Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
منداڵێکى بچووک و تراژیدیاێکى سامنکاک

منداڵێکى بچووک و تراژیدیاێکى سامنکاک

Closed
by August 7, 2011 گشتی

                                        

 
       تەمەنم چوار پێنج ساڵانە بوو، لەئانى هۆش پشکووتن دا بووم، جگە لە چەند گەمەو گەپێکى سادەو ساکار لەهەموو خۆشیەکانى ژیان مەحروم بووبووم، هەر کاتێک دەنگى تەیارەو ڕەمبەى تۆپ و کاتیۆشا دەهات دایکم بەدەنگێکى بەرز بانگى دەکردین و هەموومانى گل دەدایەوە، بەرەو ئەشکەوتێک کە- لەسەرووى گوندەوە بوو- دەیبردین،  نێو ئەشکەوت لەخەڵک جمەى دات، بە چریکەى منداڵ و گریەى دایکان دەبوو بە ڕۆژى حەشر، ڕۆژانە چەند جار ئەمە دووبارە دەبۆوە، هەتا دات ڕەوشەکە ئاڵۆزو دژوارتر دەبوو، بۆ خۆ وون  کردن لە چاوى دووژمن لەگەڵ بەشێکى زۆر لەخەڵکى گوند بەرەو بنارى زنجیرە شاخى (راز) لەگەڵ چەند پێداویستێک بەڕێکەوتین، تاکو لەنێو دارو بەردە چڕەکان خۆمان حەشار بدەین،  بیرمە باوکم بن بەردێکى گەورەى کۆڵى بوو کەل و پەلمان لەژێرى دانابوو،  ژیانمان لەبنى دا بە کولە مەرگى بەسەر دەبرد،  دواى چەند مانگێک دەردەسەرى،  دیسان گەراینەوە خانووى خۆمان لەگوند، هەرچى ئازارو ناسۆرى بوو چەشتمان، هەرچى ترس و بیم بوو بینیمان، لەبیرەوەرى مندا ئەم ڕۆژانە وەک دۆزەخ وابوون، ڕۆژانێک بوون کاتێک دەکەونەوە خە یاڵم ئازار هەموو جەستەم دادەگرێت، لەگوندێکى بچووک دوور لەهەموو ڕەفاهیەتێک، لەگەل ئەمەش هەموو چرکەیەکمان ئازار بوو، ڕۆژانە گوندى (شێخ وەسان) لەنێو ئازاردا نقوم دەبوو، دووبارە وسەد بارە تێهەڵ دەچوینەوە ،  ئەم خەڵکە کۆڵى نەدەدا ماندو نەناسانە بەرگریان لە بەهاونەریتى  کوردایەتى  خۆیان دەکرد، حکومەتى بەعس کە زانى ئەم خەڵکە وچان نادەن و لەخەبات خاو نابنەوە کەوتە خەیاڵى ماددەى کیمیایى بۆ ئەوەى خەڵک  هەموو بەیەکەوە لەبەین بچن و ئیتر بەرگرى و تێکۆشان ناوى نەمێنێت، ئاخر ئێمەى منداڵ جگە لە بەڕائەت و پاکى لەگەڵ هیچ شتێ ئاشنا نەبووین، بیرمە ئەو ئێوارەیەى شانزەى چوار کە کارەساتەکەى تێدا قەوما، دایکم دۆڵمەى دەپێچاوە، ژمارەیەک لەپێشمەرگە لامان مێوان بوون، چونکە باوکم  عادەتى وابوو یان نانى بۆ پێشمەرگە دەبرد، یان پێشمەرگەى دەهێنانەوە بۆماڵ، زۆر جار بەتانى لەسەر ئیمە هەڵدەگرت بۆ پێشمەرگەکانى دەبرد، بەڵام ئەم ئێوەرایەم هەرگیز لەیاد ناچێت کە ئەو پۆلە پێشمەرگە لەگەڵ باوکم قسەیان دەکرد، لەناکاوێک دەنگى تایارەو رەمبەى ناپالم مەجلیسەکەى شپرزەکردو دایکم بەهێزەوە چریکاندى پێشمەرگەکان خۆیان بەدەرگەدا دا، باوکم وەک جارانى تر چوو بۆسەر خانوو و دەستى کرد بەتەقەکردن کەف و کوڵى خۆى ڕشت.   
