مناره‌ی داهێنان …. بڵند باجةلان
میلان کۆندێرا: ئه‌ده‌ب فاکته‌ری ئاشکراکردنی لایه‌نه شاراوه‌کانی مرۆڤه.
سارته‌ر: ئه‌ده‌ب واته ئاشکراکردنی دنیا و مرۆڤ.
چەمکی ده‌ق و دۆزینه‌وه‌ی پێناسه‌یه‌کی گشتی بۆ ده‌ق به‌ر له نووسینی ده‌ق، پێویستی نییه و ده‌کرێ به‌بێ ئه‌وه‌ی له خۆمانمان پرسیبێ ده‌ق چییه، قسه له‌بارەی ده‌قەوە بکه‌ین و چه‌ندین ده‌ق له ئاست و بواری جیاجیادا بنووسین. کرده‌ی نووسین خۆی گوزارشتکردنه له مانا و پێناسه‌ی ده‌ق. (پۆل ڕیکۆر) پێی وایە ده‌ق گوتارێکه له ڕێگه‌ی نووسینه‌وه نه‌بێت. ناچه‌سپێت. له‌و ڕوانگه‌یه‌وه قسە لەبارەی چیرۆکێکەوە دەکەم، که (مناره‌ی ئاوه‌دانی)یه، به‌بێ ئه‌وه‌ی پێناسه‌ی چیرۆکم کردبێت. ئیشی چیرۆک کردنه‌وه‌ی نیشتیمانێک نییه به ڕووی دنیادا. ڕۆشنبیران له یابان هاوڕِان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی بنه‌ماڵه‌ی (میچی) فاکته‌ری کرانه‌وه‌ی یابان بوون به ڕووی شارستانیه‌ت و ڕۆشنبیریی ڕۆژئاوادا نه‌ک هونه‌ر و چیرۆک و نووسین به گشتی. (مناره‌ی ئاوه‌دانی) به وێستگه و ئایدیا و میتۆدێکی دیاریکراوەوە نابەستمەوە، هاوکات دژی ئه‌و ترادسیۆنه دۆگمایانه‌م که ئه‌ده‌ب پۆلێن ده‌که‌ن. میتۆده‌کان له ڕێگه‌ی ئه‌و مه‌عریفه‌یه‌ی هه‌ڵیانگرتووه، له‌سه‌ر گرفت و که‌لێنی میتۆدی به‌ر له خۆیان ئیش ده‌که‌ن. میتۆدخوازی خانه‌به‌ندکرنی ئه‌ده‌به، ئه‌مه‌ش زوڵم کردنه له دەق. به‌رهه‌مه‌کانی (ساموێل بێکت) ده‌درانه پاڵ مۆدێرنیزم و پۆست مۆدێرنیزم، به‌ڵام مۆدێرنیزم و پۆسته‌که‌ی تێپه‌ڕین، که‌چی هێشتا ده‌قه‌کانی ئەو نووسەرە خوێنه‌ری خۆیانیان هه‌یه و تێنه‌په‌ڕیون. (دیۆستۆڤیسکی) ده‌قه‌کانی به نه‌یاری ڕیالیزمی سوریالیزم داده‌نران و (لینین) له بیسته‌کاندا گوتبووی ڕقی له خاوه‌نی ڕۆمانی (برایانی کارامازۆف)ه. (لینین) کۆتایی هات و (ستالین)یش به دوایدا، به‌ڵام ده‌قه‌کانی (دۆستۆیڤسکی) ئێستاش ده‌خوێندرێنه‌وه و لای هه‌ندێک به سیمبوڵ و سوپه‌ر ناوده‌برێن.
به‌شێک له کلاسیکیاتی چیرۆک‌نووس و ڕه‌خنه‌گر ئه‌و کاته خۆی مانیفێست ده‌کا که ئیش له‌سه‌ر سۆز ده‌کرێ. نزیکبوونه‌وه له سۆز به مانای دوورکه‌وتنه‌وه‌یه له شوناس (مه‌به‌ست له سۆزێکی نائه‌قڵانییه، چونکه زۆربه‌ی سۆزه‌کان له بۆشاییدا دروست نابن و بە فکرەوە ده‌به‌سترێنه‌وه). شته چه‌سپاوه‌کانیش سوود له سۆز وه‌رده‌گرن. مه‌رج نییه قوڵبوونه‌وه له هه‌موو بابه‌ته هزرییه‌کان و گه‌ڕانه‌وه بۆ لقه ئاڵۆزه‌کانی فه‌لسه‌فه و گه‌ڕان به دوای یاساکان به‌بێ ڕه‌چاوکردنی پره‌نسیپی یاسایی بۆ قسه‌کردن له‌بارەی چیرۆکەوە به تایبه‌تی ئه‌و چیرۆکانه‌ی (کاروان کاکه‌سوور) ده‌یاننووسێ، پێویست بن (لێرانه‌دا باسی یاسا ده‌که‌م و باسی فکر ناکه‌م، چونکه یاساکان به‌رهه‌می سۆز و فکرن و سۆزیش وه‌کو به‌شێکی دانه‌بڕاو له فکر باسی کراوه)
چیرۆک‌نووس به‌بێ بوونی خوێنه‌ری جدییش ده‌توانێ زۆر جار داهێنان بکا. دژی ئه‌و بۆچوونه‌ی (عه‌بدولموته‌لیب عه‌بدولا)م، که پێی وایە داهێنان ئه‌وکاته ده‌رده‌که‌وێ، که ئاماده‌گیی هۆشیارانه‌ی خوێنه‌ر و بیرکردنه‌وه و چێژی خوێندنه‌وه بوونیان هه‌بێت و داهێنان بێ به‌شداریی خوێنه‌ر له‌نگه. (عه‌بدولموته‌لیب) ئاستی داهێنانی به‌ستۆته‌وه به ڕێژه‌ی خوێنه‌ره‌وه. ئه‌و بۆچوونه خه‌ساندنی داهێنانه وه‌کو چه‌مکێک و سه‌ندنه‌وه‌ی ئازادییشه لێی وه‌کو کرده‌یه‌ک. داهێنان پێویستی به ئامۆژگاری و سنوور نییه. ئه‌مه به‌تاڵکردنه‌وه‌ی وزه‌ی داهێنانی پێ ده‌ڵێن.
چیرۆک وه‌کو ژانرێکی ئه‌ده‌بی، زۆر جار لقی زانستی و فکری و که‌ڵکه‌ڵه‌ی هزری مۆدێرنی لێ ده‌بێته‌وه. بۆ لێدوان له‌بارەی چیرۆکگه‌لێکی له‌و شێوه‌یه‌وە، ئه‌وه‌نده‌ی پێویستیمان به دۆزینه‌وه‌ی توخمه چیرۆکییه‌کان و لێکۆڵینه‌وه و خوێندنه‌وه و ڕاڤه‌کردنی ده‌قه ئه‌ده‌بییه جۆراوجۆره‌کان هه‌یه، دوو ئه‌وه‌نده پێویستیمان به گه‌ڕانه‌وه هه‌یه بۆ ڕووتێکردنی زه‌ینی و سه‌رچاوه فه‌لسه‌فی و ئایدۆلۆژی و کۆمه‌ڵناسی و زانستییه‌کان به گشتی. به خوێندنه‌وه‌ی هه‌ندێک چیرۆک، ده‌گه‌ڕێینه‌وه بۆ گه‌ردوون و نهێنییه گه‌ردونییه‌کان، ئه‌مه بۆ ئه‌و چیرۆکانه‌ی گرنگی به ڕووداوه بینراوه‌کان دەدەن و که‌متر ئیش له‌سه‌ر ئه‌فسانه و خه‌یاڵ ده‌که‌ن، ئه‌و چیرۆکانه سه‌ردێری نزیک له زه‌ینیان هه‌یه. ئه‌و چیرۆکانه‌شی له ده‌ره‌وه‌ی گه‌ردونه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرن و وه‌کو چیرۆکی ناواقیعی پێناس ده‌کرێن و جێگیرمان ده‌که‌ن له ناو ئه‌و فه‌زایه‌ی چیرۆکه‌که‌ی تێدا ده‌خوێنرێته‌وه. جێگیرکردنه‌که زاده‌ی گه‌ڕان و ئاشکراکردنێکی به‌رده‌وام بووه له سه‌رەتادا، فێره جۆرێک له هۆگریمان ده‌که‌ن به بابه‌ته سه‌یر و نامۆکان و ته‌سکردنه‌وه‌ی بازنه‌کانی واقیع، بۆ ئه‌وه‌ی له‌و ڕێگه‌یه‌وه به‌ره‌و کامڵ‌بوونی ئه‌ده‌بیاتمان ببه‌ن. چیرۆکنووسه‌که‌ش هه‌وڵ ده‌دا وه‌کو بۆهیمی یان پێشه‌نگ ده‌ربکه‌وێ. (رۆبه‌رت مۆزیل)ی چیرۆک‌نووس له چاوپێکه‌وتنێکدا ده‌ڵێ:
ددان به‌وه‌دا ده‌نێم که ئه‌وه‌ی دیرۆکی نییه، من له به‌رده‌می ڕووداوه واقیعییه‌کاندا نیم، ده‌توانین له بڕی ئه‌وان ڕووداوی تر بگێڕینه‌وه.
نووسیومه
(مارکیز)ی ڕۆماننووس له ڕۆمانی (خه‌زانی به‌تریارک)دا په‌نای بۆ سه‌رچاوه‌ی شێوه‌کاری بردووه. مارکیز له ته‌مه‌نی 9 ساڵیدا گه‌شتێک به نێو ڕووباری (مه‌جدۆنیا)دا ده‌کات و له ڕۆمانی (خۆشه‌ویستی له سەردەمی کۆلێرا)دا دووباره بۆ ئه‌و گه‌شته و دیمەنەکانی ئه‌و ڕووباره ده‌گه‌ڕێته‌وه. (مارکیز) پێی وابوو شێوه‌کاره‌کان وێنه‌ی ڕووباری (مه‌جدۆنیا)یان جوان کێشاوه. (کاروان)یش له‌و چیرۆکه‌دا دیمه‌نه جوانه‌کانی ئه‌وروپا به لاوه ده‌نێت و بۆ وێنه‌یه‌ک ده‌گه‌ڕێته‌وه ڕۆژهه‌ڵات، که وێنه مناره‌ی چۆلییه. سه‌ره‌تای چیرۆکه‌که ئاوایه:
له کاتێکدا ده‌ستت له‌ناو قوڕه‌که‌دایه و ده‌ته‌وێت ئه‌سپێک بۆ (ئالان)ی خوشکه‌زات دروست بکه‌یت، خۆشت نازانی بۆ بیر له‌وه ده‌که‌یته‌وه، که تۆ ئه‌وه‌تا وا ته‌مه‌نت له چل تێده‌په‌ڕێت و هێشتا مناره‌ی چۆلیت له نزیکه‌وه نه‌بینیوه.
