Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
ملوانکە !…. نەهرۆ

ملوانکە !…. نەهرۆ

Closed
by October 17, 2012 چیرۆک

 

 

وەرزەکەی پایزە، گەڵاکان ڕەنگیان زەردو سوور هەڵگەڕاوە، پلەی گەرما ١٢ ی سەرەوەی سفرە، ڕاکردن و پیاسە کردن بە خەڵکی ئەم وڵاتە نامۆ نییە، تەنانەت پەندێکیان هەیە دەڵێ، ئەگەر دەتەوێ توڕەوبێزار نەبێ، برۆ بۆ پیاسە، پێیان وایە ڕاکردن و پیاسە کردن لەرووی فیزیکی و سایکۆلۆژییەوە بۆ مرۆڤ باشە! منیش وەک هاوڵاتییەکی دوورە وڵات بەدەر نیم لە ساتەکانی وەڕس بوون و بێزاری، جار نە جارێ رووم تێدەکا، بۆیە هەر رۆژەو بۆ نێو سەعات یان ٤٥ خولەک رێگای پیاسە دەگرمە بەر، ئەمرۆ سەعات پێنجی ئێوارەیە وەک هەموو رۆژێکی تر پیاسە دەکەم، جاروبار سەرنجی ئەو کاغەزانە ئەدەم کە لکاون بەدار تێلەکانەوە، دەیخۆێنمەوە توزێ خۆم پێوە دەخافڵێنم، زۆر جار ئاگادارییەکە لەکەسێکەوە سەگەکەی یان پشیلەکەی ونبووە، ئەمجارەیان نووسراوەکە برێک جیاوازە کۆمەڵی کرێکاری پۆڵۆنی نووسیویانە، هەر کەسێ بنمێچەکەی تێکچووە یان ماڵەکەی پێویستی بە بۆیاغە پەیوەندی بەم ژمارە تەلەفونەوە بکا! ساتێک بە دیاریەوە وەستام دوایی درێژەم بە پیاسەکەم دا، لای تولە رێگاکە چەند کورسییەکی تەختە دانراون، هەمیشە پشوویەک لەوێ ئەدەم، تولە رێگاکە، دەستەچەپی هێڵی شەمەندەفەرە بەلای دەستی راست دا نیمجە دارستانێکە، پیاوێکی کەتەی شەست ساڵە کۆڵە پشتێکی بە پشتەوەیە سەرنجم بۆ لای خۆی رادەکێشی، لەبەر خۆمە دەمگوت ئاخۆ ئەم پیاوە بەم ئێوارە پایزە لە نێو ئەم دارستانە خەرێکی چی یە؟ کابرا پشتی لە منە، هەردوو چاوم وەک کامیرای دەرهێنەرێکی بە ئەزموون خستە سەری، سەرەتا کۆڵەپشتەکەی داناو چەمییەوە، سەرەنێزەیەکی لێدەرهینا، کەوتە هەڵکەندی ئەرزەکە، بە مەزەندەی خۆم دوو بستی هەڵکەند، دوایی دەستی خستە نێو کۆڵەپشتەکەی کارتۆنێکی لێدەرهینا بەشێنەیی کارتۆنەکەی لە ناو چاڵەکە دانا و دایپۆشی، ئیدی پشتاو پشت کشایەوە، وێنەیەکی وەهمی خاچ لەسەر سینگ و ناوچاوانی دروست کرد، لەدڵی خۆم دا گووتم، لەوانەیە ئەم رووداوە نهینی یەکی روحی یا دینی تیا بێ! پێش ئەوەی چاوم بە چاوی پیاوەکە بکەوێ تولە رێگاکەم گرتە بەر، ئاخر لەم وڵاتە جوان نییە چاودێری خەڵک بکەیت! بەڵام من بە ملمدا هات، دڵنیام ئەو لە پشتەوە من دەبینێ، شەقاوەکانم هەڵگرت تاوەکو فریام نەکەوێ، ئاوەرم دایەوە، دیار بوو بە نیازە خۆی پێم بگەیەنێ بەڵام من بەلەز هەنگاوەکانم هەڵدەگرت هەتا گەیشتمە لای کڵێساکە، تەپوڵکەیەک لای سەمتی چەپی دایە بەدارو درەخت دەور دراوە، کورسی و مێزێکی تەختەش لەسەر تەپۆڵکەکە دایە، کڵیساو تەپۆڵکەکە کەوتونەتە پیچێکی تولە رێگاکەوە، منیش دەرفەتم وەرگرت چووم لەسەر کورسییەکە پشوویەکم دا، بەم شێوەیە لە چاو پیاوەکە ونبووم، نزیکەی چارەکە سەعاتێک دانیشتم، ڕوانیمە گەڵای دارەکان هەندێکیان زەرد هەڵگەڕابوون، هەندێکیشیان هەر بەسەوزی مابوونەوە، پێدەچێ ئەمانیش وەکو ئینسانەکان بن هەندێک زوو پیر دەبێ، هەندێکیش هەر بە جاحڵی دەمێنێتەوەو پیری زەفەری پێنابا ! ساتێکی خۆش بوو لەگەڵ سروشت دا ئاوێتە ببووم، تێکەڵبوون لەگەڵ سروشت مرۆڤ لە نیگەرانی ڕەها دەکا، ئەمە قسەیەکی تیئوری نیە بەڵکو مرۆڤ دەتوانی پرۆڤەی لەسەر بکا، کچێکی مەغریبی هەبوو خەڵکی کەناری دەریا بوو رۆژێکیان پێگوتم، برۆ بۆ کەناری دەریا سەیری شەپۆلەکانی بکە لەگەڵ هاتووچووی شەپۆلەکاندا خەمەکانت دەڕوا، بابۆڵەیەک و تورمزی کافێ لەگەڵ خۆت بەرە، تام و چێژی هەرگیز تەواو نابێ، باشە ئینسان بەقسەی خەڵکانێکی بە ئەزموون بکا، هەندێ جار گوێرایەڵی وگوێگرتن بەرەو سەرکەوتنمان دەبا!

