Skip to Content

Saturday, April 20th, 2024
منداڵیی من و خۆم

منداڵیی من و خۆم

Closed
by April 6, 2009 ئەدەب

 

 

منداڵیی من و خۆم
       حه‌مه‌ کاکه‌ڕه‌ش

بیرم دێ منداڵیی من و خۆمم باش بیر دێ
من و خۆم پێکه‌وه‌ کراسێک و شه‌رواڵێکی پینه‌ پینه‌ و دۆشه‌گێک و جووتێ پێڵاو و دڵێکی ساده‌ و سه‌رێکی پڕ خه‌ونی ڕه‌نگاوڕه‌نگمان هه‌بوو.
بیرم دی من و خۆم ده‌ڕژاینه‌ یارییه‌کانه‌وه‌
من وه‌ک سێوێکی سوور بریسکه‌م ده‌هات
خۆم وه‌ک هه‌نارێکی ده‌م به‌ پێکه‌نین هه‌ر ده‌نکێکی ڕه‌نگێکی لێده‌ڕژا
نه‌ من دڵم هات چاوی ده‌نکێک هه‌ناری خۆم کوێرکه‌م
نه‌ خۆم ڕه‌نگێکی منی بریندارکرد

من له‌ سه‌ر باڵی کۆترێک داده‌نیشتم
خۆم ده‌هاته‌ سه‌ر باڵه‌که‌ی تری
 
،،،،،،،،،،،،،،

من و خۆم هێنده‌ ساده‌ بووین
له‌ ڕه‌نگی ڕژاوی په‌پووله‌یه‌کدا ون ده‌بووین، هیچ هه‌ستمان نه‌ده‌کرد، که‌ هه‌بووین.
،،،،،،،،،،،،،،،،

به‌ منداڵی من و خۆم شه‌ڵاڵی خه‌یاڵبووین
ئێستاکه‌ گومانم هه‌یه‌ هه‌ر نه‌بووین
دووپه‌ڵه‌ خه‌ونی ڕژاوی ژیان بووین.
،،،،،،،،،،،،،

بیرم دێ  ڕۆژێکیان له‌ شه‌ڕه‌گه‌ره‌کدا منداڵێکی هار سه‌ری شکاندم
هه‌موو هاوڕێکانم ڕایان کرد و به‌ ته‌نیا مامه‌وه‌، که‌چی خۆم به‌و منداڵییه‌ به‌ دیارمه‌وه‌ ده‌گریا و
گیرفانی کراسه‌که‌ی لێکرده‌وه‌ و ئاگری تێبه‌ردا و ستۆکه‌ی نایه‌ سه‌ر شکاوییه‌که‌ی سه‌رم.

 

منداڵ بووم له‌ پۆلی شه‌شه‌م به‌ یه‌که‌م ده‌رچووم.
کاتژمێرێکیان پێدام به‌ دیاری
ڕۆژێکیان ونم کرد
خۆم له‌ من زیاتر ده‌گه‌ڕا تا بیدۆزێته‌وه‌
کات تێپه‌ڕی و کاتژمێره‌که‌مان نه‌دۆزییه‌وه‌ و
من خۆم و خۆم منی ون کرد.

بیرم دێ من و خۆم منداڵ بووین
سه‌گ و پشیله‌ و  په‌پووله‌مان خۆشده‌ویست
که‌ گه‌وره‌بووین
من و خۆم شه‌ڕێکمان ده‌ستپێکرد
من بووم به‌سه‌گ و خۆم به‌ پشیله‌
خۆم بوو به‌سه‌گ و من به‌ پشیله‌
په‌پووله‌کانیش له‌ نێوان شه‌ڕی من و خۆما سه‌رگه‌ردان بوون

بیرم دێ منداڵیی من و خۆم باش بیر دێ
که‌ ده‌ڕۆیی بۆ شه‌ڕ دوای ده‌که‌وتم
ده‌ترسام بیکوژن و که‌سێک مه‌یته‌که‌ی نه‌هینێته‌وه‌
ده‌ترسام بپێکرێ و که‌سیک نه‌بێ تیماری کا و فڕێی بده‌نه‌ خه‌ره‌ندێکه‌وه‌
ده‌ترسام بکه‌وێته‌ ده‌ریایه‌که‌وه‌ و که‌سێک گوێی له‌ هاواری نه‌بێ
ئه‌و ڕۆژگاره‌ وه‌ک ئێستا دوژمنی یه‌کتر نه‌بووین
ئه‌و ڕۆژگاره‌ یه‌کی چۆڕێ منداڵی و خه‌یاڵ و جوانییمان هه‌بوو
هه‌ناسه‌یه‌ک ئومێد و نیگایه‌ک ڕامان و چرپه‌یه‌ک عه‌شقمان هه‌بوو
ئه‌وڕۆژگاره‌، که‌ خۆم ده‌چوو بۆ باغچه‌یه‌ک
من پێش خۆم ده‌گه‌یشتمه‌ ئه‌وێ، پڕبووم له‌ ترسی ئه‌وه‌ی
به‌ بۆنی گوڵێک بمرێ
به‌فڕه‌ی باڵی باڵنده‌یه‌ک خۆی بیر بچێته‌وه‌
به‌ که‌وتنی گه‌لآیه‌ک بۆ هه‌تاهه‌تایه‌ خه‌یاڵی له‌ده‌ست دا
ئه‌وڕۆژگاره‌ وه‌ک ئێستا ئاگر و ئاو نه‌بووین
پێکه‌وه‌ ده‌ستی دڵۆپێک بارانمان ده‌گرت تا بیگه‌یه‌نینه‌وه‌ ماڵی هه‌ور
پێکه‌وه‌ گه‌ڵایه‌کی وه‌ریومان ده‌برده‌وه‌ سه‌ر ڕێگای به‌هار
پێکه‌وه‌ ده‌ستی شکاوی ئه‌ستێره‌یه‌کمان ده‌گرته‌وه‌
پێکه‌وه‌ تریفه‌ی لێوی مانگمان تۆخ ده‌کرده‌وه‌
پێکه‌وه‌ ورشه‌ی ئه‌ستێره‌مان له‌ ده‌ریادا کۆ ده‌کرده‌وه‌
هه‌ڵمان ده‌گرت بۆ ڕۆژه‌ تاریکه‌کانی ته‌مه‌ن
بیرم دێ، که‌ خۆم سه‌فه‌ری ده‌کرد
له‌ گه‌ڵیا ده‌ڕۆشتم
غه‌مباری ئه‌وه‌بووم به‌ ته‌نها سه‌فه‌ری شارێکی دوور بکا و نه‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ لام
غه‌مباری ئه‌وه‌ بووم له‌ شه‌قامێکدا که‌سێک ڕایوه‌شێنێ و
پێی بڵێ: چیت داوه‌ له‌ خه‌یاڵ، خه‌یاڵ ناتباته‌وه‌ ماڵی هیچ خه‌ونێ
ئه‌و ڕۆژگاره‌ من و خۆم پێکه‌وه‌ مناڵ بووین مناڵ.
2008/ 2009

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.