چیرۆکی (مناره‌ی ئاوه‌دانی)ی (کاروان کاکه‌سوور) ڕاڤەیەکی دیکه‌ی جیاوازی داهێناوه به پشت به‌ستن به زمانی ئۆرگیناڵ. له ڕێگه‌ی چیرۆکه‌که‌وه جیاوازی له‌نێوان چیرۆکی مه‌عریفی و ئیبداعی و چیرۆکی په‌رپوتدا دەبینین. ده‌قه‌که ورد نووسراوه و ڕه‌چاوی وردبینیی مەعریفی کراوه و پێمان ده‌ڵێ که‌ڵه‌که‌بوونی شته دووباره‌کان ئاماژه‌ن بۆ فکرێکی ته‌سک و نووته‌ک و سه‌رچاوه‌یه‌کی شێواو و ته‌سلیمبوو به هیچ. (سه‌لامه مو‌سا) که نووسه‌رێکی مسرییه و به‌رهه‌می دیاری هه‌ن، وای داناوه که نابێ نووسه‌ر له ده‌ربڕینه‌کانیدا وردبینی مەعریفی له بواره‌کانی فه‌لسه‌فه، ئه‌ده‌ب، ئه‌خلاق ڕه‌چاو نه‌کا.
چیرۆکه‌که پێشکەش به‌و کەسە کراوە، کە وای لە چیرۆک‌نووس کردووە بە ناچاری واز لە یاریی تۆپی پێ بهێنێت. وازهێنان له تۆپی پێ به‌بێ مردنی ئه‌و حه‌زه له ناخدا، وازهێنانه له کرده‌یه‌ک به قسه‌ی جێناوی سه‌ربه‌خۆی که‌سی سێیه‌می تاک، قسه‌یه‌ک هێنده کاریگه‌ریی ده‌بێت، تۆپ ده‌بێته بۆمبێکی دانراوه، به‌ڵام فوتباڵ وه‌کو هونه‌رێکی نزیک له چیرۆک و ئه‌ده‌ب و فکر و جوانی، له ناخیدا ڕه‌گی خۆی قایمتر ده‌کا:
پێشکه‌شه به‌و هاوڕێ یاریکه‌ره‌م، که له به‌هاری 1982 له ستادیۆمی هه‌ولێر له به‌رچاوی ده‌یان که‌س گاڵته‌ی پێ کردم و پێی وتم: (بڕۆ واز له تۆپ بێنه، چونکه تۆ نه له تۆپ تێده‌گه‌ی و نه‌ده‌زانی شووتی لێ بده‌ی)… هه‌ر به ڕاستی له‌و کاته‌وه من نه‌متوانی یه‌ک شه‌قی تر له تۆپ هه‌ڵبده‌م و وازم له تیمه‌که‌مان هێنا، به‌ڵام ئه‌وە وای لێ نه‌کردم له خه‌یاڵی خۆمدا ده‌ست له یاریی فوتباڵ هه‌ڵگرم.
ئه‌و چیرۆکه قسه‌کردنه بۆ ئه‌وی دیکه، به‌ڵام هه‌ست به خودئاگایی و بێزاریی نووسه‌ره‌که‌ی ده‌که‌ی له قه‌یرانه‌کان، ئه‌مه‌ش هاوته‌ریبه له‌گه‌ڵ گۆڕانکارییه‌کانی ئه‌ده‌بیات، که ده‌ره‌نجامی قه‌یرانه‌کانن. دوای شکستی شۆڕش، ئه‌ده‌بیاتی کلاسیک له ده‌قه‌کانی (شارل بۆدلێر) و (گۆستاڤ فلۆبیر) چڕ بۆوه که پڕ بوون له کێشه و قه‌یران. (سارته‌ر) باوه‌ڕی به کاریگه‌ریی بیۆگرافی هه‌بوو له‌سه‌ر ده‌ق و پێی وابوو ئه‌و نووسه‌ره‌ی خودئاگایانه ده‌نووسێ به‌ره‌و جۆرێک له عه‌فه‌ویه‌ت ده‌چێت. من له‌گه‌ڵ ئه‌و بۆچوونه‌ی (سارته‌ر) ناکۆکم، به تایبه‌تی که ئێستا خه‌ریکم قسە لەبارەی چیرۆکی مناره‌ی ئاوه‌دانییەوە ده‌که‌م و هیچ عه‌فه‌ویه‌تێک نابینم. (کاروان) باسی قه‌یرانی مه‌مله‌که‌تێک ده‌کا له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و مه‌مله‌که‌ته. کاتێ ئه‌و چیرۆکه ده‌خوێنینه‌وه و دواتریش ده‌بیستین نووسه‌ره‌که‌ی له دانیمارک ده‌ژیێ تووشی شڵه‌ژان ده‌بین، ئه‌مه‌ش جیاکه‌ره‌وه‌ی چیرۆکی (کاروان)ه له چیرۆکی (شێرزاد حه‌سه‌ن، عه‌تا نه‌هایی، عه‌تا موحه‌مه‌د، یوسف عیزه‌دین و… هتد)
ئه‌گه‌ر به‌راوردێک له‌نێوان (کاروان کاکه‌سوور) و (شێرزاد حه‌سه‌ن)دا بکەین، دەبینین (شێرزاد) کێشه‌ی به‌رده‌وامی هه‌یه و نه‌یتوانیوه به هه‌مان هه‌ناسه‌ی (حه‌سار و سه‌گه‌کانی باوکم) درێژه به ئەزموونی نووسینی خۆی بدا، کاتێکیش ده‌گه‌ینه سه‌ر خه‌ونی جاڵجاڵۆکان و ژنێکی منگن تووشی نائومێدی ده‌بین. به‌رده‌وامی نه‌بووه‌ته کێشه له به‌رده‌م ئەزموونی نووسینی (کاروان)دا. (به‌ختیار عه‌لی) له شوێنێکدا له‌مه‌ڕ به‌رهه‌مێکی (کاروان)دا پێی وایە ئه‌گه‌ر ئه‌و به‌رهه‌مه‌ی (کاروان) باشترین کۆمه‌ڵه چیرۆکیش نه‌بێت که له‌و چه‌ند ساڵه‌ی دوایی خوێندوویەتیه‌وه، ئه‌وا بێگومان یه‌کێکه له باشترینه‌کان. ئێستا که من هاتووم قسە لەبارەی مناره‌ی ئاوه‌دانییەوە ده‌که‌م، ماوه‌یه‌کی زۆر به‌سه‌ر وته‌که‌ی (به‌ختیار)دا تێپەڕیوە، به‌ڵام هه‌مان بۆچوون دوباره ده‌که‌مه‌وه. ناڵێم ئه‌و بۆچوونه‌ی من ته‌واو عه‌قڵانییه، به‌ڵام دڵنیام له‌وه‌ی پێچەوانەکەی نییه.. عه‌قڵانیه‌ت له پێناسه کۆنه‌که‌یدا بریتییه له پشتبه‌ستنێکی قایم به عه‌قڵ و نه‌گه‌ڕانه‌وه بۆ واقیع و ئەزموون به مه‌به‌ستی شیکردنه‌وه و گه‌یشتنه ئه‌نجام. مه‌به‌ستی من له عه‌قڵانیه‌ت ئه‌و بۆچوونه ته‌قلیدییه نییه، من باوه‌ڕم به گه‌ڕانه‌وه بۆ واقیع هه‌یه. عه‌قڵانیه‌ت (rationalism) له لای (فاروق ڕه‌فیق)، ئه‌و قوتابخانه فه‌لسه‌فیه‌یه که له سه‌ره‌تاکانی سه‌رهه‌ڵدانی فه‌لسه‌فه‌ی مۆدێرنیته و پێگه‌یشتنی شانبه‌شانی ئەزموونگه‌رایی empiricism)) هاته کایه‌وه. (فاروق) پێی وایە عه‌قڵانیه‌ت ناوێکه بۆ کۆمه‌ڵێک تیۆری جیاواز، که خاڵی هاوبه‌شی نێوانیان باوه‌ڕه به عه‌قڵی مرۆڤ که ده‌توانێ وه‌ڵامی پرسیاره بنه‌ڕه‌تییه‌کانی ناو کایه‌ی فه‌لسه‌فی بداته‌وه، به‌ڵام من عه‌قڵانیه‌تم بۆ (مناره‌ی ئاوه‌دانی) به مانای گه‌ڕانه‌وه‌یه‌کی هێواش بۆ عه‌قڵ به کار هێناوه و ئه‌و ڕۆڵه گه‌وره‌یه‌م نه‌به‌خشیوه‌ته عه‌قڵی مرۆڤ. مرۆڤ که تاوه‌کو ئێستا نه‌یتوانیوه له چلۆنایه‌تیی ناخ و نهێنییه‌کانی خۆی بگات، مه‌حاڵه بتوانێ وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره گه‌ورانه بداته‌وه، که فه‌لسه‌فه ده‌یانکات، مه‌به‌ستم له گه‌وره‌یی پرسیاره‌کان له ڕووی قه‌باره‌وه‌یه نه‌ک له ڕووی به‌هاوه. عه‌قڵ لای من چیتر ئه‌و ئه‌رکه قورسه‌ی له‌سه‌ر نییه که (فاروق) و به‌شێکی زۆری فه‌لسه‌فه‌کاره‌کانی ڕۆژئاوا بۆیان دیاری کردووه، به تایبه‌تی له مه‌سه‌له‌ی په‌یوه‌ست به‌و به‌شه‌ی ئه‌ده‌به‌وه. هه‌ڵبه‌ته ئه‌وان ئه‌و ئه‌رکه به ئه‌رکێکی قورس دانانێن، به‌ڵکو به فاکته‌ری جووڵانە‌وه‌ی عه‌قڵی داده‌نێن. به پێچه‌وانه‌وە من به ماندووکردنێکی بێمانای عه‌قڵی داده‌نێم و هیچی تر. دیسانه‌وه وته به‌ناوبانگه‌که‌ی (کارل مارکس) ده‌هێنمه‌وه: بیرکردنه‌وه لێناگه‌ڕێ بژیم.
من بۆ قسەکردن لەبارەی ئه‌و ده‌قه‌ی (کاروان)ەوە عه‌قڵم نه‌کردۆته سه‌نته‌ر. ئه‌رکی عه‌قڵ له چیرۆکدا ئاشکراکردنی شته په‌نهان و نادیاره‌کان نییه به پشتبه‌ست به که‌رسته‌ی به‌رجه‌سته. گه‌ر وامان کرد ناچار ده‌گه‌ڕێینه‌وه بۆ ئه‌و غه‌ریزانه‌ی قاچێکیان له نادیاره و قاچێکی تریان له دنیادایه، به مه‌به‌ستی فه‌راهه‌مکردنی ژیان و گه‌یشتن به حه‌قیقه‌تی پێویستبوونی بوونی چیرۆک و غه‌ریزه‌ی مانه‌وه.
ئه‌و بۆچوونه‌ی (شۆپنهاوه‌ر) که پێی وایە ده‌بێ له بەرانبەر بوونی جیهان شیوه‌ن بگێڕین نه‌ک پێبکه‌نین، ڕه‌ت ده‌که‌مه‌وه. شیوه‌ن گێڕان بۆ بوونی جیهان به شێوه‌یه‌ک له شێوه‌کان که‌مکردنه‌وه‌ی به‌های ئه‌ده‌ب و چیرۆکه، به تایبه‌تییش که ئه‌و ئه‌رگۆمێنتانه‌ی (شۆپنهاوه‌ر) پشتی پێ به‌ستوون، له‌گه‌ڵ ئه‌و ئه‌رگۆمێنتانه تێکناگرنه‌وه که من بۆچوونه‌کانی خۆمم پێ سه‌لماندوون له باسه‌کانی پێشترمدا. پێشم وایه بۆچوونه‌کانی (شۆپنهاوه‌ر) ئه‌نجامی نه‌بوونی هه‌ندێ گوتاری سه‌ره‌کییه. ئایدیا فه‌لسه‌فییه‌کان و فه‌لسه‌فه وه‌کو یه‌کێک له جدیترین کایه‌کانی مه‌عریفه ناکوژێنمه‌وه و به‌هایان که‌م ناکه‌مه‌وه، به‌ڵام ده‌بێت پرسیاره فه‌لسه‌فییه‌کان له ده‌ره‌نجامی تێگه‌یشتنی ته‌واو له ئه‌ده‌بی مۆدێرندا سه‌رچاوه بگرن.
