Skip to Content

Friday, April 19th, 2024
لە ساڵیادی کۆچی دوایی مامۆستا شێخ عیزەدین حوسێنیدا

لە ساڵیادی کۆچی دوایی مامۆستا شێخ عیزەدین حوسێنیدا

Closed
by February 14, 2013 گشتی

 

لە ساڵیادی کۆچی دوایی مامۆستا، چەند قسەیەک لەگەڵ دەسەڵاتدارانی باشووری کوردستان

 

 

 

رۆژی ٢٢ی رێبەندان دوەمین ساڵیادی کۆچی دوایی رێبەری تا سەر ئەمەگناس بە ئامانجی گەل و نیشتمان یادزیندوو “مامۆستا شێخ عیزەدین حوسێنی”بوو. بێگومان مامۆستا لە دەگمەن رێبەرانی نەتەوەی کورد و بگرە لە ئاستی ناوچەدا، کە نە لەکاتی ڕیبەریی کردنی بزووتنەوەی جەماوەریی رۆژهەڵاتی کوردستان لە سەر هیچ کام لە داخوازە رەواکانی گەل سازشی کرد و نەش سەرەڕای ئەوەی خۆی باوەڕمەند بە ئیسلام و تەنانەت پیاوی ئایینی بوو، ملی بە کۆنەپەرستی و ئیسلامی سیاسی دا. مامۆستا تەنانەت پاش سەرکوتی بزووتنەوەی جەماوەریی خەڵک، زۆر ساکار و بێ ئیدیعا ژیا و بەردەوام باوەرە پێشکەوتنخوازانەکانی خۆی بەرۆژ کرد. کە ئاخرین نموونەی وتووێژە مێژوویەکەی بوو لەگەڵ تەلەفزیونی بی‌بی‌سی. بە مەرگی مامۆستا نەەوەی کورد یەکێک لە ئەمەگدارترین رێبەرانی بزووتنەوەی جەماوەریی خۆی لەدەسدا. بەڵام ناو و یادی و بەتایبەت هەڵوێستە بوێرانە فەلسەفی و سیاسی‌یەکانی مامۆستا هەمیشە زیندون و چرا و روناک کەروەی رێگەی تێکۆشەرانی راستەقینەی گەیشتنی گەلی کورد بە مافی دیاریکردنی چارەنووسی و دادپەروەریی کۆمەڵایەتین.

مامۆستا پێش مەرگی خۆی وەسیەتی کردبوو کە تەرمەکەی لە کوردستان بنێژرێت. بۆیە پاش چەند رۆژ تەرمی مامۆستا گوێزرایەوە بۆ باشووری کوردستان. بڕیار وا بوو لە رێورەسمێکی شیاودا مامۆستا لە گردی سەیوانی شاری سڵێمانی بەشێوەی کاتی و تا ئازادیی رۆژهەڵاتی کوردستان بنێژردێت، بەڵام زۆر بەداخەوە ، دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان و لە سەوویەوە یەكێتی نیشتمانی، پێش رێوورەسمەکە، هەئیەتی بەڕوەبردنی رێورەسمی ناشتنی تەرمی مامۆستا ئاگادار دەکەنەوە کە تەرمی مامۆستا دەبێت دوور لە خۆپیشاندان و بە بێ بێدەنگی و بەقولی ئەوان  بێ”قەرە بالغی” بەرێوە بچێت .  هەر لەو رۆژەشدا بەداخەوە بەشێوەیەکی گومانئاوای رووداوی ١٧ی شوبات و خۆپیشاندان و تەقەی مەقەری لقی چواری پارتی لە خۆپیشاندەران روویدا. 

لە هەر حاڵ تەرمی مامۆستا بەو شێوەی شێاوی ئەو رێبەرە گەوریە بوو، لە لایەن دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان(پارتی و یەكیتی) نە پێشوازی لێکرا و نە بایەخێک بە رێورەسمی ناشتنی درا. ئەوەش لە کاتێکدا بو کە کاربەدەستانی باڵای دەسەڵاتی هەرێم بۆ کەسانێک بایەخ و کاتیان داناوە، کە یەک لە هەزاری مامۆستا خزمەتی گەل و نیشتمانیان نەکردبوو و جیاوازیی کەسایەتیان زەوی و ئاسمان بوە. 

