Skip to Content

Thursday, April 18th, 2024
مارکسیزم و مێژووی ئەدەبیات

مارکسیزم و مێژووی ئەدەبیات

Closed
by January 26, 2013 مارکسیزم

 

 

 

رۆژنامەی “رووتە فانە” (ئاڵای سوور) بە بڕواری بیست و پێنجی ئوتی 1922، بابەتێکی تایبەتی لەژێر ناو نیشانی ئەوەی سەرەوەدا بڵاو کردەوە. بە گوێدان بە گرنگی و- لەهەمان کاتدا- سروشتی کراوەی بابەتەکە، لەوانەیە بێ سوود نەبێ کە ئەو بابەتە بە دەربڕینی چەند بۆچوونێک بەپێزتر بکەین.

مانای چینایەتی “هونەر لەپێناو هونەر دا”

نوسەر بابەتەکەی بە ڕەدکردنەوەی بۆچوونی “هونەر لەپێناو هونەر دا” دەست پێدەکا. ئەو ئەم بۆچونە وەک چەکێکی ئیدۆلۆژیکی بۆرژوازی و بە لێکچووی چەکی “زانستی بێ لایەن” دەبینێ. بێ گومان ئەم بۆچوونە هەڵە نیە، تەنها هەندێک ئابستراکت “دەرهەستە”؛ واتە بۆ لەقاودانی مانای چینایەتی ئەم بۆچوونە بەس نیە. لە ڕاستی دا، نابێ هیچ کات لە بیرمان بچێت کە بۆچوونی هونەر لەپێناو هونەر دا بە هیچ شێوەیەک شوعاری لێکۆلینەوە سەرەتایەکانی بۆرژوازی لە ئەدەبیات نەبووە. بە پێچەوانەوە، هونەری بۆرژوازی هەر وەک هونەری بەڵێندار بە دژی هونەری فئۆدالی- ئیستبدادی لەدایک بوو، بەڵام دواتر لە سەردەمی وایمار، گوتە و شیلێر بوو کە هونەری “تایبەت” بەدەر لە هەر شێوە بەڵێنداریەک لە دایک بوو؛ ئەم شێوە ئەدەبیاتە لە دوای شۆرشی 1848 لە پاریس و بریتانیا بوو کە گەیشتە لوتکە “لەگەڵ ئەوەی کە رۆمانتیسمی ئینگلیزی فەڕانسەی- کە مرۆڤ وەبیر ویکتۆر هۆگۆ، بایرۆن و شلێ ئەخاتەوە، هێشتاش هەر بەڵێندارێکی زۆر توندە”. بەڵام لە کۆتایی دا ئەم بۆچوونە لە کۆتایەکانی سەدەی نۆزدەیەم دا، بە تەواوی بەسەر جەوی هونەری دا داسەپا، ئەگەر چی کە هێشتاش هونەر لەپێناو هونەر دا بەقەدەر نوکە دەرزیەک لەگەڵ کاری ئەدەبی نوسەرانی ناوداری ئەو سەردەمە وەک زۆڵا، ئیبسن، تۆلستۆی و داتایۆفسکی یەکتری نەدەخوێندەوە.

ئێستا کە ئێمە ئەم گۆرانکاریە لە دەرکی ئەدەبیات لە پێوەند لەگەڵ گۆرانکاری چینی بۆرژوا دا لە نزیکەوە شرۆڤە دەکەین، ئاشکرا دەبێ کە “هونەر لەپێناو هونەر دا” پەدیدەیەکە کە پێوەندی بە روخانی بۆرژوازیەوە هەیە، نیشانەیەکە لە ئەو ڕاستیەی کە ئیمان بە ئامانجە چینایەتیەکان لە بیر و زەینی ناسراوترین و پێشکەوتووترین چینی بۆرژوا دا لێک ترازاوە. ڕاستە کە ئەم لێک ترازانە بەمانای پچڕانی تەواوی پێوەندیە بنەرەتیەکان نیە لەگەڵ تەواوەتی کۆمەڵگای بۆرژوازی، و نە “تەنانەت” بەڕونی بەمانای ئەو بۆچوونانە نیە کە ئەم کۆمەڵگایە پشت سەر ئەنێن. لە ڕاستی دا، شێوەکانی هەست و شیوەکانی ژیان کە ناوەرۆکی لەدایک بونە ئەدەبیەکان دیاری ئەکەن، هەر بەو ناو و نیشانەی پێشتر ماونەتەوە.

