Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
لە پەراوێزی پرۆژە پێشنیارییەكانی چاكسازییدا!…عبداللە مەحمود

لە پەراوێزی پرۆژە پێشنیارییەكانی چاكسازییدا!…عبداللە مەحمود

Closed
by January 16, 2009 گشتی

 لە پەراوێزی پرۆژە پێشنیارییەكانی چاكسازییدا!
 ئەم پرۆژانە، بەشێكن لە هەوڵی حزب بۆ حزب
 
          عبداللە مەحمود

 abdulla.mahmud@gmail.com
 
 ئەو ماوەیە چەندین پرۆژە بەمەبەستی چاكسازی، چ لەلایەن حزبە دەسەڵات بەدەستەكان و شەخسی سكرتیری گشتی یەكێتی نیشتمانی تا دەگات بە پرۆژەی ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و  باڵەكانی ریفۆرم و دەنگە ناڕازیەكانی ناوخۆی حزب و دەرەوەی بینای حزب،  تا دەگات بە پرۆژەی چوار حزبە كوردستانیەكە خراونەتە روو، بە جیا لەهەر مەبەستێكی ئینتخاباتی و یان هەر هەوڵێك بۆ ئیحتیواكردنی گرفتی ناوخۆی حزبە دەسەڵاتدارەكان، یان بەجیا لەهەرهەوڵێك بۆ خوجوتكردن لەگەڵ ناڕەزایەتی خەڵكی كوردستاندا بەدژی  تاڵانی و گەندەڵی و ناعەدالەتی كۆمەڵایەتی و پاوانكردنی هەموو جومگەكانی ژیاری كۆمەڵگا لەلایەن دەسەڵاتی هەردوو حزبدا، جێگای خۆیەتی هەڵوێستیەكی جدی بكەین بەڕووی ئەم هەوڵانەدا.
 بێگومان خستنە ڕووی ئەم پرۆژانە بێمەڵامەت نییە. بە جیا لە نیەتی هەركام لەحزبەكان لەو پرۆژانە، هۆكاری  هاوبەش و بناغەیی بۆ خستنە ڕووی ئەم پرۆژانە، ناڕەزایەتی و نەفرەتی خەڵكی كوردستان و قوڵبونەوەی قڵشتی نێوان دەسەڵات و خەڵك و تێكچونی هاوسەنگی هێزە لەگەڵ بەغدا، پرۆسەی پاشەكشەی هیزەكانی ئەمریكایە لە عیراق. لە دۆخێكی ئاوادا چ هەردوو حزبی دەسەڵات بەدەست دەیانەوێ ئیحتیوای ئەم ناڕەزایەتیە جەماوەریانە بكەن، چ حزبەكانی دەرەوەی فەلەكی بریاریش دەیانەوێ بەهێنانەگۆڕی ئەم پرۆژانە و هەڵگرتنی بانگەشەی چاكسازی و ریفۆرم سواری شەپۆلی نارەزایەتیەكانی خەڵكی كوردستان ببن و بیكەنە دەستمایەش بۆ هەڵبژاردنەكانی داهاتوو.
 لەهەموو ئەم نارەزایەتیانەی بەدژی دەسەڵاتی یەكیتی و پارتی و ئیدارەو ئەداتی بەڕێوەبردنیاندا هەیە، تا دەگات بە بانگەشەكانی خودی هەردوو حزب  و هەموو ئەو پرۆژانەی خراونەتە روو، مەسەلەی چاكسازی و وەستانەوە بەدژی تاڵانی  وگەندەڵی، كەمی خزمەتگوزاریەكان، جیاكردنەوەی حزب ولە  حكومەت و جیاكردنەوەی دەسەلاتەكانی یاسادانان و جێبەجیكردن و دادوەری لە یەكتری و پەیوەندی نێوان حكومەتی ناوەندو هەرێم و ناوچە كێشە لەسەرە سنوریەكان و  …. خاڵی هاوبەشن.
