Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
مه‌رگ له‌ نزیكه‌وه‌ … به‌ختیار محه‌مه‌د

مه‌رگ له‌ نزیكه‌وه‌ … به‌ختیار محه‌مه‌د

Closed

 

 

 

 

من له‌ ڕۆژی ڕاپه‌ڕینی شاری هه‌ولێر و له‌ ڕۆژی كۆڕه‌وی خه‌ڵكی كوردستاندا (واته‌ له‌ 11 و 31 ی 1991 دا)، سێ‌ شت، یان با بڵێم، دیمه‌نی مه‌رگی سێ‌ كه‌س قه‌ت له‌ بیر ناكه‌م. دیمه‌نه‌كه‌ش لێره‌وه‌ ده‌ست پێده‌كا: له‌ به‌ره‌به‌یانی ڕۆژی ڕاپه‌ڕیندا، كه‌ له‌گه‌ڵ ئاپۆڕه‌ی خه‌ڵك و هاتنی پێشمه‌رگه‌دا، ئێمه‌ش به‌ جۆشه‌وه‌ له‌ ماڵه‌وه‌ ده‌رچووین و ده‌ستمان به‌ دروشم گوتنه‌وه‌ كرد، كاروانی تووڕه‌ و به‌ جۆش و خرۆشی خه‌ڵك و چه‌كدار و پێشمه‌رگه‌، ئه‌گه‌رچی ژماره‌كه‌ش هێنده‌ زۆر نه‌بوو، به‌ره‌و پێشه‌وه‌ له‌سه‌ر شه‌قامی شه‌ستی نێزیك چوارڕیانی عه‌نكاوا، كه‌ پیاوانی ڕژێمی به‌عس له‌وێ‌ به‌ زرێپۆشه‌وه‌ سه‌نگه‌ریان گرتبوو، هه‌نگاوی ده‌نا. له‌ دوای كه‌مێك، ڕێژنه‌ی ته‌قه‌ هێنده‌ به‌ تاو ده‌ستی پێكرد، كه‌ هیچ بێ‌ چه‌كێك نه‌یده‌توانی خۆی نه‌داته‌ په‌نا و ناو ماڵان، چونكه‌ ئێمه‌ زۆر نزیك بوو بووینه‌وه‌ له‌ سه‌نگه‌ری ڕژێم. لێره‌دا یه‌كه‌م هه‌واڵ، كه‌ بیستمان و ده‌نگی گه‌وره‌ی دایه‌وه‌، شه‌هید بوونی مامۆستا (بارام) ی برای مامۆستا (قه‌ره‌نی جه‌میل) ی هونه‌رمه‌ندی شێوه‌كار بوو (من ئه‌وسا، نه‌ ئه‌و مامۆستا شه‌هیده‌م ده‌ناسی و نه‌ كاك {قه‌ره‌نی} شم ده‌ناسی). ئێمه‌ به‌ ناچاریی له‌به‌ر ڕێژنه‌ بارانی گولله‌ و بۆردوومانی كۆپتره‌كان، خۆمان له‌ ماڵێكدا حه‌شار دا، كه‌  ده‌رگایه‌كی ڕاسته‌وخۆ له‌سه‌ر شه‌قامی سه‌ره‌كی شه‌ستی بوو؛ زۆر نێزیكیش بوو له‌ مه‌یدانی شه‌ڕ و پێكدادانه‌ دژواره‌كه‌. له‌و ماڵه‌دا من چاوم به‌ چه‌ند لاوێكی گه‌ڕه‌كی خۆمان كه‌وت، كه‌ یه‌كێكیان دیار بوو بریندار بوو، هه‌موو ئه‌وانی دیكه‌ش له‌ ده‌وری كۆ بوو بوونه‌وه‌. به‌ بیرم دێ‌ ماڵه‌كه‌ خانوویێكی بچووك و حه‌وشێكی زۆر بچووكیشی هه‌بوو. ئه‌و ژووره‌ی ئێمه‌ و گه‌نجه‌ برینداره‌كه‌شی لێبوو، ژوورێكی هه‌ندێك تاریك بوو. ئه‌م ژووره‌ وه‌ك شانه‌ی پووره‌ هه‌نگ وا بوو، كه‌ هه‌ندێك له‌ خه‌ڵكه‌كه‌ به‌رده‌وام له‌نێوان ئه‌م ژووره‌ و حه‌وشه‌كه‌دا له‌ هاتن و چووندا بوون و جار جاره‌ش سه‌ره‌تاتكێیان له‌ ده‌رگای حه‌وشه‌كه‌وه‌ بۆ سه‌ر جاده‌كه‌ و دیتنی مه‌یدانی شه‌ڕه‌كه‌دا ده‌كرد. له‌م سه‌روبه‌نده‌دا ئه‌وه‌ی كه‌ من دیتم و كتوپڕ ڕووی دا: له‌ حه‌وشی ئه‌م