مەلی خەیاڵم رۆیشت بۆ لای کابرا، ئاخۆ دەبێ چی حەشار دابێ، بۆ لەدوایی دا نوێژی کرد، بۆ دەیویست فریام بکەوێ، بەهەرحاڵ باش بوو فریام نەکەوت، تەنیا لە پشتەوە منی بینی، ڕەنگە جارێکی دی نەمناسێتەوە، کەوتمە خولیای هەڵدانەوەی ئەو چاڵە نەک بەمەبەستی دزی، دزی هەوەسێکی مناڵی و هەرزەکارییە، منیش تەمەنم پەنجا ساڵە ! بەڵام دوو دڵم لە هەڵدانەوەی، ئەگەر بێتو هەڵیدەمەوە نابێ ئەمرۆ هەڵبژێرم، لەبەر ئەوەی لەوانەیە کابرا چاودێریی بکا ! ئیدی گەرامەوە ماڵەوە، بۆ شەوەکەی خەوم لێنەکەوت، ئۆقرەم لێبرا لەناو جێگاکە گینگلم دەدا، هەر لە بیری چاڵەکەو پیاوەکە بووم، ئاخۆ دەبێ چ نهینی یەک شاردبێتەوە، کاتێکم زانی وا خەون دەبینم لەخەونم دا (مردوویەکم دەناشت لە دوورەوە کابرایەکی شەست ساڵە هات دەیویست پاڵم پێوە بنێ بۆ ناو گۆڕەکە منیش لەم کێشمەکێشە لەخەو هەستام) ئارەقەی شین و مۆرم دەر ئەدا!

ئێمە بە مناڵی زۆرجار بۆ ئەزبەر کردنی ئەرکەکانی قوتابخانە دەچووین بۆ سەر قەبرستان، گۆڕستانەکە کەوتبوە قەراغی رووباری ئەڵوەن، دارە بییەکان سێبەرێکی ئەفسوناویان دروست کرد بوو، کوپەیەکی لێبوو هەمیشە ئاوەکەی سارد بوو، رۆژێکیان خوێندکارێک، لەتەمەن لە ئێمە گەورەتر بوو، ئێواران دەیخوێند، حەبی شەربەتی پرتقاڵی لەگەڵ خۆی هینا بوو، لە ئاوی کوپەکە شەربەتێکی خۆشی بۆ دروست کردین!

