Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
لێگەڕێن با هەر سەرۆک سەرۆک بێت

لێگەڕێن با هەر سەرۆک سەرۆک بێت

Closed
by April 23, 2013 گشتی

 

 

 

 

 

کێشەکە لەوەدایە هەتا ئێستا ئۆپۆزیسیۆن و خەڵکی ناڕازی ئەو یاسا و سیسەمەی لە کوردستاندا کاردەکات بە شەرعی دەزانن، ئێستا هەموو خەمی ئەوەیانە ئەگەر سەرۆک خۆی کاندید بکاتەوە یاسا شەرعیەت لەدەست دەدات. ئێرەیە خاڵی ناکۆکی من لەگەڵ هەموو ئەوانەی دژایەتی خۆ کاندید کرنەوەی بارزانی دەکەن. 

 

ئەوەی خەمی منە:  پێویستە خەڵک لەوە تێبگەن ئەم سیستەم و یاسایەی کە هەیە هیچ ماکی شەرعیبوونی پێوە نیە، هەر لە بنەڕەتەوە ناشەرعییە و ئەوانەش دەیانەوێت دەستی پێوەبگرن و گرەو لەسەر لابردنی بارزانی دەکەن بۆ بێگەردڕاگرتنی یاسا، هیچ جیاوازییەکی ئەوتۆیان نیە لەگەڵ دەسەڵاتدا لە بناغەوە. “ئەوەی کە ئێستا وونە و دەبێت خۆی بەدیار بخات، ئەو دەنگانەن کە پێداگری لەسەر نەبوونی یاسا و سیستەمێکی تەندروست دەکەن. ئەو ڕەنگانەی  بێ هیچ پەردەیەک ڕادیکاڵانە کۆی ئەزمونەکە بە بەتاڵ و بێبەها دەناسن” هەتا لە داهاتویەکی نزیکدا نەبین بەژێر نەفرەتی بەرەیەکی گەورەترەوە کە لە دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆن پێک دێت کە بەهەردووکیان بە عەنتەری یاسا و سەروەری سیستەمێکی بێ یاسا دەکەن بە پەتێک و لە بینی خەڵکی کوردستانی دەئاڵێنن.

عەبدوڵای مەلا نوری لە بەرنامەیەکی ئێن ئاڕ تیدا ئەوە دووپات دەکاتەوە، تەنها و تەنها لەبەر پێشێل نەکردنی یاسا داوای گۆڕینی بارزانی دەکەن و ئەوان هیچ کێشەیەکی تریان نیە!! سەیرکەن چەند ساویلکانە شەرعیەت دەدات بە یاسا و سیستەم لەو هەرێمە.. لێرەدا من داهاتوو دەبینم” بارزانی خۆی کاندید ناکاتەوە و پێشێلی یاسا ناکات” ئیتر هەموو ئەو ماڵوێرانییانەی تر کە بەهۆی پێشێلکردنی یاساوە ئەنجام دراوون دەبن بەژێر ڕەحمی دەستبەرداربوون و نەبوونی سەرۆکەوە لە کورسیەکەی. 

ئەگەر هێزێک درووست ببێت ئەوەی هەیە لە ئێستادا ڕەتی بکاتەوە، داوای سەرلەنوێ داڕشتنەوەی سیستەم و یاساکان بکاتەوە، هەموو تاوانەکانی ڕابردوو ئەرشیف بکات و بەڵگەنامەکان بەدەست بهێنێت، لە هەموو ئەم ژاوەژاوەی نێوان ئۆپۆزیسیۆن و دسەڵات خۆی بەدوور بگرێت، لێگەڕێت بارزانی ببێتەوە بەسەرۆک و دەسەڵات هەر وەک ئێستا و جاران لای پدک و ینک بێت، لەوە تێبگات ئەم ستەمی دەسەڵاتە بە دیالۆگ و موجامەلە ناڕەوێتەوە. ئەوکات دەتوانین بە هیواوە لە دژی چوارچێوەی سیستەمێکی دیکتاتۆری خێڵەکی بۆ داهاتوویەکی باشتر هەنگاو بنێین. ئەگەر بارزانی ببێتەوە بە سەرۆک ئێمە شەرعیەتی ئەوەمان هەیە ئەم سیستەمە بە دیکتاتۆری ناو ببەن و دەوڵەمەندین بەو بەڵگانەی یاسا هیچ نیە جگە لەچەند بەیتێکی خەیاڵی کۆمەڵێک گەورەپیاوی کەللە پوت.. ئەگەر ئەم میتۆدە لە بەرنامەیەکی داڕێژراودا ئیش بۆ گۆڕانێکی ڕاستەقینە بکات ئەبێ ڕێگرەکان چی بن بۆ ئەوەی خەڵکی نارازی و ماندوو بریندار و خاوەن ماف نەیەنە ژێر باڵی فریشتەکانی بۆداهاتوو؟

نەبوونی هێزێکی وەهایە نەیتوانیوە ئۆپۆزیسیۆن بکات بە بەدیلی دەسەڵات و لەبری هەوڵدان بۆ گرتنەدەستی دەسەڵات، ئێستا ئیشی بوە بە جێبەجێکردنی ئەرکی چەند پارێزەرێک بۆ کەیسێکی یاسایی. ئەم نەوێرییەی ئۆپۆزیسیۆن لە دیاریکردنی بەدیلێک بۆ بارزانی و دروست نەکردنی پەرلەمان و حکومەتی سێبەر گوڕێکی باشتر دەدات بەو بیرکردنەوە کۆنسەرڤاتیڤیەی کە دەیەوێت لەڕێی هێشتنەوەی بارزانییەوە دیکتاتۆریەت بکاتە یەکەم دیاری ئەم یەکەم ئەزموونە خۆبەڕێوەبەرییە کوردیەی ٢٢ ساڵە لە ڕێگای گروپێکەوە لەبەرهەمی خەبات و قوربانیدانی گەلێکی ستەمدیدە دەخوات. 

ئەمە دوا دیدی منە بۆ ئەم قەیرانە نوێیە.. بەم ئۆپۆزیسیۆنە هەرگیز گۆڕانی ڕاستەقینە نایەتە ئەنجامدان. لاوازیی ئۆپۆزیسیۆن ڕێگاخۆشکەرە بۆ بەرەو دیکتاتۆریەت بردنی کۆی سیستەم و فەرمانڕەواییەکە لە هەرێمی کوردستان. بەشدارینەکردن لە هەڵبژاردنەکاندا تاکە ڕێگایە خەڵک بتوانێت بەهۆیەوە بەحەقیقی شەرعیەت لە دەسەڵات وەربگرێتەوە. ئەگەر نا!!  بەشداریکردنی ئۆپۆزیسیۆن و هەوڵدان بۆ ئەو پلەوپایەیەی مەسعود و خانەوادەکەی تێدایە هیچ نیە جگە لە ماڵوێرانییەکی نوێ. لەکاتێکدا بەر لە هەڵبژاردنەکان ئەنجامەکان وەک هەر شتێکی دیار دیارە. 

باشترین ململانێ فشاری جەماوەرییە بۆ دەستبەرداربوونی ئەم گروپە پیاوماقوڵە لە جومگەکانی دەسەڵات و دووبارە دەستبردن بۆ دانان و داڕشتنی سیستم و یاسایەک بتوانێت دادی کۆمەڵایەتی و دامەزراوەیەکی تەندروست بەناوی هەرێمی کوردستانەوە بونیاد بنێت. 

 

 

 

هێمن ڕەئووف

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.