Skip to Content

Tuesday, April 23rd, 2024
لێم خۆشبە لەو گوناهەى كە نەم كرد

لێم خۆشبە لەو گوناهەى كە نەم كرد

Closed
by September 10, 2008 ئەدەب

 لێم خۆشبە لەو گوناهەى كە نەم كرد
 شاخەوان سدیق

 ماندووم
 فرسەخێكە ڕێگا ئەبڕم وتۆشەبەرەكەى سەرشانم پڕپڕیەتى لە پرسیار
 لیپاو لیپە لە گلەی و گازەندە
 لەم سەحەرەشومەى زەمەندا
 وەڵامێكم دەست نەكەوت بۆ بڕواهێنان بە پرسیار
 ماندووم
 ژیان هێندە هیلاكى كردووم
 فریاى داخستنى فاتیحایەك نەكەوتم بۆ ڕزگار بوون
 نەم زانى
 گەنیوى هەنارێك لە پاى چیە كە مناڵێك بە حەزەوە لە كەنووى ئەردەكەیانا ئەى شارێتەوە بۆ زستان
 تێنەگەیشتم
 ووشك بوونى گۆچانى لقە دارى دەستى ئیختیارى
 جگە لەمردن چ مانایەكى ترى هەیە
 ماندووم بوومەتە ڕێبوارێكى گەڕۆك
 بەم سەرە ماش و برنجیەمەوە
 ژیان هێندە فێرە پرسیارى كردووم
 ئەزبەركردنى ئایەتەكانى عەشق و
 خوێنەوەى نامەى مەعشوقەكەم بیرچۆتەوە
 ماندووم
 بەهێندەى ماندووبوونى ڕۆشتن و نەوەستانى دەریا
 هیلاكم بە ئەندازەى پیاكێشانى بارانى بە خوڕى شەوێكى زستانى بەر چەنجەرەى ژوورەكەم
 لەم گەڕانەمدا
 ژیان هێندەى پیرى ماندووى كردم و
 پێى نەوتم كات نهێنى نەبڕاوەى نێوان شەو ڕۆژە بۆ مردن
 ئەودەمەى لە بەردەم ڕۆژمێرەكەتا ڕائەوەستى و
 بەر لەوەى خەتێكى لێبدەى كاتژمێرەكەت زەنى ڕۆشتنى تەمەنت لێئەدا
 ماندووم لە پیرى ماندووم لە گەڕان و پرسیار
 شەكەتم لە ژیان و مردن
 ئەو كە كتێبەكانى فێر بوونى ژیانى ئەخوێندەوە
 من پێم ووت
 ژیان لە خانووى بەردنى ماڵە باجێنەى نێوان دوو مناڵ ئەچى
 كە لە عەسرێكى پایزا بایەكى سەرشێت دێت و ئەى ڕوخێنى
 من كە داستانەكانى مۆمیاى نەریم ئەخوێندەوە
 ئەو پێى ووتم
 مردن لە كەوتنە خوارەوەى بتڵە شەرابى سەر دەستى ساقیەك ئەچى كە پاش ڕژانى
 مەستێك ئاه بۆ ڕژانى هەڵەكێشێت
 ئاخ من و تۆ چەندە تامەزرۆین بە ژیان
 ژیانیش چەندە بێباكە لە كردنە دیاریمان بۆ مردن
 كچێك ئەمرێت
 كەس نییە لە ووشك بوونى ئەو باخە لیمۆیانە بپرسێت
 من بێئاگا لە و منالانە ئەڕوانم
 كەلە بەرائەتەوە وازى ئەكەن
 نازانم بۆ هەمیشە فیك و فاك لاى ئەوان هەركۆیە
 هێندە بەسە
 لەپاى چى ئەم هەموو گەڕانە لە پاى چى ئەم هەوو گومانە لە پاى چى ئەم هەموو تاوانە
 تاوانە گەڕان بە دواى حەقیقەتا
 حەقیقەت هیچێتیە لە شێتید ا
 هەڵوەرینى گوڵە لە بەردەم سەوزاى باخچەدا
 تاوانە سەوز بوونى ئەم پاتۆنیایانە لە قوتووى ژەنگاویا
 گوناهە سەماكردن لە گەڵ دەركەوتنى خۆرى دەم بە یانییا
 گوناهە هەڵمژینى بۆنى گوڵێك لە كاتى سوڕى مانگانەدا
  دەبم بەشە لەوەى سێو خواردن بە حەرام ئەزانم
 هۆى بەدبختى من خواردنى سێوێكە لە فیردەوس
 ڕشتنى خوێنێكە لە خۆڕا
 لێم خۆشبە
 دەبوومن پێناسەم بۆ ژیان نەكردبا
 بۆ عەشقت ئەم گەمە ماتماتیكەم نەكردبا
 بمبوورە لە گەڕان بەدواى ژیانا
  لە ماندووبوون بەدواى حەقیقەت و تۆدا
 لە دا گیرسانى چراكەم لە بەردەم ڕووناكى جوانى تۆدا
 بمبەخشە
 ڕەنگە مردن لێنەگەڕێت جارێكى تر
 ماندووبم بە شوێنتا
 Shaxi83@yahoo.com
 
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.