Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
من و تۆ …   ناڵە حەسەن

من و تۆ … ناڵە حەسەن

Closed
by June 4, 2013 ئەدەب

 

 

 

 

من هەمیشە                                              

لەسەر دیوارەکانی خەیاڵم

شیعرە شینەکان و 

لەسەر جەستە ڕووتەکەی تۆش 

خۆم دەنووسمەوە 

 

 کۆترە ئیرۆسیەکانی نێو خەونەکانم 

بۆ هەر کوێ بفڕن 

دواتر دێنەوە و 

لە بنار مەمکۆلەکانی تۆ دەنیشنەوە 

 

وەرزەکانی تەمەنی من

وەکو شەپۆل

 بە نێو ڕووباری نیگەرانیەکانی خۆم و

بەنێو جۆگەلە مەست و پڕ هاژەکەی

نێو مەمکۆڵەکانی تۆ تێدەپەڕن

 

من قژی خاوی تۆ دەکەم بە ڕەشماڵێک

بۆ کوڕانی گەڕەکەکەمان نا 

تەنها بۆ خۆم 

دەمارەکانی عاتیفەشت بە جۆلانەیەک

بۆ کچانی دراوسێکانم نا 

ئەویش بۆ خۆم 

 

تۆ لە بووکەشووشەیەکی چاو سەوز دەچیت 

دەمەوێت       

هەموو شەوێک      

 لەئامێزی خۆمدا بتخەوێنم

 

جەستەی تۆ پایزێکی لێو تەڕە

سێوەکانی نێو خەیالیشت

کانی شیعرم دەتەقێنێتەوە 

 

من نە لە شیلەی نیگاکانت

نە لە خەونە پەرتبووەکانت 

نە لە زەردەخەنە ئیرۆسیەکانت

تێرنابم و تێرنابم و تێرنابم   

 

 باڵای تۆ کەمانجەیەکی گیاییە 

شەونمە ئیرۆسیەکانی ڕۆح

 بە سەما دەهێنێ

 

چاوەکانت 

پڕن لە تریفە پرشنگیەکانی شەو

مەمکەکانیشت

 پڕن لە میلۆدیەکانی مەستبوون

 

جەستەی تۆ

لە شەتلە ڕەیحانێکی تەڕ دەچێ

لە باخچە نارنجیەکانی مانگ

دەم بۆ خۆرەتاوی عەشق دەکاتەوە 

 

دەڕۆم دوور دەکەومەوە 

دوور لە تۆ نا

دەمەوێت بگەڕێمەوە 

 نێو تەمە سپیەکانی خەون

 

من هێندە سەرمەستم بە تۆ 

لە نێو ماڵە سپیەکەی هەور

جگە لە ڕوخسارە ڤینۆسیەکەت

هیچ ئەدگارێکی تر نابینم 

 

من و تۆ 

لە دوو باڵندەی مۆرفیمینی شیعر دەچین

بەنێو ئاسمانە شینەکەی خەیاڵ 

دەسووڕێینەوە 

 

من و تۆ 

لە دوو درەختی ئاوی دەچین

وا پێدەچێت

چیتر پێویستمان بەبارانی خودا نەبێت

 

من و تۆ

 تابلۆیەکین

پڕ لە ڕەنگە ئاچوغەکانی عەشق 

ڕەنگەکانی خۆمان

بە جوانی و

بە خەون و 

بە ژیان دەبەخشین ..!

 

 

 

                                                    هەولێر / کەنەدا

                                                    شباتی ٢٠١٣

 

 

 

 

 

 

 

 

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.