منداڵانی کورد لە ئەمستەردام بە موزیک و گۆرانی ئاهەنگی نەورۆز دەگێڕن
زۆرن ئەوانەی کە دەڵێن ، هەرچی منداڵی کوردە لە ئوروپا، هەموویان ناسنامە و کلتووری خۆیان دەدۆرێنن و کوردبوونی خۆیان لەبیر دەکەن و دەبنە ئوروپی. پێدەچێت ئەم قسەیە جۆرە گشتگیرییەکی پێوەدیاربێت، بەڵام ئەمە ڕاست نییە، چونکە منداڵێکی زۆری کوردیش دەبینین ، کەلە ئوروپادا دەژین هیچ مێژووییەکی وایان لە کوردستاندا نەبووە، بەڵام زۆر شانازی بە نەتەوە و زمان و کلتووری خۆیانەوە دەکەن. دیارە ئەمەش تاڕادەیەکی زۆر پەیوەندی بە دایک و باوکی ئەو منداڵانەوە هەیە کە دێنە ئوروپا، ئایا تاچەندە ئەو دایک و باوکانە دەتوانن هەستی کوردایەتی و خۆشەویستی بۆ کوردستان ، لەناخی منداڵەکانیان بچێنن. لە ئەمستەردام تیپێکی موزیکی کوردی هەیە، کە لە کۆمەڵێک منداڵ و مێردمنداڵی کوردی پێک دێت ، لەلایەن مامۆستا شۆرشەوە، فێری موزیک و گۆرانی کوردیان دەکات . لە 30 مارسی ئەمساڵدا، لە هۆڵێکی تایبەت، بە ئامادەبوونی خێزانێکی زۆری ڕەوەندی کوردی و بەشداربوونی چەند هۆڵەندییەک ، ئەم تیپە ئاهەنگێکی خنجیلانە و جوانیان بەبۆنەی نەورۆزەوە پێشكەشکرد. تێیدا چەندین گۆرانی فۆلکلۆر و نوێی کوردی گوترا، هەروەها کۆمەڵێک پارچە موزیکی ڕەسەنی کوردیش ، لەلایەن ئەو منداڵانەوە لێدرا، کە ئەندامی ئەو تیپەن . لە کۆتایشدا هەموو منداڵەکان خەڵاتکران. جێگای گووتنە ئەم تیپی موزیکییە ، لەلایەن کۆمەڵێک خێزانی کوردی دانیشتوی شاری ئەمستەردام دامەزراوە.
شیرین هۆرامی