Skip to Content

Saturday, April 20th, 2024
لە ئینجانەی ژوورەكەمدا بێدەنگی وشكی كردووم بۆ نمەی پێكانت وا خەریكە ھەڵەوەرێم

لە ئینجانەی ژوورەكەمدا بێدەنگی وشكی كردووم بۆ نمەی پێكانت وا خەریكە ھەڵەوەرێم

Closed
by October 5, 2011 ئەدەب

من ئەزانم ..
تۆ بە قەد ڕێی غەریبیم دووریت
چیبكەم ..
لە سەر ھەر ڕێگایەكەوە دەستپێبكەم
ئەو سەری نوقمی سەرابە

من ئەزانم ..
كە تۆ بە قەد ئەم مەنفایە دابڕاویت
چیبكەم ..
دەست لە ھەر ڕێگایەك ئەگرم
بە سەرلەقانێكەوە پێمئەڵێت
جێیەك بۆ من نەماوە  

من ئەزانم ..
تۆ بە قەد درەختەكانی دنیا ھەڵوەریویت
خۆ پایز نیم لەو ھەموو تاوانە
پەشیمان بم
چیبكەم ..
پەرداخە شكاوەكەی دڵیشم
لە تۆ پڕكردووە
ئیدی شوێنێكیترم نیە
نازانم چۆن كۆتكەمەوە

 
من ئەزانم ..
تۆ بە قەد دەریاكان قووڵیت
گەرچی دەمم ناوە بە دەمی باوە
خۆ شمشاڵیشبم قورگم ئەنوسێ
ئاخر .. لە كوێی بێنم
ئەو ھەموو ھەناسەیە

من ئەزانم ..
تۆ بە قەد ئاسمان بەرزیت
چیبكەم ..
خۆ من خودا نیم
باڵی باڵندەیەكیشم پێوە نیە

من ئەزانم ..
تۆ بە قەد چیایەك سەختیت
چیبكەم ..
تۆ بینیوتە ..
قالۆنچە لوتی فیل ڕاكێشێت
 

من ئەزانم ..
تۆ لەو دیو دەرگاكانەوەیت
چیبكەم ..
كاسپەریش نیم
ئاخر ..
لەودیو كلیلەكانم لای خۆت بەجێھێشتووە

من نازانم تۆ لە كوێیت
لێرە بیت یان لەوێ  
دوو چڵە نێرگزەكەی چاوانم
بە دواتا ھاتون

من نازانم تۆ لە كام شوێنیت
لەو ڕۆژەوە پێكانم ڕۆشتون 
منیان لای گۆچانەكەم
بەجێھێشتووە 

من نازانم تۆ لە كام كیشوەر و
لە كام كەون و
لە كام ئاسمانیت
لەو ڕۆژەوە من لەتوپەتم و
ھەرپارچیەكم بە لایەكدا ڕۆشتووە

من نازانم چیم ماوە
بۆ تۆ ..
ھەمە و نیمە
ئەو دڵە پڕ لە شەخەڵەی
ڕۆژانی زووە

 
بیرتە ..
تۆ و لێوە شەرابیەكەت
تا بەیانی بە شوشەیەك ماچ
مەستان ئەكردم

بیرتە ..
تۆ و پەنجە شمشاڵیەكانت
شەوانتان بە ختوكە و چڕنوق
بۆ ئەژەندم

بیرتە ..
ڕووت .. ڕووت
تۆ و دەنكە ترێی چاوەكانت
تا بەیانی سەیرتان ئەكردم

بیرتە ..
تۆ و موچوڕكەكانم
لەسەر گۆی مەمكەكانتا
گەرم گەرم ئەیانخەواندم

بیرتە ..
تۆ و پشیلە نینۆكەكانت
لە جێی نوستنا
تۆ و شیرینە گازەكانت
لە كاتی ڕەحەتبونا

تۆ و من
من و تۆ
ئێستا ..
ھیچیان لای من نین

گوڵێكی شین و
بورجێكی درۆزن 
لای من ماون

زمكان عەزیز
Simkan97@hotmail.de
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.