Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
لە یادی هەشتی مارسدا

لە یادی هەشتی مارسدا

Closed
by March 8, 2012 ژنان

ئەمساڵ لە کاتێکدا یادی هەشتی مارس دەکرێتەوە، کە ساڵی ڕابردوودا شەپۆلێك لە خۆپێشاندان، ناڕەزایەتی دەربڕین و شۆڕش بەشێك لە وڵاتانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستی گرتەوە، و چەند سەرۆکێکی دکتاتۆری سەرمایەیان وەلانا.
بەڵام لەو نێوەدا دژە شۆڕش بۆ سەرکوت و لەباربردنی شۆڕش، بۆ هێشتنەوەی ڕژێمەکان پاش وەلانانی سەرانی دەوڵەتی، توانی خۆی کۆبکاتەوە لە شکڵی هاوپەیمانیەتی دامەزراوەی سەربازی ئەو وڵاتانە لەگەڵ بزوتنەوەی ئیسلامی سیاسی بەهاوکاری لیبراڵەکان و دەستخۆشانەی وڵاتانی ئیمپریالیستی ڕۆژئاوا.
هەوڵدان بۆ کردنی شەریعەتی ئیسلام بە دەستور و یاساو ڕێسا، هەروەها داسەپاندنی یاسای دژە ژنی ئیسلامی و زیندووکردنەوەی فەرهەنگ و دابونەریتی دواکەوتوانەی ئایینی، هەر لەو وڵاتانەدا کە ساڵی پار بە بارودۆخی شۆرشگێڕانەدا تێپەڕیون، ئەمانە پێشەنگی هەڵمەت و دەستوەشاندنی دژەشۆڕشی بورژوازیە بۆسەر ماف و ئازادیەکانی تەواوی هاوڵاتیان. ئەوەی کە چاوەڕوانی زوربەی کۆمەڵە لە کرێکاران و زەحەمەتکێشان و ئازادیخوازان، بەتایبەت لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، هەر لە ئێستادا لە بێ ماف کردن و پلەدوو کردنی پایەی کۆمەڵایەتی نیوەی کۆمەڵدا کە ژنانن دەبیندرێت.
ئاسۆیەك کە سندوقی دراوی نێودەوڵەتی بەهاوکاری گۆپاڵی “ناتۆ” و هەر سێ ڕەوتی ئیسلامی سیاسی، دامەزراوەی سەربازی و لیبراڵەکانی ئەو وڵاتانە خەریکی داسەپاندنین بەسەر جەماوەری ناڕازایدا، هەر ئەوەی لێ چاوەڕوان دەکرێت کە ئێستا پێشەکیەکەی بە فشار بۆ سەر ژنان و بێ مافکردنیان دەستی پێکردوە.
دیاری کردنی هەشتی مارس وەك ڕۆژی خەبات لە پێناو یەکسانیدا، بەرهەمی ئینتەرناسیونالی دووەم و پێشڕەوی کۆمۆنیزمی مارکس بوو لەدەرونی بزوتنەوەی کرێکاریدا لە کۆتایی سەدەی نۆزدە و سەرەتای سەدەی بیستەمدا. ئەمڕۆژە لەسەر پێشنیاری هەڵسوڕاوی کۆمۆنیستی ئەڵمانی و ئەندامی ئینتەناسیوناڵی دووەم  کلارا زتکین دیاری کراوە. بە درێژایی مێژووی سەدەی ڕابردووش ئەوە کۆمۆنیستەکان، بزوتنەوە کرێکاری و سۆشیالیستیەکانی جیهان بوون کە پەرچەمداری ئازادی و یەکسانی ئینسانەکان بوون.
پێشڕەوی بزوتنەوەی ئازادیخوازانە و ڕزگاریبەخشی ژنان، هەروەها بەدەستهێنانی ماف و ئازادیەکانی ژنان و یەکسانی ژنان و پیاوان، لە بنەڕەتدا بەستراوەتەوە بە پەرەداربوونی ئاسۆی ڕزگاریبەخشی سۆشیالیستی بەسەر ئەو بزوتنەوە و لێکهەڵپێکانی بە بزوتنەوەی کرێکاری و کۆمۆنیستی لەهەر وڵاتێکدا.
یادی هەشتی مارس وەبیر هێناوەی ئەو ڕاستیە مێژوویانەیە تا ببێتە پاڵنەرێك بۆ هەرچی چالاکبون و پەرەدارکردنی ئاسۆی ڕزگاریبەخشی سۆشیالیستی لە بزوتنەوەی ئازادیخواز و ڕزگاری ژناندا.
8-3-2012

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.