Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
من كەسەرخەوێكم نەبێت بۆ تەنهایى ….ئارام پەشێو

من كەسەرخەوێكم نەبێت بۆ تەنهایى ….ئارام پەشێو

Closed
by December 31, 2008 ئەدەب

  من كەسەرخەوێكم نەبێت بۆ تەنهایى 
ئارام پەشێو

 ئافاتى پایزێك عیشق
 بەڕووئیاى نابینایى هزرى خەیاڵگەلێك
 لەوجودییەتى ئینجانەیەك بەخیلى و
 قەناعەتى سۆزانییەكەوە بەماچى خەیاڵ تووند دادەگیرسىَ
 فرسەتێكى دۆزەخێییە مردن لێرەدا هاوڕىَ..
 عەبەسییەتێكى هیچ .. رەهابوونە لەژیان
 ئەمێستاش مودمینم بەو خەیاڵەى هەمەو یەقینم بەوەى كە "نیم"!
 عەیار بوون لێرەدا بەد میزاجییە .. جەهالەت
 هاوڕىَ .. عیشق قەداسەتى خۆى لەدەستدا
 نەورەسى سەربردەى رۆحم حەنایى كردو
 لەم حوجرە بىَ سەلیقانەوە دەمهەوێت بمرم!
 لەنێو لەززەتى قومێك حەیاى تكاودا
 لەوەهم خۆم دەچێنم و بەعەزرەتى فامكردنەوەى تۆم
 لە عەورەتى گەڵایەكیش شەرم دەكەم!
 لەنەخشە بەدبەختەكانى حەزەر رادەمام و
 لەسوكناكى بێمروەتیى تەسلیمبوونەوەبووم و حەسرەت بۆ مەرگ دەخۆم
 ئەمشەو جەنجاڵم و قەدەر پیاما هەڵزناوەو
 بەدیار حیكمەتەكانى تۆوە دەقمگرتووە!
 حەقیقەت خۆى لەجەللادى عیشق ووندەكاو ئیدى وەحشەت دادەگیرسێت
 تۆش .. لەتێك روخسەت لەژیان بخوازەو
 دەمێك ببە میوانى ئەودیوى زیندەگى ..
 "ماریا"* .. ئەى بەربەریترین مەخلوق
 بەدەم هەناسە تەزیوەكانى خۆر و
 خەندە هەراسانەكانى تۆوە تژیم لەخۆم و
 لەوورتە ورتى موناجاتى پاش دابارینى ئافات دەچم
 لە نزاى عیفریتێكى وێڵ و لەززەتى عیشق و
 بىَ مروەتیى عومرێك دەچم تۆى تیا قات
 منى نابینا بەزەینى نیشتمان و وێڵ بەڕەنگى موسافیرێك
 دەمهەوێت حوزن بەڕووى ووجوودییەتدا رۆبكەم
 لەم عەدالەتەوە تەجرەبەى حەزرەتەكانى ژیان
 ئیدیعا بۆ ئەنتیكەخانەى رۆحم دەكەن!
 دیسانەوە رۆحیانەتى شیعرێك بەتەوێڵى چاوانمەوە هەڵزناوەو
 تەنهاییەك نییە گوێمان بۆ رادێرێت و
 مشتێك خەونى كۆسكەوتووم بۆ بهێنێتەوە!
 تۆش تەحزیرێكى عیشق بكەو لەناو سنگى تەنهایى و بەرۆكى تاریكییەوە
 تەجریدى خەونى گومانەكانت بكەو
 تا منیش لەم هیجرەتەوە هیجرانى غەریزەیەكى هیچ بم و
 لەمیزاجى ئینجانەیەكى بێسەلیقەوە
 بۆ بێهیوایى ئەو چۆلەكە باڵئەنگێوراوانە دەگەڕێم
 كە گومانى عیشق شەهیدى كردوون!
 ئێمە لەنێو بێویژدانیى حەشرى كائینێكا لەدایكبووین
 بەدەم ئیغتیسابكردنى ژیان و وورتە وورتى
 لوغزێكى كاڵ لەمەعریفەو قاڵ لەجەهلەوە
 گۆرانیى "ماڵئاوا ئەى بەختەوەرى"*مان دەچڕى و
 لەحەرفە تكاوەكانى بەزەیى و خانەقاى بىَ مروەتییەوە
 زەمەن و سەراب-مان ئالوودە دەكردو
 لەگەڵ دایكە حەوادا دەمانكردنەوە بەهیچ!
