Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
لە ژێر ناوی ئایینی ئیسلامدا ، کەلتور و یاسا وپۆشاکی عەرەبمان بەسەردا مەسەپێنن

لە ژێر ناوی ئایینی ئیسلامدا ، کەلتور و یاسا وپۆشاکی عەرەبمان بەسەردا مەسەپێنن

Closed
by June 4, 2012 گشتی

 

 

‌لە دوای بەرهەڵستی و بەڕەنگاری یەکی زۆر ، کورد بوو بە ئیسلام ، باوپاپیانمان لە بەر دڵسافی و دڵپاکی خۆیان  بڕیاریاندا بە دڵسۆزیی ئەم ئایینە ئاسمانی یە وەربگرن و تەنها لە پێناوی یەزدان و خزمەتکردنی ئەم ئایینە بژین ، بە بێ بیرکردنەوەی بەکارهێنانی ئەم ئایینە بۆ ئامانجی سیاسی ، نەتەوایەتی و ئابووری ، تەواو بە پێچەوانەی عەرەب، فارس و تورک ، کە ئەم ئایینەیان بە کارهێنا بۆ داگیرکردنی ووڵاتان و چەوساندنەوە و لە ناو بردنی میللەتانی تر و سەپاندنی کەلتوری خۆیان بەسەریاندا ، پاشتر هەوڵدان بۆ تواندنەوەیان  بەڵام کورد  توانی خۆی لەو دوژمنکاری یە  بپارێزێت و بە دڵسۆزیش بەردەوام بێت لە خزمەتکردن بەم ئایینە ، نمونەی زۆری کەڵە کوردی موسڵمانمان هەیە کە بە بێ بیرکردنەوەی لایەنی نەتەوایەتی ، هەموو  ژیانی خۆی تەرخان کردووە بۆ ئیسلام بە بێ جیاوازی کردن لە نێوان نەتەوەکاندا ، تەنها دادپەروەریان سەپاندوە نەك داگیرکردن و دوژمنکاری .
‌ئەوەی تا ئێستا دوژمنانی کورد بە ناوی ئایینە پیرۆزەکانەوە نەیتوانیوە چۆك بە میللەتی کورد دا بدەن ، هەوڵ ئەدەن لە ڕێی بەکرێگیراوە دڵساف و ساویلکەکانی کورد جێ بەجێی بکەن ، نەوەی کورد لە خشتە بەرن بۆ گەیشتن بە مەرامە  بۆگەنەکانیان ، هەوڵدان بۆ لە ناو بردنی زمانی شیرینی کوردی ، کەلتور و پۆشاکە ڕەنگینەکانی کورد ، سەپاندنی زمانی بێیانی و کەلتور و پۆشاکی عەرەب و تورک و فارس بە سەر کۆمەڵگاکەمان . 
‌لەگەڵ ئەوەی کورد لە ناوچەکەدا تەنها میللەتێکە ،کە ئیسلامی بە دڵسۆزی و خۆشەویستیەکی زۆرەوە بۆ هیچ مەرامێك  وەرگرتوە و ڕێزی هەیە بۆ هەموو  ئایین و میللەتەکانی تر ، کەچی لە ڕێی چەند کۆلکە مەلایەکەوە  هێرش ئەکرێتە سەر ڕۆشنبیران و بە خوانەناس تاوانبار ئەکرێن .
‌بە داخەوە دەسەڵاتدارانی هەرێمی لەبەر گەندەڵی و حزب حزبێنە و خۆ دەوڵەمەند کردن ، چاوپۆشی لە زیادەڕەوی کۆنەپەرستان و مێشك  تەسکەکان  ئەکەن و نەك  هەر ئەوەش ، بەڵکو جڵەویان بۆ شل کردوون و ڕێگایان پێ ئەدەن بە ئارەزوی خۆیان هەڕەشە لە نوسەر و ڕۆژنامەنوسان بکەن یان بەرەو دادگایان ڕاکێش بکەن .
