مردن …به‌یان سه‌لمان
مردن
ده‌زانن مردن کێیه؟
هاوڕێمه،
ئه‌وه له هه‌ناوی ڕووناکیەوە ده‌مڕفێنێ
هێمای ژیان له‌سه‌ر لێوم وشکده‌کات
هێنده به‌سه‌بر ده‌مبات
ته‌نها که‌وتنی ئه‌ستێره‌یه‌ک له پێلانی تێده‌گات
کاتێ لێی حاڵیبووم، بردبوومی
هێشتا دوا نامه‌م نه‌نووسیبوو
جانتای سه‌فه‌ره‌که‌م ڕێکنه‌خستبوو
هه‌قیقه‌تی ژیانشم هه‌ر له‌لا ئاڵۆز بوو
ئه‌گه‌ر نازانن مردن چیه!
بڕۆن به‌ره‌و سێبه‌رێکی قورس
بچنه ژێرزه‌مینێکی هه‌ڵهاتوو له خۆڕ
بگه‌نه‌وه به هه‌نگاوی شیعرێکی سامناک
هه‌ر وشه‌ی مه‌رگی لێ هه‌ڵده‌وه‌رێ
با هه‌موو شه‌وێ چرایه‌کش پێکات
هێشتا ژیان هه‌ر تاریکه
بۆ ئه‌وه‌ی چاکتر لێی تێبگه‌ن
دوورکه‌ونه‌وه له شه‌پۆلی ده‌ریا
به‌شداریی ئاهه‌نگی گوڵ مه‌بن
مه‌چنه لای که‌سی ناشاد
مردن هێنده شاده،
ئه‌وه‌نده به زه‌وقه، چێژ
له هه‌موو ژیان وه‌رده‌گرێ
ئه‌و وڕس نابێ
گرفتی که‌میی کاتی نیه
جه‌نجاڵی هه‌ر نیه
ئه‌و سه‌رکرده‌ی هێمنه‌کانه
هێنده به خشپه دێت
هه‌رگیز بۆی ناچن کێیه!
تاکو بزانن ره‌نگی مردن چیه
بڕۆنه نێو پانتایی بیابان
مێرده‌زمه له باوش بگرن
حه‌وت رۆژ خه‌نده‌ی ته‌زیوی ببینن
ئه‌گه‌ر ده‌شوێرن
شه‌وێک ده‌ستخه‌نه نێو ده‌ستی و
ته‌ماشای نێو چاوی زه‌ردی بکه‌ن
ئه‌گه‌ر پێتان وایه مردن هه‌قه
ده بیکه‌نه میوانی ماڵی خۆتان
به گوڵه‌وه پێشوازی لێبکه‌ن
کراس و پێڵاوی به‌ره جه‌ژنی بۆدانێن
شله‌ی قه‌یسی بۆ لێنه‌ن
هه‌ردوو ده‌ستی ماچکه‌ن
جه‌ژنه پێرۆزه‌ی لێبکه‌ن
پڕ گیرفانی له نوقڵکه‌ن
بۆ ئه‌وه‌ی وه‌رسیش نه‌بێ
به عه‌ره‌بانه ئه‌مبه‌رو ئه‌وبه‌ری شار بیگێڕن
سه‌یره چۆن له مردن حاڵی نابن!
که‌ی تێده‌گه‌ن کە کۆشک بێکه‌س ده‌بێ
شه‌قام هێنده دوور ده‌که‌وێته‌وه
چی به‌سته‌نی سه‌هۆڵه‌که‌یه،
دۆدرمه‌ی به‌ر قه‌ڵای هه‌ولێر
و کرێمستی که‌رکووکه
هه‌موو به سه‌ریه‌کدا ده‌توێنه‌وه
ئه‌ی که مردن به ئه‌ده‌به‌وه دێت!