مامه‌ڵه‌کردن له‌گه‌ڵ ئه‌و چیرۆکه تووشی وه‌سوه‌سه‌ی بڕیاردانمان ده‌کا. بۆچوونه‌کانمان له دێرێکیه‌وه بۆ دێرێکی تری ده‌گۆڕێن، کاریگه‌ری چیرۆکه‌که‌ش له‌سه‌ر خوێنه‌رێک بۆ خوێنه‌رێکی تر جیاوازه. له لای (رۆلان بارت) تێکستی نووسراو زیاتر له واتایه‌ک هه‌ڵده‌گرێ و فره‌دیو و فره‌ناوه‌رۆکه. واتاکه‌ی له خوێنه‌رێکه‌وه تا خوێنه‌رێکی تر جیاوازیی هه‌یه. (دێریدا) پشتئه‌ستوور به هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه و شۆڕبوونه‌وه بۆ نێو هه‌یکه‌لیه‌تی زمان و گوتاری سه‌نته‌ریزمی لۆگۆسی خود سه‌نته‌ریدا، به گومان بوو له‌وه‌ی ده‌ق یه‌ک واتا هه‌ڵبگرێ، بەڵکو ڕه‌چاوی خوێندنه‌وه‌ی جیاوازی بۆ ده‌ق ده‌کرد. ئه‌مه‌ش بناغه‌ی فه‌لسه‌فه‌که‌ی (دێریدا) و ئه‌و گۆڕانانه بوو که له هزری فه‌لسه‌فیدا ڕوویان دا. به‌مه‌ش زه‌برێکی کوشنده‌ی له بونیادی گوتاری هزری و ئه‌پستمی ڕۆژئاوا دا.
من هه‌ستم به ساده‌بوونه‌وه و ژیان کرد له دنیای نێو چیرۆکه‌که، به پێچه‌وانه‌ی چیرۆکه‌کانی (کافکا) و (جیمز) که دنیا له چیرۆکه‌کانیان وه‌کو شتێکی ئاڵۆز و بێ‌مانا ده‌رده‌که‌وێ. جیاوازیی (کافکا) له‌گه‌ڵ (جێمز) له‌وه دابوو، (کافکا) به دوای مانایه‌ک بۆ دنیا ده‌گه‌ڕا، به‌ڵام (جێمز) باوه‌ڕی به هیچ نه‌بوو. جیاوازیی دنیای (کاروان) له‌گه‌ڵ هه‌ردووک چیرۆک‌نووس له بوونی مانایه‌که بۆ دنیا، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ئه‌و مانایه سه‌رچاوه‌که‌ی بێمانایش بێت. کوژرانی (ست ساماڵ) به ده‌ستی (ساماڵ)ی کوڕی و کوژرانی (ڤیان) له‌سه‌ر قسه‌ی باوکی مانا و ده‌لاله‌ته شاراوه‌کانی دنیایان له پشته، له‌ناو کوشتنیشدا هێشتا دنیا هه‌ناسه ده‌دا. نامه‌وێ (کاروان) له‌گه‌ڵ (کافکا) و (جێمز)دا به‌راورد بکه‌م، به‌ڵکو ده‌مه‌وێ ده‌قه‌کانیان به یه‌کدا بده‌م، بۆ ئه‌وه‌ی له ڕێگه‌ی ئه‌و به‌یه‌کدادانه‌وه مانا مانیفێست بکه‌م. ئه‌و به‌راوردکردنانه ئه‌وه‌نده‌ی زیانیان بۆ ده‌ق هه‌بووه سوودیان پێ نه‌گه‌یاندووه. (ئه‌حمه‌دی مه‌لا) پێی وایە ده‌کرێ (مه‌حوی) له‌گه‌ڵ (سه‌عدی شیرازی)دا به‌راورد بکرێت، چونکه هه‌ست به‌وه ده‌کرێت (مه‌حوی) (شیرازی)ی به کوردی نووسیوه‌ته‌وه. ئه‌و بۆچوونه‌ی (ئه‌حمه‌دی مه‌لا) دیوانه‌که‌ی (مه‌حوی) له نێو گوڵستانی (شیرازی)دا به‌ند ده‌کا، گوڵستانێک ئه‌گه‌ر هه‌موو گوڵه جوانه‌کانی دنیای تێدا بێت حاجیله‌ی کورده‌واریی تێدا نییه. ئه‌و بۆچوونه ده‌ره‌نجامی نه‌خوێندنه‌وه‌یه‌کی وردی (شیرازی)یه به زمانی فارسی.
چیرۆکه‌که له دروستکردنی ئه‌سپێکی قوڕینه‌وه ده‌ست پێ ده‌کا. ئه‌سپی قوڕین ده‌کرێ وه‌کو دیارکه‌ری ژینگه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی و ناکۆمه‌ڵایه‌تی و کاتی چیرۆکه‌که چاوی لێ بکرێ. ڕاسته‌وخۆ بۆ دیاریکردنی کاتی ڕووداوه‌که ئیش نه‌کراوه و بایه‌خ دراوه به لێکته‌نراوی. بۆ ئاشکراکردنی ناوی کاره‌کته‌ری سه‌ره‌کییش که (زێره‌ڤان)ه، هونه‌رێکی دیکه به کار هاتووه و چیرۆک‌نووس ڕاسته‌وخۆ نه‌یگوتوه کاره‌کته‌ره‌که‌مان (زێره‌ڤان)ی ناوه:
ئه‌گه‌رچی تۆ تاکه ڕیزێرڤ نه‌بوویت، به‌ڵام ئه‌و ناوه ته‌نها به‌سه‌ر تۆدا بڕا و هه‌ر ئاوا بانگ ده‌کرایت… سه‌ره‌تا وات ده‌زانی وشه‌که هه‌ندێک له ناوی خۆته‌وه نزیکه، یان با بڵێین له‌نێوان (ریزێرف) و (زێره‌ڤان)دا زۆربه‌ی پیته‌کان هاوبه‌شن…..
گرنگترین ئه‌و چه‌مکانه‌ی په‌یوه‌ستن به ده‌قه‌که‌وە:
ئه‌و کاته‌ی چه‌مکه‌کان جگه له مانا بنه‌ڕه‌تیه‌کانیان مانایه‌کی دیکه‌ی دوور له مانا ڕاسته‌قینه‌که‌ی خۆیانیان پێ ده‌درێ، جۆره گه‌مه‌یه‌کی زمانه‌وانی دێته پێشه‌وه و چێژێکی ئه‌ده‌بی ده‌به‌خشێ. وشه‌ی (mach) که به مانای یاریی نێوان دوو تیم دێت، نزیک کراوه‌ته‌وه له وشه‌ی (ماچ)ی کوردییه‌وه. وشه‌ی (coach) که به‌مانای ڕاهێنه‌ر دێت، پێوەندییه‌کی ئه‌ده‌بی بۆ دروست کراوه له‌گه‌ڵ وشه‌ی (کۆچ)ی کوردی. کۆمه‌ڵه چه‌مکێکیش زه‌ق کراونه‌ته‌وه:
1- ترس و چێژ: لە دەقەکەدا پێوەندییه‌ک له‌نێوان ترس و چێژدا هەیە. لە ترسان له‌و چیرۆکانه‌ی باسی مناره‌ی چۆلی ده‌که‌ن تا ترسان له (ست ساماڵ) که مامۆستایه له یه‌کێ له قوتابخانه‌کانی کچان و به هۆی له سێداره‌درانی مێرده‌که‌یه‌وه به به‌رده‌وامی جلی ڕه‌ش ده‌پۆشێ، هاوکات چێژ وه‌رگرتن له لایه‌نێکی چیرۆکه‌کان و جوانیی (ست ساماڵ). نه‌ترسان نیشاندانی ئادگاری مرۆڤی ڕاسته‌قینه نییه. لای من شتێک نییه به ناوی مرۆڤی ڕاسته‌قینه و مرۆڤی وه‌همی. (میشَێل فۆکۆ) به هۆی ئه‌و ڕه‌خنه به‌هێزانه‌ی ئاڕاسته‌ی کران، خه‌ڵکی له فه‌لسه‌فه ڕادیکالییه‌کان دوور خسته‌وه، پێی وابوو شێته‌کان مرۆڤی ڕاسته‌قینه‌ن، چونکه شێت دەرک به‌و مه‌عریفه‌یه ده‌کا که گه‌یشتن پێی ئه‌سته‌مه و شێتیی له دیارده‌یه‌کی پزیشکییه‌وه کرد به دیارده‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی. بۆچوونی من زیاتر له وته‌که‌ی (پاسکال)ه‌وه نزیکه که پێی وابوو شێته‌کان تا ئه‌ندازه‌یه‌ک شێتن، نکوڵیکردن له‌و شێتییه بۆ خۆی جۆرێکی تره له شێتی. (فۆکۆ) ده‌ڵێ: شێتی هونه‌رمه‌ند و ئه‌دیب له‌ودیو خه‌یاڵدانیه‌وه خۆی مه‌ڵاس داوه. (زێره‌ڤان) شێت نییه و چیرۆکه‌که‌ش شێتانه شێتیی نه‌گێڕاوه‌ته‌وه. بوونی هه‌ر ڕه‌فتارێکی شێتانه‌ش له چیرۆکه‌که‌دا پێوەندیی به‌و ترس و چێژه‌وە هەیە، کە پێشتر باسمان کرد، نه‌ک به ڕاده‌ی ژیری و پیاوبوونه‌وه.
2- بوون: فکری (هایدگه‌ر) به ڕه‌تکردنه‌وه‌ی ئایدیاکانی (دیکارت) ده‌ست پێ ده‌کا. گه‌وره‌ترین کاریگه‌ریی له‌سه‌ر فه‌لسه‌فه و میتافیزیکی ڕۆژئاواییدا هەبوو. به به‌رده‌وامی ده‌یپرسی: بوون چییه؟، ئه‌و پرسیاره‌ی له سه‌رده‌می (سوقرات)ه‌وه تا سه‌رده‌می (دیکارت) به لاوە نرابوو. (هایدگه‌ر) ئاماده‌گیی تێدا نه‌بوو ده‌ست له‌و پرسیاره هەڵگرێت و ده‌یگوت ئه‌و که‌سه فه‌یله‌سوف نییه پرسیاری زۆر و زه‌به‌ند ده‌ورووژێنێ و به‌بێ وه‌ڵام ده‌یانهێڵێته‌وه، ئه‌و که‌سه فه‌یله‌سوفه که هه‌موو ژیانی بۆ تاقه پرسیارێک ته‌رخان ده‌کا. ئه‌نتۆلۆجیا له فه‌لسه‌فه‌ی هاوچه‌رخدا به‌های بۆ گه‌ڕایەوه. باسی بوون باسێکی قوڵه و گێڕانه‌وه‌ی مه‌حاڵه، به‌بێ بوونی پێناسه‌یه‌کی گشتیی بوون (وجود) و عه‌ده‌ممان کردبێت به دژی یه‌کترمان داناون. مامه‌ڵه‌کردن له‌گه‌ڵ ئه‌و چه‌مکه له چیرۆکه‌که‌دا مامه‌ڵه‌یه‌کی تایبه‌تییه به پێچه‌وانه‌ی ئه‌و بۆچوونه‌ی (ئه‌رستۆ)وە، که پێی وایە بوون گشتگیرترین و هه‌مه‌کیترینه و ده‌کرێ به فه‌لسه‌فه‌ی یه‌که‌م ناوی ببه‌ین وه‌کو جیاکارییه‌ک له‌گه‌ڵ فه‌لسه‌فه‌ی دووه‌م که زانستی سرووشته. له چیرۆکه‌که‌دا باسی بوون و پێوەندیی مردووه‌کان به‌م دنیایه‌ی ئێمه‌وه و هێنانه‌وه‌ی مردووه‌کان له مناره‌ی چۆڵی هاتووه.
