Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
لە شارێکى ئێکسپایەردا

لە شارێکى ئێکسپایەردا

Closed

تۆ سێبەرى زریانێ بوى
شەپۆلى گریان هێنا بووى ..
ئەو درەختانەى بێ جل و
بێ نەعل و ..
بێ ساحێب :
لەسەر شەقام جێهێڵراون ..
ئەمە چیە زستان شەختە
هاوین سووتان .. ؟
ئەمە چیە بەهار باران ؟
ئەمە چیە دیکتاتۆرێ ئەڕوخێت و
دیکتاتۆرێ هەڵئەتۆقێ ؟
ئەمە چیە من لەبەر باران
تەماشاى تۆ ئەکەم و ..
تۆیش لەگەڵ هەور ..بەجێم دێڵى ..
ئەمە چیە .. ئەمە چى ؟؟
لە ناوەندى شیعرێکا
ئەڕۆم بۆ لەفە خواردن ..
بۆ چا خواردنەوە .. بۆ خەوتن
تەواوى ناکەم .. نا ..
با شیعرێکى کەم ئەندامیش
هەبێ
چۆن ئەو هەموو مرۆڤە کەمئەندامە هەن ..
با شیعرێکى ناتەواویش هەبێ
چۆن ئەو هەموو پڕۆژە تەواو نەکراوە هەن
کە کۆمپانیاکانیان خراونەتە لیستى
عەمبەروەرێتەوە ..
با شیعرێکى بێ باوک و دایکیش
لە کەلاوەکانا بخەوێ ..
چۆن ئەو هەزاران هەتیوە
لە کەلاوەکانا ئەخەون

