Skip to Content

Thursday, April 25th, 2024
ماستەر پلانى نوێ  … نەوزاد بەندى

ماستەر پلانى نوێ … نەوزاد بەندى

Closed

 

 

 

 

 

ئەگەر بە زۆر بمکەن بە عومدەى شار ..

شەقامەکان پاک ئەکەمەوە لە ئوتومبیل ..

پڕیان ئەکەم لە شیعر ..

کۆڵانەکان خاڵى ئەکەم لە حیزب ..

پڕیان ئەکەم لە پرتەقاڵ ..

 یەکەم مەرجى دامەزراندن : لەبەر کردنى بیست و پێنج هۆنراوە

خوێندنەوەى پانزە ڕۆمان ..

زانینى دوانزە یاریى مناڵیى ..

لەکارنەکەوتنى گلاندى فرمێسک ..

نەگیرانى بۆرى فرمێسک ..

زانینى بەلایەنى کەمەوە چوار جۆر پێکەنین ..

حەوت جۆر زەردەخەنە ..

*   *   *

لە قەراغ شار ،

ئۆردوگایەک دروست ئەکەم بۆ سیاسییەکان ،

سێ ژەمە گۆشت ..

گۆڕەپانى بۆکسێن و

زۆرانبازییان بۆ دائەمەزرێنم ..

( کۆمەڵێ مرۆڤى کەمئەندام ،

ئەکەم بە ئەنجومەنى وەزیران ..

بۆ ئەوەى هەستى خۆ بەکەمزانینیان تیا نەمێنێ )

*  *   *

لە ناوەڕاستى شار ،

سەنتەرێ دروست ئەکەم بۆ بیر کردنەوە ..

هەموو کەسێ بۆى هەیە بڕواتە ئەوێ

لە هەردوو ڕەگەز

لە هەموو قۆناغەکانى تەمەن ..

( چونکە ئاشکرایە زۆربەى مرۆڤەکان ،

بیر ناکەنەوە و

مێشکیان لۆک بووە ..

هەر بۆیە ئەکرێنە سەرباز و

ئەدرێنە بەر فیشەک ..

ئەکرێنە شوراى دەورى کۆشکەکان ..)

*   *    *

مەلەوانگەیەک دروست ئەکەم ،

لە جیاتى ئاو ،

پڕى ئەکەم لە دینار ..

ئەبێ ڕۆژى 3 جار سواڵکەرەکان مەلەى تیا بکەن ،

بۆ ئەوەى تێر بن لە پارە ..

بۆ ئەوەى قێزیان لە دینار بێتەوە ..

 

*  *   *

کەس بۆى نییە میز بکاتە ڕووبارەوە ..

کەس بۆى نییە لە خانوویەک زیاترى هەبێ ..

کەس بۆى نییە  پارە بخەوێنێ ..

(چونکە کە پارە خەوى لێکەوت ،

مناڵێ لە برسا ئەمرێ )

*   *    *

 

کەس بۆى نییە گیانەوەران بخاتە ناو قەفەزەوە ،

هەر کەسێکیش سەرپێچى کرد ،

گیاندارەکە ئازاد ئەکرێ و

خۆى ئەخرێتە قەفەزەوە ..

 

*   *   *

 

ئەگەر بکرێمە عومدەى شار ،

زەوى بەسەر مناڵاندا دابەش ئەکەم ..

ئەوان ئەتوانن چێژ لە زەوى وەربگرن ..

ئەوان ئەتوانن دنیا ئاوەدان کەنەوە ..

 

*    *    *

فیشەک قەدەغە ئەکەم ،

هەر کەسێ بە فیشەکەوە بگیرێ ،

ئەبێ بیخوات و

بڕوا لە ئاودەستخانەى ئەو وڵاتەى دروستى کردوە ،

دایبنێ ..

جنێو قەدەغەیە ..

هەر کەسێ جنێو با ،

بۆ ماوەى بیست و چوار سەعات ،

دەمى قەپات ئەکرێ ..

 

 

nawzadbandy@yahoo.com

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.