Skip to Content

Friday, April 19th, 2024
لە پاگەندەی (كۆمونیست)بوونەوە بەرەو (پان- ناسیوناسیونال- فێمینیزم)…2

لە پاگەندەی (كۆمونیست)بوونەوە بەرەو (پان- ناسیوناسیونال- فێمینیزم)…2

Closed
by June 12, 2013 ژنان

 

 

 

 

 

خوێنەری ھێژا، ئەم نووسینەی بەردەستتان، ڕەخنەیەكە لە ئایدیۆلۆجیای فێمینیزمی بۆرجوازی، كە چەند ساڵێكە ژنانێك بەناوی ڕزگاری ژنانەوە، بە شێوازی جۆراوجۆر دەخوازن لەنێو بزووتنەوەی یەكسانی و ڕزگاری ھەمەلایەنەی ژنان و پیاواندا، بەرجەستە و جێكەوتەی بكەن. ھەرچەندە لە ساڵانی ڕابوردوودا بە وەڵامدانەوەی چەند كەسێك لەو ژنانە و تەنانەت پیاوانێكیش، كە وەك ھەوڵی فریوكاریی یا چاولێگەریی لەو بارەدا قۆڵیانلێھەڵماڵیوە، بۆچوونی خۆمم دەربڕیووە، بەڵام لەبەرئەوەی كە بابەتەكەی خاتوو (ھۆزان مەحموود، فۆبیای فێمینیزم لە كوردستان ) فرەتر دێوجامەكەی تەنكتر و لیتەی ئایدیۆلۆجیاكەی خەستتركردووەتەوە، بەپێویستمزانی، وەك نۆژەنكردنەوەی بۆچوون و ڕەخنەكانی خۆم و خستنەڕووی ئەو گۆڕانە شێنیییانەی كە لە بیركردنەوەی خۆشمدا سەریانھەڵداوە، لەتەك نووسەر و خوێنەراندا بكەومە ئاڵووێری بۆچوون و پێگەییشتنە نوێیەكان.

 

بەشی دووەم

 

” ئه‌م جۆره‌ بیرکردنه‌وه‌ و پرسیارکردنه‌ بووه‌ هۆی ئه‌وه‌ی که‌ بیر له‌ تێکشکاندنی چین وڕێگری و سنورداریە ‌جێنده‌ریه‌کان بکرێته‌وه‌. “

 

جێگەی خۆیەتی بپرسین مەبەست لە ” تێکشکاندنی چین ” چین، چییە؟ ئایا دەرھاویشتنی ژنانە لە نێو چین و توێژە كۆمەڵایەتی و پرۆلیتێرییەكان و چێكردنی قەوارەیەی ڕەگەزییە لێییان، ھەر ئەو كارەی كە زایۆنیزم لە ئایینی جوولەكە، نەتەوەی دروستكرد؟ من ناتوانم لەوە زیاتر لە تێكشكاندنی چین، تێبگەم، ئەوەش بنەمای سەرەكی ھەموو ئایدیۆلۆجیاكانە و بەو جۆرە دەسەڵات بۆ چین و توێژ و دەستەبژێرێك مسۆگەردەكەن !

ئەی مەبەست لە ” سنورداریە ‌جێنده‌ریه‌کان ” چییە، ئایا ژنان وەك ڕەگەزێك زیندەبەچاڵدەكرێن و  لەبەردەم مەترسی سڕێنەوەی ڕەگەزییدان؟ یا ئەم دەستەواژانە وردەبەردی نێو كەڵەكن و ڕۆڵیان تەنیا پڕكردنەوەی بۆشایی ڕستەكانە؟

با كەمێك بگەڕێمەوە سەر ئەزموونی كاركردنی ئایدیۆلۆجیای زایۆنیزم، كە چۆن نەتەوەی دروستكرد و ئەو ئامانجەی كە بەدوایەوە بوو، چی بوو؟ ئەوی خوێندنەوەی بۆ مێژووی بزووتنەوەی كرێكاری و سۆشیالیستی جیھان لە پێش جەنگی جیھانی یەكەمەوە تا دەمی جەنگی جیھانی دووەم، ھەبێت، ئەوە دەزانێت، كە چالاكانی بزووتنەوەی كرێكاریی و سۆشیالیستیی جیھان بەگشتی و ئەوروپا بەتایبەتی و ڕێكخراوترین بەشی كرێكاران، كرێكارانێك بوون، كە لە بنەماڵە جولەكەكانەوە ھاتبوون، بەڵام بە كورترین ماوە، بەھۆی تەشەنەپێدانی ئایدیۆلۆجیای زایۆنیستی و ڕەخساندنی ھەلی دەربازبوون لە كەلاوەكانی جەنگ لە ئەوروپا بەرەو (فەلەستین/ ئیسرائیل) و بەرێكەوتنی وەھا كۆچێك، نەك خۆیانی لە خەبات و  داوا ڕەواكانیان، دوورخستەوە و لە كۆمیونیتییە تازە ناتەباكاندا جێگیری كردن، بەڵكو بزووتنەوەی كرێكاری و سۆشیالیستی كە تەنیا مەترسییەك بوو بۆ سەروەریی چینایەتی براوە و دۆراوەكانی جەنگ، تووشی تێكشكانێك كرد، كە ھێشتاكە لەژێر باریدا پشتی ڕاستنەكردووەتەوە!

 

بەڵێ ھەموو ئایدیۆلۆجیایەكی دەسەڵاتخواز، پشت بەو ئەزموونانە دەبەستێت، كە سەروەریی چینایەتی لەپشت سەرییەوە كەڵەكەیكردوون و بۆی بوونەتە خەزێنە و سامانی چینایەتی. پان-فێمینیزم یا فێمینیزمی بۆرجوازیش، بە ھەمان ئاقاردا دەڕوات و ھەمان ئامانجی لەپێش خۆی داناوە، ساڵانی نەوەدەكان لە كوردستاندا خاوەنی بزووتنەوەیەكی یەكسانیخوازانە [بە ھەموو لاوازیی و ناڕۆشنییەكانیییەوە] بووین و پیاوان زۆرتر لە ژنان خەریكی چالاكیكردن بوون لەپێناویدا، بەڵام چەند ساڵێكە [ھەرچەندە لاواز] ئەو بزووتنەوە بەھۆی  دژایەتی پیاو و گێڕانەوەی ڕیشەی ستەم لە ژنان، لەلایەن فێمینیستانی دەسەڵاتخوازەوە، بۆ ئەستۆی پیاو، سڵەمینەوەیەك لەنێو پیاوانی ئازادیخواز و یەكسانیخوازدا بەرامبەر بزووتنەوەی ژنان دروستبووە و لەوەش خراپتر فێمینیزمی بۆرجوازی زەمینەی بۆ سەرھەڵدان و ھێزگرتنی بزووتنەوەی كۆنەپەرستانەی ڕەگەزپەرستیی لەنێوان پیاواندا ڕەخساندووە. بەڵێ ئەوە ئەو ئامانجەیە، كە فێمینیزمی بۆرجوازی لە دوویەتی و كاری بۆدەكات، ئەویش لێكدابرانی ڕیزی خەباتكارانەی ژنان و پیاوانی ئازادیخواز و ناڕازییە و دابەشاندنیانە بەسەر بزووتنەوەی ڕەگەزپەرستانەی پیاوان و ژناندا، كە دواجار دەسەڵات و دەستەبژێرە دەسەڵاتخوازەكان براوەی دەبن.