با شیعرێکى سواڵکەریش هەبێ ..
ئەمە چیە ئەم هەموو
شیعرە تێر و پڕە
ئەم هەموو شیعرە ئوتوکراو و
بۆینباخ لە ملە ..کە لەگەڵ قرَقێنەیەکى
پڕ لە ئیسپرتۆدا باسى بورجى ئیفڵ و
پەیکەرەکەى دانتى و ڤێرگیلى
بۆ مناڵە بۆیاخچێکانى
سەعە تاکۆیى و شێخەلڵا ئەکەن و
ش ە ر م ە ز ا ر
نابن …
من بۆ یەکەمجار شیعرێک
بە دارشەقەوە
ئەنێرمە بەردەم مزگەوتى گەورە
بۆ ئەوەى تەسبیحى قەزوان
بفرۆشێ و
کەل و پەلى هەڕاجکراو بباتەوە ..
ئەو خواردنانە بخوات
کە چوار ڕۆژیان ماوە ئێکسپایەر بن ..
سەیرى ئەو کچانە بکات
کە لە بازاڕى کۆنە
بە دواى تەنورەى
مارلین مۆنرۆ و
کلى چاوى سۆفیا لۆرینا
ئەگەڕێن ..
ئێوارانیش بەو کۆستەرانە بڕواتەوە
کە دوکەڵ پێشکەشى شار ئەکەن و
قوڕ و چڵپاو ئەپرژێنن
بە ڕوخسارى
ئەو شۆستانەى کە بۆ ئەوە دروستکراون
شار ناشیرین بکەن ..
ئەمە چیە ئەم شیعرە لووتبەرزە
بۆیاخکراوانە
لەو کچانە ئەچن کە نیوە رووتن و
ڕازیش نین
کەمئەندامێک چاوێکیان لێ
د ا بە گ ر ێ ..
ئەوە چیە ئەو هەموو شیعرە بێ مانایە
لەو کچانە ئەچن کە تاکو شەشى
ئامادەییان خوێندووە
کەچى نازانن جیاوازى
نێوان مۆزارت و شکسیبیر چیە
نازانن جیاوازى نێوان
هیتلەر و بۆدلێر چیە …
من چى بکەم لە شیعرێک
کە هێشتا شێخەلڵا و
بازاڕى کۆنەفرۆشى گەورەى
نەدیوە ..
من چى بکەم لە شیعرێک
کە هێشتا پەنجەیەکى
بە پشکۆى تەمووز
ه ە ڵ ن ە و ە ر ی و ە…
لەناو مۆنیکا و پاجیرۆدا لە دایک بووە و
نێرگەلەى مۆز ئەکێشێ ..
ساڵى دووجار ئەچێ بۆ لوبنان و
تامى – تامى بە کوکوختیەکانى سەر گومەزى
موفتى و حەمامى
پارکى منارە ئەکات ..
مانگ جارێ تاقمى دانیشتن 3
ئەگۆڕێ و
دەستەکانى بۆنى دەستى
وەزیرەکانى لێ دێ ..و
ڕۆژى دوو جار
خ ۆ ى ئ ە ش و ا ….
شیعرێک ئەخەمە بازاڕەوە
لە گەڕەکە بێ تاپۆکان بژى و
هێشتا برنجى بایعى بخوا ..
هێشتا نە مۆڵەتى شۆفێرى هەبێ و
نە پەساپۆرتى ئەى ..
من بۆ یەکەمجار هۆنراوەیەک
بە ڕانک و چۆغەوە ئەخەمە
بازاڕەوە ..
نە شۆرتى سێ چارەک بزانێ و
نە ڕاپ و دیسکۆ ..
من بۆ یەکەمجار هۆنراوەیەک
بە کیسە و سەبیلەوە
ئەنێرمە کوردستان ..
بە بەردە ئەستێ جگەرە
داگیرسێنێ و ..
بە سەبیلێکى دار قەزوان
نەفەس وەربگرێ …
ئەمە چیە فیرعەونێ ئەڕوا و
کیسرایەک دێتە جێى ؟؟
من بێزار بووم لە بینینى
ئەفلام کارتۆن و
زنجیرەى دووسەد ئەڵقەیى ..
من بێزار بووم لە ڕیکلام و
یانەسیب و
کەل و پەلى ئێکسپایەر ..
دڵم تەنها بە تەنیایى خۆشە ..
تەنیایى فێرى زۆر شتى کردووم ..
فێرى هێمنى ..
فێرى خەوتن ..
فێرى وازهێنان لە چاوەڕوانى ..
فێرى وازهێنان لە شەڕ ..
فێرى گاڵتە هاتن بە دیموکراسى..
فێرى قەشمەرى هاتن بە مافى مرۆڤ ..
بە ئازادى
خسوسەن ئازادى ڕادەربڕین
ئازادى ئەوانى تر سەر بڕین ..
تەنیایى فیرى زۆر شتى کردووم
بێ تاقەتم ..
بێ تاقەتتر لە بێتاقەتى ..
لە تەنیشت تەرمى گەڵایەکا
چاوەڕێى جاڕى گەردوونى بەهار ئەکەم
لە تەنیشت خۆڵەمێشى دارێکا
چاوەڕێى جاڕى گەردوونى مافى درەخت ..
جاڕى گەردوونى مافى مریشک
مافى باران..
چەندە بێ ئاگاین لەوانى تر ..
چەندە بێ ئاگاین لەو گەڵایانەى
