Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
لەگەڵ خۆمدا چەند غەریبم

لەگەڵ خۆمدا چەند غەریبم

Closed
by October 6, 2008 ئەدەب

 لەگەڵ خۆمدا چەند غەریبم
 ئاوێزان نورى
 
 لەگەڵ سووتانى باڵى پەروانەیەكدا
 بە شەمعى ژوورەكەم
 من دەسوتێم
 لەگەڵ شكانى پەنجەرەى ماڵێكى چۆڵدا
 من دەشكێم
 لەگەڵ وشكبوونى گەڵایەك
 بەدارى مەینەتى پایزەوە
 هەڵدەوەرێم
 لەگەڵ هەناسەی ماندووى چۆلەكەیەكدا
 ماندوو دەبم
 لەگەڵ ئازارى گوڵێكى نێو باخچەكەم
 بە دڕكی قەدو باڵاى خۆیەوە
 ژان دەگرم
 لەگەڵ "با"دا سەما دەكەم
 لەگەڵ ئاوابوونى خۆردا
 ئاوا دەبم
 لەگەڵ ووتنەوەى تەراتیلەكانى كڵێسادا
 لەخاچ دەدرێم
 لەگەڵ بانگى موحەمەد
 پڕ دەبم لە گووناه
 لەگەڵ باراندا
 تەڕ دەبمو
 لەگەڵ غەریزەكانى پیاوێك
 ژنێتیم لىَ دەچۆڕىَ
 لەگەڵ رۆیشتنەكانى یار
 غەرقى فیراق دەبمو
 لەگەڵ خۆمدا
 تەنیایى رادەموسم
 مەراق تەق تەق
 لە دەرگاى بێئومێدیم دەداو
 رۆژانە دێت
 سورەتی تەنیاییم لەسەر دەخوێنىَو
 ئایەتەكانى نامۆییم بۆ شیتەڵ دەكاتەوە
 دەڵىَ: ئەو شەوەى تۆ تێیدا لە دایك بوویت
 ئەستێرەكان دەیانزریكاند لە حەژمەتى مانگ گیراندا
 بۆیە نە بەر تریفەى مانگ كەوتىو
 نە ئەستێرە ئاگاى لە دایكبوونت بوو
 تا لە كەژاوەى خۆیاندا بتخەوێنن
 ئەو وەرزەى تۆ تێیدا لە دایك بوویت
 گوڵەكان دەگریان بۆ نەهاتنى باران
 بۆیە بىَ خەبەر بوون لە تۆو
 هەندىَ لە بۆنو جوانى خۆیان پێوە نەكردى
 ئەو كاتەى تۆ تێیدا لە دایك بوویت
 كاتژمێرى ژیان لە چركە چرك كەوتبوو
 بۆیە هەرگیز نەچوویتە لیستى بوونەوە
 ئاى لە خۆم
 ئەو شەوە بوو زەمەن
 قامكەكانمى لەسەر وەتەرى بێدەنگى داناو
 ئاوازە نامۆییەكانى خۆى فێر كردم
 گەرووى پڕ كردم لە نۆتەى  خنكاوو
 گۆرانیە شكاوەكەى خۆی پىَ وتمەوە
 ئاى خودا
 وەك قەرەجێك
 نێو لەپى زەمەنم خوێندەوە
 هێماى ژیانم كورتو
 هێڵى بەختیاریم دیار نەبوو
 بە كوچەكانى عەدەمدا تێپەڕیمو
 بەسەر باڵى بوراقێكى ئەندێشە
 روو لە ئاسمانێكى نادیار هەڵكشام
 هەر ئەوەندەم پىَ كراو
 هەر وەكو ئێستاش غەریب بووم لەگەڵ خۆمدا
 لەگەڵ تارمایى خەمێكى بىَ كۆتادا دەژیمو
 لەگەڵ تەواوبوونى ئەم شیعرەش دەمرم
 
 مانگى 6ى 2008
 Awezan_n@yahoo.com

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.