Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
لە یادی مەیدانەکانی  ئازادیدا..!….  کامەران عەزیز

لە یادی مەیدانەکانی ئازادیدا..!…. کامەران عەزیز

Closed
by February 15, 2012 گشتی

لە ١٧حەڤدەی شوباتی ٢٠١١دا.. بە قوربانیدانی ١١ مرۆڤی گیانبەختکرد و  وە بە خوێن و ئازاری زیاتر لە ٤٠٠ مرۆڤی، بریندارکراو.. ئەشکەنجەدراو.. زیندانیکراو، دەرگای ماڵێکی پڕ لە ئومێدمان لە ماڵی گەورەی  بێئومێدی نیشتماندا لە هەموان ئاوەڵا کرد..!
   لە نێو شار و شارۆچکەکانی کوردستاندا ماڵێکی بێ دیوارو بێ سەربان و بێ سەرۆکمان لە نێو ماڵی گەورەی نیشتماندا چێکرد..ماڵێکمان بۆ هاوار و دەنگی ئازادی هەموان چێکرد..ماڵێکمان بۆ ڕەخنە و داوا و داخوازیەکانی هەموان چێکرد..ماڵێکمان بۆ گۆڕین و هەڵوەشاندنەوەی ئەم دەسەڵاتە نا عەدالەت و گەندەڵە چێکر..!
لەم ماڵانەدا ڕۆژانە بەبێ بوونی هیچ پرسگەیەک..بەبێ روخسەت و مۆڵەتخواستن لە دەسەڵاتی هیج کەسێک، وە بەبێ گوێدانە برسیەتی و تینویەتی وسەرماو ڕەهێڵە، ڕۆژانە بە سڵاوێکی گەورەوە، بە ئیرادە و بە گەشبینیەکی زۆرەوە، بە گەروویەکی کراوەوە، خۆمان دەکرد بە نێو ئەم ماڵە گەرمە ئازادانەداو لە دەوری سەکۆکانی کۆدەبوینەوە..تا درەنگانێ شارمان پڕ دەکرد  لە قیژەی ئازاری خۆمان..!
لەم ماڵانەدا زۆرینەمان دەمانتوانی لە یەک ساتدا داوا بکەین و لە یەک ساتدا بە توڕەیی‌یەوە بێدەنگ بین..! وە بەبێ لەبەر چاو گرتنی جیاوازی نێوان مرۆڤگەلی( گەورە و بچوک..نێر و مێ..باوەڕ و بێباوەڕ)، دەمانتوانی هەموو تێیدا بە دەنگی بەرز بە گوێ‌ی کپی دەسەڵاتدا هاوار بکەین..!!
وە هەر بە هەستێکی پڕ لە سۆز و ویژدانەوە بە گەرویەکی نوساوەوە، ئێواران ماڵ ئاوایمان لە یەکدی دەکرد و سەکۆکانمان بە خاوێنی بەجێدەهێشت. وە بەبێ دووبارە کردنەوە و دیاریکردنی ساتەکانی ژوانی دەستپێکردنەوەی خۆپیشاندانی ڕۆژانەمان، دیسان بۆ سبەینێ و ڕۆژانی دوایی دەگەڕاینەوە بۆ نێو باوەشی ئەم ماڵە ئازادو پر لە هیوایانە..!
سەکۆکانی ئازادی ئەو جیگایانە بوون کە زۆر چالاکانەتر و بە هێزێکی زیاترەوە تێیدا دەمانتوانی هێخەی حکومەت ڕاوەشێنین و لە نا عەدالەتی و نا یەکسانی و گەندەڵکاری ئاگاداری بکەینەوە..ئەو شوێنانە بوون کە تێیدا دەمانتوانی خێراتر و ئاشکراتر، دەسەڵاتداران لە نەبونی مافەکانمان، ئاگادار بکەینەوە..ئەم مەیدانانە ڕێگایەک بوون کە دەمانتوانی هەموو کارە ناشیرین و نا مرۆیی‌یەکان و فێڵە سیاسی‌یەکانی ئێستا و مێژووی دەسەڵاتدارانی ئەمڕۆی کوردستان ئاشکرا بکەین.. ئەم سەکۆیانە ئەو سەنگەرە پڕ لە ڕەنگانە بوون کە  رۆژانە لە بەرامبەر یەک ڕەنگی ڕەش و دزێوی دەسەڵاتدا خۆیان نمایش دەکرد.. ئەم سەکۆیانە ماڵی گشتی هەموان بوو..ماڵیک بوو کە لە  بەهاری ٢٠١١ دا دەیتوانی ڕووخساری نیشتمان لە پیریەتی دەسەڵاتی گەندەڵ وکۆن ڕزگار بکات و سیمایەکی نوێ و  ڕەنگاو ڕەنگی شارستانی پێ ببەخشێت..! 
