Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024

لێکدانەوە … نەوزاد بەندى

Closed

 

 

 

 

-1-

مناڵ بووم ..

وامئەزانى ئەگەر پارەم هەبێ و

ئۆکۆردیۆنێ بکڕٍم ،

ئەتوانم وەکو مامۆستا ولیەم ، بیژەنم ..

 

-2-

سنەوبەرەکانى کارێزى وەستا شەریف ،

جێى سەعیکردنى کوڕە هەژارەکان بوو..

( وامئەزانى لە برساندا ، سەعى ئەکەن )

 

-3-

گۆرانیبێژێ هەبوو ،

ناوى عەلى عەزیز بوو ،

بە چاکەتێکى سەراوینەوە ،

ئەم گۆرانیەى ئەوت :

ئەى شەوەکەى بێ تروسکەى دڵ تەنگیى .. 

( ئەموت کە گەورە بووم ،

چاکەتێکى سەراوین ئەکڕم ..

هەر چوار قۆپچەکەى ئاڵتونى بێ ..

قژیشم وەکو ئەو درێژ ئەکەمەوە و

ناهێڵم باوکم بە زۆر ،

لاى وەستا کەریم بۆم بتاشێ )

 

-4-

بە منداڵى هیوایەتێکم هەبوو ،

کۆکردنەوەى قۆپچە ..

جارێکیان بە دایکم وت :

کراسەکانمان ئەخەینە ژێر پانتۆڵەکانمان ،

بەو جۆرە ، هەست ئەکەم دوو قۆپچەیان زیادەیە ،

بۆچى لێیان نەکەمەوە ؟!!

دایکم ڕاوى نام و هاوارى کرد :

نەوە قۆپچە ! هەر کراسەکان مابون ،

سەقەتیان کەى ؟؟

( هەستم ئەکرد قۆپچە لە هەندێ هەڵوێستا ،

حوکمى فیشەک و دۆلارى هەیە ..

یەک قۆپچە دوو مەمک ئەشارێتەوە ..

یەک قۆپچە دەرگاى خێمەیەک دائەخا ..)

 

-5-

ماڵى عەلى بەگ تەلەفزیۆنیان هەبوو ..

ماڵى عەلى بەگ تەباخى تێکنۆگازیان هەبوو ..

ماڵى عەلى بەگ بە شەواندا کێکیان دروست ئەکرد ..

( یەکەم سەرنجى تەلەفزیۆن و یەکەم قەپاڵى کێک لە ژیانما ،

لە ماڵى عەلى بەگ بوو ..

ئاخر من هاوڕێى کوڕە بچوکەکەى بووم ..

هەردووکمان لە پۆلى یەکى سەرەتایى بووین ..

بە پشوى هاوینا ،

ماڵى عەلى بەگ ئەچوون بۆ بەغدا ،

ئێمەیش وەکو کوللە زەردە بەر ئەبووینە کارێزەکەى وەستا شەریف و

درەختەکانى مامە یارە … )

ئەو سەردەمە بەغدا لاى من کۆمەڵێ کۆشکى سپى بوون ..

لەگەڵ کۆمەڵێ فرۆشگاى پاک و خاوێن ..

کە ئەوان ئەچوون بۆ بەغدا ،

هەستم ئەکرد من بێ کەسم

هەستم ئەکرد من خوێڕیم ..

 

-6-

جانتایەکى قاوەیى کاڵم هەبوو ..

مارکەى جلود ..

چوار ساڵى زانکۆ و سێ ساڵى سەربازى ،

هاوڕێیەکى خەمگینى  سەفەرەکانم بوو ..

بە بێ دەنگیى ،

کتێب و

دەفتەر و

کراس و

کولیچە و

هەموو شتێکى بۆ هەڵئەگرتم ..

( بە داخەوە !

کە بە کورسى فەرمانگەوە لەحیم کرام و

سەفەرم لە خۆم یاساغ کرد ،

ئەو جانتایەشم دیار نەما )

هەندێکجار ئەپرسم :

تۆ بڵێى نەچوبێ بۆ هەندەران ؟

یان دووربا  خۆى سوتاندبێ ؟

یان ماکیاجێکى کردبێ و

حیزبێکى دامەزراندبێ ؟!! 

 

-7-

یەکەم ڕۆمان ،

(تەنەکە ) بوو ،

بە نیوەڕۆیەکى گەرمى تەموز ،

لە ژێر دارهەنجیرێکى ماڵى باوکم ،

خوێندمەوە ..

(لەوە ڕۆژەوە یەشار کەمال ،

بووە بە باوکى ئەدەبیم ..

لەبەردەم ڕۆمانەکانیا  هەڵئەلەرزم 

وەک شۆڕبیم )

 

 

 

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.