لێرەدا بەپێویستی دەزانم، ئاماژە بە دوو نموونە بدەم، یەكەم ڕۆڵی ژنانی كرێكارە لە ڕاپەڕینەكانی جیھاندا بە دیاریكراوی كۆمونەی پاریس و ئۆكتۆبەری ١٩١٧، بەتایبەت ئەمەی دواییان، ئەوە مانگرتنی كارخانەكانی ڕستن و چنین بوون، بوون بە چەخماخەی سەركەوتنی ئەو ڕاپەڕینە. دووەم، خۆپیشاندانەكانی ھەشتاكانی سەدەی ڕابوردوو لە ھەرێمی كوردستان دژی ڕژێمی بەعس، كە ئەگەرچی ھەژماری ژنان تیایاندا كەم بوو، بەڵام دەركەوتنی كچان لە ڕیزی پێشەوەدا ورە و جەربەزیی بە پیاوان دەبەخشی. لەبیرمان نەچێت، ھۆكاری ئەو ئامادەیی و كاریگەرییبوونە لە ئۆكتۆبەری ١٩١٧دا، ئەوەبوو كە فێمینیزمی دەسەڵاتخواز بوونی نەبوو. ھەروەھا لە كوردستانی ھەشتاكانی سەدەی ڕابوردووشدا كەس ناوی نەبیستبوو، بۆیە ژنانێكی خەباتكار، شانبەشانی پیاوان سنگیان بە گولەوە دەنا، بە پێچەوانەی ژنانێكەوە، كە ئەمڕۆ لە سایەی “دەسەڵاتی خۆماڵی”دا خەریكی موتوربەكردنی ئایدیۆلۆجیای دەسەڵاتخوازیی دەستەبژێریین لەنێو بزووتنەوەی یەكسانیخواز و ڕزگاریخوازیی ژناندا. بەم جۆرە دەبینین، ژنان لەو ساتە مێژووییانەدا توانیویانە وزە و ئامادەیی شۆڕشگێرانەیان بسەلمێنن، كە ئامێتەی خەباتی كۆمەڵایەتی بوون و لە بزووتنەوە كۆمەڵایەتییەكاندا چالاك بوون، بەڵام ئەمڕۆ، بە پێچەوانەوەی ئەو ساتانەوە، ژنان بكەر نین و كراونەتە بەركار، چ بە پاشكۆیی بۆ پارتەكان و بزووتنەوە ڕامیارییەكان و دەسەڵات، چ بە پاشكۆییان بۆ ژنانی دەسەڵاتخواز!

فێمینیزمی ڕەگەزپەرست (دژەپیاو) وەك كاردانەوەی ناھوشیارانەی ژنانی ناڕازی، دیاردەیەكی تازە نییە و ھەردەم لە تێڕوانینە گشتگیر و ستریۆتیپەكاندا ئامادەبووە و لە یاداوەریی ھەموومان و لە ئێستاشدا ڕۆژانە ئەم دەستەواژانە زۆر دەبیستینەوە “پیاوان، ھەموو ھەر ئاوان”، “پیاوان، چاكیان تێدا نییە”، ” پیاوان، وان ” و وا و وا … تد. ئەمە سەرەتاكانی فێمیزمی دژەپیاون، كە بەرھەمی ناھوشیاریی و تێڕوانینی كورتبینانەی جێكەوتەن و زەمینەسازی فێمنیزمی دەسەڵاتخوازن، ئەوەی كە ئەمڕۆ دەخوازێت، ھەموو ئەو نایەكسانییانەی كە دەسەڵاتی كولتووریی و ڕامیاریی چێكەر و ڕاگریانن، بۆ پیاو بگێڕێتەوە و ئاراستەی خەباتی ژنانی ئازادیخواز لە دژە-سەروەرەوە بۆ دژە-پیاو، وەربگێرێت!

بە بۆچوونی من لە باری یەكەمدا، ئاساییترین و سروشتیترین كاردانەوەی ناھوشیارانەیە، بەڵام لەوێدا كە دەبێتە زەمینەسازی میكانیزمەكانی جیاخوازیی و سەرھەڵدانی توندوتیژی و دواتر ھەڵخڕاندنی لەلایەن ژنانی دەسەڵاتخوازەوە، ئیدی لە كاردانەوەی ناھوشیارانەی نارازییانەوە دەگۆڕدرێت بۆ ئایدیۆلۆجیای جیاوازیساز، كە بێجگە لە خزمەتكردن بە درێژبوونەوەی دەسەڵاتی كولتووریی و دەسەڵاتی ڕامیاریی و سەروەری ھەندێك بەسەر ھەندێكی دیكەدا، ھیچی دیكە بەرھەمناھێنێت و ژنان لە سایەیدا ھیج یەكسانی و ڕزگاریی و سەربەخۆییەك مسۆگەر ناكەن، بەپێچەوانەوە، ئاو بەو ئاشەدا دەگەن، كە ڕەگەزپەرستیی پیاوان، چەند سەدەیە خستوویەتییە گەڕ، بەتایبەت لەو كاتەوەی كە ئەو ڕەگەزپەرستییە ڕامیارییكراوەتەوە و پێكھاتە ڕامیارییەكان وەك ئامرازی پاراستن و درێژەپێدانی، كاری بۆ دەكەن و برەوی پێدەدەن!

” ژنی کورد له‌ باشوری کوردستان له‌ 22 ساڵی ڕابردوه‌وه‌ توانیوه‌یه‌تی ڕێکخراو بیت. زۆرێک له‌م ڕێکخراوانه‌ به‌ ده‌ست پێشکه‌ری پیاوان وته‌نانه‌ت پڕۆگرامه‌کانیشیان له‌لایه‌ن پیاوانه‌وه‌ بۆ ده‌نوسرا.. “

پێشتر وەڵامی پرۆگرامنووسینی ڕێكخراوەكان لەلایەن خودی ژنانەوە، دایەوە، كە ناتوانێت مەرجی سەرەكی سەربەخۆیی و ڕادیكاڵبوونیان بێت. بەڵام حەزدەكەم لە خودی نووسەر بپرسم، ئەی چۆن بوو خودی (ئەو) ٢٠ ساڵ لەو ٢٢ ساڵەدا، ملی بە پرۆگرامە ئامادەكراوەكانی پیاوان دا و بە ھەموو شێوەیەكیش داكۆكی لەسەر دەكرد و تەنانەت ئەگەر پیاوێكی ھوشیار و ڕادیكاڵ ڕەخنەی لە پرۆگرامی پارتەكەی و ڕێكخراوە بەناو ژنییەكانی بگرتایە، ئەوا ئەو بە دوژمنی چینایەتی و دوژمنی كۆمونیزم خەتاباری دەكرد، كەچی ئەمڕۆ ھەر شتێك كە پیاو نووسەری بێت، یەكسەر دژی ژنە؟

بەپێچەوانەی تێڕوانینی فێمینیزمی دژە-پیاوەوە، لە مێژووی كوردستاندا یەكەمین ھۆنەرانێك، یەكەمین چیرۆكنووسانێك، یەكەمین نووسەرانانێك، یەكەمین ئەكتەرانێك، یەكەمین خەباتكارانێك، كە بانگەوازی یەكسانیان كردبێت، ئەوا پیاو بوون و  بەپێی دەرك و ھوشیاریی و ڕۆشنبیریی سەردەمەكەیان و بواردانی كولتووری كۆمەڵەكەیان، وێنای خۆیان بۆ یەكسانی ژن و پیاو خستووەتە ڕوو! 

” به‌ڵام ده‌بینین پرسی ژنی کورد هێشتا له‌ نه‌بوونی فیکر و تیۆری فێمینیستی و هۆشیاری یه‌کی ژنانه‌ ده‌ناڵێنێ. وه‌ جۆرێک له‌ چه‌ق به‌ستویی فیکری و سیاسی هه‌ست پێ ده‌کرێ “

ھەرچەندە پێشتر وەك سەرەتایەك وەڵامم بەو ناڕۆشنییە لەمەڕ خەبات و چۆنیەتی سەرھەڵدانی خۆھوشیاریی تاك و جڤاك، دایەوە، بەڵام دیسانەوە ناچارم، كۆدی شاراوەی پشت ئەو پەیامەی سەرەوە، بخوێنمەوە، كە دەڵێت ” بزووتنەوەی ڕزگاری ژنان پێویستی بە تیئۆریی فێمینیستی ھەیە، كە ئەویش زادەی ئەوروپایە”. بەپێی تیۆرییەكانی كۆمیونیكەیشن، كۆدی شاراوەی نێو ئەم پەیامە، لە بارەی خۆدەرخستنی كەسی قسەكەرەوە، ئەوەیە كە  نووسەر دەیەوێت بە ژنانی خوێنەر بڵێت “من، ھەم بەپێی شارەزایی زمان و ھەم بەپێی ژیانم لە ئەوروپا، دەتوانم ئەو پەیامبەرە بم، كە فریاتان بكەوم، من تیئۆرییەكانی فێمینیزم ئاشنام، دوای من بكەون، ڕزگاربوونتان مسۆگەرە !”.

