Skip to Content

Friday, April 19th, 2024
لە كوردستاندا : تەڵاق روو لە زیادبوونە !

لە كوردستاندا : تەڵاق روو لە زیادبوونە !

Closed
by May 18, 2008 گشتی

  توێژەری كۆمەڵایەتی حه‌مه‌ی ئه‌حمه‌د ره‌سوڵ……
 
 هەر کۆمەڵگایەک بەدۆخ و حاڵەتى وەرچەرخان و گۆڕانکاریدا تێپەڕێ ، چڕنووکى بێسەروبەرەیی و گەندەڵى سیاسی و ئیدارى و ئابوورى بێکاتى و تەواو سەروسیمای هەڵپاچێ ، بێگومان بە کە دوچارى زۆرێک لە کۆسپ و ئاریشە کۆمەڵایەتییەکان دەبێتەوە ، پەرەسەندنى دیاردە قێزەون و خراپەکان دەبنە هۆى لەناوچوونى بەشێکى زۆر لەسەرمایە ماددى و مەعنەوى و مرۆییەکان لەکۆمەڵگادا … تەڵاق کە ئەنتى پرۆسەى هاوسەرگیرییە و هێمایە بۆ داڕمان و روخان ، کۆڵەکەى پتەوى خێزان دەڕووخێنێ ، لێک ترازان لەشوێنى یەکگرتن دادەنێ ، کاریگەرى نێگەتیڤى و خراپ بەسەر تاکەکانەوە جێدێڵێ ، پەرتەوازەبوونى ژن و مێرد ماکى کوشندەى لێدەکەوێتەوە ، پێشبینى پرۆژەى خۆکوژى لێدەکرێ ، رەنگە دزى و بەرەڵابوون و لادانى منداڵانى لێپێک بێت ، رەنگە لەشفرۆشی یان لەشکڕینى بەدوادابێت کە هیچیان لەوى دیکەیان کەمترنییە ، لەوانەیە گەدایی و دەرۆزەى سەرشەقام و نێو کۆڵانە بێ بەزەییەکانى کوردستانى ئازاد لەگەڵ خۆیدا بێنێ ، پێدەچێت و زەمینە خۆشە کەیەکێ لەو هاوسەرانە (تەڵاقدراوەکان )ببنە ئالوودەى ماددەسڕکەر و هۆشبەرەکان !
 شایانى وتنە ، تاکۆتایی سەدەى نۆزدەش ، تەڵاق ، لەئەوروپادا قەدەغە و یاساغ بووە ، چونکە کڵێسا دژ بەکردارى تەڵاقدان و جیابوونەوە بووە ، بەڵام دواى شۆڕشی پیشەسازى و گەشەسەندنى ئابوورى و کۆمەڵایەتى لە وڵاتە پێشکەوتووەکانى دونیاى رۆژ ئاوادا رێژەى تەڵاق روو لەبەرزبوونەوەیە …ئامارەکان وا دەردەخەن کە لەدواى پەنجاکانى سەدەى بیستەمەوە ئەم پەتایە چارەکى خێزانەکانى هەریەک لەئەمەریک و بەریتانی و سوید و فەڕەنساى گرتبووەوە .
 بەپێی بۆچوونى پسپۆڕ و شارەزایان ، یەکێک لەفاکتەرە هەرە گرنگەکانى بەرزبوونەوەى رێژەى تەڵاق ، ئازادبوونى ئابوورى ژنان و چوونە دەرەوە و کارکردنى ژنە شانبەشانى پیاو .. سەربەخۆ بوونى ئابوورى و کارکردنى ئافرەت لەدەرەوەى ماڵ و خێزاندا ، زللە و تووڕدانى ژنە لە رەشەبای داب و نەریت و ناو و ناتۆرەى کۆنە پارێز و چەقبەستووى کۆمەڵگا ، گوێنەدان بەپلارى خەڵکى بۆ چوونەدەرەوەى ژنان یەکەمین هەنگاوە بۆ وەلانانى نۆرمى کۆمەڵایەتى دواکەوتوو ، هەروەها گوێنەدانى ژنە بەچەمکەکانى وەکو (ژنى تەڵاقدراو) یان (بێوەژن) یان سڵەمینەوە لەوشەى