دوا چا خواردنه‌وه‌ی
به نێو ماڵدا ده‌گه‌ڕێ
به کامێرایه‌کی دیجتاڵی خۆتان
دوا وێنه‌تان ده‌گرێ و خۆی ته‌ماشای ده‌کات
وینه‌یه‌ک چیتر له جاویدا وێنه نه‌ماوه
خه‌نده‌ش شه‌وی پێشوو ماڵئاوایی له لێوتان کردبوو
من که خه‌ریک بوو لێی تێبگه‌م
ده‌مویست چی سوکایه‌تیه پێی بکه‌م
هێنده‌ش لێی پڕببووم
لێوان‌لێو له پێلانه‌که‌ی تێگه‌یشتم
ئاخر مردن تاقه پیلانێکی پێیه
هه‌ررۆژێ دێت بیخاته کار
ناره‌زایی من له پیلانی نیه
له مه‌که‌ر و هێمنی ئه‌و نیه
که به کچی هه‌ر‌زه‌کار ده‌چێ
هه‌ر ویستم قوژبنێکی به‌هشتم پێ نێشاندات
تا دڵنیابم که له ژیان په‌شیمان نابمه‌وه
که‌چی پڕ به‌دڵنیایی چاوی به‌ستمه‌وه و
وه‌ک کچه‌که‌ی ئۆدیب کاتێ کوێر بوو
به ڕێوه ده‌ستی توند گرتم
بردمیه‌وه قوژبنێکی کۆنی ژیان
ئا له‌وێش چاوی نه‌کردمه‌وه
نه‌کا زه‌نده‌قم زیاتر بچێ
پێی وتم پانتۆڵه‌که‌ت هه‌ڵکه
بردمی به نێو ڕووبارێکدا
پێم به چه‌وی ئازاره‌کانمدا ده‌چه‌قی
هه‌ر به چاو به‌ستراویی
هێشتا ده‌ستی له ده‌ستم
بردمیە به‌رده‌م دڵڕه‌قه‌کان
هه‌ر گوێـم له زرمه‌ی وه‌یه‌کدادانی به‌رد بوو
به نێو ئه‌و ماڵانه‌دا گێڕامی که چۆڵ ببوون
له ترسی بێهۆشبوونم ده‌ستی خسته ژێر باڵم
گه‌یشتینه شوێنێک هه‌ر به بۆن زانیم
ئه‌مه سه‌ر گۆڕی ئازیزترین که‌سمه
به‌و گه‌رمایه سه‌رمام بوو، ئه‌ویش
چاکتێکی نوێی خسته سه‌ر شانم
به گه‌رمیی ده‌ستمی گرته‌وه و
به‌ره‌و لایه‌ک پێچێکی پێ دامه‌وه
که دوور که‌وتینه‌وه چاوی کردمه‌وه
خه‌نده‌یه‌کی ئارام وه‌ک پاسارییه‌کی بێ ترس
له سه‌ر لێوی نیشتبوو
بریسکه‌یه‌ک وه‌ک دوا ئه‌ستێره
له ئاسمانی چاویدا هه‌ر مابوو
ئه‌و تا ده‌هات گورجوگۆڵ¬تردەبوو
منیش له رۆیشتن ده‌که‌وتم
ئه‌و هێشتا ده‌ستی گه‌رم بوو
هی منیش هێدی هێدی سارد ده‌بوو
من که لێی تێگه‌یشتم
فره دره‌نگ بوو
خۆم بۆ کۆنه‌ده‌کرایه‌وه
فریاش نه‌که‌وتم پێنووسێکم بدۆزمه‌وه
تا به خێرایی ناوی بسڕمه‌وه
که له‌گه‌ڵیشیدا چووم
دوو که‌س بووین
ئه‌و به خاوی ده‌ڕۆیشت منیش به په‌له
به چرپه قسه‌ی بۆ ده‌کردم منیش گوێم لێده‌گرت
ئه‌و گۆرانی ده‌وت منیش ده‌گریام
ئه‌و به قورقۆشم ترسی ده‌رده‌کردم
منیش خه‌وێکی قووڵ بردبومیه‌وه
ئه‌و که‌سێک بوو منیش هیچکه‌س
به‌یان سه‌لمان
به‌رلین
زستانی 2013