.  گه‌ریلاکان به‌ ڕێز و ستایشێکی مه‌زنه‌وه‌ ده‌ڕواننه‌ ئۆجه‌لان که‌ له‌ ساڵی 1999 له‌ کینیا ده‌ستگیرکراو ئێستا له‌ زینداندایه‌ له‌ تورکیا.  پاش هه‌وڵێکی کوشتنی ئۆجه‌لان له‌ ساڵه‌کانی 1990دا، گه‌ریلاکان به‌ هێرشی خۆکوژی وه‌ڵامی ده‌وڵه‌تی تورکیان دایه‌وه. ئه‌م تاکتیکه‌ وای له‌ ده‌وڵه‌تی تورکیا و ئه‌مه‌ریکا و عێراق کرد که‌ په‌که‌که‌ وه‌ک ڕێکخراوێکی تێرۆریست پێناسه‌ بکه‌ن. (ئه‌م بۆچوونه‌ دووره‌ له‌ ڕاستییه‌وه‌ چونکه‌ تورکیا و ئه‌مه‌ریکا زۆر ده‌مێکه‌ به‌ په‌که‌که‌ ده‌ڵێن تێرۆریست، به‌ نیسبه‌ت تورکیاوه‌ هه‌ر کوردێک داوای مافی خۆی بکات به‌ تێرۆریست ناوزه‌دی ده‌کا. هه‌موو لایه‌کیش ئه‌و ڕاسته‌یه‌ چاک ده‌زانن که‌ عێراق وڵاتێکه‌ له‌ ژێر که‌ڵه‌گایی ئه‌مه‌ریکادایه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ له‌ مه‌سه‌له‌ی ستراتجیدا بۆی نیه‌ هه‌ڵوێستی سه‌ربه‌خۆی هه‌بێ.   وه‌رگێڕ)
هاده‌ر عه‌فرین‌ که کچه‌‌ گه‌ر‌یلایه‌کی ته‌مه‌ن 26 ساڵه‌ و له‌ شاری حه‌ڵه‌بی سوریا گه‌وره‌ بووه ده‌ڵێت " نامانه‌وێت هیچ دایکێک له‌ هیج شوێنێکی جیهاندا ته‌رمی کوڕه‌که‌ی ببینێت. ئێمه‌ شه‌ڕخوازنین به‌ڵکو ئاشتیخوازین، به‌ڵام گه‌ر هێرش بکرێته‌ سه‌رمان ئه‌وا به‌رگری له‌ خۆمان ده‌که‌ین".
په‌که‌که‌ ڕه‌خنه‌ی ئه‌وه‌ی لێده‌گیرێ که‌ مێرمنداڵ له‌ ڕیزه‌کانی وه‌رده‌گرێت و شه‌ڕیان پێ ده‌کات. به‌ڵام ئه‌وانه‌ی من له‌و هه‌فته‌یه‌دا چاوم پێکه‌وتن گوتیان به‌ خواستی خۆمان بووین به‌ گه‌ریلا و هه‌ندێکیان گوتیان گونده‌کانمان وێران کراوه‌ و که‌سوکارمان کوژراوه‌ بۆیه‌ هاتوینه‌ته‌ نێو ڕیزه‌کانی گه‌ریلا.
عه‌فرین له‌ ته‌مه‌نی 18 ساڵیدا هاته‌ ناو چیا پاش ئه‌وه‌ی مامۆستاکه‌ی له‌ قوتابخانه‌ داوای لێکرد ببێ به‌ ئه‌ندامی پارتی به‌عسی سوری. ئه‌گه‌ر  نا ئه‌وه‌ له‌ قوتابخانه‌ ده‌رده‌کرێ. عه‌فرین ئاشنای کتێبه‌کانی ئۆجه‌لان بوو و وه‌ک پاڵه‌وانێک سه‌یری ئۆجه‌لانی ده‌کرد. ئه‌و نامه‌یه‌کی بچووکی بۆ دایک و باوکی به‌جێهێشت و پێیان ده‌ڵێ که‌ ئه‌و ده‌چێته‌ نێو ڕیزه‌کانی گه‌ریلا. عه‌فرین له‌ ماڵ هات ده‌ره‌وه‌ و له‌و کاته‌وه‌ پیوه‌ندی نه‌بووه‌ به‌ دایک و باوکییه‌وه‌. 
عه‌فرین گوتی " ئه‌و خه‌باته‌ی لێره‌ ده‌یکه‌م ‌ زۆر گرنگتره‌ له‌ دایک و باوکم"
پاش وته‌کانی ئه‌رداڵ له‌ ئاماده‌کاریی ناشتنی ته‌رمه‌کان، گه‌ریلاکان به‌ ڕیز به‌ مارشێکی سه‌ربازی به‌ نێو داروبه‌رد و دڕکوداڵی چیاکاندا ڕۆیشتن تا گه‌یشتنه‌ جێگه‌یه‌کی ده‌وردراو به‌ دیوارێکی چیمه‌نتۆ که‌ له‌ ده‌وروبه‌ری ئه‌و جێگایه‌ شوێنه‌واری بۆردومانی سوپای تورک ده‌بینرا. گه‌ریلاکان به‌ پاچ و خاکه‌ناز پێنج گۆڕیان هه‌ڵکه‌ند، گۆره‌کان به‌ بلۆک هه‌ڵچێنرابوون. پارچه‌ کاغه‌زێک که‌ ناوی کوژراوه‌که‌ی تێدا نووسرابوو ده‌خرایه‌ ناو بوتڵێکی پلاستیکی پاکه‌وه‌ و له‌گه‌ڵ ته‌رمه‌که‌دا ده‌خرایه‌‌ ناو گۆڕه‌که‌. گه‌ریلاکان گۆره‌کانیان به‌ به‌‌ردی پان و خاکوخۆڵ داپۆشی پاشان بڵاوه‌یان لێ کرد به‌ره‌و چیاکان به‌ بێ هیچ سه‌رمۆنیه‌ک.

وریا مامڵێسی
ستۆکهۆڵم
2008/03/19

   ‌

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.