ئەمە بەدبەختییەكە بۆ خۆی. لەو لاوە ژنانی ژێردەست بە گیان و جەستە و بیر، ڕۆژانە دەرگیری خەبات و بەرەنگاربوونەوەی سەركوتگەرییە خێزانی و كولتووری و ئابووری و ڕامیارییەكانن، كەچی ژنانێكی لەخۆباییبوو، لە ئەوروپاوە، پێیانوایە، ڕزگاری ژنان بە ڕامیاریی و وەرگێڕانی چەند تیئۆرییەكی دەرخكراو، مەیسەر دەبێت و ژنان بەخۆیان بەبێ ڕابەرانی ڕامیارباز، توانانی بیركردنەوە و خەبات و دۆزینەوەی ئامرازەكانی خەباتی خۆیان نییە! ھەر وەھا پووچگەراییەك بوو، كە پارساڵ وای لە ژنێكی خۆبەرابەرزان كرد، كە پێش ئەوەی لە وڵاتی (سوێد)ەوە بگەڕێتەوە كوردستان، پەیامێكی لەم چەشنە بڵاوبكاتەوە “ئەوا من دەگەرێمەوە كوردستان، ئەمە ژمارە تەلەفۆنەكەمە، ئەوی قسەدەكات و دەیەوێت خەبات بكات، با پەیوەندیم پێوەبكات ! “. ئەمە پووچگەرایی ڕامیاریی و بیركردنەوەی دەستەبژێری سەروەرییخواز و خەڵك بەگێلزانە، ئەمە دەردێكی كوشندەیە، كە ژنانی ئازادیخوازی دەھەی نەوەدی سەدەی ڕابوردوو، بەھۆی ڤایرۆسی ئایدیۆلۆجیای فێمینیزمی دەسەڵاتخوازەوە، تووشی بوون. بە بۆچوونی من یەكەم كەسانێك، كە پێویستیان بە ھاریكاری و فریاكەوتن ھەبێت، ئەوا خودی كەسانی دەستەبژێر و دەسەڵاتخواز و خۆبەڕابەرزانن، كەسانێك كە تووشی نەخۆشی خۆشەیدایی (نارسیزم – Narcissism) و سۆپەرمرۆڤی بوون!

بەڵێ منیش ھەست بە چەقبەستوویی ھزریی دەكەم، بەڵام ھۆكارەكەی ئاشنانەبوونی ژنان بە تیئۆرییە ئەوروپییەكانی پان-فێمینیزم نییە، بەڵكو ناسەربەخۆیی ژنانی ناڕازی و ڕزگاریخواز و یەكسانیخوازە وەك تاك، ملكەچییانە بۆ پێكھاتەی قوچكەیی ڕابەر و ڕابەریكراو، كە ھیچ جیاوازییەكی لەتەك خێڵ و خێزانی كورددا نییە، كوشتنی متمانەی ژن وەك تاك بەخۆی؛ ھەم لە پرۆسێسێكی مێژوویدا و ھەم لەلایەن دەستەبژێری دەسەڵاتخوازی نێو ڕێكخراوە بەناو ژنییەكانەوە، سەرباری ئەوانەش چاوەڕوانڕاگرتنی ژنان، بەوەی پەیامبەرە تازە پان-فێمینیستەكان، لە ئەوروپاوە تیئۆری و ھوشیارییان بۆ دەھێنن ! ئا ئەمەیە، بەدبەختی و ڕێگر و ھۆكاری چەقبەستنی ھزریی بزووتنەوەكە!

 

وەك وتم، خۆھوشیاریی بەرەنجامی ئەزموونگیری بەردەوامی كۆڕی خەباتە و لە دەرەوەی خەباتی جەماوەریی خودی ژنان یا كرێكاران بوونی نییە و ئەگەر ھەشبێت، ئەوا دژە و ئامانجی دەستەمۆكردنی لە پشتەوە وەستاوە ! ھیچ كەس ھێندە نانەوایەك لە نانكردن نازانێت، ھیچ كەس ھێندەی جوتیارێك لە كشت نازانێت، ھیچ كەس، ھێندەی خودی كرێكاراێك، یا ژنێك لە ستەم تێناگات و دەركی شێوازی خەبات و چەكە كاراكانی ناكات!

 

من دەتوانم، لەوە تێبگەم و دەركی ئەوە بكەم، كە بۆ ئەندامانی گۆشكراوی پاگەندەی ناكەتوارییانەی پارتەكان، كاتێك كە دەگەڕێنەوە كوردستان، یەكسەر تووشی شۆك دەبن و شەپۆلی دەسەڵاتخوازیی ڕاپێچیاندەكات. داوای لێبورد لە خوێنەر دەكەم و ھیوادارم نووسەریش ئەمە بە ھێرش و فشارێكی كەسیی لێوەرنەگرێت. 

 

كاتێك كە پارتەكەی نووسەر، لە ناوەڕاستی نەوەدەكانی سەدەی ڕابوردوودا، لەسەر بنەمای ڕاپۆرتێكی ھەڵە كە بە ڕابەرەكەیان درابوو، خۆیان لێبووبووە ھێزی سێیەمی سەردەمی جەنگی نێوخۆیی ینك و پدك، بەڵام كاتێك كە بەشداری ھەڵبژاردنی شارەوانییەكانی پارێزگەی سلێمانیان كرد، تەنانەت ئەندامانی خێزانەكانی خۆشیان دەنگیان پێنەدابوون. وەھا سەرەنجامێك تووشی شۆكێكی كردن، كە بۆ ھێزگرتنەوە، ناچار دەستییان بە پشتێونەكەی (دكتۆر مەحموود عوسمان)ەوە گرتبوو و ھەفتانە وەك ھەنگوینیان لە كونەداردا دۆزیبێتەوە، كۆڕیان بۆ دەگێڕا. 

ھەروا كاتێك كە دەسەڵاتی بەعس كۆتاییھات، ڕ‎ایانگەیاند، كە ستەمی نەتەوەیی كۆتاییھاتووە و یەكسەر ڕوویان لە خوارووی عیراق نا و كەوتنە پاگەندە بۆ سكیۆلاریستبوونی كۆمەڵگەی عیراق و ملنەدانی خەڵكی عیراق بە ئیسلامییەكان و مەزھەب، بەڵام كاتێك شەقی ڕۆژگار بۆی سەلماندن، كە دونیا بە پاگەندەسازی ناگۆڕێت، ئەندامانی بەدبەخت دیسانەوە تووشی شۆك بوونەوە و ناچار گەڕانەووە سەر قەوانە كۆنەكەی جارانیان (ڕیفراندۆم) و  پارتێكی دیكەیان بەناوی كوردستانەوە، قوتكردەوە!  دیسانەوە ئەم جارەش بۆ ڕاكێشانی خەڵك و فریودانیان بە پارتایەتی، كەوتنەوە لێدانەوەی قەوانی سكیولاریستبوونی كۆمەڵگەی كوردستان و ئەوەی جێگەی مەلا و مەزھەبی تێدانابێتەوە. بەڵێ لەم بارەدایە، كە نووسەر بەنیازی بەرپاكردنی شۆڕشێك لەنێو ژنان لەتەك كۆمەڵێكی دیكە، دەگەڕێتەوە كوردستان، بەڵام ڕووبەووبوونەوەی لەتەك كەتوار و باری ھوشیاریی تاك و كۆمەڵگەی كوردستان، تووشی شۆكێكی ئاوای دەكات، كە دەسەڵاتی بۆرجوازی كورد بە “دەسەڵاتی خۆماڵی” بناسێت و پشت لە كۆمونیزمەكەی بكات. چونكە بەھەمان تێڕوانینەوە، كە پێیوابوو، كۆمونیزم داھێنراوی ماركس و ئەنگلس و لێنین و (مەنسووری حیكمەت)ە، خەریكە سەرچەشمەی ڕزگاریی ژنان بۆ ئەوروپا دەگێڕێتەوە و ئازادیخوازیی ژنانیش بە ئایدیۆلۆجیای پان-فێمینیزمی ئەوروپییەكان، وابەستەدەكات.