 لەوەرزى بێقەراریما، قەرارمداوە بڕۆم .. سەرهەڵبگرم بۆ دوور
 لەم دەیجورى مەراقەیا تەفسیرى ئەم ئایەتە بیمانایە ناكەم و
 لەم غوربەتى ئاوابوونى تەمەنەدا دەمهەوێت بۆمێژوو هیچێك بڵێم ..!
 "ماریا"* .. ئەى بەربەریترین مەخلوق
 هێى ئەى پاڵەوانە دۆڕاوەكەى عیشق
 ئەى جەنگاوەرە گوڵنارییەكە، ئێستا لەكوێى زەمەندا دەگوزەریى
 من كە دەمهەوێت گومانى ژیان و هەناسەى جەبەڕووتێك رووم تێنەكات
 زەمەن ئاوا ئەى خەیاڵ، زەمەن ئاوا تاكەى ماتڵیت قبوڵ بكەم!
 زەمەن .. حەپەساندنى قومێك جگەرەى بىَ سووتوە بەدیار گوناهەكانى خۆتەوە
 زەمەن .. تاساندنى هەناسەى تەزیوى ژیانە
 لەلێوى ئەو موسافیرەى دەگەڕێتەوە بۆ مەرگ
 زەمەن .. تەرجەمەى ئەم هەموو فەنابوونەى ئەزەلى پێناكرێت
 زەمەن .. پڕاوپڕە لەمایەپووچى
 دەكرێت ئێمە باجى ئەم تووڕەبوونەى خۆر بدەینەوە
 چوون لەناو مەملەكەتێكى درۆزن بەبووختانى پیاوچاكان و
 شەرمن بەحەماسى سەرلیشێوانى دزێك دەژین
 ئیدى ژیان تێیدا مەحاڵە گوزەركات ..
 عەیامێكە عەزرەتێك بەسینمدا رادەگوزەرىَ و
 بەعەزابێك نەفرەت جوىَ ناكەمەوەو لەخۆشنوودى
 كەچى ژیان زەخرەفەیەكى بەتاڵم هەدیە دەكات!
 لەدرەنگ وەختێكى عەدەمەوە زیكرێكى درۆ زارم دەگرێت
 من .. تەهلیلەى بىَ تۆییم دەبەنگییەو
 تەرجەمەى ووجودم لەحزورتا ئەوپەڕى جەهالەت ..
 ئێمە عەیامێكە بەتووڕەیى نامۆین و
 لەحوجرەى بوونگەرییەوە مەخلوق جاڕى مەرگ دەدات و
 دەیهەوێت لەئیقاعێكى ترەوە ژیان بژەنین كە نایژەنین!
 دەیهەوێت .. ئیدى جەبرى ژیان لەهەلاكەت بكەین و
 موجەڕڕەد بڵێن : ئەلوەدا ئەى بەدبەختترین مەرگ
 ئەلوەدا ئەى جوانترین مردن
 لەمەنبەعى زنۆقچوونى هەوەسەوە رەونەقم نما دەكات و
 دەبمە كێڵگەیەكى نسرم و حەسرەت بەرۆكم بەر نادا !
 ئەى بىَ تاوانترین خەتا ..
 مەملەكەتەكەى ئیمە بىَ مەلەكووتەو حەیاو مەراق تیا قات
 ژیان لێرە لوغزێكى بەتاڵەو لەحزەیەك مەجنوونییەت مەحاڵ
 لە میترۆ ساردو سڕەكانى ئەوێندەرىَ-وە
 زەمەنێك یاخیبوون و تەمەنێك بىَ جورئەتى لەمردن!
 ئاونگ بدە، با قەسیدەى عومرم شومتر باڵا بكات!
 بەسیە چیدى گۆرانییەكانى زەبوونگیریم پىَ ئەدا مەكە
 نەبە حەرفێكى نوورانى و نە بەشەوێكى شێتیى دەیجورەوە
 نابمەوە بەو خەیاڵەى كە هەمیشە پێى راهاتووم
 هیجرەتێك لەئەزەلەوە هاتووە شەرع دەكاتەوە بەهیچ ..
 لەسیراتەوە دەپەڕمەوەو دەگەمەوە بەهیچ ..!
 هاوڕێم ئێمە لەنێو قەداسەتى ئینجانەیەك بەخیلییەوە لەدایكبووین!