لە لایەن بنەماڵەی مامۆستاوە بەرێزان ئەحمەد ئەسکەندەری و رەزا مستەفا سوڵتانی دیاریکرابوون رێورەسمی ناشتنی تەرمی مامۆستا لە سلێمانی مودیریەت و جێ‌بەجێ بکەن. پاش گەرانەوەی ئەو بەرێزانە من پێوەندیم لەگەڵ گرتن و وێرای پرسیای چۆنیەتی بەڕێوە چوونی رێورەسمی ناشتنی تەرمی مامۆستا، پەرۆشی خۆم لە هەڵوێستی دەسەڵاتی هەرێم و بەتایبەت یەکێتی بە ئاگاداریی ئەو بەرێزانە گەیاند و داوام لێکردن ئەسڵ و چۆنیەتی جەریانی رێورەسمی ناشتنی تەرمی مامۆستا و تەگەرەکانی پێش بەڕیوە بردنی رێورەسمێک کە شیاوی تەرمی مامۆستا بوایە، بە ئاگاداریی بیرو رای گشتی بگەیەنن. بەڵام بەهەر دەلیلێک بوو، هێجکام لەو بەرێزانە (بە تێبینی خۆیانەوە) ئەو کارەیان نەکرد. ئەڵبەت بەڕێز ئەسکەندەری پاشتر بابەتێکی لەوبارەوە بڵاو کردەوە، بەڵام ئەویش بەداخەوە دوور لەو شەفافیەتی پێویست بوو. شەفافیەتێت کە یەکێک لە بەرزترین تایبەتمەندیەکانی مامۆستا بوو.

من دڵنیام دەستی چەپەڵی حکوومەتی ئیسلامی ئێران لە پێشگرتن لە شکۆمەند بەڕێوەبردنی رێورەسمی ناشتنی تەرمی مامۆستا هەبوە و کاربەدەستانی هەرێم راشکاوانە لە لایەن ئەو دەسەڵاتەوە ئاگادار کرابوونەوە کە نەک هەر رێز لە تەرمی مامۆستا نەگرن، بەڵکە لە شکۆمەند بەڕیوە چوونیشی بەرگری بکەن. وەک دیتمان دەسەلاتی کوردی بە پێچەوانەی خواستی نەتەوەی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان جووڵایەوە و پیلانی دەوڵەتی داگیرکەری ئێرانی جێ‌بەجێ کرد . 

ئەو ناهەقی و خۆش خزمەتیە بە دەسەڵاتدارانی ئێران لە کاتیکدا بوو کە دەسەڵاتدارانی باشوور وەک پێشتریش ئیشارەم پێکرد بۆ مەرگی کەسانێک مایە و کات یان داناوە کە بەهیچ لەونێک لەگەڵ کەسایەتیی و خۆشەویستیی مامۆستا بەراوەرد ناکرێن، بۆ نموونە کاتێک غەنی بلووریان دەمرێ و تەرمی دەبەنەوە باشوور، مەسعوود بارزانی بەشداری لە رێورەسمی پێشوازیکردن لە تەرمەکەی و هەروەها ناشتنی دەکات. یا گەر مەرگی یاد زیندوو مەرزیەی فەریقی بێنییەوە یاد دەبینین کە یەکێتی و بەتایبەت جەلال تاڵەبانی چ رێورەسمێکی فەرمی و بایەخداریان بۆ ئەنجام دا. دیار مەبەستی من ئەوە نی‌یە کە بۆچی بۆ ئەوانەی بە نموونە هێناومە وایان کردوە. بەڵکە مەبەستی من ئەوەیە کە بێ هەڵوێستی و کەمتەرخەمیی ئاگاهانە لە ئاست مامۆستا نیشان بدەم.

