Skip to Content

Tuesday, April 16th, 2024
لە بارەی رۆمانی  (سوارچاکێکی نەبوو) ی (ئیتالۆ کالڤینۆ)

لە بارەی رۆمانی (سوارچاکێکی نەبوو) ی (ئیتالۆ کالڤینۆ)

Closed
by January 7, 2014 ئەدەب

 

 


(ئەحمەدی مەلا) لە فڕەنسییەوە کردوویەتییە کوردی

 

دوو دڵ بووم لەوەی شتێک لەسەر ئەو بەرهەمە بنووسم یان نە؟ لەبەر  تاقە هۆکارێک، کە ئەویش خراپی زمانی وەرگێرانەکەیە. خراپییەکەش دابەش دەبێتە سەر سێ پنت: هەڵەی چاپ، هەڵەی زمان و بەکارهێنانی زۆر وشەی عەرەبی.

بۆیە رەخنەگرتن لە وەرگێران و زمانی نوسەرێکی وەک (ئەحمەدی مەلا)، کارێکی ئاسان نییە، هەروەها ئەگەر بە ناوەندی چاپ و بڵاوکردنەوەی(غەزەلنووس) بڵێین:( لەوە دەچێت هەر بە فشە پەڕتووکەکەیان چاپ کردبێت!) قسەیەکی قورس دەبێت! 

کە چەند لاپەرەیەکم لە بەرهەمەکە خوێندەوە و ژمارەیەکی زۆری هەڵە و پەڵەم دیتن، تەماشای لاپەڕەی دووەمی پەرتووکەکەم کرد ئەو جێیەی ناوی بەرهەم و نووسەر و وەرگێڕ و تایپێست و هەڵەچن و ناوی ئەو کەسانەی تێدا دەنووسرێت کە کارییان لە پەڕتووکەکەدا کردووە، بەو ئومێدەی بزانم کێن ئەوانەی کارەکانی تایپ کردن و هەڵە چنین و پێداچوونەوەی زمانی ئەو بەرهەمەیان ئەنجام داوە؟ بەداخەوە ناوی هیچ یەکێک لەو کەسانە نەنووسرابوو! ئیدی نازانم کێ کارەکانی ئەوها بێ سەروبن کردوون، یان راستتر کێ کارەکانی راستکردنەوە و هەڵە چنین و پێداچوونەوەی بۆ زمانەکە نەکردووە؟

پێویست بوو بە لایەنی کەمییەوە کەسێک دوای نووسەر، بە نووسینەکە داچووبایەوە و دەگەڵ نووسەر لەسەر هەڵەکان رابوەستابا و هەر پێکەوەش هەڵەکانییان چاک کردبانەوە و دڵنیابان لەوەی پەرتووکەکە بە بێ هەڵە بگاتە دەستی خوێنەر. کە ئەو کارە نەکراوە، بەڵگەی فەرامۆش کردن و بەهەند وەرنەگرتنی خودی وەرگێرانەکە و ناوی وەرگێر و نووسەر و ناوەندی چاپ و بڵاوکردنەوەی غەزەلنووسیشە! دوای ئەمانەش بەشداری نەکردنە لەوەی بەرهەمێکی شایستە بە زمانێکی شایستە بدەنە خوێنەران و لە بەرزکردنەوە و راستکردنەوە و پێشەوەچوونی زمانی کوردیدا بەشدارببن. هەروەها جۆرییەتی پەرتووکی چاپکراویش بەرزبکەنەوە و پەرتووکێکی نازدار پێشکەش بە خوێنەر بکەن بۆ ئەوەی دوای خوێندنەوەش سوود لە زمانەکەی وەربگرێت.

چەند جارێک ویستم دەست لە خوێندنەوەی رۆمانەکە هەڵبگرم و واز لەو ئازارە بێنم، بەڵام نەمتوانی. بەرگەم گرت و لە  بەشەکانی کۆتایی بەوە توانیم بەردەوام بم کە پێنووسێک بگرمە دەست و هەموو ئەو هەڵانە دەستنیشان بکەم کە من بەو زمانە خراپەی خۆمەوە دەمدیتنەوە. دەتوانم بڵێم زۆربەی لاپەڕەکان پتر لەهەڵەیەکییان تێدا بوو. بۆیە خوێندنەوەی ئەو بەرهەمە بۆ من بەداخەوە، لە جیاتی ئەوەی ببێتە گەڕانێک بە نێو هزر و وێژە و زمانێکی پاک و پاراو و خۆشی وەرگرتن، بووە دەستنیشان کردنی وشەی عەرەبی و هەڵە و پەڵەی زمانی وەرگێڕانەکەی.

بەداخەوە، کە (ئەحمەدی مەلا) ماندووبوونەکەی کردووە و رۆمانێکی وەرگێڕاوە، کەچی بەو هەموو هەڵەوە چاپ ببێت. هەروەها بەداخیشەوە کە جگە لە هەڵەکانی زمان و چاپ کردن، ئەو هەموو وشە عەرەبییە ترنجراونەتە نێو وەرگێڕانە کوردییەکە. چەندی بیریشم لێ کردەوە هۆکارێکی وام نەدۆزییەوە بۆ ئەوەی بیکەمە بەڵگەیەک تا رەوایەتی بدەمە (ئەحمەدی مەلا) بۆ بەکارهێنانی ئەو هەموو وشە عەرەبییانە. جگە لەو بەرهەمە من نووسینی تری (ئەحمەدی مەلا)م خوێندوونەتەوە، رۆمانی( پەناهەندە) بە نموونە ئەویش وشەی عەرەبی زۆری تێدابوو، بەلام بەو رادەیە نەبوو، هەروەها لەوێدا زمانی خۆی بوو، وەرگێڕان نەبوو، وەلێ ئەوە کاری وەرگێرانە. واتە (ئەحمەدی مەلا) لەو بەرهەمەدا بە هۆشی وەرگێڕ کاری کردووە، نەوەک بە هۆشی نووسەر. بۆیە پێویست بوو کوردییەکەی باشتر و رەوانتر بووایە.

بەداخەوە پەرتووکێکی خراپ، لە وەرگێڕانی ئەحمەدی مەلا و دەزگەی غەزەلنووس کەوتە بەردەستی خوێنەران، 

پێشنیار دەکەم، ئەو پەرتووکانەی نەفرۆشراون، (ناوەندی غەزەلنووس) کۆیان بکاتەوە و بیانسووتێنێت، لەگەڵ (ئەحمەدی مەلا) بە پەرتووکەکەدا دابچنەوە و هەڵەکان راست بکەنەوە و جارێکی دیکە چاپی بکەنەوە.

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.