 (تەڵاق و جیابوونەوە) دواجار ئەم رەفتارە بوێرە ، بیرکردنەوە و هزرى خراپی خەڵکى سەبارەت بەوشە گەلێکى زۆر و لەوانەش چەمکى تەڵاق کاڵتر و کەمتر و بێهێزتر دەکاتەوە … بەئاسایی وەرگرتنى تەڵاق و جیابوونەوە و ژنى تەڵاقدراو و بێوەژن لەلایەن کەسوکار و گەڕەک و کۆمەڵگاوە هۆکارێکە بۆ بەرزبوونەوەى رێژەى تەڵاق لەکۆمەڵگادا .. نەترسانى ژنان لەوەى ئیدى چۆن بژێوى رۆژانەیان پەیدا دەکەن و دەبنە مشەخۆر بەسەر کەس وکاریانەوە ، هۆکارێکى ترە بۆ قبوڵکردنى تەڵاق و جیابوونەوە …! هەروەها کەمبوونەوەى سەبر و تەحەمول لەنێوان ژن و مێردى نەوەى ئەمڕۆدا (بەتایبەت ئەوانەى کاردەکەن و ماندوون) هۆکارێکى دیکەیە بۆ وەدەرکەوتنى دیاردەى فڕکان فڕکانى تەڵاق ، بیرمان نەچێت لەزۆر دادگاى جیهاندا (تەڵاق) بەرێگە چارەیەک دادەنرێت بۆ کەمکردنەوەى کێشە زۆرەکانى نێوخێزانى مۆدێرن، تەڵاق لەئەمڕۆدا وەکو لەمپەرێک بەکاردێت بۆ رێگرتن لەروودانى توندوتیژى و لێدان و کوشتن بە تایبەت لەو خێزانانەدا کە بەپەلە روویداوە و لەیەکترى نەگەیشتوون و وەکو دوو تەن و جەستەى نامۆ مەحاڵە ئاوێتەببن ، کە ئەمەش بەئاسانى لەزۆر خێزانى نوێ و هەرزەکاردا دەبینرێ …!
 مۆدێلێکى نوێ لەکچانى جوان و دەوڵەمەند هاتوونەتە ئاراوە ، کە داخوازى و داواکارییان لەکوڕانى زاوا زۆرە و لەبن نایەت ، کەجارى وا هەیە هەر لاى زەڕەنگەر یان دواى مانگى هەنگوینى لێکترازاون و تاڵى و شەڕ و شۆڕ جێی شیرینى و خۆشەویستى و ئاسوودەیی گرتۆتەوە ..!
 فاکتەرەکانى ئەم دیاردەیە ، هۆکار گەلێکن و تەنها لەسەر زەبرى یەک هۆکار یان فاکتەر نەوەستاوەتەوە ، بەڵکو کاریگەرى دۆخى ئابوورى و هەژارى و کۆمەڵایەتى و کەلتوورى و دەروونى و داب و نەریت و یاس و رێساکان و تەنانەت کەسێتى تاکى نێو کۆمەڵگاش وەکو رۆژى روناک بەسەر بونیاد و پتەوى خێزان و هاوسەرگیرییەوە دیارە ، هۆکارێکى دیکەى (تەڵاق) گوزەرانى ناو شار و گوندە ، ژیانى ناو شارەکان و
 جەنجاڵى و زۆرى داخوازى و خەرجییەکانى جودایە لەژینى نێو دێهاتەکان !
 پێش جەنگى ناڕەواى عێراق و ئێران ، رێژەى پرۆسەى هاوسەرگیرى بە رادەیەکى زۆر لەئارادا بووە و تەڵاق زۆر دانسقە و تاک و تەرابووە ، دواى ئەو جەنگە پرۆسەى خێزان دروستکردن بەتەواوى راوەستاوە و رێژەى تەڵاق رووى لەبەرزبوونەوەبووە ، بەتایبەت لەشارەکاندا کە گرفتى ئابوورى و ناهەموارى سیاسی و پەرتەوازەیی و مردن و کوژرران و هەڵاتن هاتۆتە ئاراوە .. هەروەها دوورى پیاو لەژنەکەى ، بەداخەوە دیاردەى لەشفرۆشی و خیانەتى بەدواى خۆیدا راکێشاوە ، کە بێگومان رق و کینە لەشوێنى خۆشەویستى دادەنێ و تەڵاق چاوى زەقى تێبڕیوون …! پاش ئەو جەنگە ، جەنگێکى دژوارتر هەڵگیرساو پاشان کۆڕەوە ملیۆنییەکەى کوردستانى بەدواداهات کە بەتەواوەتى پرەنسیپ و رێساو قاڵبی خێزان و پەیوەندى و هەست و سۆز و خۆشەویستى لەنێو تاکەکان و ئەندامانى خێزان و کۆمەڵگاى کوردیدا سەرەونخون کردەوە و دیوەجوانەکەى فەرشی ژیان و ماڵى هەڵگێڕایەوە و هەتاکو ئێستاش دیوە دێزەکەى لەگەڵماندا دەژی ، کەجێی داخ و حەسرەتە ..!! لەراستیدا لەکوردستاندا تەڵاق لەدێهاتەکاندا بوونى نەبوە و کەلتوورى سەردەست رێگەى بەجیابوونەوە و تەڵاق نەداوە ،بەڵام دواى راگواستن و وێرانکردنیان و تێکەڵ بوونیان لەگەڵ شارەکاندا ، ئەوانیش لێکترازان و تەڵاق و پاشاگەردانى یەخەى گرتوون ، بەڵام هەر کەمترە لە دانیشتوانى شارەکان …