بێگومان هەم مەسعوود بارزانی و هەم جەلال تاڵەبانی و حێزبەکانیان باش دەزانن کە مامۆستا یەکێک لە خۆشەویسترین ڕیبەرانی مێژووی کورد بوە. ئەو کاتێک گرنگە کە بزانین مامۆستا خاوەن چ هەڵوێستیک لە ئاست مافی کورد بوە و چەندە بۆ ئەو مافانە شیلگیر بوە. جیا لەوەانەش ، مامۆستا رێبەری بزووتنەوەی جەماوەریی بەشێک لە کوردستان بوو و تا ئەو کاتەی خەڵک لە مەیدان دا بوون، رێبەرێکی خۆشەویست و بێ‌بەدیل بوە. ئایا هەر ئەو جێگە پلەیە، حوکمی نەدەکرد دەسەڵاتدارانی باشوور وەک سەرکردە و رێبەرێک قەدری بگرن؟ مەگەر مامۆستا ببوە پیاوی داگیرکەر و لەشکەری داگیرکەری هێنابوە سەر کوردستان ؟ یا ئەوەی شانبەشانی چەکداری داگیرکەر، کوردستانی بە داگیرکردن‌دا؟ دڵنیام رێبەرانی باشووڕ هەر لەبەر هەڵوێستە بوێرانەکانی مامۆستا و روانگە پیرۆز و پێشکەوتنخوازەکانی بوو کە خۆیان لەو بە جیا دەزانی و بە ئاسانی بە پێشوازی خواستی ئێرانەوە چوون. من دڵنیام گەر دەسەڵاتێکی خەڵکی و دڵسوتاوی بەرژەوەندیی نەتەوەیی لە باشوور بوایە، بۆ مەرگی مامۆستا لانی کەم یەک رۆژ ماتەمینی گشتیی رادەگەیاند و بۆ رێزگرتن لەو رێبەرە گەورەیە، ئاڵای کوردستان لانی کەم رۆژێک نێوە هەڵکراو رادەگەیاند و رێورەسمی نآستنی تەرمی بەشێوەی فەرمی بەڕیوە دەچوو و وێرای ئەوەی بەشێوەی زیندوو لە کاناڵە فەرمی‌یەکانی دەسەڵات بۆ جیهان بڵاودەکرایەوە، نوێنەرانی حکوومەت و پارلەمان و بەگشتی دەسەڵات لە گەڵ تەرمەکەی تا گردی سەیوان و ناشتنی هاورا دەبوون. 

بەڵام وەک دیتمان دەسەڵاتی باشوور خۆی لە حکوومەتی ئێران بەنزێکتر زانی تا دڵسۆزێکی وەک مامۆستا. بێگومان ئەو کردەوە ناپەسندەی حکوومەتی هەرێم و بەتایبەت یەكێتی بۆ مێژوو دەمێنێتەوە و فەرامۆش ناکرێت. ئەوەش ئاشکرایە کە ئەو هەڵوێستە نەشیاوە، نەک هەر لە بایەخ و گەورەیی مامۆستا کەم ناکاتەوە، بەڵکە سەلمێنەری ئەو هەقێقەتەیە کە حکوومەتی ئێران تەنانەت لە مەرک و رێورەسمی ناشتنی مامۆستا و رێباز و سیاسەتەکانی وەحشەتی هەیە. وەحشەتێک کە بێگومان تا رووخانی دەسەڵاتدارانی ئێران و گەیشتنی نەتەوەی کورد بە مافی دیاریکردنی چارەنووس،وەک مۆتەکە بەسەری ئەو دەسەڵاتە بەگبەتەوە دەمێنێ. چوونکە یاد و ناو و بەتایبەت رێبازی مامۆستا بۆ هەمیشە لە دڵی مێژوو دا جێگرتوە و لە سەرهەڵدانەوەی بزووتنەوەی جەماوەریی کوردستان رێبوارانی بێشومارن.

یادی ئازیزی مامۆستا بەرز و بەرێز بێت.

 

خەلیل غەزەڵی

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.