Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
مالكی نە خاوەن ماڵە، نە مەئمور ….. شوان جەلال

مالكی نە خاوەن ماڵە، نە مەئمور ….. شوان جەلال

Closed
by December 25, 2008 گشتی

مالكی نە خاوەن ماڵە، نە مەئمور ….. شوان جەلال

  گومانى تێدا نیە كۆمەڵێك هەڵسوكەوتی سەرۆكى ئەنجومەنى وەزیرانى عێراق مالیكى، لەو چەند مانگەى پێشوودا كە سەبارەت دروسكردنى كێشە بۆ لیژنەى باڵاى جێبەجێكردنى ماددەى 140ى دەستورى عێراقی فیدراڵ، هەروەها ناردنى هێزى سوپاى عێراق بۆ شارێكى ئارامى وەك خانەقین و ناحیەكانى جەلەولا، سەعدیە، قەرەتەپە، كە ئەو جێگایانە هێشتا (جێی ململامنێن) بەوپێیەى لە دەستوردا هاتووە، دەناسرێن. هەروەها لەم چەند رۆژانەى رابردوودا مالكى داواى دیسانەوە نوسینەوەى دەستورى كرد بە شێوەیەكى ( بابەتى)، هەروەك خۆى باسی لێوە كرد: پێویستە كۆمەلێك دەسەڵات لە هەرێمەكان وەربگێرتەوە و بدرێت بە ( ناوەند)، كە بەڕاستى ئەو داوا و هەڵسوكەوتانەى ئەم پیاوە سیاسیەى عێراق جێگاى گومان و مەترسیە. مالكى دەیەوێ هەموو سەرچاوەكانى هێز لە خۆیدا كۆبكاتەوە و بۆ قازانج و بەرژەوەندییە دەسەڵاتخوازەكانى خۆی بیان خاتەگڕ. من دەمەوێت لێرەدا بڵێم: ئەم هەڵسوكەوت و ئاراستە سیاسیانەى مالیكى گرتوونیەتە بەر،  كۆمەڵێك ئاماژەى شۆڤێنى ترسناكى لە هەناوى خۆیدا هەڵگرتووە بەرامبەر بە هەرێم و داخوازی و مافە دەستورییەكانى كورد.
 كەواتە مالكى كێشەیە، كێشەیەكى حەقیشە. بۆ سەران و سیاسیە كوردەكان خاڵى گرنگ و سەرەكى مامەڵە كردنە لەگەڵ ئەم كێشەیەدا. كە بەراستى زۆرجار مامەڵەى ناعەقڵانى لەگەڵ دەكرێ. هەندێ جار بە لۆژیكى ئەو ( مالكی)خاوەن ماڵ و ئێمەش كرێچى، گوتارى ئاراستە دەكرێت و مامەڵەى لەگەڵدا دەكرێت. هەنێك جاریش چەشنى مەئمورێكى ئێمە (كورد)، گوتارى ئاراستە دەكرێت و داخوازى لێ دەكرێت. مامەڵە كردن لەگەڵ ماڵكى بە لۆژێكى خاوەن ماڵ یان مەئموور زەرەرمەندمان دەكات لەلایەك: بە تێنەگەیشتن لە تواناى خۆ و ئەوانیتر، لەلایەكى تر: بەتواناى یارینەكردن یان بگرە لە نێو یاریگا ( سیاسیەكە) ئفلیج دەبین.
 بە واتایەكى دى، كورد ئەمڕۆ لە بەغدا هێزێكى سیاسی نیمچە سەنتراڵی لە چنگدایە بۆ فشار و بە كارهێنان. فشار: بەو مانایەى هەر ستاوەخت و بارودۆخێك پێویست بكات ئێمە لە بەغدا فشار بەو هێز بەرین كە لەدەستمان دایە. بەكارهێنان: بەو مانایەى كاتێك ئێمە داخوازیەكمان هەیە لە بەغدا و خۆشمان بەشێكى كاریگەر و گرنگى هێزى داخوازی لێكراو بین، ئەوا پێویستە ئەو هێزە سیاسیە بە كاربهێنین لە جێبەجێكردنى داخوازییەكانمان.