 كەهاتینە گۆ، بەڕوئیاى نابینایى هزرى خۆردا هەڵگژاین
 لەنێو پیاسەى بىَ حەواسیم و
 لەنێو رۆحیانەتى سەلیقەى چۆلەكەیەكى چەتوونەوە
 زەینم كوێرەو نابینا بەموتاڵاكانى تۆ ..
 لەشەرحى جەهالەتەوە، خەونێك خیانەتى من لەو تەرجەمە دەكات
 لەم میحرابە حەز كوێرەوە عەدەم دەمبات بەرەو حەوشەى بەربەریبوون
 لەنێو لەوحەكانى ئەم فەجرە ساختەیەوە
 ئیدى حەوسەڵەى گریانیشم نەماو دەمهەوێت شتێك بمرم
 ئیدیاى حوزنێكى چراوگیم كردو مەنتق بووە
 رەقیبى مەرگ و شاتیرى عیشق و جەللادى من
 ئاشووب تەجویدى سەرابێكى كوفری پێكردم و
 ئایەتێكى عەبەسى بەژیان و كافر بەنركەى مانگەشەو
 لەسرەوتنى رۆحى عیبادەتێكا .. حوزن دایگرت
 بەشەرعى مەزهەبێكى هیچەوە گەڕامەوە بۆ حەشر
 من تلخواردنى زەمەن و گلۆربوونەوەى زەمینم
 هەردووك دەپەرستم و یاخیشم بەژیان
 من كە ئیفلاسبووم بەعەیبەكانى شەمشەمەكوێرەو ئیحتیاج بەڕەنگى باڵقبوونى زەمەنێكى یاخى
 كە لەژێر درزى تەنهاییەوە عاتیفەمان ئالوودەبوو
 كەسێك نەیووت : عەجەب مەعشووقەكەت قاڵە لەعیشق
 من .. هەمیشە بەدەم بێبەهایی ژیانەوە پێدەكەنم و
 بەخەیاڵى چەخماخەى جەنگێكەوە دەگریم!
 هەمیشە "هێند دڵم تەنگە دەڵێى بەمشەوە لەم شارە بڕۆم"* دەڵێمەوەو
 بەمشەوە دەڕۆم و قافڵەى كۆچباریم تێكدەنێم
 هێند عیشق جەنجاڵى كردووم، دەمهەوێت پڕ بەهەناسەم ئازاد ئازاد بمرم
 لەسەفەرەوە رووەو نەدامەتى و حەسرەت دەڕۆم
 لەبەردەم قیبلەو لەنێو تافەى قەداسەتدا دەمهەوێت بمرم
 لەنێو فتوحاتى ئەم عەسرەوە تەهلیلەى
 سەفەرى قیامەت بۆژیان دەكەم و لەحزوورى جەورا خائین دەوەستم
 لەخەیاڵى باڵقبوونى هەورێكى شەرمەندەدا ..
 ماتڵ بەخەیاڵاتى خۆشبەختى لێیڕادەكشێم
 ئێمە هەموو بەقانوونێكى چڵێس بەژیانەوە بەندین و
 ئیدى حیكایەتى تەجرەبەكانم، حیكمەتیان تیا ناڕوىَ و
 عەدالەتى ئەم عەسرە بانگى مەغریبىَ ناخوێنىَ و
 بۆنى بووخوردى ئەم گەڕەكەمان لەهى ئەویترمان ناچێت!
 سیحرى بێئەمەلیم لەنێو وەقتى كۆمەڵێك هەناسەى تێكشكاوا
 تەمەنناى خەریتەیەكى وێڵە بەژیان
 تۆش ئیدى لەم عوجابى جەهلەوە ماتڵى بكێشە
 عالەمىَ فریو بدەو زیكرى ئەلوەدا بۆمەخلوقێك ئەدا مەكە
 من كە دوێنىَ ئیحتیاجى فاتیحەیەكى درۆینانەت بووم
 ئێستىَ ئەمەلم بەم فاتیحە تەشهیرانەیەو زاكیرەم پڕدەكەم لەهیچ و
 سیخناخم بەم بێئەمەلییەم و سووكناك بەبەرگى شەیتان
 لەم مەحشەرى بێ حەشرو عەزاى بێ شینەدا هەوەق ماوم
 كە ئەمشەو تۆفانەو فەسڵى رژانى دەم و دەمیش بىَ هاوار
 منیش لەعەدەمەوە دێم و لەئەزەلەوە سەرێك دەكێشم
 زیارەتێكى ئەم عەیامە دەكەم و
 حوجرەكان پڕدەكەم لەبێنەفسى و زەنناى سۆزانییەكان
 تۆ كە لەدەرگاكانى دونیاتدا مەحشەرێك پەنجەرەكەى بۆ نەخستیتە سەرپشت
 تۆ بەر لەوەى لەمەنفا بگەیت ..