” یەکەم : ژنانێک که‌ پرسی ژن ده‌که‌نه‌ به‌شێک له‌ پرۆژه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی و ڕزگاری نه‌ته‌وه‌ تێڕوانینێکی ئێجگار پیاوانه‌یان هه‌یه‌ بۆ پرسی ژن. ئه‌مانه‌ پێیان وەهایه‌ ماف و ئازادی ژنان ده‌سته‌به‌ر ناکرێ و مه‌حاڵه‌، تاوەکو نه‌ته‌وه‌ی کورد نه‌بێته‌ خاوه‌نی ده‌وڵه‌ت.  “

منیش پێموانییە، كە پرسی ڕزگاری ژنان و یەكسانی ھەمەلایەنەی ژنان و پیاوان، وابەستەی پرسی ڕزگاری نەتەوەیی بێت، ھەرچەندە ھەبوونی ڕزگاری ھەر یەكەیان كارایی لەسەر ئەوی دیكەیان دادەنێت، بەتایبەت ڕزگاری ژنان لە ڕووی كولتووری و خۆھوشیاریی تاكەوە، كاراییەكی زۆر لەسەر ئامادەنەبوونی تاكی كۆمەڵگەی ژێردەستە بۆ ملدان بە داگیركار، دادەنێت. بەم جۆرە، لەبەرئەوەی كە پرسەكە دەگەرێتەوە سەر ویست و ئامادەیی تاك بۆ ڕزگاربوون و ھەموو ڕزگاربوونێك لە تاك و لە دەروونی تاك و لە خوارەوەی كۆمەڵگەوە، كە تاك كۆڵەكە و بچووكترین یەكەیەتی، دەستپێدەكات، كەواتە مەرجی ڕزگاربوونی تاك، ئازادی خودیی تاك و ئامادەیی و شۆڕشگێڕانەی تاكە بۆ ڕزگاربوون، نەك پێچەوانەكەی؛ ئیدی ئەو ڕزگابوونە ڕزگاری ژنێك بێت یا ڕزگاری كرێكار و جوتیار و خوێندكار و منداڵ و كەمئەندام و خانەنشینێك بێت لە نایەكسانی ئابووریی و  پلەدوویی پێگەی كۆمەڵایەتی و كۆیلەتی سیستەمی ڕێكخستن و  سیستەمی پەروەردە و خوێندن و بەرێوەبەرایەتی.

بەپێچەوانەی بۆچوونی نووسەرەوە، ئەو تێڕوانینە پیاوانی نییە. چونكە یەكەم، گشتگیركردنی تێڕوانێك بەسەر گشت پیاواندا، لە بیرتەنگی ڕەگەزپەرستانەی فێمینیزمی دەسەڵاتخوازەوە سەرچاودەگرێت، دووەم، ئەوە تەنیا پرسی ڕزگاری ژنان و تەنیا كۆتایی ستەم لە ژنان نییە، كە پارتەكان و ڕامیاران و دەسەڵاتداران و ئۆپۆزسیۆنی دەسەڵاتخواز بەكۆتاییھاتنی ستەمی نەتەوەیییەوە دەیبەستنەوە، بەڵكو ھەموو پرس و داخوازییەكی كۆمەڵایەتیی و ئابووریی دیكەی تاكی چەوساوەی ناڕازی، بە داھاتوو دەسپێرن، لەوانە پرسی ژنان، كرێكاران، جوتیاران، خوێندكاران، منداڵان، فەرمانبەران، بێكاران، خانەنیشنان و ..تد پارتەكان و ڕامیاران چ لە سەردەمی شاخ و چ لە ئێستاشدا، چارەسەری پرسەكان بە داھاتوویەكی نادیار دەسپێرن. ئەمەش باشترین بەڵگەی “خۆماڵی” نەبوونی دەسەڵات و نەتەوەیینەبوونی دەوڵەتە ! ئیدی نووسەر دەخوازێت لە پشت دێوجامەی “دەسەڵاتی خۆماڵی” و “دەوڵەتی نەتەوەیی”دا چ پەیامێك بە گوێی ژناندا بدات؟ ئامانجی لە پیاوانیكردنی تێڕوانینی دەسەڵاتداران، چییە؟

” سێهەم:  ژنانی کۆمۆنیستیش که‌ پێیان وایه‌ فێمینیزم دژ‌ به‌ به‌رژه‌وه‌ندی چینا‌یه‌تی و خه‌باتی کرێکارانه‌. ژن و پیاو نابێت له‌م خه‌باته‌دا جیابن، خۆ ئه‌گه‌ر چینی کرێکار شۆڕشێ کرد ئه‌وا مافه‌کانی ژنان به‌ شێوه‌یه‌کی ئوتۆماتیک حه‌ل ده‌بن له‌ کۆمه‌ڵگادا. وه‌ مافی ژن ته‌نها له‌ کۆمه‌ڵگایه‌کی سۆشیالیستیدا ده‌سته‌به‌ر ده‌کرێ. “

كەس ناتوانێت نكۆڵی لە چەوتی ئەو بۆچوونە بكات، بەڵام دوو شت ھەن، نابێت لەبیرمان بچن، یەكەم فێمینیزم وەك خێوەتی گشتیی ڕەگەزی ژنان نا و دووەم، ھەموو كۆمونیستەكان ئاوا بیرناكەنەوە، من بەخۆم ھەرچەندە كۆمونیست نیم، بەڵام ھاوڕێیانێكی كۆمونیستم ھەن، كە دژی ئەو بۆچوونەن، ھەروەھا لەبیرماننەچێت فێمینیزمی دەسەڵاتخواز (بەدیاریكراوی باڵە بۆرجوازییەكەی) دوژمنی خەباتی سۆشیالیستییە و  بەدوژمنكردنی پیاوانیش، ھەر لەپێناو ئەو ئامانجەیە و وەك زایۆنیزم تەنیا ڕۆڵی جیاكردنەوە و دوژمنسازی دەگێڕێت!