ئەو کاتە زەمانێکی خۆش بوو، تۆ ئەگەر خواردنێک یا خۆاردنەوەیەکت هەبووایە دەبوایە بەشی دەوروبەرەکەت بدەیت، ئەوانیش بە هەمان شێوە بەشی تۆیان ئەدا، وەک ئەوروپا نییە کەس فەرموو لەکەس ناکا بە دەگمەن تیایاندا هەیە فەرموو دەکا، یا دەچی بۆ سەفەر لە پرێکدا پریاسکەییکت بۆ ئامادە دەکەن، دوو ساڵ پێش کاتێ بۆ سەردانی خۆشکەکەت چووی بۆ ئەڵمانیا، پێش ئەوەی سواری پاسەکە بێت بۆ فرۆکەخانە، برادەرێکی ناسیاوی نەرویجی کە زانیبوو هەمان سات سەفەر دەکەی کیسەیەکی پێدای، تا رادەیەک حەپەسایت و سەرت سووڕما، لە رێگا کردتەوە کامیرایەکی تیا بوو لەوانەی کە یەکجار بەکاری دێنی لەگەڵ لەفەیەک و سێو و مۆزێک و دەستەیەکی کلینسی تەڕ!

دەستپێشخەرییەکی چاوەڕواننەکراو بوو یان جارو بار لە جەژنی لە دایکبوونت لە ناکاو دیارییەکت پێشکەش دەکەن.

بە مناڵی ئەوەندە لەسەر قەبرستان دەماینەوە، کەوا رێکدەکەوت یەکێک دەمرد ئێمە بە هەرەوەزی گۆڕمان بۆ هەڵدەکەند، جار هەبوو خاکەکەی نەرم بوو بە ئاسانی هەڵماند دەکەند، جارێ واش هەبوو ئەرزەکە بەردین بوو دووچاری زەحمەت دەبووین، هاورێیەکمان هەبوو ناوی کەریم بوو بە هەیکەڵ لە ئێمە هەراشتر بوو زۆر ئازاو دەستپێشخەر بوو، دایەم ئەو قازمەی لێئەدا، ئێمە خۆڵمان دەردەهێنا، ئەو کوڕە وەک ئەندازیارێکی دروستکردنی قەبر دەهاتە پێش چاوم، سەرەتا هەتا ناوکی چاڵێکی لاکێشەیی لێئەدا دواتر قورتێکی باریکی لێئەدا بەشێوەیەک کە مردووەکە بەلاوە بخرێتە ناوی، کە مردوەکەیان تێدەخست خشتیان لەسەر قورتەکە دائەناو بە قوڕ درزەکانیان دەگرت و بۆ دواجاریش خۆڵەکەیان تێدەکرد، بەمناڵی ترسم لەمردن نەبوو، مادامەکی مردووەکە کەس و کاری نزیکی من نەبوو، ئەوەندە بەلامەوە گرنگ نەبوو( ئاگرە سوورە لە خۆم دوورە) هەر کە یەکی بمردبایە من زیاتر کەس وکارەکەی خۆم خۆشدەویست، زۆربەی ئەو مناڵانەی من لە گەڵیان بووم دەستیان بۆ کونی مار دەبرد، دەمانویست ئەودیوی ترس تاقی کەینەوە، هێزێکی نهینی لە ناخیان هەبوو بۆ بەرەنگاربوونەوەو سەرچڵی.

ئینسان هەتا گەورەتر بێ ترسنۆک تر دەبێ، ئازایەتییەکانی مناڵی دەبێتە کابوس لە خەونی گەورەیی دا ڕەنگ ئەداتەوە.

بۆ رۆژی دوایی هەمان رێگات هەڵبژارد بۆ پیاسەکردن، کاتێ لە جادە دوو سایدەکە پەریتەوە وەک پشیلەیەکی ترساو تەماشای ئەمدیو و ئەودیوی خۆت کرد، لە یادەوەری تۆدا پەرینەوەی جادە سیمبۆلی ترسە، کاتێ لە تورکیاوە دەهاتن بۆ یۆنان، دەبوایە شەوان تیژتێپەر بە جادەکاندا ڕاتان بکردایە، نەوەکو بەو شەوە تاریکە بکەونە ژێر تایەی ئۆتۆمبیلەکان، دەبوایە رۆشنایی ئۆتۆمبیلەکان پێتان نەکەوێ نەوەکو ماشینی پۆلیس بێ و کەشف بن!