بەڵێ ویستمان لەم ماڵە ئازادە بچوکانەوە چەندەها ماڵی ئازادی دی لەم وڵاتە نا ئازاد و شێواوەدا چێ بکەین و هەموو نیشتمان بکەینە سەرا و مەیدانێکی گەورەی ئازاد..بیکەنە کۆمەڵگایەکی ئازاد و عەدالەت و یەکسان..کە ژیانێکی ئاسودەیی بۆ هەمووان تێدا بگوزەرێت..
بەڵام مخابن لە دوای ٦٢ڕۆژ دەسەڵاتدارانی گەندەڵخواز..جەلادانی دژ بە ئازادی..فێڵبازە سیاسی‌یەکانی دەرەوە و ناوەوەی دەسەڵات  لە پلانێکی داڕێژراودا ووردە ووردە خۆپیشاندانەکانیان لە ڕەوتی سروشتی خۆی لاداو و مەیدانەکانیان شێواند و خواست و هیوای گەنجان و هاوڵاتیانی ئازادیخوازیان بە پێ‌ی مەهامی خۆیان لەبار برد..!
پاش ٦٢ ڕۆژ، دەسەڵات چاوی سەربازەکانی بە وەهم و درۆ کوێر کرد و هێرشی سەربازی بەرەو ڕووی ماڵە ئازادەکانمان دەستپێکرد….هۆش و ویژدانی سەرباز و پێشەمەرگەکانی لە هەموو هەستێکی مرۆیی و نەتەوەیی خاڵی کردەوە و هەموویانی وەک ڕۆبۆرتێکی  قورمیش کراو، وەک جاش و سەربازەکانی شاڵاوی ئەنفال، کوێرانە بەردایە گیان و جەستەی گەنجە ئازاد و یاخی‌یەکانی دژ بە دەسەڵات..!
ئەم دەسەڵاتە هەر وەک دەسەڵاتە دیکتاتۆرەکان، یەکەم جار لە گەنجە نەترس و بە ئیرادەکان و مرۆڤە هوشیار و ڕوناکبیرەکانەوە دەستی کرد بە هێرش وفڕاندن و گرتن و ئەشکەنجەدان..!
بەڵێ هەروەک ئاغاکانی کۆن چۆن خەرمانی جوتیارەکانیان دەسوتاند..یاساوڵەکانی ئەم دەستەڵاتەش بە هەمان ئەقڵ و کولتورەوە، لە تاریکە شەودا، ئاگریان لە سەکۆکانی ئازادی بەرداو سوتاندنیان..هەر وەک بەعسیەکان چۆن لە ساڵی ١٩٨٥دا بە ددانی ڕەق و تیژی شۆفڵەکانیان خانوەکانی هاوڵاتیانیان دەڕووخاند..ئەمانیش بە هەمان ئوسڵ و شێوەکار دەستیان کرد بە سوتان و تێکدان و ڕووخانی ماڵە ئازادەکانمان..بەڵێ هەر وەک چۆن سیاسی‌یە فاشی‌یەکان لە ساتەکانی ئەنفالدا دەیانویست هەموو ئاساری بیر وباوەڕێکی جیاواز لەم وڵاتەدا بسڕنەوە.. دەسەڵاتدارانی کوردستانیش بە هەمان شێوەکار، دەیانویست ئاساری بیری جیاوز و ناڕەزایەتی و توڕەیی هاوڵاتیان بسڕنەوە.!
وە لە ڕۆژەکانی دوای ڕوخانی ماڵە ئازادەکانمان، هەروەک ملازمە موحسینەکانی دوێنێ بە بەهانەی جۆراو جۆر..بە بیانوی پۆشینی پۆشاکی ڕەش..بە بیانوی دەربڕینی رق لە سیماماندا..بە بیانوی بەکارهێنانی مۆبایلەکانمان..! بە بیانوی کۆڕ و کۆبونەوە لە لێواری شەقامەکانی نێو شار وشارۆچکەکان و زانکۆکەکاندا، کەوتنە لێدان و ئەشکەنجەدانمان..!
لە دواساتدا، بە هێنانی هێز و چەکی قورس و سوک..بە پیشاندانی بێشوماری میلیشیای رۆبۆرتی کێبڵ و تێڵا و چەک بەدەست، توانیان مەیدانەکانی ئازاد‌یمان لێ داگیربکەن..لێ بڕوخێنن..لێتکبدەن و لە ماڵ و سەکۆ ئازادەکانمان بە بێدەنگی و بە سەرکوتکراوی  بمانکەنەوە  بەناخی  کێشە هەمیشەیی‌یەکانماندا..!

 ١٥ی شوباتی ٢٠١٢

کامەران عەزیز
Kamaran91@gmail.com

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.