 

ھەروەھا نە كۆمەڵگەی سۆشیالیستی لە شەو و ڕۆژێكی كودەتای پارتی پێشڕەودا سەرھەڵدەات و نە سۆشیالیزمی پارتیی و دەوڵەتیی لەتەك ئازادی و  سەربەخۆیی تاكدا دێنەوە! بەڵام دیسانەوە، سەیرە نووسەر ئاوا قساندەكات، ھەروەك وەك بێژی بەخۆی لە دەرەوەی ئەو تێڕانینەوە ھاتبێت! بەڵام ڕاستییەكەی خودی نووسەر دوو دەھەیە، ھەڵگری ئەو بۆچوونەیە و ئەگەر بەتەواوەتیش لەتەكیدا كۆك نەبووبێت، ئەوا بەجۆرێك بێدەنگەی ھەڵبژاردووە و چاوپۆشی لێكردووە. ئایا دەكرێت بزانین، ئەو ھۆكارانە چین، ئاوا لە نووسەر دەكەن، كە وەك شۆڕشەكەی پارتی پێشڕەو، لە شەو و ڕۆژێكدا دونیاكەی خۆی بگۆڕێت و خۆی نەناسێتەوە و ببێتە ڕەخنەگر و ڕەتگەرەی بێبەزیی كتوپڕی كۆمونیزمەكەی؟

 

ھەڵبەتە ئەوەی لای من جێگەی ڕەخنەیە لە نووسەر، ئەوە نییە، كە وازی لە پارت یا پاشكۆیی پارت ھێنابێت، یا ڕەتكردنەوەی فیمینیزمی ماركسیستی بێت، بەپێچەوانەوە من بۆ وازھێنان لە پارت و كۆتاییھێنان بە پاشكۆیی ئایدیۆلۆجیای پارت، دەستخۆشی لێدەكەم، بەڵام، ھێندەی سەردەمی فێمینیزمە پارتییەكەی، پان-فێمینیزمەكەشی جێگەی ڕەخنەیە، چونكە ھەردوو فێمینیزمەكە دوو فارگۆنی شەمەندەفەرێكن، كە یەك ھێڵی ھاتووچۆیان ھەیە، ئەویش پێكھاتەی قوچكەیی و سەروەریی دەستەبژێری ئابووریی و ڕامیارییە!

” ئه‌م سێ ڕه‌وته‌ سیاسیه‌ی که‌ له‌ کۆمه‌ڵگای ئێمه‌دا کارده‌که‌ن به‌هێز یان لاواز، و ژنانێک که‌سه‌ر به‌و ڕه‌وتانه‌ن له‌ کارو چالاکی و گوتاریاندا ئه‌و خه‌ونه‌ پیاوانه‌یه‌ ڕه‌نگداده‌ته‌وه‌. که‌ تۆی ژن ده‌بیت چاوه‌ڕێ بیت تا ده‌گه‌ینه‌ ئه‌م ئامانجه، جا ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌ی کورد بیت، یان خه‌لافه‌تی ئیسلامی یان سۆشیالیزم ئه‌وا ژنان ئێوه‌ش ئازاد ده‌کرێن. واته‌ ئێمه‌ی پیاوان ئازادتان ده‌که‌ین و پاداشتتان ده‌ده‌ینه‌وه‌!  به‌ڵام ژنان ئێوه‌ سوپاسگوزاری ئێمه‌ی پیاو بن که‌ له‌دونیای  سیاسه‌تی پیاوانه‌ی خۆماندا جێمان کردونه‌ته‌وه‌. “

بەڵام ئایا پان-فێمینیزمەكەی نووسەر، پەیامێكی دیكەی پێیە، كە لەوانەی سەرەوە جیاوازبێت؟ ئەوە نییە، كە خودی نووسەر، لە دەرەوەی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی ژنان و لە دەرەوەی خۆھوشیاریی تاك و لە دەوەرەی مێژوو بۆ تیئۆری دەگەڕێت و وەرگێڕانی سەرچاوەكانی ئایدیۆلۆجیای پان-فێمینیزم، دەخاتە سەروویی لیستی كاری خۆی یا ھاوبیرانییەوە و وەك تاكە چارەسەر و ڕێگەچارە پێشنیاری دەكات ؟!

بۆ من، خاڵی نێوكۆیی ئەو سێ ڕەوتەی سەرەوە، تەنیا چۆنیەتی تێڕوانینیان بۆ چارەسەری ستەمی ژنان نییە، بەڵكو خاڵی نێوكۆییان، پێكھاتەی قوچكەیی ڕێكخستن، پاشكۆكردنی تاك بۆ ڕابەر و سەركردایەتی، سڕینەوەی ڕۆڵی تاك لە كۆگەرایی قوچكەییدایە، ھەروەھا بەڵێنی سەرخەرمانە، كە ڕزگاریی و ئازادی و یەكسانی ھەمووان بە بەدەسەڵاتگەییشتنی خۆیان دەبەستنەوە ! ئایا نووسەر و ھاوبیرانی لە كوردستاندا شتێكی جیاواز لەوەی پارتەكان و دەسەڵاتیان خستووەتەڕوو؟ تكایە جیاوازییەكان كامانەن؟

بە بۆچوونی من، یەكێك لە گرفتە سەرەكییەكانی تاكی چەپگەرا، ئەوەیە، كاتێك كە لە كۆیلەتی خۆی لەنێو ڕێكخستنی قوچكەیی (ھیرارشی) و  وابەستەیی و ملكەچی خۆی بۆ كەسانێك بەناوی ڕابەر و ئاوەزی پارت، دادەچلەكێت، یەكەم شت لەجیاتی ئەوەی بێت و ڕەخنە لە ڕابوردووی خۆی بگرێت و لە ڕێگەی ڕەخنەیەكی ڕادیكاڵ و ئاوەزپەسەندەوە بە خۆھوشیارییەكی متمانەدار و جێگیر بگات، دەكەوێتە ھەوڵی شاردنەوە و  سڕینەوە و نكۆڵیكردن لەو ڕابوردووی خۆی. ئەمەش ھەردەم ڕووبەڕووی مەترسی خۆھاویشتنەوە نێو قەوارەیەكی دیكەی قوچكەیی یا ئەوەی بەخۆی دەكەوێتە ھەوڵی دۆمینەتكردنی كەسانی دیكە و بەو جۆرە ئەو ڕێچكە نالۆجیكییەی، كە لە ھەرەسھێنانی ئیمپراتۆری بۆلشەڤیكەكانەوە دەستیپێكردوە، نەوە لە دوای نەوە، چەپەكان بە یەكتری دەبەخشن و  دەسەڵات و  ھێزە دژە-شۆڕشەكان ھێزی كۆمەڵایەتیی لێوەردەگرن!

” ئەوەی گرنگەر لێرەدا ئاماژەی پێبدەم ئەوەیە، کەژنی کوردیش بێ ستراتیژ نین له‌م حیزبانه‌دا، ئه‌وانیش حه‌زبه‌ چێژی پله‌ و پایه‌و به‌شدار بوون له‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی پیاواندا ده‌که‌ن. ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ڕۆلیان سیمبۆلیش بێت چێژ وه‌رده‌گرن. وه‌ هه‌ندێک جار هه‌ر ئه‌م ژنانه‌ هۆشیارانه‌ یان نا هۆشیارانه‌ زۆر  گورزی کوشندە ده‌ده‌ن له‌ خه‌باتی ژنان.  له‌ ڕووی فیکری و تیۆری یه‌وه‌ لاوازن، کۆمه‌ڵێک کڵێشه‌ی سیاسی ده‌ڵێن وهه‌ندێک کارو چالاکی ڕۆتین دووباره‌ ده‌که‌نه‌وه‌. ئه‌مانه‌ نه‌یان توانیوه‌ هۆشیاریه‌کی قووڵ له‌لای تاکی کورد به‌ ژن و پیاوه‌وه‌ دروستبکه‌ن.  “

نووسەر لەم پەرەگرافەدا چەند پەیام بە ئێمەی خوێنەر دەدات؛ پەیامی یەكەم، ” ژنی كورد بێ ستراتیژ نین ” و ستراتیژێك كە بۆ نووسەر سەرنجراكێش و پێشنیارە، حەزكردنی ژنانی كوردە لە پلەو پایە و دەسەڵاتداری و بەجۆرێك ئەرێنی دەنرخێنێت، ئەمەش بۆ ستراتیژی فێمینیزمێك دەگەڕێتەوە، كە نووسەر بووەتە ئاڵاھەڵگری.