 بێگومان ئەمانە هەمویان پیشنیاری باشن، بەڵام بۆ حكومەتێك كەهەیە. لەهەر شوێنێكی دنیا باسی چاكسازی و جیاكردنەوەی دەسەڵاتی حزب لە حكومەت بێتە ئاراوە، پێش مەرجەكەی بوونی و حكومەت و دەوڵەتە.  گرفتی ڕیشەیی  لە كوردستان ئەوەیە كە شتیك بە ناوی حكومەت بە مانای واقعی و پێناسەكراوی خاوەن تەعەهودات و دانپیانراوی نێودەوڵەتی، بوونی نییە.
 هەڵگران و خاوەنانی ئەم پیشنیارو پرۆژانە، ئەوەیان بەفەرز وەرگرتووە كە حكومەتێك هەیە، بەڵام گرفتی هەیە، دەستێوەردانی حزب هەیە، ئەدای باش نییە، لە ئاست داخوازیەكانی خەڵك نییە، گەندەڵە، گوێ لە خەڵك و حزبەكانی دەرەوەی خۆی ناگرێت، لەگەڵ مەركەزدا باش مامەڵە ناكات، …. لە حاڵێكدا ئەسڵی كێشەكە ئەوەیە كە لە كوردستان دەوڵەت و حكومەت نییە، و لە جێگای ئەوە دووحزبی خاوەن هێزی چەكدار بە تەوافوق ئیدارەی كوردستان" بەم شێوەیەی كە دەیبینین" بەڕێوە دەبەن.
 دوو حزب كە شادەماری هەموو جومگەكانی ژیانی ئابوری و سیاسی و هونەری و فەرهەنگی و وئیداری و ….كۆمەڵگایان گرتووەو هەریەكەیان لە قەڵەمرەوی دەسەڵاتدارێتی خۆیدا حكومەتێكی حزبی تایبەتە، و لە دنیای ڕوكەش و فەنتازیای هەردوو حزبیشدا حكومەتێكی هاوبەش هەیە" حكومەتی هەرێمی كوردستان" بەڵام بێئەوەی وەزارەتی!! دارایی و ناوخۆو، پیشمەرگە"ی  یەك حكومەت بن، بەڵكو ئەمانە هی دوو حكومەتە حزبیەكەن.
 حكومەت و پەرلەمانی هاوبەش! كە حكومەت و پەرلەمانی جغرافیایەكی وڵاتی دانپیانراوی نێودەوڵەتی نییە، لەدەوڵەت بێبەشە، و تا ئەم ساتە وەختە ئەم دەسەڵاتە بە شێوەیە بە حكومەتەكەشیەوە بەرهەمی فەزای جەنگ و كێشمەكێشی پێشووی ئەمریكا و عێراق و پاشان داڕمانی دەسەڵاتی بەعس و ئێستاش خۆنەگرتنەوەی دەسەڵاتی تازەی ناوەندە. و بەخۆگرتنەوەی دەسەڵاتی ناوەند و بەهێزبوونەوەی ئەم دەسەڵاتەی لە كوردستان هەیە ئەگەر بەرەو تەسلیم بوون بە ناوەندو ئەجنداكانی نەچێت، یان رێگای جیابونەوە لە ناوەند پێكهێنانی دەوڵەتی سەربەخۆی نەگرێتە بەر،  ئەم دۆخە بە شێوەیەك لە شێوەكان خێرا یان بەشێنیەیی دەگۆردرێت.
 گرفتی ڕیشەیی و بناغەیی بە ڕەسمی نەناسینی حەقی دەسەڵاتداریتی یە بە شێوەی فەرمی و دانپیانراوی نێودەوڵەتیەوە. بۆیە هەمیشە دەسەڵاتی هەردوو حزب و ئایندەی سیاسی كوردستان لەبەردەم چەندین ئەگەری نەخوازراو هەڕەشەی جۆراوجۆری ناوخۆیی و ناوچەكەدایە.
