Skip to Content

Tuesday, April 16th, 2024
مرۆڤی زیندوو

مرۆڤی زیندوو

Closed
by May 3, 2011 ئەدەب

(٠)
ماوەیێکە لە خوێندنەوە و نووسیندا دوورم، ئەوشۆ (٣٠/٤/٢٠١١) دەستم دایە (مێرگی مێرگ) ویستم بزانم چاپە نوێیەکەی، چی نوێی تێدایە؟
مام شوان، هەر بەو هەناسەیەی دەمێکە (١٨) هەژدە ساڵە پێی ئاشنام و لە نووسینەکانیدا هەستم بە هەناسەی زمان و وشەکانی کردووە، جارێکی دیکە هەناسەی ئەو زمانە وەک بایێکی فێنک خۆی لە روخسارم دەسوێتەوە.
دەگەڵ زانیارییە نوێیەکانی مێرگەکەی، چەند رێکەوت و دیرۆکێک بۆ بەگەڕ خستنەوەی یادەوەریم باش بوون، دەگەڵ وشەکاندا چوومەوە نێو کاتێک تێیدا کۆمەڵە کەسێک هێشتا ساخ بوون و بە دەستی دوژمن نەکوژرابوون و شەهید نە ببوون.
هێدی هێدی رووچوومە نێو وێنەکانی شوان و گێڕانەوەی رووداوەکان، کە بێدەست، هەستی مرۆڤ شل دەکەن و جاوەکانیش پڕ لە ئاو…..

(١)
کە مرۆڤ دەبێتە نیشانە، یان نیشانە دەبێتە مرۆڤ
شەهیدەکان، بە پارچە پەڕۆیێک، ددانێک، یەخەی کراسێک، شۆڕتێک، نەعلەیێک، قۆپچەیەک، کورتەکێک و دەمژمێرێک، دەناسرێنەوە.
جیاوازی نێوان مرۆڤ و تەرم، جیاوازیێکی ترسناک و خەفەتبار و ئەزیەتدارە. ئەشکەنجەیێکی بێ وێنەیە، پارچەیێکی خۆت وەک هێسک و پرووسک ببینیتەوە و بیخەیتە تورەگەیەک و بیهێنێتەوە گردی زەیتوون، مرۆڤێک لە ماڵ چۆتە دەرەوە و تۆ لە تورەگەیێکدا دەیهێنیتەوە، بۆ ماڵیش نا، بۆ گۆڕستان!

(٢)
دۆزینەوەی گۆڕ، کوشتنی خەونێک
هەتا هێسک و پرووسکەکان نەدیترابوونەوە، هیوایەک هەبوو، بەڵکە مابن و رۆژێک لە رۆژان بێنەوە؟! کێ دەزانێت.. “ئەدی ئەوەی لە شاری زیندییان بی هەر دێتەوە”. دیتنەوەی ئەو تەرمانە، لە لایێک کۆتایی ئەشکەنجەدانێکی روحی گەورە بوو بۆ خێزانەکان، لە لایێکی دیکەش کوشتنی ئەو خەونە بوو، کە دەکرا لەهەر ساتێکدا، بۆ نموونە دایکێک لە بەیانییکدا بیبینێت، ژنێک لە شەودا و منداڵێک لە باخچەدا و …. تد، وەلێ ئەو خەونە کوژرا.

(٣)
 کوردبوون
مرۆڤ، بەیانیێکی زوو، بە بیجامەیەکی تەنکی هاوینی، بە سۆلێکی ژنانە، بە پێخواسی، بە چاو بەستراوەیی، دەخرێتە چاڵێک و دواتر لە ماڵ و دنیا و ژیان دادەبڕێت، ئەشکەنجە دەدرێت و دەکوژرێت و تەرمەکەشی بزر دەکرێت، تەنیا و تەنیاش لەبەر ئەوەی.. مرۆڤ، کوردە.

(٤)
ئاو و برایەکان
برایێک تێنوو دەبێت، برایێکی بێدەنگ و بێوزە کەوتووە، برایێکی دنیا نابینێت و نرکەی دێت، برایێک تەنیا و تەنیا دەتوانێت، لەو تاریکی و بێدەنگی و تێنوویەتیەدا، بە لێوەکانی هەندێ ئاو بگەیێنێتە برا بێدەنگ و تێنوو و بێوزەکەی. برایەکان لەو دیمەنەدا، دەبنە دڵۆپ و لە تاریکی و بێدەنگیدا قەترە قەترە وشک وشک دەبنەوە.

(٥)
لە چاڵدا
چیرۆکی برایەکان، باوک و کوڕەکان، لە کوشتن و چاڵەکاندا، قەت لەو چیرۆکانە ناچن، کە لەدەرەوەی “مێرگی مەرگ” دان. خەفەتبارن ئەو ساتانەی، لە دوا ساتیشدا ناتوانن دەگەڵ یێکدی بن.

