Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
من دوو بارەبوومەوە …  حەمە کاکەڕەش

من دوو بارەبوومەوە … حەمە کاکەڕەش

Closed
by August 1, 2013 ئەدەب

 

 

 

 

ژیانی من هیچ نەبوو لە دووبارەبوونەوە زیاتر 

خەونی من هیچ نەبوو لە دووبارەوە بوونەوە زیاتر

غەمگینی من هیچ نەبوو لە دووبارە بوونەوە زیاتر 

ئازاری من هیچ نەبوو لە دووبارەبوونەوە زیاتر

،،، 

من هەزار جار دووبارە بوومەوە 

بە ئاگرێک هەزار جار ڕۆحم سووتاوە

لە ئاوێکدا هەزار جار خنکاوم 

هەزارا جار کەوتوومەتە خەرەندێکەوە

،،،

من غەمگینی ئەوەم بۆ جارێکیش نەمتوانی دووبارە نەبمەوە 

من هەر دووبارەبوومەوە و دووبارەبوومەوەو دووبارەبوومەوە

تا کاتێک هەستم کرد کە نیم 

لە دووبارەبوونەوەدا  پارچە پارچە بووم

پارچەکانم دووبارە یەکیان گرتەوەو بوونەوە بەمن 

بۆئەوەی دووبارە دووبارە ببنەوەو پارچە پارچە ببنەوەو ببنەوە بەمن 

ئای من چ پیاوێکی دووبارەم

نازانم بۆ بێزار نەبووم لەوەی هەزار جار تەقەم لە دەرگای دڵێک هەڵسان

هەزار جار بە یەک ڕێگادا سەفەری یەک شارم کردو

لە یەک شەقامدا چاوەڕێی کەسێکم بووم کە نەمدەزانی کێیە.

،،،

من داهێنەرم، واتێنەگەن ستایشی خۆم دەکەم

دەستێکی باڵام هەیە لە داهێنانی غەمگینیدا

دەتوانم قاقای پێکەنین بگۆڕم، بە گەرمە شین

سەما پڕکەم لە وەرین

،،،

داهێنەرم لە دووبارەبوونەوەدا

یەک خەیاڵ هەزار جار بردوومی 

هەزار جار یەک خەونم بینیوە

شمشاڵی ئازاری تەمەنم 

یەک نەوای ژەنیوە

،،،

 

من پیاوێکی دووبارەم وەک خولانەوە بەدەوری خەرمانی ئازارەوە دووبارە بوومەوە

وەک بێ ئۆقرەیی بەدەم چاوەڕوانییەوە

وەک دووبارەو سەدبارەکردنەوەی پرسیارێک لە لایەن منداڵەوە

وەک دووبارەبوونەوەی پاسی غەمگینی و تەکسی حەسرەت بە هەمان ڕێگای خەیاڵدا

وەک هەزار بارەبوونەوەی نوێژو دوعاو سێکس و مردن من دووبارە بوومەوە

 

،،،

نازانم بۆ چێژ لە دووبارەبوونەوەی شکستەکانم دەبینم 

دووبارە چوومەتەوە بەردەم ئەو پەنجەرەیەی کە لەوێوە دواین ئاوڕدانەوەی تۆم بینی

لەوێوە خۆری من ئاوابوو

لەوێوە کەوتنی باران و ونبوونی ئاسمانم بینی 

،،،

ژیانی من وەک بانگدان

هەموو ڕۆژێک چەند بارەدەبووە

کەچی خۆیشم بەدەنگی ئەو بانگەوە نەچووم

کە ژیانم بوو

،

ژیانی من

وەک شێلانی گوڵ بۆ گوڵاو

وەک شێلانی هەویری خەونێک

وەک شێلانی ترێ بۆ شەراب 

ژنێک بە دەستە شەیداکانی 

بە قاچە غەمگینەکانی 

 دیشێلاو دەیشێلا و دەیشێلا

،،،

ئەم شیعرە لە ژمارە ٩٠ ی گۆڤاری هەنار بڵاوکراوەتەوە

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.