3- کۆمه‌ڵایه‌تیبوون:
ئه‌گه‌ر چیرۆک‌نووس بکه‌وێته نێو نه‌ستی کۆوه، مانای وا نییه که‌وتبێته ژێر کاریگه‌ریی فیکری مێگه‌ڵ و کۆنه‌پارێزانەوە. نزیکبوون له که‌سێک یان که‌شێک مانای تێگه‌یشتن نییه لێی. (فوئاد ڕفقه)ی شاعیری لوبنانی که وه‌رگری خه‌ڵاتی گۆته‌یه ده‌ڵێ “من زۆر له گۆته‌وه نزیک بوومه، به‌ڵام لێی تێنه‌گه‌یشتم، چونکه ده‌توانم له فه‌یله‌سوف، شاعیر، زانا، پیاوی یاسایی تێبگه‌م، به‌ڵام تێگه‌یشتن له که‌سێک که هه‌موو ئه‌وانه‌ی له خۆ گرتووه، ئاسته‌مه”. مناره‌ی ئاوه‌دانی پێوەندیی به‌و که‌شوهه‌وا کۆمه‌ڵایه‌تییه‌وە هەیە، کە نووسه‌ر تێیدا ژیاوه، پێچه‌وانه له‌گه‌ڵ بڕێک له فه‌یله‌سوفه‌کان که پێیان وایه پێوەندیکردنی به‌ها ڕۆحییه‌کان به ئه‌ده‌بیشه‌وه به ڕووداوه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان، مانای تێگه‌یشتی لاوه‌کیی ئه‌و به‌هایه ده‌گه‌یه‌نێ..
4- عیشق:
ستوونێکی ئاماده‌یه له ده‌قه‌که‌دا، ئه‌وه عیشق بۆ مناره‌ی چۆلییه وا له (زێره‌ڤان) ده‌کا، ده‌ست له دروستکردن هه‌ڵبگرێ و به‌ره‌و دروستکراوێک که مناره‌که‌یه بچێت. عیشق په‌نهانه له تێکسته‌که، به‌ڵام ئه‌مه ئه‌وه ناگه‌یه‌نێ بوونی نه‌بێت. دیاریکردنی جۆری ئه‌و عیشقه تۆزێک زه‌حمه‌ته. (ستاندال) عیشق پۆلێن ده‌کا بۆ جۆره‌کانی: 1- عیشقی په‌رۆشی، passion-love)2- – عیشقی جوانیناسانه) ، aesthetic love) -3- عیشقی فیزیکی “عاشقبوون به جه‌سته”). عیشقی (زێره‌ڤان) له جۆری یه‌که‌مه‌وه نزیکه. دوای چل ساڵ عیشقی بینینی مناره‌ی چۆڵی له نزیکه‌وه له لای سه‌ر هه‌ڵده‌دا وه‌کو بابه‌تێکی ئایدیاڵ، ئه‌مه‌ش کۆکه له‌گه‌ڵ (سپیونزا) که پێی وابوو عیشق ده‌بێت ئاسووده‌ییه‌کی پشت به‌ستوو به مه‌عریفه و هۆکاره‌کانی بێت. جوانی وه‌کو هۆکارێکی مه‌عریفه، به شێوه‌یه‌کی سه‌ربه‌ست بوونی نییه، بەڵکو بینینی به‌ستراوه‌ته‌وه به شته وه‌همی و به‌رجه‌سته‌کان به ده‌قیشه‌وه، که له‌نێوان وه‌هم و به‌رجه‌سته‌کاندایه. مه‌رج نییه له‌ناو هه‌موو جوانییه‌کدا ویست له ناو بچێت و له شکۆمه‌ندا بمێنێته‌وه وه‌ک ئه‌وه‌ی (شۆپنهاوه‌ر) ده‌بێژێ. ویست له شکۆمه‌ندی کارای (شۆپنهاوه‌ر) و شکۆمه‌ندی میکانیکی (کانت)دا بوونی هه‌یه.
5- خۆکوشتن:
ئایا خۆکوشتن له‌نێو چیرۆکدا تاوانه یان هه‌ڵه‌یه؟. تازه‌گه‌ریی ڕۆژئاوایی له‌سه‌ر فه‌ردانیه‌ت و بنچینه‌ی میتافیزیکای شاردنه‌وه وه‌ستاوه و ئه‌و فه‌ردانیه‌ته ژنیشی گرتۆته‌وه.
ره‌خنه‌ی (شۆپنهاوه‌ر) له یه‌هودگه‌رایی و زانا یه‌هودییه‌کان له‌وه‌دایه، خۆکوشتنیان حه‌رام کردووه به‌بێ ئه‌وه‌ی له کتێبه‌کانیاندا حه‌رام یان حه‌ڵاڵ کرابێ.
به ڕای (شۆپنهاوه‌ر) خۆکوشتن ڕێگره له به‌رده‌م زاڵبوونی مرۆڤ به‌سه‌ر ویستدا، به‌ڵام هه‌مان بۆچوونی (ئه‌رستۆ) و (ژان ژاک ڕۆسۆ) و (زه‌ینۆن)ی هه‌یه، که هه‌ر کاتێ مرۆڤ له هه‌موو لایه‌که‌وه پاڵی پێوه بنرێت بۆ خۆکوشتن و ئیتر ژیان بۆ ئه‌و قه‌فه‌سێکی داخراو بێت، ده‌کرێ خۆی بکوژێ. (شۆپنهاوه‌ر) خۆکوشتنی به تاوان دانه‌ناوه و به‌هه‌ڵه‌ی داناوه. (ئه‌میل دۆرکهایم) بۆچوونێکی تا ڕادده‌یه‌ک نزیکی هه‌یه له (شۆپنهاوه‌ر). ئه‌و له کتێبی (خۆکوژی)دا خۆکوشتن به کێشه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانەوە دەبەستێتەوە. (فرۆید) ده‌یگوت خۆکوشتن سه‌ره‌تای له‌دایکبوونه. به بۆچوونی من بۆی هه‌یه ئه‌و تێزه‌ی (شۆپنهاوه‌ر) بۆ ده‌قه ڕۆژئاواییه‌کان قسه هه‌ڵبگرێ، به‌ڵام بۆ چیرۆکه ڕۆژهه‌ڵایه‌تییه‌کان به تایبه‌تی ئه‌و چیرۆکانه‌ی (کاروان کاکه‌سوور و سادقی هیدایه‌ت و مه‌حمود ده‌وڵه‌ت ئابادی و عه‌زیز نه‌سین و….. هتد) ده‌یاننووسن بایه‌خی نابێت، مه‌گه‌ر نووسه‌ر بیه‌وێ له ڕێگه‌ی خۆکوشتنه‌وه به‌های خۆکوژه‌که دیاری بکا، بیه‌وێ له ڕێگه‌ی کوژرانی ژیانه‌وه جوانیی ژیان پێشان بدات (ماناکه‌ی). ئه‌و جیهانبینییه‌ی (شۆپنهاوه‌ر) کاریگه‌ریی له‌سه‌ر (نیتشه) هەبوو و ئه‌ویش له قۆناغێکی دیاریکراودا دنیای به ڕه‌شی ده‌بینی و پێی وابوو مرۆ ئه‌گه‌ر بیه‌وێ حه‌زه‌کانی بێنێته دی ئیشی له‌سه‌ر وه‌هم کردووه، دواتر به ئه‌زموون ئه‌و قۆناغه تێده‌په‌ڕێنێ، ته‌نانه‌ت ڕه‌تی ئه‌لکهول و مادده بێهۆشکه‌ره‌کان ده‌کاته‌وه و ڕایده‌گه‌یه‌نێ ئه‌لکهول و مه‌سیحیه‌ت یه‌ک سه‌رچاوه کۆیان ده‌کاته‌وه، ئه‌ویش بێ هۆشکردنی خه‌ڵکه.
6- ژن:
ژن له چیرۆکه‌که‌دا یه‌کسانه به (ڕۆح + جه‌سته). له ده‌قه‌که‌دا ته‌نیایی وه‌رسکه‌ره، به‌ڵام ته‌نیایی ژن کوشنده‌یه. ته‌نیایی کوشنده به مانای مانه‌وه‌ی ته‌نها له‌گه‌ڵ خود نایه‌ت، به مانای سڕبوون و متبوونی ئه‌به‌دی دێت. ژنی سڕبوو ته‌نیایه، به‌بێ ئه‌وه‌ی حه‌ز له‌و ته‌نیاییه بکا یان بیری لێ کردبێته‌وه. (ست ساماڵ و ڤیان) دیارترین نموونه‌ن. بیرکردنه‌وه له ژن به‌رهه‌می مه‌عریفه‌یه، واته ئه‌وه مه‌عریفه‌یه ئه‌و ڕۆڵه ده‌گێڕێ که ژن وه‌کو کێشه سه‌یر بکرێ. ژن وه‌کو کێشه له به‌رده‌م ئاراسته‌کردنه ناڕه‌واکانی پیاودا هاتووه. ده‌قه‌که پێمان ده‌ڵێ: به‌هۆی بوونی ناکۆکییه فکری و جیاوازییه میتۆدییه‌کانی نێوان ژن و پیاو، کاره‌کته‌ری ژن له لای به‌شێکی گه‌وره‌ی پیاوانی دنیا، خه‌سڵه‌تی عیشقه مۆدێل و خودی پێ دراوه و زۆرجاریش له‌و ڕوانگه‌یه‌وه په‌راوێز خراوه. تاقیکردنه‌وه و ته‌فسیرکردنی ڕه‌وتی ئایدیاکانی ژن، له ڕێگه‌ی دنیابینی و مه‌رام و نیازی لۆژیکناسه پیاوه‌کانه‌وه، زوڵمێکه بەرانبەر ژن ئه‌نجام ده‌درێ. پیاو قه‌ت له ژن و چلۆنایه‌تیی ناخ و کێشه و مه‌عریفه‌ی ژن تێناگا، ئه‌گه‌ر له‌و بازنه کۆنه‌ی هه‌یه‌تی ده‌رنه‌چێت و بڕیاره‌کانی باکگراوندێکی ژنانه له خۆ نه‌گرن. له کۆمه‌ڵگه‌ی پیاوسالاری، فلته‌رێک نییه به‌شێک له حه‌قیقه‌تی ژنبوونی له خۆ گرتبێت، بۆیه بۆچوونه دروسته‌کان ده‌بنه دۆگما. له‌و وڵاتانه‌ی نه‌ته‌وه جیاوازه‌کان تێکه‌ڵبوونه و وڵات به‌ره‌و پلورالیزمێکی کۆمه‌ڵایه‌تی چووه، مه‌ودای نێوان ژن و پیاوی هاونه‌ژادی و هاونیشتیمانی له کشاندایه. هۆی تر که ڕۆڵیان هه‌بووه له دروستبوونی ئه‌و مه‌ودایه، لاوازبوونی ئینتیمایه بۆ ڕابردوو و تڕادسیۆن و هۆشیاری مێژوویی.