ماڵه‌دا چوومه‌ سه‌ر ته‌رمی لاوێكی گه‌ڕه‌كی خۆمان، كه‌ دیار بوو تازه‌ گولله‌یه‌ك به‌ ته‌ختی نێوچه‌وانی كه‌وتبوو و خوێنێكی گه‌ش فیچقه‌ی ده‌كرد و به‌ هه‌ردوو لاجانگیدا ده‌هاته‌ خوار. ئه‌م لاوه‌ ڕوخسارێكی گه‌نم ڕه‌نگی مه‌یله‌ و ڕه‌شتاڵه‌ی هه‌بوو، له‌گه‌ڵ دوو برۆی ڕه‌شی پان. گولله‌كه‌ به‌ ناوه‌ڕاستی هه‌نیه‌ی و به‌ سه‌ره‌وه‌ی نێوان هه‌ردوو برۆ پانه‌كه‌ی كه‌وتبوو. دیتم، كه‌ له‌ سه‌ره‌مه‌رگدا دوایین چركه‌كانی هه‌ناسه‌ی ژیانی ده‌دا و هه‌روه‌ك چۆله‌كه‌یه‌كیش، كه‌ له‌ گیانه‌ڵادا بێ‌ زۆر به‌ نه‌رمیی و به‌ هێواشیی لێوه‌ بچووكه‌كانی لێكیان ده‌دا. دوا جار به‌ چه‌ند كه‌سێك بۆ لای ژووره‌كه‌ هه‌ڵمانگرت و گواستمانه‌وه‌ … هه‌ر دوای ئه‌مه‌ به‌ كه‌مێك، پیاوێكی لاوازی سك داقوپاوی به‌ساڵداچووش، كه‌ ئه‌ویش په‌نابه‌ری ئه‌م ماڵه‌ بوو، هه‌ر ده‌رگای حه‌وشه‌كه‌ی كرده‌وه‌ و نه‌كرده‌وه‌، پشتا و پشت كه‌وته‌ سه‌ر زه‌وییه‌ چیمه‌نتۆ ڕه‌قه‌كه‌. پانتۆڵێك و پاڵتۆیه‌كی خوری درێژی له‌به‌ردا بوو. من بۆ خۆم ئاسه‌واری هیچ گولله‌یه‌كم به‌ له‌شیه‌وه‌ نه‌دیت، به‌ڵام پێده‌چوو به‌ به‌ر سكی كه‌وتبێ‌. ئه‌ویش وه‌ك باڵنده‌یه‌ك، كه‌ له‌ گیانه‌ڵادا بێ‌ و دندووكی لێك بدا، هه‌ردووك لێوی زۆر به‌ نه‌رمیی ده‌جووڵان و لێكیان ده‌دا. من ئه‌وه‌ یه‌كه‌م جار بوو له‌ ژیانمدا مه‌رگی خوێناویی به‌ چاوی خۆم له‌ نێزیكه‌وه‌ ببینم. یه‌كه‌م جار بوو ببینم، كه‌ له‌ نێوان ژیان و مه‌رگدا ته‌نها تاڵه‌ موویه‌ك و چه‌ند چركه‌یه‌كی زۆر گرنگ هه‌یه‌، كه‌ سنووری ژیان له‌ مه‌رگ جودا ده‌كاته‌وه‌. من بۆیه‌ش مه‌رگی دراماتیكیی ئه‌م پیره‌مێرده‌ و ئه‌م گه‌نجه‌ هه‌رگیز له‌ بیر ناكه‌م، چونكه‌ مه‌رگێكه‌ یه‌كجار پاقژ و به‌ریئانه‌یه‌. مه‌رگێكه‌ كتوپڕ وه‌ك داڵاش ده‌نیشێته‌ سه‌ر ڕۆحی دوو مرۆڤی یه‌كجار پاك و بێ‌ تاوان. مه‌رگێك له‌ ئیراده‌ی تاوانه‌وه‌ هه‌ڵده‌قووڵێ‌ و له‌سه‌ر ڕۆحی بێ‌ تاوانه‌كان خۆی پاك ده‌كاته‌وه‌. من لێره‌ دیتم، كه‌ بوونی مه‌رگ (مه‌رگ به‌خشینه‌وه‌) له‌ كۆمه‌ڵگه‌كانی ئێمه‌دا شتێكی چه‌ند سروشتیی و ئاسانه‌. من لێره‌ دیتم، كه‌ ده‌شێ‌ مه‌رگ هه‌ر به‌ ئاره‌زوو و به‌ هه‌وه‌س پێمان ببه‌خشرێ‌ (ته‌نها به‌ مجێز و به‌ میزاجی ئه‌م و ئه‌و). من لێره‌دا زانیم، كه‌ به‌خشنده‌ترین شت له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌دا مه‌رگه‌؛ ته‌نها مه‌رگه‌، كه‌ هیچ نرخ و باجێكی له‌سه‌ر نییه‌. له‌ ئاكامدا ئه‌وه‌ش دیاره‌، كه‌ ئێمه‌ ئه‌گه‌ر به‌ ڕێكه‌وتیش بێ‌ باسی مه‌رگی پاقژ و به‌ریئانه‌ی ئه‌مانه‌ و هه‌زارانی دیكه‌ی وه‌كو ئه‌مانه‌ نه‌كه‌ین، ئه‌وا له‌ بیره‌وه‌ریی ویژدانی مرۆڤایه‌تییماندا نامێنن و له‌ناو ده‌چن؛ وه‌ك بڵێی ڕۆژێك له‌ ڕۆژان هه‌ر نه‌ماندیتبن و هه‌ر نه‌هاتبنه‌ سه‌ر ئه‌م دنیایه‌ش… ئه‌مجاره‌یان له‌ ڕۆژی كۆڕه‌ودا مه‌رگێكی كاریگه‌رتر ده‌بینم. مه‌رگێكی ناسك و خنجیلانه‌. مه‌رگێكی ته‌نیا و ئاواره‌. مه‌رگێكی هه‌رزه‌كاری بێ‌ دایك و باوك و بێ‌ خودان. مه‌رگی لاسكه‌ ڕه‌یحانی كچۆڵه‌یه‌ك، كه‌ به‌ ته‌نها له‌ناو هه‌را و هۆریای ئاپۆڕه‌ی خه‌ڵكدا و له‌ ناوه‌ڕاستی شه‌قامێكدا كه‌وتووه‌. ته‌نها له‌ش و لاره‌ شلكه‌ ناسكه‌كه‌ی ده‌بینم و ڕوخساریشی به‌ پارچه‌ په‌ڕۆیه‌ك داپۆشراوه‌. له‌ناو حه‌شاماتی كۆڕه‌ودا دیار نییه‌ كه‌س خاوه‌نی ئه‌م نه‌مامه‌ ته‌رمه‌ بێ‌. نه‌مامێك، كه‌ مه‌رگ له‌ناو كه‌ژ و كێوه‌ غه‌مباره‌كانی كوردستاندا، بێكه‌س و بێخودان ده‌یژاكێنێ‌. من ئه‌وه‌ پتر له‌ بیست و دوو ساڵه‌ كاریگه‌ریی به‌ سوێی ئه‌م مه‌رگه‌ قه‌ت له‌بیر ناكه‌م. ئێستا وا بیره‌وه‌ریی سێكوچكه‌ی مه‌رگ، له‌ ڕۆحی مندا داگیرساوه‌ و ئه‌وه‌ پتر له‌ بیست و دوو ساڵیشه‌ ئازاری ڕۆحم ده‌دا و ڕۆحم ده‌سووتێنی. ئاخ! ته‌رمی ئه‌م كچۆڵه‌یه‌ له‌ ناوه‌ندی شه‌قام، له‌ نێزیك پردی خانزاد (به‌ستۆڕه‌) به‌ ته‌نها كه‌وتبوو؛ خه‌ڵكیش به‌ لێشاو له‌ كۆڕه‌ودا بوو؛ كۆپته‌ره‌كانی به‌عسیش خه‌ڵكی تۆقیویان بۆردوومان ده‌كرد و پێده‌چوو ئه‌م كچۆڵه‌یه‌ش هه‌ر كۆپته‌ره‌كان شه‌هیدیان كردبێ‌. ئێمه‌ هه‌موومان به‌ پڕتاو و به‌ شڵه‌ژاویی ده‌ڕۆیشتین و ئه‌و به‌ ته‌نها له‌ ناوه‌ندی جاده‌كه‌ كه‌وتبوو و به‌ ناچاریی به‌جێمان ده‌هێشت. ئه‌و بێكه‌س له‌م ناوه‌دا كه‌وتبوو. كه‌س و كاری دیار نه‌بوون، كه‌س نه‌یده‌زانی خاوه‌نی كێن؟ (*)  ئه‌وانیش دیار بوو به‌ ناچاریی به‌جێیان هێشتبوو. ئاخ! ئه‌م ته‌رمه‌ ته‌رمێكی چه‌ند پاكیزه‌ بوو، ده‌تگوت په‌رییه‌كه‌ له‌م ناوه‌دا كوژراوه‌ و خوێنی ڕژاوه‌. ئه‌ی خودا، وا له‌ كوردستان و له‌ زۆر شوێنی ئه‌م جیهانه‌دا، فریشته‌ و په‌رییه‌كانت ده‌كوژن و خه‌ڵتانی خوێنیان ده‌كه‌ن، كه‌چی تۆش ببڕای ببڕای، نه‌ ده‌توانی به‌رگرییان لێ‌ بكه‌ی، نه‌ ده‌شتوانی ڕزگاریان بكه‌ی! كه‌واته‌ تۆ بڵێی له‌ شه‌ڕه‌ ئه‌زه‌لیی و ئه‌به‌دییه‌كه‌ی نێوانتاندا، ئه‌مڕۆ شه‌یتان سه‌ركه‌وتنی به‌ده‌ست نه‌هێنابێ‌؟