 دیارە ئەو هێزە سیاسیەى كورد لە بەغدا هەیەتى هەندێ كات بەكارهێنراوە و فشاریشى پێ براوە. بەڵام بڕوام وایە لە زۆر كاتیشدا بەشێوەیەكى دروست مامەڵەى لەگەڵ نەكراوە.  هەر بۆ نمونە، داواى گرەنتى لە دووبارە پرچەك كردنى سوپاى نوێی عێراق لە راگەیاندنەكانەوە، نادروستى مامەڵەكردن و تێگەیشتنى كوردە لەو هێزە سیاسیەى كە ئەمڕۆ لە عێراق لە چنگیدایە. كورد تواناى ئەوەى هەبوو لەو ناوەندە جیاجیانەى كە بوونى كاریگەرى خۆى هەیە كار بۆ ئەم داخوازیە بكات. لیستى هاوپەیمانى كوردستان دەیتوانى بە پشت بەستن بە دەستور یاسایەكى تایبەتى سەبارەت بەبەكارنەهێنانى سوپاى عێراق و چەكەكانى لە نێو كێشە سیاسیەكانى نێو خۆیدا پێشكەش بە ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق بكردایە و، وەبەگرخستى هەوڵكۆشەشێكى كەمیش دەیتوانى ئەم داخواخوازیە وەكو یاسایەك بچەسپێنێت. هەڵبەت كێشەى گەورەى كورد بەبڕواى من ئەمرۆ لە عێراقدا نەبوون یان كەمى هێز نیە ، بەڵكو كێشە كورد لەودایە كە ئەو هێزە سیاسیەى هەیەتى، زۆر بەلاوازى بەكاردەهێنت، ئاراستەى دەكات، گەمەى پێدەكات.
 هەڵبەت من تەنها تەنها رووە تاریك و لاوازەكانى سیاسەتكردنى سیاسیە كوردەكان نابینم لە بەغدا، بەراستى هەندێ كاریان هەیە شایانى دەست خۆشیە، هەر بۆ نمونە ئەو یاداشتەى كە ئەنجومەنى سەرۆكایەتى عێراق لەم چەند رۆژانەى رابردوو سەبارەت بە تاكڕەوى و نادەستورى دروستكردنى ئەنجومەنەكانى پشتیوانى (ئیسناد)ئاراستەى مالكییان كرد، كە رۆلی سەر كۆمار بەڕیز تاڵەبانى بەرچاو بوو لەو یاداشتەدا. دیارە ئەو یاداشتە ئاماژیەكى بەهێز، پڕپێست بوو بۆ مالكى. ئەو یاداشتە لە كاتێكدا ئاگادار كردنەوەیەكى توند بوو بۆ مالكى، لە هەمان كاتیشدا دانانى سنورێكە بۆ پەلهاوێشتنەكانى. سیاسیە كوردەكان لە بەغدا، بۆ كۆمەڵێك كێشە و داخوازى دەتوانن زۆر كار لە چەشنى ئەم یاداشتە ساز بدەن بە شێوەیەكى عەقڵانى، پرسیارەكە ئەوەیە بۆچى ئەنجامى نادەن؟، رەنگە ئەو نوێنەرە سیاسیانەى كورد پاساوى ئەوەیان هەبێ كە هەموو جارێ دەرفەتى وایان بۆ نەڕەخسێ. بەڵام دەشبێ ئەوانەى سەروكاریان لەگەڵ سیاسەتە و مومارەسەى دەكەن، ئاگاییان لەوە هەبێ لە سیاسەتدا دەبێ دەرفەت بدۆزنەوە، یاخود خۆیان ببنە بكەر (فاعل)ى ئەودەرفەتە.
 كورد ئەمڕ لە بەغدا كرێچی نیە، بەڵكو لەگەڵ چەند كۆمەڵێكى تردا خاوەن ماڵە. ئەوانیتر پێیان خۆبێت یاخود نا، ئارەرەزوو بكەن یان، رووگەشبن یا ناخۆشحاڵ ئەوا ئەمە واقیعە. پێم وایە هیچ شتێك لەوە ترسناكتر نیە ئێستا بە دیدى رابردووەوە لە بەغدا بڕوانین، كەم نین ئەو رایانەى لە كاتى دروسبوونى كێشەكان و گرفتەكان و پابەندن نەبوونى سەرەك وەزیران بە رێكەوتن و بەڵینەكانى لەگەڵ كورددا داواى پاشەكشێ كردن لە حكومەتى ئیتحادى عێراق دەكەن. پاشەكشێ كردن لە حكومەتى فیدراڵ هەڵەیەكى زۆر گەورەیە و باجەكەشی نامەزەندە دەبێت. لەراستیدا پاشەكشێ كردن لەم هەلومەرجەی ئێستادا تەنانەت نابێ یەكێك بێت لە ئیختیارەكانى كورد. بیركردنەوە لە پاشەكشێكردن دەبێ بگوڕدرێت بۆ هەوڵی وەرگرتنى متمانە لە حكومەتى ئێستا و دامەزراندنى حكومەتێكى نوێ. ئەو راستە بەغدا لە مێژووى ئێمەدا زۆر جار  سەرگەردانى و دەردەسەرى و ماڵوێرانى و كۆكوژى (genocide) پێشكەش كردووین. بەڵام ئێستا دەبێ بەو وانەیە مامەڵەى لەگەڵ ئەو مێژووە بكەین كە هیگڵ  باسی لێوە دەكات.
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.