  چ یەكێتی و پارتی و چ حزبەكانی فەلەكی ئەوان، دان بەو ڕاستیەدا نانێن، كە حكومەت و پەرلەمانی كوردستان متمانەی نێو دەوڵەتی لە پشت نییە، تەنانەت هاوپەیمانەكانیان لە بەغدا، ئەم دەسەڵاتە بەڕەسمی و شەرعی نازانن و هەر ڕۆژە  بەپێی ئاڵوگۆر لە باڵانسی هێزیاندا، پەیوەندی خۆیان لەگەڵ هەرێم چاوپێدا دەخشێنەوەو دەستوریش بەپێی ئەم هاوسەنگییە هەموار دەكەن و رێز لێدەگرن. تەنانەت هیچ بەپرسێكی واقیعبینی باڵای یەكێتی و پارتی نییە، كە نەزانێت ئەوەی كە بەناوی حكومەتی هەرێم و پەرلەمان هەیە تەنها ڕوكەش و چواچێوەیەكی دیاریكراوە بۆ پیناسەكردنی یاسایانە و مۆردان لە تەوافوقێكی سیاسی و ئیداری دەسەڵاتدارتی هەردوو حزبی دەسەڵات بەدەست… و هەربۆیەشە تا ئێستا ئەوە هەردوو حزبن موچە ئەدەن بە حكومەت و پەرلەمان. حكومەتی مەركەزیش بە تەوافوقێكی سیاسی بودجە بە یەكێتی و پارتی ئەدات،
 ئەگەر حكومەتی بەغدا لە كێشمەكێشی خۆیدا لەگەڵ هەرێم لە یەكێك لە برگەكاندا بریاری ڕاگرتنی بودجەی هەرێم بدات، هەرێم ئەكەویتە تەنگژەیەكی گەورەوەو تا ئێستاش ئامادەیی بۆ ئەگەرێكی ئاوا نابینرێ.
 بەكورتییەكەی دەسەڵات لە كوردستان تەنها دەسەڵاتی دوو حزبی حاكمە، كە بۆ رەسمیەت بەخشین بەدەسەڵاتیان، چەندین پێكهاتەی ڕِوكەشی وەكو حكومەت و پەرلەمانیان، پێكهێناوە. بێئەوەی هیچ دەسەلاتێكی هەبێ لەدەرەوەی قەڵەمرەوی حزب و كاریزماكانی بزوتنەوەی قەومی كوردا. تەنانەت بێئەوەی ئەم حكومەت و پەرلەمانە پشتیوانەیەكی نێودەولەتی  و تەنانەت متمانەی ناوخۆی لە هەرێم و لە ئاستی عێراقیشدا هەبێت. هەمووان ئەوە دەزانین كە كوردستان تا ئێستا خاوەن سەروەری و دۆخێكی چەسپاوی سیاسی نییە. كەسیش لەشكركێشی و دەستێوەردانی هیچ وڵاتێكی ناوچەكەو دنیا لە كوردستان بە خەرقی سیاسی و پیشێلكاری نازانێت.
 بەم ڕاستیانەوە باسی جیاكردنەوەی دەسەڵاتی حزب لە كام حكومەت؟ باسی سەربەخۆكردنی پێكهاتە یاساییەكانی وەكو دەسەلاتی یاسادانان و جێبەجێكردن و دادوەری… كام دامەزراوەی دەستوری؟ حزبی باڵادەست لەهەركام لەو دوو جغرافیا دابەشكراوەی كوردستاندا، هەموو دەسەڵاتێكە، و لەوسنورە تێپەری دەسەڵاتی حزبی بەرامبەر بەهەموو دەسەلاتێكەوە باڵا دەستە. باسی جیاكرنەوەی و لابردنی دەستێوەردانی حزبی لە گۆڕێ نییە، باسی ئەدای دووحزبی خاوەن هێزی چەكداری دەسەڵات دابەشكراون لە نێوان خۆیاندا.