پەیامی دووەم، ” ڕۆڵی ئەو ژنانە سیمبولییە ” و ئەمەیان نەرێنی دەنرخێنێت و من وەك خوێنەرێك ئاوا لە پەیامەكە تێدەگەم، كە ئەگەر ڕۆڵی ژنانی نێو پارتەكان، سیمبولی نەبووایە و ڕۆلێكی كارایان ھەبووایە، ئەوا نووسەر ڕۆڵەكەیانی بەرز دەنرخاند، ئەمەش دەكاتە ڕەتنەكردنەوەی پارتایەتی، ھەرچەندە نووسەر چەند دێڕ پێشتر بەڕواڵەت وابەستەیی ڕێكخراوەكان بۆ پارتەكان ڕەتدەكاتەوە. بۆ منی خوێنەری بە سەرنج، ئەمە بانێكە و دوو ھەوا. چونكە كاتێك كە چالاكانی ژنان لە پارتەكاندا، ئەندام بن، زۆر ئاسایی بەپێی پەیڕەوی پارتایەتی لە چەپەوە بۆ ڕاست، دەبێت ملكەچی پەیڕەووپرۆگرامی پارتەكەیان بن، ئەمەش بەواتای ملكەچی ھەموو چالاكی و كردارەكان كە ئەمندامی پارت لە ژیانی ڕۆژانە و كۆمەڵایەتییدا ئەنجامیاندەدات، دەبێت لە خزمەتی ڕامیارییەكانی پارتدا بن، كە دواجار دەكاتەوە پاشكۆیی ژنان و ڕێكخراوەكانی ژنان بۆ پارتی پێشڕەو و قوماندە !

پەیامی سێییەم، ” ھەندێك جار ئەو ژنانە ھوشیارانە یا ناھوشیارانە گورزی كوشندە لە خەباتی ژنان دەدەن …. ” دیسانەوە، لەبەرئەوەی كە نووسەر پارتایەتی ڕەتناكاتەوە و نایھەوێت لە ڕەگەوە ھۆكارەكانی سازش و پاشكۆیی ڕێكخراوەكان و ژنان ببرێتەوە، تەنیا ھەندێك جار ڕەخنەیان ئاراستەدەكات و نایھەوێت پەردە لەڕووی ئەو ڕاستییە لابدات، كە ھەموو پارتەكان و ژنانێك كە ئەندام و وابەستەی پارتەكان و ڕێكخراو پاشكۆكانی پارتەكانن، ھەموو كاتێك و لە ھەموو گۆشەیەكی ئەم جیھانەدا، ئەوە ئەوانن، كە گورزی كوشندەی یەكەم لە بزووتنەوە كۆمەڵایەتییەكان دەدەن، وەك خوێنەرێك پێمخۆشە نووسەر نموونەیەكمان بداتێ، كە پارت و ژنانی ئەندامی پارت و ڕێكخراوە پاشكۆكانی پارت، گوزریان لە بزووتنەوەی ژنان نەدابێت و بۆ تاقە جارێك لە بەرژەوەندی و سەركەوتنی خەباتی ئازادیخوازانەی ژنان، كار و چالاكییان كردبێت ؟! 

بە بۆچوونی من ھەر كات چالاكانی بزووتنەوەی كۆمەڵایەتی و جەماوەریی بوونە ئەندامی ھەر پارتێك چ چەپ و چ ڕاست، بخوازن یا نا، بە نەچاری دەبێت لە بەرژەوەندی پارتەكەیان ئەو گورزە لە بزووتنەوەكان بدەن، چونكە چالاكی ناسەربەخۆ [ئەندام و لایەنگری پارت و دەوڵەت]، سەربەخۆیی ئەوەی نییە، وەك ھەر تاكێكی ئازاد لە دەرەوەی بازنەی پەیڕەوپڕۆگرامی پارتەكەی، بیربكاتەوە و بڕیاربدات و خەباتبكات!

پەیامی چوارەم، ” لە ڕووی تیئۆرییەوە لاوازن و كۆمەلێك كلیشەی ڕامیاریی دەڵێنەوە و ھەندێك چالاكی رۆتین دووبارە دەكەنەوە … ئەوانە نەیانتوانیوە ھوشیارییەكی قوڵ لەلای تاكی كورد بە ژن و پیاوەوە دروستبكەن …. ” سەرنجگەلی لەم چەشنە ھەم لە ڕوانگەی باڵابوونی دەستەبژێرییەوە و ھەم لە ڕوانگەی ڕامیارییەوە ھەڵسەنگاندن بۆ توانای كەسەكان دەكەن و ھەم وردەگلیی و ڕەخنەی ڕواڵەتیین لە دیاردەكان! وەك دەزانین، ڕەخنە لە ڕواڵەت، ھیچ لە كڕۆك ناگۆڕێت، بەڵكو ڕیفۆرمی دەكات، واتە ئەگەر بشتوانێت ببێتە فشارێكی ناچاركەر، ئەوا لە باشترین باردا، دەسەندكاران ناچار بە گۆڕینی ڕواڵەت (فۆرم) دەكات. ئەگەر لەمانەش بگوزەرێن، ئەوا كۆمەڵێك گرفتی دیكە لەو وردەگلییانەدا دەبینین، كە تیئۆری واتە ھۆش بە بنەما دادەنێت و نەبوونی تیئۆری بە ھۆكاری دژەخەباتیان دەزانێت. ئەمەش بۆ گیرۆدەیی و وابەستەیی خودی نووسەر لە دوولاوە بە تیئۆرییەوە دەگەیێنێت، كە لەلایەك خەبات و ناڕەزایەتی بە بەرھەمی ھەبوونی تیئۆرییەوە دەبەستێتەوە، كە ھاوكات ڕێخۆشكەرە بۆ ھاندەرە كەسییەكە، واتە ھۆكاری دووەم، كە خۆی وەك تیئۆریكار یا تیئۆریدار دەبینێت و خۆی وەك سەرچاوەیەك پێشنیاردەكات! 

ھەروەھا ڕواڵەتییانە لە ھۆكاری كێشەجوینەوەی ئەندامانی پارت و چالاكی ڕۆتینانەیان دەڕوانێت! ئەو خۆی لەوە لادەدات، كە ھۆكارەكەی بۆ ھەبوونی خودی پارت وەك پێشرەو دەگەڕێتەوە، كە ئەندامانی دەبەنگدەكات و كلێشەییانە پەروەردەیاندەكات و ڕۆڵە مێژووییەكانیان وەك تاك، تا ئاستی كۆمەلێك چالاكی ڕۆتینی ئاھەنگێڕان بەبۆنەی لەدایكبوون و مردنی ڕابەر، دامەزراندنی پارت و دروستكردنی ڕێكخراوە بەناو جەماوەریی و ژنییەكان، شەڕەدەندووك لەتەك لایەنگران و ئەندامانی پارتەكانی دیكە و پاگەندەكردن لە سەردەمی ھەڵبژاردنەكاندا بۆ پارتەكانیان و چوونە نێو بزووتنەوە جەماوەرییەكان بە ئامانجی دەستەمۆكردن و سیخوڕیكردن بەسەریانەوە و ..تد. ھۆكاری گشت ئەمانە، سەربەخۆنەبوونی تاكە، ئەندامبوونی تاكە لە پارتەكان و پاشڕەویی دەستەبژێراندا، ئاوەژوو دیدتنی ھاوكێشەكانە، لنگاوقوچ سەیركردن و دانانی ھاوكێشەی خەبات و تێئۆرییە، گەڕانەوەیە بۆ خوا وەك سەرچاوەی ئاوەز چ لە شێوەی ڕابەر و چ لە شێوەی پارت و دەوڵەتدا !

كاتێك كە ئەمە ئەرك و ڕۆڵی ئەندامانی پارت [لەم بابەتەدا ژنان] بێت، ئیدی چاوەرێكردنی ئەوەی بتوانن ھوشیاری قوڵ لەلای تاكی كورد بە ژن و پیاوەوە دروستبكەن‎، چاوەڕوانییەكی ناكەتوارییە ! 

