Skip to Content

Friday, April 19th, 2024
مامۆستا و ئاینده‌ی منداڵانمان

مامۆستا و ئاینده‌ی منداڵانمان

Closed
by January 14, 2013 گشتی

 

 

 

زۆر جار مامۆستا كاریگه‌ری زیاتری له‌ سه‌ر منداڵان هه‌یه‌ به‌ به‌راورد له‌ گه‌ڵ دایك و باوكانی قوتابی . به‌ڵام ئایا هه‌موو مامۆستایان هه‌ست به‌و سه‌نگه‌و به‌م به‌رپرسیاریه‌تییه‌ ده‌كه‌ن ؟ مامۆستا چی بكات بۆ ئه‌وه‌ی رۆڵی سه‌ركردایه‌تی ببینێت ؟ دایك و باوكان چی بكه‌ن ئه‌گه‌ر هه‌ست به‌وه‌ بكه‌ن مامۆستا رۆڵی سلبی ده‌بینێت به‌سه‌ر منداڵه‌كانیان؟ 

پێویسته‌ مامۆستایان له‌ قوتابخانه‌كانیان و له‌ گه‌ڵ منداڵان و قوتابیاندا رۆڵی سه‌ركردایه‌تی ببینین چونكه‌ ئه‌مه‌ یه‌كێكه‌ له‌ ئه‌ركه‌كانی و مامۆستا خاوه‌ن په‌یامێكه‌ و پیرۆزی خۆی هه‌یه‌ وه‌ك پیرۆزیه‌كانی نێردراوه‌كان و پێغه‌مبه‌ران . مامۆستا پێویسته‌ زۆر ئاگاداری هه‌ڵسوكه‌وتی بێت له‌ به‌رده‌م قوتابیه‌كانی و گرنگی به‌ روخساری ده‌ره‌وه‌و جل و به‌رگی بدات و كه‌ شیاو و گونجاو بێت له‌ گه‌ڵ پرۆسه‌ی په‌روه‌رده‌و فێركردن .

 هه‌روه‌ها زۆر گرنگه‌ كه‌ مامۆستا به‌ شێوازێكی شیاو گفتوگۆ له‌ گه‌ڵ قوتابیان و مندالان بكات و ووشه‌ی جوان و رێك و پێك به‌كار بهێنێت . هه‌روه‌ها پێویسته‌ په‌یوه‌ندی نێوان مامۆستا له‌ گه‌ڵ قوتابی ، باوكایه‌تی پێوه‌ دیار بێت و سۆزی تیا بێت سوودی هه‌بێت . هه‌روه‌ها پێویسته‌ له‌ سه‌ر مامۆستایان به‌ شێوه‌یه‌كی راسته‌وخۆ قوتابیان ئاراسته‌ بكه‌ن و نموونه‌یان له‌ سه‌ر هه‌ندێ به‌های گرنگ بۆ بهێننه‌وه‌ . ئامانجه‌ ویژدانیه‌كان و چاندنی ئه‌و به‌ها گرنگه‌ كۆمه‌ڵایه‌تی و نیشتیمانیانه‌ له‌ قوتابخانه‌كانی ئێمه‌ وه‌كو پێویست له‌ دڵ و ده‌روون و هزر و بیری قوتابیان جێگیر ناكرێت ، كه‌ ئه‌مه‌ زۆر گرنگه‌ مامۆستایان هه‌وڵی بۆ بده‌ن چونكه‌ زۆر له‌ پرۆگرامه‌كانی خوێندن ئه‌و به‌ها ئاینی و كۆمه‌ڵایه‌تی و نیشتیمانیانه‌ی تێدایه‌ ، به‌ڵام ئه‌وه‌ی پێویسته‌ گه‌یاندن و چه‌سپاندنی ئه‌م به‌ها پیرۆزانه‌یه‌ له‌ نێو بیرو هزر و دڵ و ده‌روونی قوتابی . 

نووسینی / سوهه‌یل تاهیر عه‌بدولڵا 

14-1-2013

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.