Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
لەپەراوێزی سیناریۆی دادگایی سەردەشت عوسماندا

لەپەراوێزی سیناریۆی دادگایی سەردەشت عوسماندا

Closed

 

 

پارتی لە درێژەی هەوڵەکانیدا نەک بۆ شاردنەوەی تاوانێکی ئاشکرا کە بەرۆژی روناک و لە بەردەم زانکۆدا، رویداوە. بەڵکە بۆ رەوا نیشاندانی تیرۆری سەردەشت عوسمانی ڕۆژنامەنووس، لە سیناریۆکانی بەردەوامە. بەجیا لە هەوڵەکانی بۆئەوەی سەردەشتی رۆژنامەنووس و رەخنەگرتنی ریشەیی لە دەسەڵاتی پارتی و بنەماڵەی بارزانی، بە تیرۆرو کاری تیرۆریستی لەقەڵەم بدات، هاوکات لەدرێژەی ئەم سیناریۆیەدا خەریکە هەموو دەنگە نارازییەکانی کۆمەڵگا، هەموو ئەو کاردانەوە جەماوەرییەی لە دژی تیرۆری سەردەشت نیشان درا و بەفراوانی درێژەی هەیە، بە پشتیوانی لە تیرۆر لەقەڵەم بدات. تا لە ڕێگایەوە بەربگریت بەهەر کارادنەوەو نارەزایەتیەکی جەماوەری کە بۆ ئیدانەی سەرکوت و تیرۆر لە کوردستاندا لە ئێستاو داهاتودا، دەستی بۆ دەبرێت.

پارتی لەناو دەیان بەڵگەی ئاشکرادا، دەست بۆ شاهیدی ساختە دەبات. رۆژی روناک، بەردەم زانکۆ، بە زۆری پەلکێشکردن وخستنە ناو سەیارە، کامیرای چاودێری سەرشەقامەکان، دەست و دەم و قاچ بەستنەوە، گوزەرکردن بەناو شارو دەیان بازگەی ” موبڕدا” دا، گوستنەوەی لە شارێکەوە بۆ شارێکی دەرەوەی سنوری هەرێم، تیرۆرکردن و پاشان فرێدانی… کە خۆی دەیان بەڵگەی ئاشکران و بێگومان بەبێ چەندین کاراکتەر و بە بێ نەخشەیەکی، لە پێشدا دارێژراو نەبێت، ئەنجام نادرێت… ئەمە دادگا و هەموو کەسێکی باهۆش دەزانیت، کەچی هەموو ئەمانە لای پارتی و دادگای پارتییدا، لەناو بەڵگەنامەکانی دادگادا، نهێنی و یەک سایەق و یەک کەسی سەر بەگروپێکی شاراوەی تیرۆریست، بەڵگە و شاهیدی!! ئاشکرایە.

هۆکاری ئەمەش رونە، پارتی دەیەوێت بەڵگە ئاشکراکان لەبەردەم کۆمەڵگادا، بمێنێتەوە… کە گەواهی راستەقینەی تیرۆری رۆژنامەنوس سەردەشت عوسمانن، تا لەو رێگایەوە کۆمەڵگا چاوترسێن بکات. بەربگرێت ئازادی بپەرژێتە سەر پیرۆزیەکانیان. بەربەست دابنێ رۆژنامەنوسەکان دەستیان بگاتە دەروازەی باڵای دەسەڵات و بژاردەی پیرۆزی!! سیاسی ناو ئەو دەسەڵاتە. 

بەردەوامی سیناریۆکانی پارتی، لەوانەش قورمیشکردنی دادگای مۆڵەتپێدراو بۆ ئەوەیە دۆسیەی سەردەشت، لە گەمەو دادگایەکی حزبیدا، بکاتە سەکۆیەک بۆ خامۆشکردنی دەنگی تورەیی شەقام و ئازادیخوازی. 

ئەم دادگایەی پارتی کە دڵخوازانە ماوە نا ماوە، سیناریۆی بەڕیوەچونەکەی رادەگەیەنرێ، دادگاییکردنی ئازادی و ئازادیخوازی و دەنگی نارەزایەتیە بە رووی تیرۆرو  تیرۆری ئاشکرای سەردەشت عوسماندا، نەک دادگایەک بۆ گەران بەدوای تیرۆری سەدەشت و بەڵگە ئاشکراکانیدا.

بۆیە وەستانەوەی سەراسەری و رێکخراو بەرامبەر بەو هەوڵانەی پارتی و دادگا گاڵتەجاریەکەیدا، کە لە مێژووی پێکهاتنیەوە نەیتوانیوە یەک تۆمەتباری زلی حزب و یەک سەرە دزی ئاشکراو یەک گەندەڵکارو تاڵانچی تێر نەبوو وە هەزاران پیاوسالاری ژنکوژ و دەیان تۆمەتباری کوشتاری چەپ و کۆمۆنیستەکان و نوسەران و ئازادیخوازان… دادگایی بکات. ئەرکی هەموو بەرەی ئینساندۆست و ئازادیخواز و دژە تیرۆرە، ئەرکی سەرجەم حزب و رێکخراوە سیاسی مۆدێرنەکان و هەموو رێکخراوە جەماوەری و کرێکاری و پیشەیی و رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی و هەموو دادوەران و لایەنگرانی یاساو دادگای سەربەخۆی و سەردەمییە، کە بێنە مەیدان و ئەو هەوڵانەی پارتی و دادگایەکەی، پوچەڵ بکەنەوە.  

پارتی وەکو لایەنێکی دەسەڵاتی پشت بەستوو بە زۆری هێزی چەکدار و فریوکاری و دەستگیرکردن لە قوتی خەڵکی لەکوردستان، نە لەسەرکوتی ئازادیەکان و نە لەدەسەڵات و نە لەداهات و تاڵانی و نە لەگەمەی یاساو دادگای موچەخۆری حزب و گوێرایەڵ… تێر دەبێت. هەر دەخوازیت و دەیەوێت… ئەگەر رێگایەک هەبێت بۆ سنوردانان بۆ ئەم دەسەڵاتەو سیاسەتەکانی، بۆ دەست کورتکردنەوەو کەنارخستنی، تەنها هێزی جەماوەری نەدارو ئازادیخوازو بەرەی پێشکەوتنخوازی کۆمەڵگایە، کە پارتی شەری بێوەستانی لەدژیان، بۆساتێکیش چییە هەدا نادات… سیناریۆی دادگایی سەردەشت عوسمان، لەناو ئەم شەپۆلی سەرکوت و جەنگەی پاتییدا، لەدژی خەڵکی کوردستان دەچێتە، پێشەوە. دەبێ ئەم غولە هەوسار پچراوە، بە هێزی یەکگرتوو ریکخراوی جەماوەری، رابگیریت. دۆسیەی سەردەشت عوسمان یەکێک لە مەیدانەکانی ئەم نەبەردەیە. 

١٨/١/٢٠١٣

 

بەڵگەی ئاشکرا، شاهیدی نهێنێ!!

      عەبدوڵا مەحمود

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.