Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
منداڵێک کەهەرگیز گەورە نابێت

منداڵێک کەهەرگیز گەورە نابێت

Closed
by October 28, 2012 گشتی

 

 

 

ئەوەی من لەم وێنەیەدا دەیبینم، تابلۆی واقیعێکی تاڵە کە کۆمەڵگای کوردی پێدا تێدەپڕێت. میللەت منداڵێکی برسی پێپەتی بێخاوەنی داماو، دەسەڵاتیش پیاوێکی چوارشانەی قۆزی پۆشتە کە وەک دەرۆزەکەرێک لە منداڵەکە دەڕوانێت و بەزەیی پێیدا دێتەوە. ئەو منداڵە هەمیشە برسی و لاواز و بچوکە، دەبێت هەمیشە چاوەڕێی پیاوە گەورەکە بێت دەستی بگرێت و قووتی بۆ دیاریبکات. ئەو پیاوەش وا پەروەردەبووە دەزانێت دەبێت وابێت هەمیشە خۆی گەورە و خاوەن شتەکان بێت. مداڵەکەش بە ویستی ئەو بەردەوامی بە ژیان بدات. 

لێرەدا ئەگەر باس لە گۆڕینی ئەم هاوکێشيیە بکەین ڕووبەڕوی چەند پرسیارێکی سادە دەبینەوە، دەکرێت بپرسین هەتا کەی ئەم منداڵە گەورە نابێت؟ ئایا دەکرێت پیاوە قۆزەکە پیر ببێت و منداڵەکە ببێتە گەنجێکی بەتوانای خاوەن هێز؟ ئایا ڕێگرەکان لەبەردەم گەورەبوونی منداڵەکەدا هەر پیاوە گەورەکەیە؟ 

بەبێ ئەوەی وەڵامی ئەم پرسیارانە بدەینەوە، دەشێین کۆمەڵێک گرێ ببینین و دەستنیشانیان بکەین و لەڕێگای چەند پرسیارێکی ترەوە ڕووبەڕوی خۆمانی بکەینەوە ، دەتوانین بپرسین ئایا منداڵەکە دەیەوێت گەورە ببێت، ئایا ئەگەر پیاوە گەورەکە نەبێت دەشێت بەدوای تێرکردنی خۆیدا بگەڕێت؟ ئایا بیر دەکاتەوە لەوەی ” پێویستە گەشە بکات، بەهێز ببێت، بتوانێت هەنگاوەکانی بەقەد هەنگاوی پیاوە گەورەکە ببێت” ؟

بەر لەوەی داوای وەڵامی ئەم پرسیارانە لە ئێوە بکەم، ڕێگا بەخۆم ئەدەم لەسۆنگەی بیرکردنەوەکانی خۆمەوە بڵێم، ئەم منداڵە لە هەژارییدا نیە پێڵاوەکانی فڕێداوە، لە بێکەسیدا نیە لەسەر جادەکان ڕۆژ بەسە دەبات، لەبرسێتییا نیە لەبەردەم ئەم پیاوە گەورەیەدا هاتۆتە سەرچۆک، بەڵکو خەلەلێک لە هزری بچوکیدا هەیە و بڕوای وایە دەبێت وابێت، بێسەروبەرەییەک لە پەروەردەکەیدا هەیەو فێر نەبوە وا نەبێت.  بەیانیان بەر لەوەی بگاتە خوێندنگەکەی ملی کۆڵانێکی پیس و پۆخڵ دەگرێت و ڕوو لە جادەکان دەکات. ئەو نایەوێ فێر ببێت، خۆی نایەوێ گەشە بکات، هەرگیزبیری لەوە نەکردۆتەوە بۆچی دەبێت یەک و یەک نەکاتە سێ.  ئێ کاتێک پیاوەگەورەکەش دەیبینێت ئەوە بەئیشی خۆی نازانێت بیبابەتەوە بۆ قوتابخانەکەی، نەخێر. پارویەک نان و جوتێ پێڵاوی باشی بۆ دەکڕێت، هەتا باشتر لە بینای پەروەردەکەی دوور بکەوێتەوە، تا بەگوڕتر ڕابکات لە فێر بوون تا هەتاهەتایە بەدوای ئەودا بۆ پارویەک نانی تر و جوتێ پێڵاوی تر لە سەفەرێکی خۆکوژییا بێت لەو بازنە خواروخێچەی ئەم پیاوە بۆی دیاری کردووە.  

