Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
لە ئەنفال دەترسم … هێمن رەئووف

لە ئەنفال دەترسم … هێمن رەئووف

Closed
by February 2, 2013 ئەدەب

 

 

 

 

ئاین تا ئەو شوێنە جوانە لە دەستی ڕوو لە ئاسمانی دایکانماندایە،
 لەناو سەرپۆشە سپیەکانیاندا،
لەبەرماڵەکانیاندا،
 لە تەسبیحات و نزا و پاڕانەوەکانیاندا.
لە پاکیزەیی ئەو کچانەی خۆیان بۆ مەسیح هەڵگرتوە،
 لە ڕۆژووی ئەو کرێکارەی خۆی برسی و تینو دەکات هەتا ئێوارە لەگەڵ بلۆک و تاسە چیمەنتۆکاندا…
هەتا ئەوێ و بەس.

 

کە ئاین دەیەوێت حکوم بکات 

من لە ئەنفال دەترسم. 

لە ڤیدیۆی ئەو هەموو ژنکوشتن و سەرپەڕاندن و گوللەبارانکردن و تاڵانکردن و دڕندەییە دەترسم. 

لە وێرانکردنی ئەو نیشتیمانە شڕە دەترسم کە بەم جۆرەش پردەکان بەرگەی باران بارین ناگرن. 

لە خاپورکردنی ئەو زەردەخەنە و جوانیانە دەترسم کە هێشتا تروسکەیان تێدا ماوە. 

لەچۆڵبوونی گەڕەکی گاوران و گۆڕینی ناوی شەقامەکان دەترسم 

لە لێکترازانی کوڕان و کچانی شار دەترسم هەر بە منداڵی

 

 

کە ئاین دەیەوێت حوکم بکات

من لە کوژرانی قوبادی جەلیزادە و سوتانی وشەکانی دەترسم. 

لە جێبەجێ نەکردنی وەسیەتنامەکەی شێرکۆبێکەس دەترسم و ناشتنی لە چۆڵەوانیەک لە دووری شار

لە تێکشکانی ڕەشبەڵەک و شاییەکان دەترسم. 

لە پەرتپەرتکردنی کتێبەکانی عەبدولخالق مەعروف دەترسم

 

لە ڕوخانی گومەزەکەی سەر شێخ مارفی نۆدێ و ڕوخانی منارە خوارەکەی پایتەخت دەترسم. 

من لە چاوی بزی ئەو مەلایانە دەترسم 

کە چاوی گەشی کامێراکان بەڕووی گەڵای وەریو و گوڵاڵە سورەکاندا دادەخەن 

لە پەلکێشکردنی مەلا مەعاز بۆبەردەم دادگای دەوڵەت و ڕشتنی پێکە شەرابەکەی حەمە شێت دەترسم

کە ئاین دەیەوێت حوکم بکات من شێواویی ئەو دیمەشقە جوانەم دێتە بەرچاو.

ڕوخانی پەیکەرەکەی بودا و کوشتنی کەمانچەکان و بڕینی ژێی دەنگە دڵفڕێنەکان دێنە بەرچاوم.

 

کە ئاین دەیەوێت حوکم بکات 

من وەرگەڕانی ئەو هەموو پیاوە نورانی و میانڕەوەم دێتە بەرچاو لە گەرووی توندوتیژییدا 

چۆن بە شمشێرەکانەوە خەون بە بارانی خوێنەوە دەبین.

لەو خوێندنگا ئاینییانە دەترسم 

منداڵەکانمان فێری تەور وەشاندن و سەربڕین و بەستنەوەی خوشکەکانیان دەکەن

لە داپۆشینی ئەو هەموو پرچە جوان و ڕەنگاوڕەنگەی کچانی شار دەترسم

لە شاردنەوەی ئەو هەموو سنگ و بەرۆکە سێکسیە و ئەو هەموو لەش و لارە وروژێنەرەی کچانی شار دەترسم

دەترسم فوارەکانی پارکی شانەدەر ووشک بکەن و لە جێیاندا سێدارە بۆ ئازادی هەڵخەن

دەترسم باخی گشتی ببێتە شوێنی دارکاری ئەو کوڕ و کچانەی لەسەر ماچ  دەگیرێن

دەترسم سەرای ئازادی ببێتە شوێنی بەردبارانی ئەو ژنانەی زینایان کردووە

دەترسم کچانی شار بۆ هەتاهەتایە لە شەبەکەی ناو میقنەکانیانەوە دنیا ببینن

 

ئاین هەر لەوێ جوانە. لە سنگی دایکمان و دوو رکات نوێژی باوکماندا.

لە هەستان بۆ پارشێو و ڕۆژووی درۆیینەی منداڵانی شاردا جوانە

لە لائیلاهە ئیلەڵای ئەو مەلا نابینایانەی لەسەر گۆڕەکانمان خەتمە مان بۆ دەکەن

ئاین هەر لەوێدا جوانە .. لەوێدا و بەس

هێمن رەئووف

www.hemnrauf.com

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.