 فەنا نامەیەكى بۆنووسیت .. "لەهیچەوە بۆهیچ"
 تۆ كەبەم هێشووەى عومرەى خۆتەوە وەنەوز دەدەى
 زۆرت ماوە بگەیتە نێو نەسەبى رووبارى ئۆقرەو لەنگەر بگریت
 تۆ هێشتا چركە وەنەوەزێكت نەداوە بۆ نووچدانێك لەپێلى شێنەییدا
 تابگەیتە رۆخى رووبارى جاویدانیى شیعر
 من كەسەرخەوێكم نەبێت بۆ تەنهایى كەنگىَ لەشارێكى چۆڵ نەچووم
 تۆ كەدەتەوێت حەیاى رژاوى خۆت كۆبكەیتەوە
 چاوەڕوانیى عەسرێك لەتەریقبوونەوەى گومان و
 سەرابیترین پەشیمانیى دۆزەخییەك مەكە
 چوون من مومارەسەى ئەم هەموو چەن و چوونەى جەهلم پێناكرێت
 هاوڕێ ئێمە نامۆین بەڕووناكی و
 لەم فەزاى جەهلەوە ووجودییەت عەیامێكە فەنابووە
 هاوڕىَ .. ئێمە بەدواى نیشتمانێكى جاویدانیدا وێڵین
 نە حەسانەوەیەك ماوە بۆژیان و نەفرسەتێكیش بەرەو مەرگ
 لەحوجرەكەى نالیدا حەبیبە مات داماوەو كڕنۆش بۆتەنهایى دەبات
 ئێمەیش هەمیشە توڕەین .. توڕە لەخۆمان و نامۆش بەشەرابى دۆزەخییەك
 خەمێك داگیرسێنەو بمگەێنە مەخلوقێك لەعەبەسییەت
 عالەم دەزانێت حاڵى عاقیبەتم و من خۆم كەچ گومان و ناشنا بەخۆم
 دەمێك روو لەئاوابوون دەكەم و پشت لەگومانەكان خۆم
 ئەم ئاوازە بەگوێى دڵماندا نامۆ دەچێتەتەوەو دەچرپێنىَ و ئێمەش وەحشەت بەخەیاڵى ئەو
 لەدواهەمین هەناسە بەفیڕۆچووەكانى زەمەندا ..
 دەمهەوێت پڕ بەحەزم بمرم و ئیدى گریان نەكەمە دایكى خەونەكانم
 ئەمە نە ووڕێنەى پاش دابارینى ئافاتەو
 نە ورتە ورتى زەمەنێكى شەرمن بەڕووى مێژووماندا
 عەیامێكە وەرزى زەیستانیى تۆى كچ تێپەڕیوەو
 قەداسەتى حیكمەتەكانى منیش نغرۆى بەدبەختى و بەربەریبوون
 لەم چیرۆكى بەدحاڵیبوونەى ئەزەلەوە
 ئێمە لەمەنفاوە دێین و لەهجەیەكى كوێر ووڕێنە پێدەكەین
 لەهەناسەى جاویدانیى جەللادێكەوە دەست لەژیان دەشۆین
 هاوڕىَ .. وەحشیگەرییە ژووانگەى رێبواریى
 موسافیرێكى لاى ئێوارە وەك بەختى خۆمان بسووتێنن
 تۆش ئەى مەرگ .. وەرەو تائەبەد خۆشبەختم كە
 ئێمە كڕنۆش دەبەین و نازانین بۆ كىَ
 ملى رێبواریمان دەگرین و نازانین بۆ كوىَ
 دەژین و دەژین و دەژین نازانین بۆ چى
 ساڵانێكە رۆحم لەلاشەمدا غەریبەو نازانم بۆ!؟
 ئەى خەم بەسیە چیدى لەم دەرگایەوە مەیە ژوور .
 *ماڵئاوا ئەى بەختەوەرى (گۆرانییەكى هونەرمەند محەمەد ڕەئوف كەركوكى)
 *هێند دڵم تەنگە دەڵێى بەمشەوە لەم شارە بڕۆم (گۆرانییەكى هونەرمەند ناسرى رەزازى)
 
 ئارام پەشێو
 كەركوك
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.