(٦)
خاینەکان
شەهیدکردنی ئەو پۆلە مرۆڤە، بە بێ دەست و چاو و زمان نەبوون، بە داخەوە کە تا ئێستاش لە سایەی سەری بێ سەرو سنووری هەرێمدا، ئازادانە هەوا هەڵدەمژن و رەنگیشە هێشتا خوێنی بیست منداڵەکانی خێزانی مام حەسەن بخۆنەوە، چاپکردنەوەی ئەو بەرهەمە ئەگەر هیچ نەکات ئەوە ئەوەمان پێدەڵێت، ئازادی تاوانبارەکان تا ئێستا، مانای بێئەخلاقی ئەو دەسەلاتە دەگەیەنێت کە ناتوانێت رژانی خوێنی ئەو کەسانە وەک تاوان تەماشا بکات و خوێڕی خوێڕی، فشە بە شەهیدبوون و کوردبوون و هەتیمبوون و خۆی دەکات!

(٧)
مێرگی مەرگ لەسەرێکی دیکەوە دەبێتە، مێرگی ژیان، خەون و هەستانەوەی شارێک لە ساتی ڕمان و کوشتندا. دەبێتە دیرۆکێک کە فشە بە کورسی دەسەلاتە دکتاتۆر و خوێنرێژەکان بکات و هەمیشەیش ئەوە دووپات بکاتەوە، هەر دەستێک بیهەوێت خەونی نەتەوەیەک، گرووپێک، کەسانێک لەبار ببات، هەر دەسەلاتێک بیهەوێت لە ئازادی مرۆڤ و کەرامەتی بدات، ئەوە چارەنووسی لە باوکی عودەی باشتر نابێت.

(٨)
مێرگی مەرگ، بە پلە یەک، دیرۆکە، شانۆی رووداوەکەی لە شەقڵاوەیە، بەڵام پێوەندی بە هەموو دنیاوە هەیە، واتاکانی قووڵ و سانا و ساکارن، هەموو زمانێک و سەرێک و گیانێک تێیاندەگات. پێوەندی بە خەیاڵ و خولیای ئازادییەوە هەیە، روحی جوانی پۆلێکە نموونەی هەموو روحە مەستەکان بە خۆشەویستی.
لە لایێکی دیکەشەوە، پێوەندی قووڵی بە گیان و جیهانی “شوان عوسمان”ەوە هەیە، کەسێک، لە نێو ئەو مێرگەدا، وانەی ژیانێک بۆ نەوە و کەسوکاری ئەو شەهیدانە و تەواوی خوێنەران دەگوێزێتەوە، ئازارەکانی مرۆڤێک لە نزیکەوە دەبینین، برینەکانی خۆی و شارێک و وڵاتێک و جیهانێکیش دەخاتە بەر چاو و دەستیشمان، بۆ ئەوەی هەست بکەین کە ئێمە هێشتا مرۆڤین و پێویستە رێ بۆ جوانی خۆشکەین و ژیان لە خۆماندا و خۆشمان لە ژیاندا ئازاد کەین.

(٩)
مرۆڤێکی زیندوو
خوێندنەوەی مێرگی مەرگ، جارێکی دی، هەستی دیکە و پەردەی گیانێکی دیکە بە جەستەمەوە دەبەخشێ، ستاییشی ژیان دەکەم، ستایشی خۆشەویستی و زمان و نووسین و شوانیش دەکەم، سوپاسگوزارم هەناسە دەدەم و پاک و رەوان هێشتا دەژیم، دەکرا من و هەر شەقڵاوەیێک یان کوردێک، یەکێک باین لەو شەهیدانە و بباینە ژمارەیێکی دیکە و ئێمەش بە پێلاوێک ناسراباینەوە، لەبەرامبەر ئەوەدا کە من شەهید نیم و چوار ساڵ بە جلوبەرگەوە لە چاڵێکدا فڕێنەدراوم، پێویست دەکات، ئەگەر مەجازیش بێت..قەترەیەک لە خوێنی ئەوان بخەمە نێو دڵمەوە، دەکرێت لە تۆلەی شەهیدکردنی ئەواندا، مرۆڤێکی زیندوو بم!

ناوی کتێب: مێرگی مەرگ.
بابەت: چیرۆکە پەخشانی دیکۆمێنتاری.
نووسینی: شوان عوسمان.
تیراژ: ٥٠٠ دانە.
پێداچوونەوەی سێیەم.
دیزایینی بەرگ: هەرێم عوسمان.
لە بەڕێوەبەرایەتی کتێبخaنە گشتییەکان ژمارەی (١٤٠٢) ی ساڵی (٢٠١١) ی پێدراوە.
لەسەر ئەرکی بنەماڵەی شەهیدان (سەفین و نەریمان) چاپکراوە.

هۆشەنگ شێخمحەمەد
٣١/٤/٢٠١١

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.