Skip to Content

Saturday, April 20th, 2024
لە باوەشى هەڵوەرینا چەپكىَ خۆتم بۆ بهێنە

لە باوەشى هەڵوەرینا چەپكىَ خۆتم بۆ بهێنە

Closed
by November 2, 2008 ئەدەب

 لە باوەشى هەڵوەرینا چەپكىَ خۆتم بۆ بهێنە
 
 من لە ناو رۆحى سێبەردا
 بە دواى سیماى خۆما وێڵم…
 كەچى لە جنسى رەشەبام!
 باوكم جێماوى پایزە و دایكم رەنگى زەردى گەڵا
 منیش وەرین لە رۆحمایە و
 دەمبات بەرەو وەرزى مەرگ!
 لە شوێن پێى جێماوى باران
 چیرۆكى ئەم هەڵوەرینە دەخوێنمەوە.
 كەچى خۆم نوقمى غەریبم !
 هەڵوەرینم لێدەبارىَ
 
 *  *  *
 تۆ بۆ كوىَ چووى ؟
 ئەم وەرینەت بەرەو كوىَ برد
 
 *  *  *
 من لە سەحەر سیماى عاریفێَك دەبینم
 كە دەیەوێت، ژیان پڕكات لە رەنگى ئاو!
 كەچى عیشقىَ سەراپاى ژینى تەنیوم.
 لێناگەڕى بێمەوە ناو رەنگى ژیان!
 من لە خۆمدا…
 چیرۆكێم هەڵگرتووە پڕاو پڕە لە بوونى تۆ.
 لە رۆحى غەریبى تۆشدا…
 مەرگى من سەماى خۆى دەكات!!
  كەچى وەرین بە دەور پەیكەرى بێرۆحى ئەم رێبوارە بێ رێگاوە خۆى لول دەدات.
  هەتا نەخشىَ لەسەر رۆحى وەریوى ئەو دروستبكات.
 بەڵام پەیكەر خۆى لێونە!
 
 *  *  *
 تۆ بۆ كوىَ چووى؟
 ئەم غەریبییە رۆحى خواردى
 
 *  *  *
 بە هەناسەى تەمەنێكى هەڵوەریودا
 نامەیەكم بۆ بنێرە..
 باس لە پەیكەرى خوا بكات!
 یەكەم حەرفى… سەرپۆشە رەشەكەى دایكم.
 دووەم حەرفى… كراسە ئاودامانەكەى گوڵمێخەكى ئەو دیو پەرژین.
 سێیەم حەرفى… یاداشتى شەوى پایز بىَ.
 ئەو شەوانەى لە باوەشى ماریانادا
 گەڵاى درەختەكانى شار  دایدەپۆشین!
 
 *  *  *
 تۆ بۆ كوىَ چووى؟
 گەڵاى عومرت بەجێماوە و لەگەڵ رۆحما سەما دەكات
 
 *  *  *
  من لە هەتاو مەرگ دەچنم!
 لە تریفەى مانگە شەویش …
 سیماى وەریوى ئەم عیشقە بەدیدەكەم..
 كە بە دیار تەرمى دۆعاوە..
 چارەنوسى داهاتووى خۆى لە خاچ دەدات!
 من لە دەنگى پێى بارانا
 ئاوازى وەرین دێتە گوێم!
 كە بە پیانۆى دەستى خودا..
 هەر خەریكى ژەنینى گۆرانى خەمە!
 را مەمێنە …. ئەمە ئافاتى وەرینە!!
 لەم مەملەكەتە بێڕەنگە.
 ئەمشەو  بە تاوە بارانێك…
 ماچىَ تەڕم بۆ بنێرە!
 تا وەك تەسبێحەكەى دایكم
 زیكرێكى نادیار پىَ بكەم…
 خۆم و خواى خۆم لە ئامێزى یەكتریدا..
 ماچبارانى ماریاناى روتى غەریب كەین…
 كە ئێستا لە غەریبیدا
 رۆحى سەرچۆپى مەرگ دەگرێت!
 من لە مەرگا یاداشتى عیشقێك دەنووسم
 كە لێو رێژە لە  ماناى فەوتاوى ژیان!
 لە گریانا چیرۆكێكت بۆ دەنوسم…
 كە لێو رێژە لە داڕمان!
 
 *  *  *
 تۆ بۆ كوىَ چووى ؟
 ئەم هەموو خەمەت بۆ كوىَ برد؟
 چ مەملەكەتێك دەتوانێت…
 ئەم هەموو خەمە هەڵگرىَ ؟
 
 * * *
 لەو كاتەوەى كە سوپاى تۆ
 رژایە پێدەشتى رۆحم …
 ئیتر  وێڵى یەخەى گرتووم!
 ئیتر عاشقى وەرینم…
 ئیتر وەرین بۆتە ناسنامەى رۆحى من!
 ئیتر وەرین وەك جادوویەك.
 رۆحى منى یەخسیر كردووە و نامپەرژێتە سەر بوونى خۆم.
 ئیتر وەرین بۆتە مارشى ژیانى من!
 
 *  *  *
 تۆ بۆ كوىَ چووی ؟
 لە ناو باران دەتوێیتەوە و لە ناو شەپۆلى دەریاكان
 تەنیا خەندەت جێدەمێنێت !
 
 *  *  * 
 تۆ بۆ كوىَ چووى ؟
 ئیتر ژیان لێت ناپرسێ
 بۆ هەمیشە ونت دەكات
 بۆ هەمیشە لەزاكیرەى دێیتەدەرىَ و لە بیر دەكرێیت.
 
 *  *  *
 تۆ بۆ كوىَ چووى؟
 بەو كۆڵە پڕ غەریبییەوە روت لە كوىَ كرد!
 
 
 
 رێبوار رەزا چوچانى                                               هەولێر  30/10 / 2008
 
 Rohani1983@gmail.com
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.