دیارە ئەم منداڵەی من باسی دەکەم کۆمەڵگای کوردییە، پیاوەکەش دەسەڵاتی کوردی. پێکەوە ڕێخۆشکەرن بۆ ئەم بەردەوامییە نەشازە. پێکەوە دەیانەوێت وابێت. ئەمەش بەسودی ئەو دەسەڵاتە دەشکێتەوە کەهەمیشە بەدوای سودەکانی خۆیدا لە هەڵپەدایە، میللەتیش لەناو ئەو گەیمە بێ ئەنجامەدا نوقم بوە و هێشتا بیریشی لەوە نەکردۆتەوە بۆ ڕزگارکردنی خۆی دەبێت دەرگاکە بدۆزێتەوە و بێتە دەرەوە. 

هەموو ئەوانەش لەدەرەوەی ئەم منداڵ و پیاوە دەگوزەرێن وەک” میدیاکان، ڕۆشنبیران، پارتەکان، ئۆپۆزیسیۆن، ئایدۆلۆژیاکان، بازرگان و کەسایەتییەکان”  هەوایەکی سازگارن بۆ گڕێکی جوانتر بۆ ئاگرەکە، جادە و کۆڵانە پیسەکانن بۆ دیاریکردنی پانتایی بۆ سەرگەردانبوونی منداڵەکە، کەرەسەکانی گەورەبوونی پیاوەکەن، شانە و ئاوێنە و ئوتۆی جلەکانی کاکی قۆز و پۆشتەن. 

ئایا وەختی ئەوە نییە ئەو منداڵە گەورەبێت؟ خەڵک بۆ دیاریکردنی ژیانی خۆی ڕێگایەکی ژیرانە بدۆزێتەوە؟ ئاخر لەشوێنی ئەو مەراسیمەدا کە لەو مەملەکەتە بریندرەدا بۆ ئەو پیاوە قۆزە سازکرا، تەنها دووسال پێش ئێستا پیاوە چەک بەشانەکانی ئەم پیاوە قۆزە منداڵەکەیان کوشت، خوێنی ئاڵی بە نێوچەوانی شۆستەکاندا هاتە خوارەوە.  ئاخر سازدانی ئەو مەراسیمە شکۆدارە بۆ جەنابی سەرۆک  کارەساتێکی جەرگبڕە ، گەمژەیی و خۆشباوەڕی و ساویلکەیی و کۆمەڵگایەکی چەند ملیۆنی پیشان دەدات. لێرەدا با خۆمان لەم دۆگمایە بهێنینە دەرەوە با هەموو ماڵوێرانییەکان بە پیاوە چوارشانەکەوە نەبەستینەوە، بابڵێین دەسەڵات تاکە ستەمکار و تاوانباری ئەم کارەساتە نییە.  دەبێت ئەم منداڵە گەورە بکرێت دەبێت فێرببێت بەپێخاوسی نەچێتە بەردەم پیاوە گەورەکان، ڕێگای قوتابخانەی بۆ بدۆزینەوە، دەبێت ڕابێتەوە لەگەڵ هاوتەمەنەکانیدا پێکەوە ببنە نمونە جوانەکانی خوێندنگاکەی، کە ئەمەش لەپێش هەر لایەکەوە ئەرکی ڕۆشنبیران و گوتاری بەرهەڵستکارانە و پەروەردەکارانەی ئەوانە و پاشان میدیاکارانن. 