ئەم شێوانە تەنها لەناوەرۆکی خۆیان بەتاڵ بوون. وە ئەم بەتاڵ بوونە ئاکامی ئەم ڕاستیەیە کە ئیمان بە توانایی ئەم شێوە ناوەرۆکە لە گۆرینی جیهان لە ناو چووە. ئەم شێوانە تەنها شێوە گەلێکی دروستکراون، شێوەگەلێکی تەنها “ئەدەبی”. وە بۆچوونی “هونەر لە پێناو هونەر دا” نیشانەی جیای بەدیهێنەری باشترین رۆحیاتی چینی بۆرژوایە لەگەڵ گۆرانکاری گشتی خودی چینەکە. لە روانگەی چینی شۆرشگێری پرۆلیتاریاوە، ئەم مەیلە بێ دوو دڵی کۆنەپەرەستانەیە. لە روانگەی پرۆلیتاریاوە، هونەری چینی دەسەڵاتدار، هونەرێکە بەڵێندەر و نیشاندەری ئامانجگەلێکی دیاری کراوی چینایەتی. بەڵام سەبارەت بە چینی بۆرژوا، ئەم شتە ئەبێتە ئاشکرا کەری پرۆسەی داڕمانی ئیدئۆلۆژیک.

ڕاستە کە مرۆڤ ناتوانێ بەروونی بەرحەق بوونی ئەم دۆزراوەیە شی بکاتەوە، مەگەر لە رێگای خوێندنەوەیەکی پراو پر و دیاری کراو لە کۆی گۆرانەکە. بەهەموو ئەوانەوە لەوانەیە بتوانین کە ئەم دراوانە بە یارمەتی چەند نمونەیەک روون بکەینەوە. بۆ نمونە ئەگەر دۆن کارلۆس شیلێر لەگەڵ واڵنشتاین بەراورد بکەین، وە ئەگەر رۆل و چارەنووسی نمونەی پاڵەوان گەلێک کە بە راستی تایبەت بە ئەون لە نزیکەوە بدەینە بەر لێکۆلینەوە لەلایەک، مارکۆز پۆزا (Maquis.posa) وە لەلایەکی تر ماکس پیکۆلۆمینی (M.picolomini)، جیاوازیەکە زۆر بە ڕوونی دەر ئەکەوێ.

پاڵەوانی نمونەی شیلێر، بەیانی شۆرشگێرانەی چینی بۆرژوازیە. شۆرشی کارڵ مۆر (K.moore) کە بەشێوەیەکی ئەدەبی و بیرمەندانە وێنەی بۆکراوە، گێرەرەوەی بەشێک لەو هەستانەیە کە چرایانی شۆرشگێری شۆرشی گەورەی فەرانسای بەرەو پراکتیک و کردار ڕاکێشا. ( وە ئەوە نە ڕووداوە و نە لێتێکچوون، کە پارلمان و کۆنوانسیۆن شیڵێر بە شارۆمەندی کۆماری فەرانسا دەردەهێنێ). لە لایەکی ترەوە مارکۆس پۆزا بۆ خواستە گشتیەکانی بۆرژوازی شۆرشگێر و ئازادی بیر کردنەوەیە کە خەبات دەکا؛ وە تەنانەت شێوەی خەباتەکەی بە جۆرێکی دەرهەستی، توڕە و سادە و بە شێوەی ماکیاوەلی گێژانەیە. زۆر قورس مرۆڤ وەبیر شێوەی جوڵانەوەی زۆریەک لە قارەمانان و رێبەرانی شۆرشی گەورەی فەرانسا ئەخاتەوە، تەنانەت ئەگەر ئەو شێوە دەرەکیانەی کە خەبات بە خۆیەوە ئەیگرێ، ڕەنگدانەوەی دیکتاتۆریەکی بیرتەسکانەی فئۆدالی ئاڵمانی بێ. 

ماکس پیکۆلۆمینی لە هەست و بیرکردنەوەکانی دا، برای کارل مۆر و مارکز پۆزە. بەڵام ئیتر خاوەنی ئەو ئامانجە شۆرشگێرانانە نیە کە ئامادە بوو لە پێناویاندا خەبات بکا، ئیدیالیسمەکەی و تامەزرۆیەکانی هیچ هاوئاهەنگیەکیان پێکەوە نیە. ئەو بۆ جگە لە ماف و جوانی گشتی شەوقی نیە. ئەو راستیە بێ گیان و بێ مانایەی کە لەگەڵ بوونی برا گەورەکانی ئەو خەریکی خەبات کردنە لەسەری، ئێستاکانە لە هەموو بوارەکان دا ڕوەکەی دەرکەوتوە. 