 لە دۆخی نەبوونی حكومەت و پێكهاتەی یاسایی متمانەپێدراوی دەولیدا،  لەدۆخی نەبوونی جغرافیای وڵاتی پێناسەكراودا لە باری حقوقیەوە، بێشك حزب هەموو شتێكە، لێرەوە مەسەلەی دەست بەسەراگرتنی داهات و پاروی دەمی خەڵكی، بەدەستەوەگرتنی شادەماری جومگەكانی كۆمەڵگا، لە ئابوریەوە بۆ سیاسەت، تافەرهەنگ و یاسای دڵخوازانە، تادەگات بە پەیوەندیەكان و بڕیار لە هەموو مەسەلەیەكی گەورەو بچوكدا، دەكەوێتە دەستی حزبی خاوەن قەڵەمرەوی دەسەڵاتی سیاسیەوە، بە تاڵانبردنی داهاتی  كۆمەڵگا، گەندەڵی، گوێنەدان بە داواو خواستەكانی خەڵكی، ژێرپێخستنی ئیرادەی سیاسی خەڵكی كوردستان و دەنگی ئۆپۆزیسۆن، خزمەتگوزاری و مافە فەردی و مەدەنیەكان، یاساو ڕێسا، پەیوەندی ژێر بەژێر و سازش بە خواستەكانی خەڵكەوە، بە بارمتەگراتی پاروی دەمی خەڵكی، كەم حەوسەڵەیی بەرامبەر بە دەنگی ناڕازی و مخالفینی سیاسی، …. بەرهەمی واقعی دەسەلاتێكی میلیشیایییە لە غیابی دەسەلاتێكی دامەزراوەیی و حكومی  بەڕەسمی ناسراو و پێكهاتەی یاساییدا.
 گرفتی هەرە سەرەكی تا ئێستا ئەو گیژاوە سیاسییە كوردستانی تیا ڕاگیراوە، گرفتی بەڕەسمی نەناسینی كوردستانی بە كردەوە دابراو لە عێراق، گرفتی بە دەوڵەت نەبوونی كوردستان، گرفتی نەبوونی متمانەی نێودەوڵەتی بە جغرافیای وڵاتی كوردستاندا، ئەمە گرفتی سەرەكییە.
 چ حزبە دەسەڵات بەدەستەكانی كوردستان و چ حزبەكانی دەرەوەی دەسەڵات و خەڵكی كوردستان، ئەگەر دەیانەوێت حكومەتێكی سەراسەری هەبێت، پەرلەمان و دامەزراوەی یاسایی هەبێت، دەسەلاتەكان ڕێزیان لێبگیرێت و یاساو رێسا بۆهەمووان بێت، ئەوا پێویستە گرفتی بێ دەوڵەتی و بێناسنامەیی وڵاتی كوردستان كۆتایی پێبێت. تا ئەوكاتەی ئەم گرفتە وەلامی وەرنەگرتۆتەوە، تا ئەوكاتەی كوردستان نە بەشێكی واقعیە لە عێراق و نەسەربەخۆو خاوەن وڵاتە، دەسەلاتی حزبی دەمێنێتەوە، بانگەشەی چاكسازی  و كۆتاییهێنان بە دەستێوەردانی حزب لە حكومەت و پەرلەمان(پەرلەمانی بێ دەولەت و جغرافیای بەرەسمی ناسراوی نێودەولەتی) تەنها دەبێتە بانگەشەی ترس لە دەستێوەردانی حزب لە حزبدا.
 بۆیە هەموو ئەو پرۆژانەی تائێستا لەژێرناوی چاكسازیدا دراون، بەشێكن لە هەوڵی حزب بۆحزب تا هەوڵ بۆ پێكهێنانی حكومەت و دەوڵەتی مەدەنی و یاسا. ئەم پرۆژانە دەچنە خزمەت بە دەسەڵاتی حزبیەوە. هەمووشیان سەرئەنجام پرۆژەی خامۆشكردنەوەو ئیحتیواكردنی ناڕەزایەتیەكانی خەڵكی كوردستانن.   
  15-1-2009
 
     
    
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.