 رێژەى بەرز و ماراسۆنى خێراى تەڵاق ، لەنێو لاواندا زۆر بەربڵاوە ، خێزانى نوێ داواکارن ماڵى جود و جیایان هەبێت کەهەقى خۆیانە ، بەڵام گرفتى دەستەبەرکردووە ، نەبوونى خانووى سەربەخۆ و گرانى خانوو بۆ کڕین و ئاگرکردنەوەى کرێی مانگانەى خانوو +پێشەکییەکى خەیاڵى کە درزێک ئەخاتە نێو دڵى سۆز و خۆشەویستى و ئاسوودەیی ئەو خێزانانەوە .. چونکە کێشەى کرێى مانگانەى کرێچێتى و پەیوەندى خراپی نێوان خاوەن خانوو لەگەڵ کرێچیدا زۆر سست و لاواز و خراپە ، گرفتى ئابوورى و کۆمەڵایەتى و دەروونى فەراهەم دەکات ، پەندى " کاسەى پڕ ئاشتى ماڵە " قڵپ دەکاتەوە و فشار و زەبرى دەروونى و ئابوورى دروست دەکات ، کە دواجار تەڵاق جیابوونەوەى بەرێژەیەکى ئەوتۆى لێدەکەوێتەوە .
 ماڵى جیاى هاوسەرگیرانى گەنج و هەرزە ، لەدڵى گەرم و رێنوومایی و ئامۆژگارى دایک و باوکانى هەردوو هاوسەرەکە بێبەش دەکات ، کەلە گرفتى رۆژانەدا وەکو دادوەر و خەمڕەوێن دێنە نێوانیانەوە و بڕیارى تەڵاق و جیابوونەوە دوادەخەن یان هەر لایدەبەن لەمێشکى هەردوولادا .. بۆیە بڕیارى تەڵاق بەدەست زاواى گەنج و تاک و تەنیاوە فڕکە فڕکێتى و هەرەس هێنان و داڕوخان بەدەستى خۆى دروست دەکات ..! هۆکارێکى دیکە ئەوەیە کە ژن و مێردى تازە و گەنج ، بۆى هەیە کە کەسی سێیەم (کوڕبێ یان کچ) لەبەر جوانى یان دەوڵەمەندى بێتە ناوەوە وهەرەس بەهاوسەرێتییەکە بێنێ ، واتە هەست بە بەرپرسیارێتى نەکردن و نەمان و کەمبوونەوەى ویژدان و لێکدانەوە لاى خەڵکى ئەمڕۆ وایکردووە کە حەزکردن لەپیاو یان لەژن ئاسایی بێت ..!
 شایانى وتنە لەمبارەیەوە گرفتى نەبوونى ئامار و داتاو سەرژمێرى بەڵگەى زانستى و شەقڵى زانستى لەنوسینەکەمان دەسێنێتەوە و بە وتارێکى سەرپێى ناوزەد دەکرێت بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەتوانرێت هەست بەو دۆخ و رەوشە نوێیە بکرێت کەدواى راپەڕین و دواى پرۆسەى ئازادى عێراق ، سەرلەبەرى کایەو دەزگا کۆمەڵایەتى و پەروەردەیی و ئابوورى و.. هتد پاشاگەردانى و قەیرانیان بەخۆوە دیوە ، هەروەها لەئامارێکى یەکێک لەرۆژنامە گرنگەکانى کوردستانى ساڵى (2007)دا ئەوەم بەرچاوکەوت کە لەساڵى (2007)دا ،نزیکەى یانزە(11)هەزار پرۆسەى هاوسەرگیرى ئەنجامدراوە و هەر لەو ساڵەشدا نزیکەى (3) سێ هەزار رێژەى تەڵاق و جیابوونەوە هەبووە ، ئەوە بێجگە لەکەوتنى (یەک تەڵاق) و لەحیم کردنەوەى لەلایەن مەلاو مامۆستا ئاینییەکانەوە کە لەئاکامى تووڕەیی و سوێندخواردن بەتەڵاق هاتۆتە ئاراوە …!
 
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.