داهێنەری ئەم رۆڵە هەر بەو شێوەیەی کە باسمان کرد وەک دەموچاوێکی نەگۆر خەریکە خۆی ئەگونجێنێ. وە هەروەها ماکس پیکۆلۆمینی، بە پێچەوانەوە کارڵ مۆر و مارکز پۆزا، ئیتر لە ناوندی شانۆکەدا بوونیان نیە؛ ئەو چۆتە ئاستی رۆلگێرێکی سادەی وەرزیەوە. چارەنووسی ئەو ئیتر خەباتێکی روون و ئاشکرا نیە لە پێناو ئامانجەکانی دا، بەڵکو سەودایەکی ناهاوئاهەنگە بۆ ئەو ئامانجانە. خەباتێکە کە کۆتایەکەی ناتوانێ شتێک بێ جگە لە مردنێکی بێ هیوایانە و پوچ، واتە “مردنێک لە ئەوپەری جوانی دا”. لە نێوان دۆن کارلۆس و واڵنشتاین ساڵەکانی 1793 و 1974 دا بوونی هەیە. ئەم سەردەمە، سەردەمی تیرۆر، ئەوپەڕی شۆرشی بۆرژوازیە. سەردەمێک کە نیشان دەری ترسی چینی بۆرژوازیە لە ئاکامی چەک و شەرێک، کە خۆی وەگەری خستووە. ئەمە خۆگوونجاندنە لەگەڵ شێوەکانی حکومەتی چەکداری، تا بەرژەوەندیە ڕاستەقینەکانی چینی بۆرژوازی لە رووی ئابووریەوە بە دژی تاکرەوی فئۆدالی- و بە دژی پرۆلیتاریا- بچەسپێنێ. ئاڕمانگەلێک کە دەبێ ببنە هۆی ئالوگۆری جیهان، بۆخۆیان بوونە ئیدۆلۆژی ( وشیاری درۆینە) ساف و سادەی کامڵبوونی ( گەشە ) ئابووری سەرمایەداری. هێشتا بزوتنەوەی هونەر لە پێناو هونەردا لە قوتابخانەی ئاڵمان دا لەم رەش بینیە، لەم بێ هیوایە، لەم بێ ناوەرۆکیەی بەرامبەر بە چینی خۆی وشیاری وەدەست نەهێناوە. بەڵام کاتێک کە ئێمە نوێنەرانی گەورەی ئەم دۆزەرەوەیە لە نیوەی سەدەی نۆزدەیەم دا سەیر ئەکەین، بابەتەکە زۆر روون و ئاشکراتر ئەبێ. بۆ نمونە بەرچاوترینی ئەم نوێنەرانە دەهێنینەوە بیر، فلۆبێر و بۆدلێر. فلۆبێر، بەتەواوی هەستیاریەوە، نوێنەری توێژێکە کە پرۆسەی شۆرشەکانی 1830 و 1848 بە شێوەیەکی سەرلێشێواوانە و ئێحساساتی و بە ناوی سونەتە گەورەکانی سەردەمی گەورەی شۆرش، لەگەڵ “فەرانسەی نوێ”، لەگەڵ سازانی ڕەوتە جیاوازەکانی سەرمایەداری و زوڵمی چەکداری، کەوتبوونە دژایەتیەوە. فلۆبێر لە بەشێک لە چیرۆکەکانی دا بۆ نمونە بە جوانترین شێوە پەروەردەی ئێحساسی “لە فارسی دا قوتابخانەی عەشق” ڕقەکەی دەخاتە ڕوو. بەڵام بە هۆی ئەوەی کە ئەم ڕقە، یەکسەرە مەنفی بوو، و نەیدەتوانی شانبەشانی پەیامێکی موسبەت لەگەڵ ئێستای ڕق لێبوونەوەی بکەوێتە دژایەتیەوە، هەستی نووسەر دەبوو بە دڵنیایەوە بە شێوەی ڕەد و دەرکردنی یەکسەری جوانی ناسی و بە شێوەیەک دژایەتی لەگەڵ ناشیرینی ژیانی ئێستا بێتە بەرچاو.

بەم هۆیەوە لە پانتای ئیدۆلۆژیک دا ئەم قسەیەی مارکس ڕاستە لە بارەی بۆرژوازیەوە- وە بە دڵنیایەوە دەکرێ ژمارەی نمونەکان زیاد بکرێ- “تەواوی ئەم کەرەستە فەرهەنگیانەی کە بۆرژوازی دروستی کردوون، بە دژی شارستانیەتیەکەی خودی ئەو شۆرش ئەکەن و هەموو ئەو خودایانەی کە دروستی کردوون بە جێی ئەهێلن.” 

دووبارەی بکەینەوە کە ئەم ناسینەی ئێمە بە هیچ شێوەیەک ئەم ڕاستیە بۆ پرۆلیتاریا ناگۆرێ، کە دەبێ تیۆری هونەر لە پێناو هونەر وەک تیۆریەکی دواکەوتوانە کە لەلایەن بۆرژوازی بەرەو فەساد رۆشتوو دانراوە تەرد بکرێ. بەڵام ئەگەر پرۆلیتاریا بیەوێ لەبەرامبەر بە بۆرژوازی دا هەلومەرجێکی باش هەلبژێرێ، دەبێ بە شێوەیەکی پراوپڕ هەموو بابەتەکە لە راستیە هەست پێکراوەکەی و ماهیەتە چینایەتیەکەی بۆ بۆرژوازی بدۆزێتەوە.

 

 

13/ئۆکتۆبەری/1922

سەرچاوە، “کتێبی جومعە”، ژمارە سێ، خەرمانانی 1358

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.