لەژیانی پێشمەرگایەتیت دا پرینەوەی جادە بەواتای کەمین و بۆسە، ساڵی ٨٥ بوو ئەو کاتەی کەتەمنت ٢٢ ساڵان بوو کەوتیتە بۆسەیەکی سەختەوە لە جادەی دۆکان لە نیوان گوندی تەلان و قەمچووغە، هەموویان پەرینەوە تەنیا تۆو هاورێیەکت بە نێوی خەبات مانەوە لە ژێر سێبەری رەبیەکەدا، دوای نێو سەعات لە هەست ڕاگرتن گوجیلە سەگێک لە رەبیەکە هاتە خوارەوە نزیک خەبات کەوتەوە، خەبات شەقێکی تێهەڵدا ئیدی بوو بەتەقە، خەبات وای زانی تۆ پێکراوی ئیدی هەردووکتان گەڕانەوە بۆ گوندی تەلان دەلیلێکتان بەکرێ گرت بە رێگایەکی تر ئێوەی ئاودیوی جادەکە کرد، کاتێ گەیشتنە مەفرەزەکە لە مزگەوت چاوەروانیان دەکردن، کاتێ کە دڵنیا بوون، ئیدی تەنیا خەمی ئەوەیان بوو لەکاتی تەقە یەکێکیان جامانەکەی جێهێشتوە، لە پێشمەرگایەتی دا جامانە بەجێهێشتن مانای خۆی هەبوو!

وەک رۆژێ پێشتر لەجادەکە پەریتەوە، ریچگەی تولە رێگاکەت گرتە بەر لایەکی هێڵی شەمەندەفەرە لایەکەی تری سەوزەڵانی و دارستانە، گەیشتیە ئەو شوێنەی کە دوێنی پیاوەکە چاڵەکەی لێ هەڵکەند، هەر وەک جارانی مناڵی هێزێکی نادیار پاڵی پێوە نای کە برۆی بۆ سەر چاڵەکە چڵەدارێک لەسەری چەقێنرابوو وەکو نیشانە، دۆزینەوەی ئاسان بوو، دارەکەت لادا خاکەکەی تەڕ بوو، بەلقەدارێک کەوتیە هەڵدانەوەی چاڵەکە، هەر وەک مناڵی چۆن گۆڕت هەڵدەکەند، ئەم جارەیان گۆڕی شتێکی ترە بە ئاسانی هەڵدەکەندرێ، ماوەی پێنج دەقیقەی پێنەچوو گەیشتیە کارتۆنەکە، بەهەردوو دەست کارتۆنەکەت هەڵگرت سەرەکەیت هەڵدایەوە نایلۆنێکی تیا بوو، نایلۆنەکەت هەلپچراند ملوانکەیەکی زێڕی تیا بوو، کارتۆن و نایلۆنەکەت بەجێهێشت و ملوانکەکەت هەڵگرت، زۆریش دڵنیا نەبووی کە زێڕە بەڵام لە زێڕ دەچوو! دەستبەجێ نیگەرانی ویژدان سەری هەڵدا، لە ناخی خۆت کەوتیتە ململانێ، ئاخۆ بۆ ئەم چاڵەم هەڵدایەوە، بۆ چی ئەم ملوانکەیە دەبەم ئەمە دەکاتە دزی، قسەیەکی دایکت کەوتە بیر کە بە مناڵی پێگوتبووی (کوڕم ملوانکەی ماڵە دراوسێ دەبێ شەوان لە مل بکرێ! ) من لەم تەمەنە حەزم لە ملوانکەی زێڕ نییە، پێش چەند ساڵێک ملوانکەیەکی زێڕم هەبوو پێشکەشی خۆشکە گەورەکەمی کرد.

تازە من دەرمهیناوە، خەتای من نییە، خەتای رێکەوتە، خەتای زەمەنە، ئەگەر ئەو ئێوارەیە زەلامەکەم نەبینیایە منیش ئەم کارەم نەدەکرد.