به گشتی له دیدی تاکه‌کانه‌وه، جیاوازییه‌کی زۆر هه‌یه له‌نێوان ئه‌و ژنانه‌ی بوونه به دایک له‌گه‌ڵ ئه‌و ژنانه‌ی هێشتا نه‌بوونه‌ته دایک. ئه‌و جیاوازییه له چیرۆکه‌که‌دا هاوار ده‌کا. زۆرن ئه‌و شاعیر و نووسه‌رانه‌ی ئافره‌تیان به شه‌یتان داناوه و باسی دایکی خۆیانیان وه‌کو فریشته‌یه‌ک کردووه که هیچ وزه‌یه‌کی ئه‌هریمه‌نی تێدا نییه. ئه‌مه له وتاری (دایکانێکم هه‌ن، میهره‌بانترن له گه‌ڵای دره‌خت…)ی (رێبوار سیوه‌یلی) له په‌رتووکی (نه‌ته‌وه و حیکایه‌تدا) به ڕوونی ده‌رده‌که‌وێ.
7-حه‌قیقه‌ت:
چیرۆکه‌که فه‌زا و زه‌مینه‌ی ئازاد و فره‌ڕه‌نگ له ناخی بونیاد و ستراکچه‌ره‌کان ڕه‌نگرێژ ده‌کا و ڕووگه فینۆمینۆیه‌کان که‌شف ده‌کا له خه‌یاڵگه و ژێرخانی ئه‌ده‌بیدا. گه‌ره‌کیه‌تی دیدگا و ڕوانینێکی ترمان پێ ببه‌خشێ بۆ چیرۆک. ده‌قه‌که بۆته ئه‌و فه‌زا ڕوونه‌ی تێیدا حه‌قیقه‌ت بۆ نێو بیری وه‌هم شۆڕ ده‌بێته‌وه، تاوه‌کو حه‌قیقه‌تی گه‌وره له گۆشەیه‌کدا به‌رجه‌سته ببێت. زۆربه‌ی که‌ناڵه‌کانی گه‌ره‌کیانه خۆیان به جیاوازگه‌ری و ئیستاتیکا و زه‌خره‌فه و سحر بارگاوی و لێورێژ بکه‌ن. دواجار هه‌موو ئه‌مانه ده‌بنه پاشکۆی شتێکی گرنگ که داهێنانه. ده‌قه‌که سێ قاچی هه‌یه، قاچی یه‌که‌می له ڕێگه‌ی ئاشکراکردنی بچمی ڕاسته‌قیه‌نه‌ی حه‌قیقه‌ته‌وه به‌رده‌وامی به خۆی ده‌دا، واقیع به ژیرییه‌وه ڕاڤه ده‌کاته‌وه، ئه‌و قاچه ده‌که‌وێته نێو فه‌زایه‌کی یۆتۆپی و وه‌همییه‌وه. قاچی دووه‌می له عه‌قڵدا ڕه‌گی خۆی داکوتاوه و په‌رده له‌سه‌ر واتا ئابرووبه‌ره‌کان و کۆد و مه‌رجه کۆنکرێتییه‌کان و مۆرالییه‌ت و ئاکاری خه‌سێنه‌ر و سکێچه ته‌ماوییه‌کان و ئه‌و بیمارستانه‌ی تێیدا نامرین، لا ده‌دا. نه‌مردن جیایه له ژیان، نه‌مردن جۆرێکه له ژیانکردنی خاڵی له جوانی. قاچی سێیه‌می نادیاره و نازانرێ ده‌که‌وێته کوێ؟، به‌ڵام ئاماژه‌کان پێمان ده‌ڵێن بوونی هه‌یه.
زۆربه‌ی ڕۆشنبیرانی کورد هه‌رکه گوێیان لە ناوی (سادقی هیدایه‌ت) ده‌بێت، وێنه‌ی که‌سێکی ڕه‌شبین له ژیانیان دێته به‌رچاو که خۆی و کاره‌کته‌ری سه‌ره‌کیی نێو یه‌کێک له چیرۆکه‌کانی به غاز ده‌خنکێنێ، بەڵام من پێچه‌وانه‌ی ڕه‌خنه‌گره فره‌نسییه‌کان پێم وایە چیرۆکی (زنده بگور) و ڕۆمانی (بوفاکور) گوزارشت له فکری (هیدایه‌ت) ناکه‌ن، به‌ڵگه‌ش سه‌رەتای چیرۆکی (زنده بگور)ه و پێشم وانییه کاره‌کته‌ره‌که گوزارشت له (سادقی) بکا. (سادقی) ڕه‌خنه‌گرانی له گومانێکدا جێ هێشتووه که له‌گه‌ڵ خۆیدا باوه‌ڕی هه‌ڵگرتووه. (زێره‌ڤان) نه ده‌توانرێ بخرێته نێو بازنه‌ی خۆشبه‌ختیی ڕاسته‌قینه‌وه، نه له ده‌ره‌وه‌ی دابنرێ. ئه‌مه خاڵی هاوبه‌شی نێوان چیرۆکی مناره‌ی ئاوه‌دانی و کاتیاشه. له چیرۆکی کاتیای (سادقی هیدایه‌ت)دا حه‌قیه‌قه‌ت له زۆر شوێن شووم و نادیاره، نادیاری جیایه له شاردنه‌وه. له‌و چیرۆکه‌ی (کاروان)دا حه‌قه‌یقه‌ت تا ئه‌و شوێنه بڕ ده‌کا که درۆکان ده‌ست پێ ده‌که‌ن، ئه‌مه‌ش ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێ له مامه‌ڵه‌کردن له‌گه‌ڵ چه‌مکی حه‌قیقه‌تدا، (کاروان) سه‌رکه‌وتنی زیاتری به ده‌ست هێناوه به به‌راورد له‌گه‌ڵ (هیدایه‌ت)دا.
8- ئه‌فسانه (fable):
جیاوازی له‌نێوان ئه‌فسانه (fable) و حه‌قیقه‌ت (datum)دا ئه‌وه‌یه، ئه‌میان حه‌قیقه‌ت ده‌بینێ و ئه‌ویان ئه‌فسانه. ئه‌فسانه جیاوازه له درۆ (churlish)، چلۆنایه‌تیی حه‌قیقه‌ت ڕێژه‌ی ئه‌و جیاوازییه دیاری ده‌کات. یۆتۆپیا نزیکتره له ئه‌فسانه وه‌ک له درۆ، به‌ڵام یه‌کسان نییه پێی. ئه‌فسانه‌کان هۆکار بوون بۆ مانه‌وه‌ی حه‌قیقه‌ته‌کان له ناویشیان حه‌قیقه‌تی جه‌نگه‌ڵستان (خورانی بێهێز له‌لایه‌ن به‌هێزه‌کانه‌وه). ڕاسته‌قینه‌کان ئه‌فسانه‌کانیان داهێناوه نه‌ک به پێچه‌وانه‌وه، مرۆڤ (human) وه‌کو ڕاسته‌قینه‌یه‌ک له ئه‌فسانه‌وه نه‌خوڵقاوه. (که‌مبڵ) پێناسه‌ی ئه‌فسانه‌ی گۆڕی له گه‌ڕان به دوای مانا بۆ ئەزموونکردنی مانا. (که‌مبڵ) داوا ده‌کا ئه‌فسانه‌ی گه‌لانی دنیا بخوێنینه‌وه نه‌ک ئه‌فسانه‌ی ئایینه‌کانی خۆمان، گوایه فێرمان ده‌که‌ن چۆن بۆ ناخ بگه‌ڕێینه‌وه. چیرۆکی (مه‌سیح) له ئینجیل‌دا داوای قه‌بوڵکردنی مه‌رگمان لێ ده‌کا، مه‌رگی مه‌سیحی کوڕی خودا. (جۆزیف که‌مبڵ) له چاوپێکه‌وتنێکیدا له‌گه‌ڵ (بیڵ مویز)، مه‌رگی (مه‌سیح) به سه‌ره‌تای گه‌یشتن به ئازادی ناوزه‌ند ده‌کا، به‌ڵام ئه‌و مه‌رگه سه‌رەتای سه‌فه‌ری ئازادییه به که‌شتیی ژیان بۆ وڵاتی ونبوون. دابه‌شکردنی ئایین (religion) به‌سه‌ر جومگه‌کانی (بیروڕا و ڕیچوەڵ و ئه‌فسانه) یه‌کانگیر نییه له‌گه‌ڵ بۆچوونی من. ئه‌فسانه‌کان بچووکترین پنتیان له‌ناو هه‌ر ئایینێکدا هه‌بێت خۆی زاڵ ده‌کا به‌سه‌ر بیر‌ورا و ڕیچوەڵ و کۆی هه‌یکه‌لیه‌تی ئایین، دواجار ئایین ده‌بێته هاوواتای ئه‌فسانه. ئه‌گه‌ر له دیدێکی ئه‌ده‌بی ساده‌وه ئه‌فسانه پۆلێن بکه‌ین، ئاوای لێ دێت:
1- ئه‌فسانه‌ی نێو ده‌قه‌کان (چیرۆک، شیعر، ڕۆمان،….. هتد)، بۆ نموونه له ڕۆمانی (دۆن کیشۆت)ی (سێرڤانس)دا ئه‌فسانه‌یه‌ک هاتووه:
خودا له‌سه‌ره‌خۆ وازی له عه‌رشه‌که‌ی هێنا و بووه فه‌رمانڕه‌وای گه‌ردوون، خێر و شه‌ڕی جیا کرده‌وه، شته‌کانی مانادار کرد. (دۆن کیشۆت) له‌ماڵه‌که‌ی هاته ده‌ره‌وه و جیهانێکی بینی که نه‌یده‌توانی بیناسێته‌وه. جیهان له ونی ده‌سه‌ڵاتی باڵادا، سه‌رله‌نوێ ده‌ستی پێ کرده‌وه. تاقه حه‌قیقه‌تی ڕه‌ها ته‌قییه‌وه بۆ چه‌ندین حه‌قیقه‌تی ڕێژه‌یی و خه‌ڵکی له‌نێوان خۆیاندا ده‌ستیان به دابه‌شکردنی کرد. لێره‌وه جیهانی نوێ و له‌گه‌ڵیشیدا ڕۆمان په‌یدا بوو، که وێنه‌ی ئه‌و جیهانه‌یه.
ره‌خنه‌گران وه‌کو ئه‌فسانه‌ی ده‌ره‌وی ده‌ق که جۆری دووه‌می ئه‌فسانه‌یه و دواتر قسه‌ی لێوە ده‌که‌ین، مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ ئه‌و ئه‌فسانه‌یه کردووه. هه‌ندێکیان به ڕه‌خنه‌یه‌کی عه‌قڵانی له ئایدیالیزمە شێواوه‌که‌ی (دۆن کیشۆت)ی داده‌نێن، که‌چی هه‌ندێکی تر به ستایشکردنی ئه‌و ئایدیالیزمه ناوی ده‌به‌ن. هه‌ردوو بۆچوونه‌که هه‌ڵه‌ن، چونکه وه‌کو شتێکی ئاکاری مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ ئه‌فسانه‌که‌دا کردووه نه‌ک له چوارچێوه‌ی ڕۆماندا. بۆچوونه‌کانی (ئه‌دمۆند هۆسرل) گرنگیی خۆیان هه‌یه که فه‌یله‌سوفێکی ئه‌ڵمانی سه‌ده‌ی بیسته‌مه و دامه‌زرێنه‌ری فینۆمینۆلۆجیایه و دوای ئه‌وه‌ی (هایدگه‌ر) ده‌بێته سه‌رۆکی زانکۆی فرایبۆرگ له‌ژێر ترسی نازییه‌کان ناوی (هۆسرل) له لیستی مامۆستایانی زانکۆکه لا ده‌دا.