‌نازانم سیستەمی هەرێمی کوردستان دیموکراتی و عیلمانی یە یان سیستەمی کۆلکە مەلایە ، جا ئەگەر سیستەمی دیموکراتی یە ، ئەوا تاکی مرۆڤ سەربەستە چۆن بیر ئەکاتەوە و بڕوای بە چی هەیە تەنها خۆی لێپرسراوە لە هەڵسوکەوت و جۆری بیرکرنەوەی تا ئەو کاتەی هەستی کەس بریندار نەکات و زیانی نەبێت بۆ سەر ئاسایشی نیشتیمانی و ووڵات ، کەس بۆی نیە بیروباوەڕی خۆی بسەپێنێت بەسەر یەکێکی تردا ، پێویستیش ناکات بە ناوی ئایینەوە کەلتوری ووڵاتانی داگیرکارانمان بەسەرا بسەپێنن ، بە تایبەتی پۆشاکی عەرەب ، چونکە لە دێر زەمانەوە ژنان و کچانی کورد بە پۆشاکی ڕەنگینی کوردی خۆیان داپۆشی یەوە و ڕێزیان لە ئاینەکەیان گرتووە ، تەنها موسڵمانی ڕاست و دروست و دڵساف هەر کوردی موسڵمانە ، لەبەر ئەوە گەر لە جل و پۆشاکی کوردی بێزارن ، هەوڵ بدەن پۆشاکێکی نوێی کوردی دابهێنن ، نەك ڤیستیڤاڵ ڕێك  بخەن لە شارەکانی هەرێم بۆ پرۆپاگەندە کردنی پۆشاکی عەرەب و تورک و هاندانی کچان و ژنانی کورد بۆ پۆشینیان بە ناوی ئایینەوە ، هەوڵ بدەن پرۆپاگەندە بکەن بۆ سەرپۆشی و سەروپێچی کوردی ژنان ، کە دایك  و داپیرەکانمان پۆشیویانە بۆ داپۆشینی جەستە و ڕوخساریان  .
‌پێویستیش ناکات کەس خۆی بکات بە نوێنەری یەزدان لە سەر زەوی ، چونکە کەس ئەو مافەی نیە ، بە ناوی ئایینەوە ڕێگای ئازادی لە تاکی کورد بگرێت ، کەسیش بۆی نیە هەستی کەسێکی ئایندار بریندار بکات و هێرش بکاتە سەری ، بۆ هیچ کەسێکیش نەهاتووە هێرش بکاتە سەر سەرچاوەی بژێوی تاکی مرۆڤ جا ئەگەر ئەڵکهول بفڕۆشێت یان پەڕتوکی ئایینی ، بۆ ڕێگرتن لەم کارە نەشیاوانە ، یاسایەکی پڕ بە پێستی خۆی هەیە کە تاوانباران بە سزای خۆی بگەیەنێت ، بۆیە پێویست بە هیچ یاسایەکی تر ناکات کە هەوڵی دەم بەستنی تاکی کۆمەڵ بدات بۆ دەربڕینی بیرو بۆچونەکانی خۆیان .  
‌ئەگەر دەسەڵات بڕیاری دەرکردنی ئەم جۆرە یاسای دەم کوتکردن  بدات، باشتر وایە  پێشەکی   هەرچی ووشەی دیموکراتی ، عیلمانی ، فیدڕاڵی ، یەکسانی ، ئازادی ، مافی تاك  لە فەرهەنگی کەلتور و سیستەمی حوکمڕانی بسڕێتەوە و هەوڵ بدات وویلایەتێکی فەقێ سەر بە ووڵاتانی داگیرکاران دروست بکات ، چونکە لە ووڵاتانی دیموکرات و علمانیدا ، تاکی کۆمەڵگا  سەربەستە چۆن بیر ئەکاتەوە و چی ئایینێك  هەڵ ئەبژێرێت ، لەو ووڵاتاندا یاسا هەیە و بڕیار ئەدات ، نەك  لە کونجی کەنیسە و مزگەوتەکانەوە  بڕیار بدرێت ، تاکی کۆمەڵ ئەبێت چی بێت و چۆن بیر بکاتەوە ، کەسیش ناتوانێت بە زۆر بیروباوەڕەکانی خۆی بسەپێنێت بە سەر کەسدا .
‌بۆیە ئێمەش ئەڵێین بە ناوی ئایینەوە مەرامی دوژمن مەهێننە دی ، کەلتور و پۆشاکی عەرەبمان بەسەردا مەسەپێنن ،ناوی عەرەبی لە منداڵەکانتان مەنێن ، بە بەکارهێنانی ناوی عەرەبی ناچنە بەهەشتەوە ، بەڵکو بە ڕەفتارەکانتان  ، لەگەڵ ئەوەشدا   کورد باشترین ئاییندارە لە ناوچەکەدا، هەوڵ بدەن لە بەر دەم سرودی ئەی ڕەقیب هەڵبستن ، نەك لە بەر دەمی سرودی دوژمنان ، شانبەشانی ئایینەکان ، بەرژەوەندی نەتەوایەتیتان بیر نەچێت، سەیری ڕژێمی عەرەب و تورک و فارس بکەن ، ڕۆژانە  گەنجی کورد شەهید ئەکەن ، لەگەڵ ئەوەی ئەو کوردانە موسڵمانێکی بە باوەڕ و دڵسۆزن و خواپەرستن . 