بە هێمنى گیان ئەدەنە
دەستى خەزان ..
بە بێ میرات
بە بێ بڕوانامەى مردن ..
ئەو دنیا هەڵماقۆیە
ب ە ج ێ د ێ ڵ ن ..
ئێمە لەسەر زامى ئەوانى تر
یارى مرۆڤایەتى خۆمان ئەکەین ..
ئێمە لە ژانى ئەوانى ترا
باسى ڕەسەنایەتى خۆمان ئەکەین
ئێمە لە ژانى ئەوانى ترا
باسى ڕەسەنایەتى خۆمان ئەکەین ..
ناتوانین تێبگەین لەوەى
ئەم دنیایە تەنها بۆ ئێمە
دروست نەکراوە ..
چۆلەکەیەکیش حەقى خۆیەتى
هێلانەى تیا دروست بکا ..
ناتوانین بڕوا بەوە بێنین
کە ژیان لەسەر ئێمە تاپۆ نەکراوە ..
خاڵخاڵۆکەیەکیش بۆى هەیە
جگەرەى تیا بکێشێ ..
لاى هاوین غەیبەتى بەهار ئەکەم
پێى ئەڵێم : زۆر بە لوتبەرزیەوە
هاتە شارەوە و
بە بێ تەقەیش چۆڵى کرد ..
پێى ئەڵێم : هێشتا باڵى پەپولە
واڵا نەبوو بوو ،
ئەو شارى چۆڵ کرد ..
لاى هاوین غەیبەتى بەهار ئەکەم
پێى ئەڵێم : نیو پیاڵە چاى خواردەوە و
بە پێى پەتى ڕاى کرد و ..
هەزاران خونچەى دایە دەست سوتان ..
هەزاران زەڕنەقوتەى
دایە دەستى مێروولە ..
ئاخر بۆ .. وا ئەکەى ؟ بۆ .. ؟
هاوین سەر ئەلەقێنێت و
لێوى وشک و برنگ ،
چاوەڕوانى تۆپى ڕۆژوو شکاندنە ..
بە درێژایى ئەو ڕێگایە
لە خۆڵ و خاشاک زیاتر
دوو باڵم نەدى لێک بدەن ..
لاى زستان غەیبەتى پاییز ئەکەم
پێى ئەڵێم : هێشتا شیعرێکمان نەنوسى بوو
دیوانەکانى پڕ کردین
لە وشکە ساڵى ..
پێى ئەڵێم : هێشتا چایەکمان
نەخواردەوە ،
ئاگرەکەى کوژاندەوە و
سفرە و خوانەکەى کۆکردەوە ..
ئەى هەور ..
چیدى مەبە بە حیمایەى
ئەو ….
هێشتا کانییەکمان نەدابووە
بەر تریفەى مانگە شەو
تۆوى بیابانى تیا ڕواند ..
هێشتا دەستمان نەکردبوو
بە گۆرانى ..
سڵاوى جمهورى لێدا و
بەرنامەکانى تەواو کرد ..
لەلاى بەهار غەیبەتى هاوین ئەکەم..
هێشتا گوڵمان نەکردبووە ئینجانە
پشت ملى پڕ کردین لە خوێ ..
هێشتا سەیرانێکمان نەکردبوو
نۆبەرەى کوللەى پێکردین ..
هێشتا جۆلانێیەکمان بۆ
مناڵێک هەڵنەواسیبوو
گێژەڵوکەى خۆڵى پێناساندین ..
– کوردى خێر نەدیو ..
عەجاجى لمى جنوب ..
من تا ئێستا گوڵێکم نەناسیوە
بە دڕک تەوقەى لەگەڵ
نەکردبم ..
من تا ئێستا بەهارێکم نەناسیوە
بە کوللە سڵاوى لێنەکردبم ..
لەبەر زۆپاى زستانێ
دانەنیشتم
وشکەساڵى و
جەنگ خامۆشیان نەکردبێ ..
لاى دوکەڵ غەیبەتى ئاگر ئەکەم ..
بەو حاڵە تا توتنمان وێڵ کرد
کەچى سنگى پڕ کردین لە تاریکى ..
تاراى بوکى بۆ کردین بە باڵى قەلە ڕەشکە ..
لاى خەم غەیبەتى فرمێسک ئەکەم
هێشتا کانى لادێکانمان نەتەقیبوون
ئەو لە چاومانا خۆى تەقاندەوە ..
لاى سەفەر غەیبەتى جانتا ئەکەم
هێشتا بڕیارى مەنفامان نەدابووە
ئەو خۆى کردە کۆڵمان ..
ڕێگایەکى دوور
کە ماندوێتى لێئەتکێ ..
بە خۆڵ تەیەموم ئەکا ..
لاى منارە غەیبەتى گومەز ئەکەم
لەگەرمەى ئەنفلۆنزاى باڵندەدا
ئەو نەیتوانى دڵى کۆترە شینکەکان بشکێنێ ..
لاى پیریى غەیبەتى مناڵى ئەکەم
هێشتا زۆر یارى مابوون نەمکردبوون
جووتێ سمێڵى زبر و
ڕیشێکى خۆڵاوى بە ڕوخسارمەوە لکاند و
هۆدە و هەیوانەکانى دڵمى
پڕ کرد
لە
ک چ ..

شیعرى / نەوزاد بەندى

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.