2- ئه‌فسانه‌ی ده‌ره‌وه‌ی ده‌ق، ئه‌میشیان دوو لقی لێ ده‌بێته‌وه: (ئه‌و ئه‌فسانانه‌ی له ده‌ره‌وه‌ی ده‌قن، به‌ڵام له ڕێگه‌یه‌که‌وه ده‌چنه‌وه سه‌ری) و (ئه‌و ئه‌فسانانه‌ی سه‌ر به سه‌ده‌یه‌کی تر و گه‌لێکی تر و دنیایه‌کی ترن)
له ناو ده‌قی (مناره‌ی ئاوه‌دانی)دا ئه‌فسانه ڕووه و حه‌قیقه‌ت مل ده‌نێ و هێنده‌ی نه‌ماوه بگاته لای، له ده‌ره‌وه‌شی ئه‌فسانه کۆنه کوردییه‌کان به تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی مۆرکی شه‌ڕ و ئاواره‌بوونیان پێوه‌یه خۆیان لێی نزیک ده‌که‌نه‌وه و گه‌ره‌کیانه ده‌ستی ته‌وقه‌ی بۆ درێژ بکه‌ن.
9- حاڵه‌ته‌کان (circumstance):
له فه‌زای چیرۆکه‌که‌دا حاڵه‌ته هه‌ستییه‌کان (consciousness)، حاڵه‌ته نه‌ستییه‌کان، سه‌لماندنی ترسناک (alarming proof) و جدییه‌تی ڕێساکان و شتی تریش له‌سه‌ر خوانی ئه‌ده‌بدا کۆ بوونه‌ته‌وه. دژه‌کان به یه‌که‌وه لکاون و وه‌کو ته‌واوکه‌ر و ئاسایی ده‌بینرێن. نووسه‌ر خودی خۆی پیرۆز و ئه‌وی تری کافر نه‌کردووه، له هه‌ندێ شوێنی ده‌قه‌که خود و بەرانبەره‌که‌یت بۆ جیا ناکرێته‌وه. نووسه‌ر له دنیای چیرۆکه‌که‌دا که جیایه له دنیای ڕاسته‌قیه‌نه، خودێکه باوه‌ڕی به به‌یه‌که‌وه ژیان و ڕای بەرانبەر هه‌یه، به پێچه‌وانه‌ی (تۆماس هۆبز)ی فه‌یله‌سوفی ئینگلیزی که ململانێ گرێ ده‌دا به چاکسازیی خود و باوه‌ری وایه ژیان بریتییه له ململانێ بۆ به‌ده‌ستهێنانی زۆرترین ده‌سه‌ڵات و ئه‌وه مردنه کۆتایی به‌و ململانێیه ده‌هێنێ. قسەکردن لەبارەی به‌یه‌که‌وه ژیانەوە بۆ خۆی فه‌لسه‌فه‌یه‌کی فره‌ڕه‌هه‌نده. (دۆن کیشۆت) توانای دروستکردنی پێوەندیی نه‌بوو له‌گه‌ڵ خه‌ڵکیدا، بۆیه ته‌نها له خه‌یاڵی خۆیدا پاڵه‌وان بوو. (دۆن کیشۆت دالامچا) هه‌ڵناکا له‌گه‌ڵ بۆچوونی جیاواز و ئه‌و دنیا قازانجخواز و بێڕه‌حمه مۆدێرنه‌دا. (فۆکۆ) پێی وایە (دۆن کیشۆت) دابڕانێکی ئه‌پسمۆلۆژیی تازه‌یه.
من تا ئه‌ندازه‌یه‌ک باوه‌ڕم به ڕێساگه‌لی ڕێککه‌وتن هه‌یه که له زمان‌ناسی (سۆسێر) باسی کراوه. بۆ نموونه: ئێوه له‌ودیو ده‌رگای ژووره‌که‌م دانیشتون و خه‌ریکی قاوه خواردنه‌وه‌ن. یه‌کێک له ئێوه با‌نگم ده‌کا: خه‌ریکی چی؟ له وه‌ڵامدا ده‌ڵێم: چایه ده‌خۆمه‌وه. به‌بێ ئه‌وه‌ی منتان لێ دیار بێت و په‌رداخه چایه‌که‌متان بینیبێت، هه‌ر یه‌که‌تان وێنه‌یه‌کی لا دروست ده‌بێت. یه‌کێکتان چایه‌که له نێو ئیستیکانێک ده‌بینێت، دووه‌متان له نێو ژێرپیاڵه، سێیه‌متان له نێو قۆریی چا، ئیتر به‌و جۆرانه. پێوەندیی چیایه‌تی و لۆژیکی نییه له‌نێوان چایه‌ی به‌رده‌می من و ئه‌وه‌ی نێو خه‌یاڵدانی ئێوه. له بازنه‌ی ئه‌و ڕێساگه‌لانه و ده‌قه‌که‌ی (کاروان)دا به ڕه‌وای ده‌بینم ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر هه‌ندێک شت ڕێک بکه‌وین که پێشتر هه‌موومان نه‌مانبینیبن ته‌نها یه‌ک دووانێکمان بینیبێتیان.
10- زمان (language).
له کتێبی (ویستی هێز- The will to power)دا که ڕاڤه له‌پاڵ میتافۆڕه، (نیتشه) نووسیویه‌تی: تاقه شوێنی بیرکردنه‌وه فۆڕمی زمانه، ئه‌گه‌ر ڕازی نه‌بین، چیتر بیر ناکه‌ینه‌وه.
زمان ئه‌وکاته ئه‌و ڕۆڵه ده‌بینێ که پێوەندییه‌کی سازگار ته‌رخان بکرێت له‌نێوان تێکست و ڕاڤه‌کاردا. (گادامێر) چه‌مکی پێکه‌وه‌بوونی بۆ مانیفێستکردنی هه‌مبه‌رێتیی نێوان ڕاڤه‌کار و ده‌ق به کار هێنا. (ریکۆر) ئه‌و زاراوه‌یه‌ی به شێوه‌یه‌کی به‌رفراوانتر ده‌ربڕی له ڕێگه‌ی ته‌رخانکردنه‌وه. زمانی چیرۆکه‌که سه‌رکه‌وتوو بووه و بووه‌ته شوێنی بیرکردنه‌وه به هۆی ئه‌و په‌یوه‌ستبوونه زۆره به ڕووداوه‌کانه‌وه. له کتێبی (حه‌قیقه‌ت و میتۆد)ی (گادامێر)دا هاتووه که باسه‌که‌ی (شلایر ماخێر) له‌مه‌ر هێرمێنۆتیک و هونه‌ری ڕاڤه ناسینی تێگه‌یشتنی باش (good) و خراپ ((bad، ڕاڤه‌کردنی ده‌ق به‌ره‌وه باشتر تێگه‌یشتنمان ده‌بات. (کاروان) خولیایه‌کی زۆری هه‌یه و زمانی ده‌قه‌که‌ی نه‌کردووه به سیمبولێکی خه‌یاڵپه‌روه‌ری. (فرۆید) له (راڤه‌ی خولیاکان)دا جیاوازی کردووه له‌نێوان زمانی خولیا و زمانی سیمبولێکی خه‌یاڵپه‌روه‌ری، پێی وایە ئه‌وه‌ی دووه‌میان زمانێکی ناکارایه.
(لامارتین) به پێچه‌وانه‌ی (نیتشه) له‌وه ناره‌حه‌ت بوو که زمان له توانایدا نییه گوزارشت له هه‌ڵچونه‌کانی بکا.
ده‌قی ئه‌ده‌بی له یه‌که زمانییه‌کان پێک هاتووه. ڕاسته شیکردنه‌وه‌ی هونه‌ری به‌رهه‌مه ئه‌ده‌بییه‌کان له‌سه‌ر بنه‌مای تیۆر و میتۆده‌کانی زمان‌ناسی ڕێگایه‌کی ئاسانه، وه‌لێ جوان نییه. فۆرمالیسته‌کان و پێکهاته‌گه‌رایه‌کان شیکاری ده‌قه ئه‌ده‌بییه‌کانیان متمانه‌ی تێدا نه‌بوو، مامه‌ڵه‌یه‌کی ڕه‌مزییان له‌گه‌ڵ هونه‌ره‌کانی دیکه ده‌کرد، ئه‌وه‌ی له بواره‌کانی (سینه‌ما و وێنه و مۆسیقا و بیناسازی و کایه جیاوازه‌کانی تر) بۆمان ماوه‌ته‌وه شتێکی ڕه‌مزییه. من نه‌گه‌ڕاومه‌ته‌وه بۆ ئه‌و بیردۆز و میتۆدانه له‌کاتی قسەکردن لەبارەی ئه‌و ده‌قه‌وە، کە په‌نجه‌مان له‌سه‌ر شل کردووه. ماف و فه‌لسه‌فه و دین بارگاوین به میتافیزیک، لێکۆڵینه‌وه به گه‌ڕان، ده‌بێ چیرۆک بارگاوی بکرێ به گێڕانه‌وه.
پۆلێن‌کردنی ئه‌ده‌بیات له ئاماجه‌کانی نووسه‌ری شاره. نها ئه‌گه‌ر ئێمه ئه‌ده‌بیاتی کوردی پۆڵێن بکه‌ین به‌م جۆره‌ی لێ دێ:
1/ ئه‌و ئه‌ده‌بانه‌ی مرۆڤێک له خۆیاندا هه‌ڵده‌گرن، له‌کۆتاییشدا ده‌یخنکێنن. مرۆڤه‌که ته‌کنیکه.
2/ ئه‌و ئه‌ده‌بانه‌ی سیحربازێک له خۆیان هه‌ڵده‌گرن، سه‌ره‌نجام ده‌یسووتێنن. سیحربازه‌که زمانه.
3/ ئه‌و ئه‌ده‌بانه‌ی پڵنگێک له خۆ ده‌گرن، دواجار که‌وڵی ده‌که‌ن. پڵنگێک ناوی ڕۆشنبیرییه.
که‌م ده‌قی ئه‌ده‌بی هه‌یه (زمان و ته‌کنیک و ڕۆشنبیریی ئه‌ده‌بی) به یه‌که‌وه گرێ بدا. زاراوه‌ی ئه‌ده‌ب به کردار پێناسه نه‌کراوه. ئه‌دیبه‌کانمان به ئه‌ده‌بێک ده‌ڵێن داهێنان که هێشتا باڵق نه‌بوه (خۆی نه‌ناسیوه). (کاروان) له‌و ده‌قه‌دا کاری بۆ ئه‌و گرێدانه کردووه.