” بیست و دووساڵ له‌م جۆره‌ کارکردن و گوتاره‌ کاتی به‌سه‌رچووه‌، ئه‌وه‌ی هه‌ستی پێده‌کرێت، بۆشاییه‌‌که‌ بۆ دروستکردنی هۆشیاریه‌کی ژنانه‌. ده‌کرێ ئه‌مه‌ وه‌کو شه‌پۆلێک له‌ کارو چالاکی ژنانه‌ پۆلێنبکرێت و ئیتر سه‌ره‌تای ده‌ستپێکردنی شه‌پۆلێکی تر ده‌بینم. ئه‌م جاره‌ به‌ کارو تیۆر و تێڕوانینی ژنان بۆ شیکاری و تیۆریزه‌ کردنی چه‌وسانه‌وه‌و پله‌دووی خۆیان له‌ کۆمه‌ڵگەدا. دوور له‌ مه‌وعیزه‌ و ئامۆژگاری  پیاوانی ناو پارتە سیاسیەکان. هه‌ربۆیه‌ش ئه‌و فۆبیایه‌ی که‌ هه‌یه‌ به‌رامبه‌ر به‌ پرسی ئازادی ژن و فێمینیزم و ته‌نانه‌ت جێنده‌ریش له‌وه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتوه‌ که‌، سه‌ره‌تایه‌کی تازه‌ هه‌یه‌‌ و‌ کولتوره‌ جیاکان کاری تێداده‌که‌ن.  “

پێش ھەموو شت، حەزدەكەم لە نووسەر بپرسم، كاتێكلە كوردستان ئەو تیئۆرییەی، كە ئەو دەیكاتە گۆچانەكەی موسی، بوونی نەبێت و بزووتنەوەیەك كە ئەو خوازیارییەتی بوونی نەبێت، ئیدی ترس (فۆبیا) لەلای پیاوان چۆن سەرھەڵدەدات و چۆن دەتوانێت بوونی ھەبێت؟ ترس لەو ساتەوە دروستدەبێت، كە نامۆیەك لە كۆمەڵگە [بازنەی كولتوورییدا]دا پەیدابووبێت، بۆ نموونە ترسی تاكی ڕەیسیست لە كەسانی كۆچەر، لەو ساتەوە دەستپێناكات، كە كۆچەرەكان لە وڵاتی خۆیاندا، بۆ ڕەسیستەكان نامۆن، بەڵكو لەو ساتەوە دەستپێدەكات، كە ڕوو لە وڵاتی ڕەیسیستەكان دەنێن، بەتایبەت كاتێك كە خەریكە ھەژماریان ڕوو لە زیادبوون دەبێت! لەسەر ئەم بنەمایە، سەرەتا و كۆتایی دەربڕینەكانی نووسەر بۆ یەكدی پارادۆكسن! 

من ئەوەی نووسەر بە فۆبیا ناوی دەنێت، بە كاردانەوەی دەزانم، كاردانەوە بەرامبەر ئایدیۆلۆجیایەكی دژە-پیاو، ئەمەش شتێكی ناھوشیارانەی سروشتی و ئاساییە، چونكە ھەموو بوونەوەرێك كە ھەست بەوە بكات، كە ڕووبەڕووی دژایەتی دەبێتەوە، سەرەتا كۆئەندامەكانی دەكەونە خۆئامادەكردن بۆ بەرگری و پاشان بیری لێدەكاتەوە و دژە-ئایدیۆلۆجیای بۆ سازدەكات، لەم بارەوە دەبینین، كە لە بەرامبەر ژنانی دژە-پیاودا، دەنگی پیاوانی دژە-ژن لە سەرھەڵداندایە و ئەمەش سەنێرگەیەك بۆ سەردەرھێنانی كارگی ژەھراوی چێدەكات ! 

كاتێك دەتوانین، ئەوە بە فۆبیا ناوبنێین، ئەو ئایدیۆلۆجیەی كە نووسەر بە ڕزگاركەری ژنان ناویدەبات، قسە لە ئافراندنی زەمینەی خۆھوشیاریی یەكسانی ھەمەلایەنەی مرۆڤەكان بكات، ئەو كات دەتوانرێت كاردانەوەی مرۆڤە كۆنەپەرست و دژە یەكسانیخوازەكان، بە فۆبیا ناوببرێت. بەڵام كاتێك كە لەلای پیاوێكی ناھوشیار، لە بەرامبەر پاگەندەی [ھوشیارانە و ناھوشیارانەی] دژەپیاودا، ترس لە ھەڵوەشاندنەوەی پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان و ترس لە دروستبوونی جیایی و ھەڵوەشاندنەوەی پەیوەندییە ناھاوڕەگەزییەكان،دروستدەبێت، ناتوانین بە فۆبیا بەرامبەر ڕزگاریی ژن ناوببرێت!

پان-فێمینیزم، لە جیاتی پاگەندەكردنی ڕزگاری ھەموو تاكەكان لە لیتەی كۆنەپەرستیی و دەمارگریی ڕەگەزیی، خوازیارە كوتەك لە دەستی پیاوان بسێنێتەوە و بیداتە دەستی ژنان، ئەمە ئەو دەنگە تەنكئەندێشەیە، كە پێیوایە، ئەگەر لە كۆمەڵگەدا ژنان لە جێی پیاوان سەروەربن واتە لەجیاتی كۆمەڵگەی پاتریاكی، كۆمەڵگە ماتریاكی ھەبێت، ئەوا سەركوت و نایەكسانی و ناداوەری نامێنێت و توندوتیژی بەسەردەچێت، ئەمە ھەمان دەنگە كە پێیوایە، ئەگەر لە كۆمەڵگەدا لەجێی پارتێكی ناسیونالیست یا ئایینی، پارتێكی كۆمونیست سەروەربێت یا لەجیاتی چینی بۆرجوا، چینی كرێكار سەروەربێت، ئیدی كۆتایی بە مێژووی چەوسانەوە دێت. ئەمە بەدبەختییە، ئەمە ڕواڵەتگەرییە، ئەمە دۆشدامانە لەبەردەم كەتواردا، ئەمە قوفڵدانە لە بیركردنەوە ! چونكە تێنەگەییشتنە لە ھۆكاری سەرھەڵدانی سەروەری و پایەكانی مانەوە و ھێزە پارێزەرەكانی ! لە بارێكی ئاوادا، زۆر ئاساییە، كە پیاوانی ناھوشیار و تێنەگەییشتوو لە بنەما ئایدیۆلۆجییەكانی پان-فێمینیزم، وەك سروشتیترین كاردانەوەی دوور لە تێڕامان و ئەزموونگیری، بكەونە خۆ و پێكھاتەی دژ لەسەر ھەمان كێش و سەروا بۆ بەرگری لە خۆیان دروستبكەن و بەو كارەش بازاری كۆمەڵێك دەسەڵاتخوازی دیكە گەرمبكەن، ھەروەك چۆن ناسیونالیزمی كورد لە بەرامبەر ھێرشی ناسیونالیزمی داگیركەردا، دەست بۆ ھەمان ئایدیۆلۆجیا دەبات و بازاری كۆمەڵێك دەسەڵاتخواز گەرمدەكات، وەك ئەوەی ئەمڕۆكە دەسەڵاتخوازانێك، كە بە قۆستنەوەی خۆشباوەڕیی بە ناسیونالیزم  و بە ڕشتنی خوێنی ھەزاران لاوی كرێكار و زەحمەتكێشی ناھوشیار، لەسەر تەختی دەسەڵات دانیشتوون ! قسەكەرانی (پان-فێمینیزم)یش بەو ئاراستەیە و لەسەر بنەمای ئەزموونگیریی لە ڕابوردووی دەسەڵاتخوازانی پێشخۆیان، دەیانەوێت بە دەسەڵاتبگەن !