بۆ تەواوکردنی هاوکێشەکە، ئەگەر جیهان بە قوتابخانەکە بچوێنین دەبینین منداڵەکانی تر لەلایەن خاوەنەکانیانەوە وافێر دەکرێن هەرگیز ڕۆژێک لەڕۆژان پشت لە پەروەردە و وانەکانیان نەکەن، خوێندن و پێگەشتنیان لا شیرین دەکەن، گەورە دەبن، دەبنە گەنج و پاشان تاکە نمونەییەکانی کۆمەڵگا، بەڵام ئایا کاتی ئەوەنییە بپرسین ئایا خاوەنەکان کێن؟

بەبڕوای من خاوەنەکان دیسانەوە ناچارمان دەکەن کە بڵێین”  ڕۆشنبیران و ئەکادیمیستان و میدیا و پەروەردەکارانی کۆمەڵگان” بەداخەوە هێشتا لە کوردستان نە منداڵەکە ئەمانە بەخاوەنی خۆی دەزانێت، نە خاوەنەکانیش خۆیان دەکەن بە خاوەنی منداڵەکە. چونکە هێشتا لای ئێمە ڕۆشنبیر خاوەنی ئەو سەربەخۆییە نیە  توڕەبوون و دەنگهەڵبڕینەکانی کاریگەریە بەرجەستەکان درووست بکات، هێشتا کیانێک نیە لەڕووی مەعنەوییەوە خەڵک بە هێزی خۆی بزانێت، خاوەنی گوتارێکی موتوربەکراو بێت بە یاخیبوون، و ڕادیکاڵبوون. دەبینین هەریەکە لەگۆشەی ڕۆژنامەیەکدا، یان لە خەیاڵی ڕۆمان و چیرۆک و شیعرە پڕ شیوەن و ڕۆڕۆکاندا قەتیس ماون. هەمیشە لە سەفەری تەسکبوونەوە و دوورکەوتنەوەن لە خاوەندارێتی منداڵەکە. تەنها یەک ناو ئەهێنمەوە لێرەدا کە نمونەیەکی زۆر بچوکی ناو ئەم هاوکێشەیەیە” ڕێبینی ئەحمەد هەردی” لەوەتەی گۆڕان دروست بوە بۆ یەک جاریش ڕەخنەیەکی توندگیر و ڕاستەقینەی لەو ڕێکخراوە نەگرتوە، سەرەڕای ئەو هەموو خواروخێچییەی لە هەنگاوەکانی ئەو لایەنەدا هەیە، کە دەبینین هێواش هێواش هیواکانی منداڵەکە بەم داهۆڵە نوێیە پەرت پەرت لەژێر پێێەکانیدا دەبێتەوە بە تۆز.  ئەمەشە وایکردوە پەرتەوازەییەک سەرتاپا جومگەکانی خاوەنی منداڵەکە لێک بترازێنێت، کە وەک نەخۆشییەکی زگماکی نە دەتوانێت ئەکادیمیستی داهێنەر و میدیای ئازاد و پەروەردەکاری تەندروست بخوڵقێنێت. 

لێرەدا دەگەینە ئەو ئەنجامەی کە بڵێین” منداڵەکە دووجۆر داخوازی هەیە، یەکەم نان و پێڵاو، کە بۆ بەردەوامبوون لە ژیان سروشت ئەم هێزەی پێبەخشیوە و دەتوانێت داوا بکات. بەڵام داخوازی بۆ گەورەبوون دەبێت تێیدا بچێنرێت، دەبێت فێر بکرێت، ڕێگاکانی پێبناسێنرێت. بەداخەوە هێشتا خاوەنێک نیە ئەم وانەیەی لە هزردا بچێنێت، بۆیە هەمیشە لە داخوازییەکانیدا نەفەس کورت و دەستبەتاڵ و داماوانە دەردەکەوێت. هەمیشە لەکۆتایی هاوکێشەکەدا، سفر هیچ بەدەستەوە.

هێمن ڕەئووف

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.