11- کورت‌بڕی:
درێژدادری ئه‌نفله‌وه‌نزای ئه‌ده‌به. وشه ڕیزکردن به مه‌به‌ستی دروستکردنی ڕسته، ڕسته ڕیزکردن به مه‌به‌ستی دروستکردنی بابه‌ت، لایه‌نی خراپی نووسین پێشان ده‌ده‌ن. (خوان ڕۆڵفۆ)ی نووسه‌ری به‌ناوبانگی مه‌کسیکی، به ڕۆمانی (پیدرۆ پارامۆ) که له 150 لاپه‌ره زیاتر نه‌بوو، بوو به یه‌کێک له گه‌وره‌ترین ڕۆماننووسه‌کانی دنیا و دوای ئه‌و ڕۆمانه‌ش بۆ ئه‌به‌د ده‌ستی له نووسین هه‌ڵگرت. ڕۆمانه‌که له جه‌وهه‌ردا (300) لاپه‌ڕه بووه و له(150) لاپه‌ڕه‌دا چڕ کراوه‌ته‌وه. (ئۆکتاڤیۆ پاژ) که نزیکترین هاوڕێی (رۆڵفۆ)یه وه‌ها باسی ده‌کا: بۆ (ڕۆڵفۆ) بێده‌نگی کوشنده بوو، هاوڕێکانی داوای ڕۆمانی تازه‌یان لێ ده‌کرد، به‌ڵام ئه‌و وا هه‌ستی ده‌کرد هه‌موو شتێکی له (پیدرۆ پارامۆ)دا گوتووه.. (مالارمێ) نه‌یگوتووه ئه‌ده‌ب ماندووکردنی پیته‌کانه، بەڵکو ئه‌و ده‌یگوت “ئه‌ده‌ب په‌ره‌پێدانی پیته‌کانه”.. ئه‌و کاته‌شی (بلانشۆ) ده‌ڵی ” گرنگ نییه چی ده‌نووسی؟ دووباره‌کردنه‌وه گرنگه وه‌ک ئه‌وه‌ی یه‌که‌مین جار بێت نووسیبێتت “، پرینسیپێکی دیاریکراو هه‌یه ته‌واو جیاوازه له‌و پرینسیپە‌ی درێژدادڕه‌کان ئیشیان له‌سه‌ر کردووه. درێژدادڕی جیایه له زۆرنووسین. زۆر جار باسی زۆرنووسینی (نیتشه) ده‌کرێ. نووسین بۆ ئه‌و گوزارشت نه‌بووه له فه‌لسه‌فه‌یه‌کی ئه‌بستراکت، ئیشی له‌سه‌ر دامه‌زراندن نه‌کردووه، به‌ڵکو کاری ئه‌و سه‌ره‌ولێژکردنه‌وه‌ی ماناکان بوو، بۆیه وه‌کو شاعیرێک یان داهێنه‌ری میتۆلۆجی چاوی لێ ده‌کرا، تا ئه‌و کاته‌ی (هایدگه‌ر) هات و وه‌کو دوا فه‌یله‌سوفی ڕۆژئاوا خستییه نێو خێزانی میتافیزیکی.
نموونه له‌سه‌ر کورتبڕیی نێو چیرۆکه‌که:
-دایکت وه‌ک بڵێی مار پێوه‌ی دابێت……
-هیچ له‌وه تێنه‌ده‌گه‌یشتی ئه‌وانه چۆن و که‌ی و له‌کوێ به یه‌کتر گه‌یشتوون…
– ئه‌گه‌رچی سوور ده‌زانی (ڤیان) ناتوانێت قسه‌ت له‌گه‌ڵ بکات، چونکه ماوه‌که‌ی ته‌واو بووه…..
– بێگومان تۆ له ده‌رفه‌تێکدا هه‌موو ئه‌مانه‌ی لێ ده‌پرسی…
12- یاخی بوون:
یاخیبوون لای (کامۆ) بۆ یاخیبوونی میتافیزیکی و یاخیبوونی مێژوویی دابه‌ش ده‌بێ. یه‌که‌میان سێ لقی لێ ده‌بێته‌وه: 1- (ره‌تکردنه‌وه‌ی ڕه‌ها – مارکیز دیساد)
2 – (ره‌تکردنه‌وه‌ی نه‌جاتبوون – ئیڤان کارامازۆف)
3- (شیکاری ڕه‌ها –نیتشه).
یاخیبوونی نێو چیرۆکه‌که تێکه‌ڵه‌یه‌که له هه‌ردوو جۆری یاخیبوون، فیزیکییه، چونکه دێره‌کان به ئاشکرا نارازین له‌و بارودۆخه مرۆییه‌ی نووسه‌ر هه‌یه‌تی. مێژووییه، چونکه په‌یوه‌سته به شۆڕشی کوردییه‌وه. یاخیبوونی (کاروان) نیشانه‌یه‌کی که ناوی ساده‌یییه ده‌چێته‌وه سه‌ر (کامۆ). (کامۆ) دوای وه‌رگرتنی خه‌ڵاتی نۆبڵ له ساڵی 1957دا له لایه‌ن ئه‌کادیمیای سویدی، نامه‌یه‌ک به ساده‌ییه‌وه بۆ خێزانی (نیکۆس کازانتزاکیس) ده‌نووسێت و تێیدا ده‌ڵێ: (کازانتزاکیس) شایسته‌تر بوو له من بۆ ئه‌و خه‌ڵاته. ساده‌یی (کامۆ) ئاوێته‌ی ساده‌یی (کازانتزاکیس) ده‌بێت و درێژ ده‌بێته‌وه تا ده‌گاته (نیتشه)، له‌وێدا (کازانتزاکیس) به ئاشکرا و به ساده‌ییه‌وه پێیه‌وه دیاره چۆن سوودی له (نیتشه) وه‌رگرتووه و هه‌ر ئه‌ویش دیدی (کازانتزاکیس)ی بۆ هونه‌ر گۆڕی و پێی وابوو هونه‌ر هه‌رچه‌ند ڕه‌ق بێت واتای ژیان ده‌گه‌یه‌نێ. ئه‌و سوود وه‌رگرتنه ئاساییه، (ئه‌فلاتون) که زۆر جار به باوکی فه‌لسه‌فه داده‌نرێ له سه‌ره‌تادا له‌ژێر کاریگه‌ریی (هیراکلیتس / 544- 483 پ ز) و (فیساگۆرس / 580 – 500 پ. ز) و (سوقراتدا) بوو. له ناو هه‌ندێ له دێره‌کانی چیرۆکه‌که‌کدا هه‌ستم به ساده‌یی نووسه‌ره‌که‌ی کرد، وێنه‌ی نووسه‌ر له‌ناو فه‌زای بیرکردنه‌وه‌ی کاره‌کته‌ره‌کانی وێنه‌یه‌کی ته‌ماوییه، ئه‌وه فه‌زای گشتیی چیرۆکه‌که‌یه وێنه‌ی نووسه‌رمان پێشان ده‌دا. له چیرۆکه‌که‌دا هاتووه:
– بۆنی عه‌تره‌کانی ته‌فره‌یان ده‌دای.
– وات ده‌زانی که‌نارییه‌ک له‌ناو قوڕگیدایه.
– ئه‌گه‌رچی ئه‌وان وایان ده‌زانی تۆ له داخی ئه‌و نازناوه‌ت وازت هێنا…..
– که‌واته ئه‌و چه‌ند جاره‌ی یه‌کتریتان ده‌بینی، ئه‌و مردبوو له گۆڕستان گه‌ڕابۆوه.
– هیچ له‌وه تێنه‌ده‌گه‌یشتی ئه‌وانه چۆن و که‌ی و له کوێ به یه‌کتر گه‌یشتوون؟…..
13- داهێنان و پاسۆلۆژی
لای ده‌روونناسی نه‌مساوی (سیگمۆن فرۆید) دامه‌زرێنه‌ری قوتابخانه‌ی دەروونشیکاری، داهێنان (innovation) په‌یوه‌ست نییه به حەدةسه‌وه (intuition) و حاڵه‌تێکی پاسۆلۆژییه. (فرۆید) له ڕێگه‌ی بیردۆزی دەروونشیکارییەوە، شیکردنه‌وه‌ی بۆ هونه‌ری (داڤینشی) و (دیستۆڤسکی) و (شێکسپیر) ده‌کرد، پێی وابوو هونه‌ر (art) هیچ نییه جگه له فاکته‌رێک بۆ پڕکردنه‌وه‌ی که‌لێنه سێکسییه‌کانی مرۆڤ و حاڵه‌تێکی سێکسیی پاسۆلۆژییه. دابونه‌ریتی کۆنی کۆمه‌ڵایه‌تی که مامه‌ڵه‌یه‌کی لاواز له‌گه‌ڵ سێکساندندا ده‌کا، هۆکاره له‌پشت هونه‌رەوە. به بۆچوونی من ئه‌و بۆچوونه‌ی (فرۆید) به‌رهه‌می نه‌خوێندنه‌وه‌ی داهاتووی ئه‌وروپا و پێگه‌ی سێکس (sex) له داهاتووی ڕۆژئاوایه، ئه‌وکاته‌ی سێکس زۆربه‌ی سنووره‌کان ده‌به‌زێنێ. بۆی هه‌یه جوانترین هونه‌ر هونه‌ری ئه‌و هونه‌رمه‌نده بێت که بۆشایی سێکسیی نییه ئه‌مه بۆ جڤاتی ڕۆژهه‌ڵاتی و ڕۆژئاوایی) دروسته. داهێنانی چیرۆکه‌که‌مان، به‌رهه‌می فکرێکی نزیک له مناره و دار و به‌رد و چه‌ک و سێکسێکی ته‌ماوی و خوێنه، نه‌ک نزیک له مه‌مک و باسک و پشت و بنهه‌نگڵ و داوێنی ژنی ئه‌ورووپی.
(فیلیپ ڕۆس) له چاوپێکه‌وتنێکدا له‌گه‌ڵ (میلان کۆندێرا) ویستی بۆچوونی ئه‌و بزانێ بۆ سێکس وه‌کو ڕۆماننووسێک. (کۆندێرا) وه‌ها وه‌ڵامی دایه‌وه: باسی سێکس چیتر قه‌ده‌غه نییه. ڕاوه‌ستان به وێناکردنی گشتی یان ددانپێدانانی سێکسه‌وه، سه‌ر‌نجڕاکێش نییه، به‌ڵکه وه‌رسکه‌ره.
له‌و ده‌قه‌دا کار بۆ جیاکاری و تێکشاندنی فۆڕمه دووباره‌کان و به‌خشینی مانایه‌کی تازه به دێره‌کان کراوە. (بلۆم) سوور بوو له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی شاعیر به‌ر له هه‌ر شت له خۆی ده‌پرسێ: چۆن ئه‌ده‌بێکی جیاواز بنووسم؟ شیعرێک به خه‌یاڵی که‌سدا نه‌هاتبێت… چۆن چۆنی جیاکاری دروست بکه‌م؟. له باسی (فۆڕمشکاندن)دا ئه‌م باسه زیاتر که‌وته سه‌ر پای خۆی و پۆلێن کرا له تیۆرییه‌ک له‌مه‌ڕ (میتۆدی خوێندنه‌وه یان هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ده‌ق). (بلۆم) نووسی: ئه‌ده‌ب فێرمان ده‌کا له‌پێناوی داهێنان و واتای تازه‌دا، فۆڕم تێک بشکێنین.