 

(*)  ئا لێره‌دایه‌، كه‌ له‌ناو حه‌شاماتیشدا بێ‌ ئێمه‌ وه‌ك تاك ڕووبه‌ ڕووی مه‌رگ ده‌بینه‌وه‌. یه‌كه‌مجار مه‌رگ ڕوو به‌ ڕووی یه‌ك به‌ یه‌كمان ده‌بێته‌وه‌، ئینجا دوایی هه‌موومان پێكه‌وه‌؛ چونكه‌ ئێمه‌ له‌ ژیانیشدا وه‌ك تاك بوونێكی ته‌نیاین. به‌ ته‌نیا له‌ دایك ده‌بین و به‌ ته‌نیاش ده‌مرین. ته‌نانه‌ت له‌ كوشتنی به‌ كۆمه‌ڵیشدا، ئێمه‌ تاكی كوژراوین و ده‌توانین تاكه‌ كوژراوه‌كان بژمێرین. به‌ واتای كوژراوه‌كان به‌رله‌وه‌ی كۆمه‌ڵ بن، تاكن: تاكه‌ تاكه‌كان و تاكه‌ زۆره‌كان. بۆیه‌ ده‌شێ‌ مه‌رگی تاكه‌كه‌سێك له‌ مه‌رگی زۆر كه‌س كاریگه‌رتر بێ‌ (چونكه‌ هه‌ر هیچ نه‌بێ‌، ده‌شێ‌ ئێمه‌ مه‌رگی ئه‌و كه‌سه‌، ڕاسته‌وخۆ به‌ چاوی خۆمان ببینین)، ئه‌مه‌ش به‌و مانایه‌ نییه‌، كه‌ به‌های مرۆیی مه‌رگی ئه‌م له‌ به‌های مه‌رگی ئه‌وی دیكه‌ (یان ئه‌وانی دیكه‌) زیاتر بێ‌؛ به‌ڵكو ده‌شێ‌ مه‌رگی ئه‌م ببێته‌ ناونیشانی مه‌رگی هه‌موومان. ته‌نانه‌ت مه‌رگی هه‌زارانمان. لێره‌شدا ده‌شێ‌ بڵێم، كۆڕه‌و و ئه‌نفال پڕن له‌م ناونیشانانه‌: ناونیشان بۆ ده‌ستپێكردنی چیرۆكی كوشتنی نه‌ته‌وه‌یێك.

 

 

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.