‌سەڕەڕای ئەمانەش یەزدانی گەورە هیچ نوێنەرێکی نیە لە سەر زەوی و پێویستیشی بە پارێزەر نیە تا بەرگری لێ بکات ، هەرکەسێکیش بمرێت ئە چێتە گۆڕی خۆی یەوە و خۆشی بەرپرسە لە ڕەفتارەکانی ، ئێوە ناتوانن بە ناوی یەزدانەوە بڕیار بدەن کێ خواپەرستە و کێ بەدکارە و خوانەناسە .
‌ئێوە دژی ئازادی بیروباوەڕن و بڕواتان بە دیموکراتی و سیستەمی عیلمانی و تەکنیك و کۆمپیتەر نیە ، کەچی هەر تەنها لە ژێر ئەم جۆرە سیستەمانە چالاکی یەکانتان بە ئازادی ئەنجام ئەدەن کاری سیاسی و ئایینەکانتان جێ بە جێ ئەکەن ، بە بێ ڕێگرتن و گرتن و کوشتن ، لە جیهانی ئیمڕۆی گڵۆبالیزمدا ، هەر ئێوەشن کۆمپیتەر و ئینتەرنێت و فەیسبوك و مۆبایل بە کار ئەهێنن بۆ گەیشتن بە مەرامەکانتان ، نەك  لە ژێر سیستەمێکی دیکتاتۆری وەك  بەعس ، کە لە هیچ کونێکەوە نەتان ئەتوانی خۆتان دەربخەن و بە ئاشکرا چالاکی یەکانتان بە ئەنجام بگەیەنن ؛ نەك  وەك  ئێستا بە ئازادی فتوای کوشتن و قەدەغەکردن دەربکەن لە مینبەری مزگەوتەکانەوە ، یاسای دەمکوت کردن بسەپێنن بەسەر پەرلەماندا، ئەو کاتانە بەس بۆتان هەبوو بەسەر شانوباهوی بەعس هەڵ بدەن و تەنها باس  لە پیرۆزیەکانی  جەنگە ماڵوێرانکاری یەکانی قادسیەی بەعستان  بکردایە ، لەگەڵ ئەوەی لە کاتی ئەنفالدا بە هەزاران قورئان سوتێنرا ، مزگەوت ڕوخێنرا ، مەلا و شێخ و حاجی و پیاوچاکی موسڵمانی کورد شەهید کرا ، بۆ فتوایەکتان نەدا و هەوڵی هێنانی یاسایەکتان نەدا ، کە بەسەر بەعسدا بیسەپێنن بۆ قەدەغە کردنی ئەم ڕەفتارانەیان ، یان دەردە کوشندەکەی کوردە ( خۆ خۆری و دوژمن پەرستی یەکە یە) ، ئێمە بۆمان ماوەتەوە ، شێری بەردەم کورد بین و ڕێوی یەکی ترسنۆکی بەردەم دوژمن .
‌ئەی ئێوە بیر ناکەنەوە کە ئێمەی کورد لە ٩٥% مان موسڵمانێکی پاك و دڵسۆزین ، سەڕەڕای ئەوەش ڕۆژانە لە لایەن داگیرکارانەوە ئەکوژرێین ، ئەگیرێین ، ئازار ئەدرێین ، ماڵ وێران ئەکرێین ، دەربەدەر ئەکرێین کەچی ئێوەش بە ناوی نوێنەری ئایینی ئیسلام پارە و یارمەتی لە داگیرکاران و کورد کوژان  وەرئەگرن  بۆ جێ بەجێ کردنی ئامانجەکانتان و دانانی کەناڵی ئاسمانی ، ئێوە سەربەستن گەر کەلتور و پۆشاك و ناوی عەرەبی و یاسای عەرەب و تورك و فارس وەر ئەگرن ، بەڵام هەوڵ مەدەن بەسەر ئێمەدا  بیسەپێنن، تەنها پیرۆز بێت لە خۆتان .

 

خەبات لاوباخ

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.