دواى ئاسایى بوونەوە خەڵک هەمووى هاتنە دەرەوە بەرەو شوێنى ڕوداوەکە ڕۆیشتن، بیرمە هەندێ خەڵک دەیگوت: حکومەت تۆپ و ناپاڵمى نەماوە بۆیە بەرمیلى بەتاڵ دەخاتە خوارەوە، ئاخر نەیان دەزانى ئەو بەرمیلانە پڕن لەماددەى مردن!! دەیانگوت: بۆنێکى زۆر خۆش دێت،  هێندێک دەیان گوت بۆنى سێوە، هێندیکى تر دەیانگوت: نا بۆنى باروتە،  دواى ئەوەى تاریکى باڵى کیشاو ئێوارە هات دەستمان کرد بە نان خواردن بەڵام زۆر کەممان خواردو هەموومان هەستمان بەناڕەحەتى دەکرد، بەرە بەرە ئێشى چاوو دەستى پێ کرد، هەرکەسەو چاومان گرتبوو خەریکى گوشینى بووین، زۆرى پێنەچوو چاوەکانى من نوسان لەسەر چاو کەوتم و خەریکى هاوار هاوار بووم، بەڵام خۆ حاڵى دایک و باوک و خوشک و براکانم لەمن باشتر نەبوو،  بەڵکو زۆر خراپتر بوون، زۆر دیمەنێکى سەیر بوو، هەرکەس لەجێگەى خۆى ناڵەناڵى بوو، (ئێستاش لەکاتى نووسینى ئەم بیرەوەریانە  گریان گرتوومى خۆم پێ ناگیرێت) بۆ بەیانى تەواو کوێر بووین، سەربارى ئەمەش هەست و هۆشیشمان شێوا بوو، هەبوو زەردێنەى هێلکەى لەچاو کردبوو، هەبوو پێدەکەنى، هەبوو دەگریا، هەبوو کپ و بێ دەنگ بوو بوو، لەگەڵ سپێدە  تەرەکتۆرەکان گەیشتنە نێو گوند پیرو گەنج و ژن و پیاویان خستە نێوەوە، من نەمدەزانى بۆچى لەگوند دەچینە دەرەوە؟ بۆچى ماڵمان بەجێ هێشت!؟ بۆچى دەرگاى ماڵمان کلیل نەدا ؟ بەهەر حاڵ ئێمە یان برد بۆ شوێنێک وتیان ئەمە شارى (ڕانیە)یە، لەوێش بۆ خەستەخانەیان بردین، دکتۆرەکان پێ یان دەگوتین ئەگەر پرسیان کآ کیمیاویى لێ داون بڵین  ئێران ! خەڵکى ڕانیە بەگەورەو بچووک خزمەتى ئێمەیان دەکرد، جل و بەرگ وپێداویستیەکانیان بۆ دەهێناین،  بەڕاستى خەڵکێکى ڕەندو مەرد بوون، (سعداللە) ى برایان بردبوو دەیانگوت: دەیکەین بەکوڕى خۆمان، ئەو هەڵوێستە مرۆڤ دۆستانەى ئەوان تاکو ئەبەد لەخەیاڵمان زیندو دەمێنێتەوە.                         
دواى ماوەیەک ئێمەیان برد بۆ شارى هەولێر، لەنێو تەلێکى دڕکاوى زیندانیان کردین، خوشکەکەم (حلیمە) ئێمەى بەدەیان فڕو فێڵ دزیەوەوڕزگارى کردین.   
لێرەدا حەزدەکەم باسى گەڕانەوەى دوبارەى خۆمان بکەین بۆ گوند، کەبەڕاستى جێگەى سەر سوڕمان و ڕامان بوو، چەندان سەرە بزن و چێڵ کەوتبوونە نێو بیرى ئاو، چەندانى تر لەکێوەکان کێوى بووبوون،  ئەو هەموو باڵندە جوان و دڵرفێنانە وەک گەڵاى پایز وەرى بوون، سەگ و پشیلەیەکى زۆر تۆپى بوون، چەندان ئاژەڵى تر لەنێو هۆڵەکانى خۆیان مردبوون، مرۆڤ هەناسەى ڕادەوەستا، هەرگیز دەربڕینێک نیە  گوزارشت لەم ڕۆژە بکات، ویژدان دەهەژا، جەرگ کزەى دات، چاوەکان لەنێو ئەسرین دا وەستابوون.                          
لەبیرەوەرى ئەم ڕۆژەدا چەندە بنووسین، ناتوانین بگەینە نیهایەت، ئەم ڕوداوە لەڕۆمانێک دەچێت   کە لە هەقیقەتەوە سەرچاوەى گرتبێ، جیا لەم ڕۆمانانەى بەخەیاڵ ژیان وێنا دەکەن، تراژیدیا گەورەتر لەتراژیدیا، مەرگ مەزنتر لەمەرگ، دێوەزمە زەبەلاحتر لەدێوەزمە، مرۆڤى ویژدان زیندوو  ناتوانى هەروا سادەو سانا بەسەرى دا بڕوات، بەڵکو سەربارى پەند وەرگرتن بەدواى ئەم هۆکارانە شدا دەگەڕێ کەزەمینەیان سازکرد بۆڕودانى ئەم کارەساتە گەورەیە.                                                   

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.