” ژنان خۆیان له‌م کێشمه‌ کێشه‌دا ده‌بێت بزانن قازانجی گشتی یان له‌ کوێدایه‌ و کام فیکر و کام کامپ هه‌ڵبژێرن. ئه‌م شه‌پۆله‌ تازه‌یه‌ ئه‌رکێتی تیۆریزه‌ی هه‌موو لایه‌نه‌کانی ژیانی ژن بکات. وه‌ ده‌ستپێشخه‌ر بێت بۆ دروست کردنی هۆشیاری یه‌کی فێمینیستی و ستراتیجی خه‌باتێک له‌به‌رامبه‌ر بێ مافی ژناندا.  “

نووسەر  لە كۆتایی پەیامەكەیدا قسە لە “قازانجی گشتی ژنان” دەكات، كە بە واتا و دەربرێنێكی دروستتر دەكاتە “بەرژەوەندی گشتی” . ئایا ژنان چینێكی كۆمەڵایەتی یا توێژی چینێكی كۆمەڵایەتین یا ڕەگەزێك، كە تاكەكانی ئەندامی چین و توێژە كۆمەڵایەتییەكانن؟ لە سەرەتای ساڵی دوو ھەزاردا بەم ئاراستەیە وتارێكم لە ژمارە یەكەمینەكانی (گۆڤاری دالیان)دا بڵاوكردەوەتەوە، لەبەرئەوە لێرەدا زۆر لەسەر ئەم پرسیارە ناوەستم، بەڵام بەبۆچوونی من، بەبێ وەڵامدانەوە بەم پرسیارە، ناتوانین قسە لەسەر ڕێگەچارەی كۆتاییھێنان بە ھەڵاواردنی ژنان بكەین، چونكە كاتێك ئێمە نەزانین ئەوە دیاریبكەین، كە ئایا ژنان چین و توێژی كۆمەڵایەتین یا نا، ھەرگیز ناتوانین بیر لە چۆنیەتی شێوەی ڕێكخستن و شێوازی خەبات و میكانیزمەكانی چۆنیەتی بەرەوپێشبردنی خەباتەكەیان بكەینەوە و ناشتوانین ڕادیكاڵانە سەنگەر لە ستەمكاران بگرین !

 

ئەگەر ژنان چینێكی سەربەخۆی ناكۆمەڵایەتی بن، ئەوكات دەتوانین بە ئاراستەی تێروانینی دژە-پیاوانەی پان-فێمینیستەكان بچین، كە دەخوازن لە ھەموو مەیدانەكانی خەباتی كۆمەڵایەتییدا ژنان بە ھەستەوەریییەكی ترسەكییانە (فۆبیانە) لە پیاوان داببڕن، تاوەكو لەسەر زەمینەكانی خۆشباوەڕیی ژنانی ناڕازی بەو ئایدیۆلۆجیایە، سەروەریی و دەسەڵات و پێگەی ئابووریی بۆ خۆیان مسۆگەربكەن. بەڵام وەك دەبینین، ژن لە كۆمەڵگەدا دایكە، خوشكە، ھاوسەرە، نەنكە، كچە، كرێكارە، جوتیارە، مامۆستایە، فەرمانبەرە، بێكارە، كەمئەندام و خانەنشینە، بەرێوەبەرە، سەرمایەدارە، دەسەڵاتدارە، كەواتە ژن وەك تاكی ھەر یەك لەو چین و توێژە كۆمەڵایەتییانە، خەباتی بۆ ئازادی و یەكسانی و دادپەوەریی لە چوارچێوەی خەباتی كۆمەڵایەتی و جەماوەریی ئەو چین و توێژە كۆمەڵایەتییانەدا و بە گرێدانەوەی بە خەباتە سەرتاسەرییە دژە سەروەرییەكە بۆ كۆمەڵگەی ئازاد، مەیسەر دەبێت، واتە ژن لە ڕێكخراوی سەربەخۆی خوێندكاراندا باشتر دەتوانێت داخوازییەكانی لەپێناو یەكسانی و ڕزگاریدا كۆمەڵایەتی بكاتەوە، تاوەكو لە دەرەوەی ئەو مەیدانە، چونكە بە ئامادەبوونی لەو مەیدانەدا دەتوانێت ڕزگاری ژنان و یەكسانی ژنان و پیاوان وەك ئەندامی ڕێكخراوەكە بەسەر ئەندامە پیاوەكاندا بسەپێنێت و  داخوازییەكان لە داخوازی بالێكی كۆمەڵگەوە بكاتە داخوازی كۆمەلایەتی كۆمەڵگە، بەڵام بە پێچەوانەوە ھەر ڕێكخراوبوونێكی ڕەگەزپەرستانە و ھەر یەكگرتێك لەسەر بنەمای ڕەگەزیی، یەكگرتن و ڕەگەزپەستیییەكی دیكە بەرھەمدەھێڼیت و دەبێتە ھۆی چۆڵبوون و قەڵشبردنی مەیدانەكانی خەباتی كۆمەڵایەتی و دواجار تێكشكانی خەباتی چین و توێژە كۆمەڵایەتییەكان دژی سەروەریی و سەركوت و نایەكسانی و ناداپوەروەریی كۆمەڵایەتی و ئەمەش تەنیا بە قازانجی دەسەڵاتداران و سەروەریی چینایەتی تەواودەبێت و ژنانی ئازادیخواز  و ناڕازی نەك ھیچ قازانجێك لەو دابڕانە ناكەن، بەڵكو گەورەترین باجی بۆ دەدەن و تەنیا دەستەیەك لە ژنان كە فێمینیستە دەسەڵاتخوازەكانن وەك ھاوبەرژەوەندی پیاوانی دەسەڵاتدار، لێی بەھرەمەنددەبن و وەك دەستەبژێرێك لە دانیشتن و كۆڕ و سیمینارەكاندا توانایی خۆیان لە دەستەمۆكردنی بزووتنەوەی ژنان بۆ دەسەڵات نیشاندەدەن و لە بەرامبەردا دەسەڵاتیش دەكەوێتە سیمبولكردن و كارێزماپێبەخشین و بەرزكردنەوە و بەرتەریپێدانیان تا ئاستی سوپەر-ژن. لەم بارەوە لە پاش ڕوخانی ڕژێمی بەعسەوە، ھەموومان بینەری سەودا و مامەڵە و نامەناردن و پلە و دەسەڵاتخوازیی و مووچەی مشەخۆرانەی كۆمەلێك لەو ژنانە بووین، كە ھەموو توانای خۆیان خستبووە پێناو گۆڕینیی كڕۆكی خەباتی ڕزگاریخوازانەی ژنان دژی سەروەریی، بە دانانی پیاو وەك دوژمن و ھۆكاری چەوسانەوەی ژن.

 

لە كۆتاییدا ھیوادارم خوێنەری ھێژا، بەتایبەت ژنانی ناڕازی و ئازادیخواز، خۆیان بە وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارەوە خەریكبكەن، بۆ ئەوەی لە پاوانگەریی سەروەرێكەوە نەكەونە داوی پاوانگەریی سەروەرێكی دیكە؛ 

ئایا بەڕاستی پیاو وەك تاك لەو خێزان و ڕێكخراو و پارت و دامودەزگەیانەدا، كە فێمینیستانی دەسەڵاتخواز دەخوازن وەك بڕیاردەر و سەركوتگەر نیشانبدەن، بوونەوەرێكی سەربەخۆ و ئازادە و لەو ستەم و نایەكسانی و نادادروەییە كولتووریی و ڕامیاریی و  ئابوورییانەی كە ژنانیان كۆیلە ڕاگرتووە، ڕزگاربووە؟

 

 

***********************************

خوێنەری ھێژا، لەم بەستەرەدا داتوانیت نووسینەكەی خاتوو (ھۆزان مەحموود) بخوێنیتەوە :

http://www.hawlati.co/%D9%81%DB%86%D8%A8%DB%8C%D8%A7%DB%8C-%D9%81%DB%8E%D9%85%DB%8C%D9%86%DB%8C%D8%B2%D9%85-%D9%84%D9%87%E2%80%8C-%DA%A9%D9%88%D8%B1%D8%AF%D8%B3%D8%AA%D8%A7%D9%86/

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.