بۆ ئێوارەی رۆژێ سێیەم بەهەمان رێگادا رۆێشتی، بەمەبەستی پیاسە جادە دوو سایدیەکە پەریتەوە، تولە رێگاکەت گرتە بەر بەقەراغی هێڵی شەمەندەفەر، لەودیویشت دارستانەکەیە، لە پڕ پیاوەکە تۆی بینی، ئەمجارەیان لەپێشەوە بوو، بە هیچ شێوەیەک نەدەتوانی رێگایەکی تر هەڵبژێری و خۆت لێببووری، لەسەر چەقی رێگاکەت ڕاوەستا بوو، بۆ ساتێک دڵت داخۆرپا، سڵاوێکت لێکرد، وەڵامی سڵاوەکەتی نەدایەوە، یەکسەر گووتی چاڵەکەم هەڵدراوەتەوە، پێمگوت چاڵی چی؟ گووتی خۆت گێژ مەکە، تۆ هەمان زەلامی ئەو رۆژەی کە ملوانکەکەم شاردەوە، تۆ هەمان قەمسەڵەی سەوزت لەبەرەو توزێ دەلەنگی، پێم بڵێ بۆ چاڵەکەت هەڵداوەتەوە؟

سەرەتا دەمویست خۆم لە گێلی بدەم، بەڵام کابرا هەموو کون وکەلەبەرێکی لێگرتم، پێدادەگرت لەسەر ئەوەی من بردوومە، منیش گوتم، ملوانکەکە لە ژێر خاک دەرزێ باشتر نییە یەکێک بیباو سوودی لێوەرگرێ، ئەم قسەیەی زۆر پێناخۆش بوو، نیشانەی توڕەیی لەسەر سیمای دروست کرد، هاتە قسەو گووتی من نیازم هەیە لە شاردنەوەی لە ژێر خاک دا، تۆزێ هێورم کردەوەو پێمگوت، نهینی شاردنەوەی چییە لە ژێر خاک دا!

گووتی ژنێکم هەبوو مرد دوایی هەموو شەوێک دەهاتە خەونم، منیش چووم بۆ لای قەشەی گەرەکەکەمان حاڵی خۆم بۆ باس کرد، ئەویش گووتی یادگارییەکی هاوبەشتان هەیە لەو ماڵە برۆ لە ژێر خاک دا بیشارەوە، منیش تەنیا ئەو ملوانکەیەم شک برد!

منیش گوتم مادام وایە من بردوومە بەڵام نەیکەیتەهەرا دڵنیا بە سبەی بۆتی دەگەرێنمەوە، ئەویش خۆشحاڵی خۆی دەربڕی و گووتی، لەکوێ یەکتری ببینین، گوتم لای کڵێساکە تەپۆڵکەیەکی لێیە کورسی و مێزێکی تەختەی لێیە بۆ دانیشتن.

بۆ رۆژێ دوایی رۆیشتم لەهەمان کات و هەمان شوێن دا، کابرام بینی کۆڵەپشتێکی پێبوو، کاتێ ملوانکەکەم پێدا گەشایەوە، دەستی برد لەناو کۆڵەپشتەکەی دوو لەفەو تورمزێکی کافەی دەرهینا، لەفەیەکی پێدام لەگەڵ کوپی کافێ گەرم، کەوتە دواندنم گوتی، چۆن لە ئافرەت و خۆشەویستی تێدەگەی، لە وەڵام دا گووتم لە وڵاتی خۆماندا تەنیا خۆشەویستی رومانسییم کردووە، لە ئەوروپاو ئەم وڵاتەی ئێوە تەنیا سێکسم کردووە، لەوێ سێکس نەبوو، لێرە خۆشەویستی نییە! بۆ ساتێک داماو گووتی، بەدحاڵیبوونێک لای تۆ هەیە، خۆشەویستی سێ جۆرە، یەکەم خۆشەویستی شەهوانی، دووەم خۆشەویستی دوست ئامێز، سێیەم خوشەویستی حەمیمی و دڵسۆزانە، درێژەی بە قسەکانی داو گووتی خۆشەویستی من لەگەڵ خێزانەکەم دڵسۆزانە بوو، بۆیە دوای مردنیش نەمتوانی لە بیری بکەم!

ئیدی دوای ئەوەی لەیەکتر تێر بووین لە رووی دەمەتەقێیەوە، پێمگوت لەمەودا بە دوای خوشەویستی دڵسۆزانە دەگەڕێم، بەدوای ئافرەتێکی ئاوێنەیی خۆمی تیا بدۆزمەوە، بەڵام لەم وڵاتەی ئێوە بۆ ئێمەی بێگانە زەحمەتە متمانەی ئافرەت بەدەست بهێنین گەرچی چەند کوردێک دەناسم حاڵی حازر هاوسەرەکانیان نەرویجی یە! 


                                                                 نەهرۆ / نەرویج

                                                               ١٦ / ١٠ / ٢٠١٢

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.