(دێریدا)به پێچه‌وانه‌ی (ئه‌فلاتون)ەوە پێی وابوو هه‌موو وشه و نیشانه‌یه‌ک په‌یوه‌سته به جیاکارییه‌کی واتادار. هه‌ر سێ ئاراسته‌ی فیکری (هیومانیزم _ humanism) و (فه‌لسه‌فه‌ی ئه‌فلاتون) و (فه‌لسه‌فه‌ی ئه‌رستۆیی) که زۆر جار فکری فه‌لسه‌فی ئیتاڵیی سه‌رده‌می ڕۆشنگه‌ری دیاری ده‌که‌ن، سه‌ره‌ڕای جیاوازیی پره‌نسیپه‌کانی نێوانیان، باوه‌ڕیان به تاکگه‌رایی (individualism) هه‌بوو، له چیرۆکه‌که‌شدا جیاوازیی فکریی کاره‌کته‌ره‌کان ڕێگر نه‌بووه له به‌رده‌م کۆکبوون له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌گه‌لێک که ته‌نها له ساتی خوێندنه‌وه‌ی چیرۆکه‌که هه‌ستیان پێ ده‌که‌ین، نه‌ک له کاتی قسەکردن لەبارەیەوە. جیاوازییه‌کان ڕێگر نین له به‌رده‌م گه‌یشتن به هاوبه‌شه‌کان، جیاوازیی بزوێنه‌ری هاوبه‌شی و هاوبه‌شی فه‌زای به زیندوو هێشتنه‌وه‌ی جیاوازییه. قه‌شه (ئۆگه‌ستین 354-430ز) که بیرۆکه‌کانی ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ململانێی نێوان بیری مه‌سیحی و یۆنانی کۆن بوون، له باسی کۆمه‌ڵگادا که‌متر باسی جیاوازییه‌کان ده‌کا تا هاوبه‌شه‌کان، لای ئه‌و کۆمه‌ڵگه بریتییه له کۆمه‌ڵێک خه‌ڵک که بیروباوه‌ڕی هاوبه‌ش کۆیان ده‌کاته‌وه.
14- فه‌لسه‌فه:
ره‌نگه کاری چیرۆک ورووژاندنی پرسیاری فه‌لسه‌فی بێت. یه‌کێک له‌و پرسیارانه‌ی ورووژاندنی له چیرۆکدا به ئاسایی ده‌بینم:
“بناغه‌ی دروستبوونی گه‌ردون چییه؟”
ئه‌و پرسیاره گرفتێکی بنه‌ڕه‌تی بووه له به‌رده‌می فه‌لسه‌فه و فه‌لسه‌فه‌کار و فه‌زای فه‌لسه‌فی له ڕۆژئاوا و ڕاڤه‌ی کۆسمۆلۆژی بۆ کراوه. کێشه‌یه‌کی بنه‌ڕه‌تیی هه‌ر سێ قۆناغه‌که‌ی فه‌لسه‌فه‌ی یۆنانی بوو، که هۆکاری ڕاسته‌قینه‌ی بوونیان بۆ هۆکاری ماددی ده‌گه‌ڕانده‌وه. مه‌به‌ستم له:
1- قۆناغی فه‌لسه‌فه‌ی به‌ر له (سوکرات).
2- قۆناغی (سوکرات) تاوه‌کو (ئه‌رستۆ).
3- قۆناغی دوای (ئه‌فلاتون) (ئه‌و قۆناغه تاوه‌کو سه‌ره‌تای چه‌رخه‌کانی ناوه‌ڕاست درێژه‌ی کێشا).
هه‌ر بۆ نموونه:
_ تاڵین (560-548پ. ز) بناغه‌ی دروستبوونی بوونی بۆ ئاو ده‌گه‌ڕانده‌وه.
_ ئه‌نکسمندریس (610 – 545پ. ز) بۆ هه‌وای گه‌ڕاندۆته‌وه
_ هیراکلیس بۆ ئاگر و پارمه‌ندیس بۆ هه‌بوونی ده‌گه‌ڕێنێته‌وه.
_ ئه‌نبادوکلیس ده‌یگه‌ڕێنێته‌وه بۆ پێنج توخمی (ئاگر، هه‌وا، ئاو، خۆڵ و کاریگه‌ری). ئه‌و توخمانه‌ش وه‌کو خودای ئه‌فسانه‌یی باسیان لێوه کراوه.
فکر له‌و چیرۆکه‌دا بۆ چه‌ند به‌شی جیاواز دابه‌ش ده‌بێته‌وه. دابه‌شبوون به مانای په‌رته‌وازه‌بوون و شه‌قبوون نایه‌ت، به‌ڵکه گه‌ڕانه‌وه‌ی فکره بۆ به‌شه‌کانی. ئه‌و دابه‌شبوونه‌ی خه‌یاڵی خوێنه‌ر پێوەندییه‌کی ڕاسته‌وانه و دانه‌بڕاوی له‌گه‌ڵ کۆبونه‌وه‌ی فکری نووسه‌ر و یه‌کگرتنه‌وه‌ی پارچه‌کانی خه‌یاڵی هەیە، بۆ ئه‌وه‌ی بکێشن به یه‌کتردا و وه‌کو بروسکه بگرمێنن و ده‌قێکی ئه‌ده‌بی به‌رهه‌م بهێنن. به‌رهه‌مه‌که وه‌کو شتێکی ده‌سته‌مۆ له‌سه‌ر لاپه‌ڕه‌کان خۆی ئاشکرا ده‌کا، خوێنه‌ر پێویستی به‌وه نییه بگه‌ڕێته‌وه بۆ خه‌یاڵدانی (کاروان) و شرۆڤه‌ی فکری و مه‌عریفی و دینی بۆ بکا. خوێندنه‌وه‌ی چیرۆکه‌که ڕێگاکه‌مان بۆ کورت ده‌کاته‌وه، وشه‌کان ده‌بنه ماسی و کۆی ده‌قه‌که‌ش ده‌بێته ده‌ریا نه‌ک کۆمه‌ڵه ماسی، چونکه وشه‌کان له خه‌یاڵدا نوقم بوونه و مامه‌ڵه‌ی ئێمه به ته‌نها له‌گه‌ڵ وشه‌کاندا نییه، به‌ڵکو له‌گه‌ڵ ئه‌و خه‌یاڵه‌شه که له پشتی وشه‌کاندا خۆی مه‌ڵاس داوه و وشه‌کان له ناویدا مه‌له ده‌که‌ن. له یادمان نه‌چێت خه‌یاڵی پشت وشه‌کان یه‌کسان نییه به خه‌یاڵی نێو خه‌یاڵدانی چیرۆک‌نووس. وشه‌کان گرنگ نین، ماناکان گرنگن. زۆربه‌ی ئه‌و وشانه‌ی له چیرۆکه‌که‌دا هاتوون له ژیانی ڕۆژانه‌ماندا به کاریان ده‌هێنین، بەڵام ئه‌وه ماناکانن جیاوازییه‌کان دروست ده‌که‌ن.
ده‌ق به‌رده‌وام فکر به‌رهه‌م دێنێ و کاڵی ده‌کاته‌وه. ده‌کرێ ده‌قی ئه‌ده‌بی ببێته مه‌ڵبه‌ندی به‌رهه‌مهێنانی بیرۆکه‌ی فه‌لسه‌فی و پڕۆسه‌ی به‌رهه‌مهێنانی ئایدیا و جیهانبینییه‌کان. (فۆکۆ) له کتێبێکی ئه‌ده‌بی سه‌ده‌ی شازده‌هەمەوە چه‌ندین تێزی فه‌لسه‌فی هه‌ڵهێنا، که (دۆن‌کیشۆت)ی (سێرڤانس) بوو. ده‌قی ئه‌ده‌بی به ته‌نها گوزارشت نییه له ئه‌دیببوونی نووسه‌ر، زۆر جار هه‌وڵێکه بۆ به‌رهه‌مهێنانی فکری فه‌لسه‌فی، هه‌ندێجار بارودۆخه‌که ده‌گۆڕێ. فکری فه‌لسه‌فی و ژیانی فه‌یله‌سوفه‌کان ئاراسته‌مان ده‌که‌ن بۆ نووسینی ده‌قی ئه‌ده‌بی. به‌ردبارانکردنی (ژان ژاک ڕۆسۆ)، دادگایکردنی (سوقرات)، خۆکوشتنی (نیتشه)، ده‌کرێ ببنه بیرۆکه‌ی نووسینی چه‌ندین ڕۆمان و چیرۆک و شیعر و بابه‌تی ئه‌ده‌بیی تر. خۆکوشتنی (گۆگۆل) و ژیانی (ئه‌کاکی ئه‌کاکیفیجی) نێو (پاڵتۆ)، زیندانیکردنی (مه‌رسۆ)ی نێو (نامۆ)ی (ئه‌لبێر کامۆ)، (راسکۆڵنیکۆف)ی (دۆیستۆڤسکی)، ئه‌مانه تێزی فه‌لسه‌فی به دوای خۆیاندا ده‌هێنن.
(ماتاڤلی 1852-1909) که‌سێکی شاره‌زا بوو له شیکاری ڕیالیستییانه‌ی ئه‌خلاقیاتی هاونیشتیمانیانی، کاریگه‌ری زۆری (فلۆبیر) و (به‌لزاک)ی له‌سه‌ر بوو.
ئه‌دیبێکی وه‌کو (پیرز گالدوی 1845-1910) له ڕۆمانه‌کانیدا باسی ژیانی خه‌ڵکی مه‌درید ده‌کا و هاوکات هه‌وڵی سه‌لماندنی ئایدۆلۆژیا و تیۆرییه‌یه‌کی دیاریکراو ده‌دا. لێره‌وه ده‌گه‌ینه ئه‌و ئه‌نجامه‌ی که ئه‌ده‌ب و فه‌لسه‌فه ده‌سته‌خوشکن.
گرنگترین ئه‌و پرسیاره فه‌لسه‌فییانه‌ی چیرۆکه‌که دروستیان ده‌کا:
– مردووه‌کان له کوێی زیندووه‌کاندان؟
–
– خۆکوشتن سه‌ره‌تای ئه‌به‌دیه‌ته یان ئه‌به‌دیه‌ت سه‌ره‌تای خۆکوشتنه؟
–
– دایکانمان چیی ئێمه بوونه له سه‌ره‌تادا؟ (به‌ر له بوونی ئێمه).
– منداڵی یانی چی؟
———————————————
سه‌رچاوه‌کان:
1- مناره‌ی ئاوه‌دانی، کاروان کاکه‌سوور، گۆڤاری ئایینده، ژماره نه‌وه‌د و یه‌ک.
2- corto. maria.. siete void dal medio o dal vicino oriente ?.. Roma.. 1999.
3- corto. maria.. grazie…. Roma… 2000
4 – informa zione sulv aggio?.. anna guanti …Roma …1965
5- مدرنیته و اندیشه‌ی انتقادی… بابک احمدی… چاپ چهارم اسفند، 1380
6- مدرنیته و مدرنیسم.. مجموعه مقالاتی در سیاست، فرهنگ و نظریه های اجتماعی.. ترجمه و تدوین: حسین علی ، تهران 1378
7- أزدواجیه العقل.. دراسه تحلیلیه نفسیه.. کتابات حسن حنفی.. جورج طرابيشی.
8- سۆران ئازاد، کاردانه‌وه‌ی هزر (فکر) له ڕۆمانی کوردی‌دا، ده‌نگه‌کان، 2012
9 – کۆمه‌ڵێک سه‌رچاوه‌ی تریش که بۆچوونی کۆمه‌ڵێک نووسه‌رم تیادا بینی بۆ ئه‌ده‌ب.
تێبینى : ئه‌م لێكۆڵینه‌وه‌یه له ژماره (58)ى گۆڤارى (گه‌لاوێژى نوێ) بڵاوكراوه‌ته‌وه
نووسینی: بڵند باجةلان