مه‌ڕبوون … هێمن عومه‌ر خۆشناو
له نێو فه‌رهه‌نگی هه‌موو گه‌لاندا گورگ و مه‌ڕ دوو ره‌مزی دژ به‌یه‌كن و به درێژایی مێژوو، زه‌مه‌ن هه‌وڵی ئه‌وه‌ی داوه كه ده‌ستنیشانی هه‌ر كامێكیان بكات و په‌یوه‌ندییان له‌گه‌ڵ مرۆڤایه‌تی بدۆزێته‌وه.
وێكڕابوونی ئه‌م دوو ده‌سته‌ڵاته و ئاوخواردنه‌وه‌یان له‌سه‌ر كانییه‌ك، خه‌ونی ته‌واوی مرۆڤایه‌تییه. به‌ڵام ده‌ردی له هه‌موو ده‌ردان گرانتر و خه‌می له هه‌موو خه‌مان قورس‌تر ئه‌وه‌یه مرۆڤایه‌تی نه بتوانێ له‌گه‌ڵی بێته‌وه‌و نه گورگیشی پیێ له‌ناوده‌چێ, به‌ڵكو ئه‌وه‌یه له چوارچێوه‌ی مه‌ڕبوون دا بمێنێته‌وه.
مه‌ڕبوون ئه‌و كاته به‌ختیاری دێنێته كایه‌وه، كه هه‌موو پێكهاته‌كان به ده‌سته‌ڵاتیشه‌وه مه‌ڕ بن, لێ ئه‌وه‌ی سه‌ری هه‌موان ده‌خوا ئه‌وه نییه ته‌نیا مه‌ڕ بیت و به‌س, به‌ڵكو ئه‌وه‌یه بكرێی به مه‌ڕو له‌وێشدا شانازی به مه‌ڕبوونه‌كه‌وه بكه‌یت, شانازییه‌ك كه جگه له به‌گه‌ڵ مێگه‌ل كه‌وتن و دۆشینیشی سه‌ر بان و بن بار!!!
پله‌یه‌كی به‌رزتر له‌ناو مه‌ڕبووندا ئه‌وه‌یه هه‌ر به ته‌نیا نه‌نگی نییه به‌وه‌ی به زۆر‌و خورتی بدۆشرێ، به‌ڵكو تراجیدیای هه‌ره مه‌زن ئه‌وه‌یه مه‌ڕ خۆی خۆی بدۆشێ و بیخاته به‌رده‌می گورگ و جا تێر تێر لێی بخه‌وێ، به‌وه‌ی كه ئه‌و بۆته هۆكاری به‌ره‌كه‌ت بۆ گورگ.
له مه‌ڕ كه‌وده‌نتر ئه‌و شوانه‌یه، كه سه‌پانی گورگه‌و چه‌شنی سه‌پانی پووشێ وه‌ك به‌رده‌كه‌ی سیزیف هه‌رگیز به مه‌به‌ستی خۆی ناگات و ئه‌و كاته به‌خته‌وه‌ره كه به فه‌رمانی گورگ مه‌ڕان ده‌داته به‌ر گۆچانان، هه‌موو مه‌ڕێكیش نا، ئه‌و مه‌ڕانه‌ی جار نا جارێ بۆ چه‌ند ساتێك له مه‌ڕبوون په‌شیمان ده‌بنه‌وه‌و ئحمێك ده‌كه‌ن، ئه‌گه‌رنا زۆرن ئه‌و مه‌ڕانه‌ی خۆیان شوانی خۆیانن و حه‌وجێ به كرێ گرته‌و شوانی تازه بابه‌ت نین و به ئاسانی ده‌بنه‌وه میوانی پیره‌گورگ.
قه‌ت و قه‌ت بڕواناكرێ مرۆڤایه‌تی ئه‌مڕۆ كه چه‌ند حه‌ز به مه‌ڕبوون ده‌كات, مه‌ڕبوونێك كه واده‌زانێ مردن نییه‌و له‌و خۆشه‌ویستییه‌ی دونیادا جارێك له‌گه‌ڵ گورگ و جارێك له‌ناو مێگه‌ل دا سه‌ر به‌دوای یه‌كه‌وه ده‌نێن و له‌گه‌ڵ وششه‌ی شوان (گورگ)ێك، راده‌چڵه‌كێن و گوێچكان شۆڕ ده‌كه‌ن و ملی رێگا ده‌گرن. كه‌وده‌ن و گێلی وا هه‌ن له بنچینه‌دا بۆ خۆویستی خۆیان پیتۆلن، زرنگن, بنه پیته‌ن، بێ عیززه‌تن، بۆ پاروێ نان له دونیادا نه‌ك هه‌ر مه‌ڕبوونیان لا نه‌نگی نییه, به‌ڵكو گه‌لێ جاران هێنده دڵسۆز خۆیان نیشان ده‌ده‌ن، گوایه هێند به وه‌فان، به به‌زه‌یین، به‌سۆزن, مه‌ندو مولایمن، له خه‌باتی خۆیاندا ده‌بنه دایكی به‌رخ و له‌تاو به‌رخۆڵانیان فرمێسكی تیمساحی ده‌ڕێژن، له‌و په‌تك بۆ ئه‌و په‌تك، له‌و سه‌نگه‌ر بۆ ئه‌و سه‌نگه‌ر، له هه‌ر لایه‌شدا مامه‌حه‌مه‌یی، لاسایی, بێ باوه‌ڕی، بێ نرخی، … هه‌موو رۆژ مردن و ژیان، ده‌بێته ده‌سكه‌لایان و له سنووری مێگه‌لیشدا بۆ هاوسۆزی گورگ و بۆ سك تێری و برسی نه‌بوون:
گه‌هێ هه‌مده‌ردی ئه‌كرادن، گه‌هێ هه‌م عه‌یشی ئه‌تراكن
له‌لایێ ماده‌ری به‌رخن، له‌لایێ یاری گورگانن
(سالم)
ئه‌و مرۆڤانه‌یشی دروشمی (كه‌م ژیان و كه‌ل ژیان) به‌رزده‌كه‌نه‌وه, هه‌ر هاواریتیان: تكایه مه‌بن به مه‌ڕ، تو خودا مه‌بنه مه‌ڕ! ئامان مه‌بن به مه‌ر! لێ گوێچكه‌یان له په‌نای گورگدا كه‌ڕ ده‌بن و چاوه‌كان وه‌ك سه‌ركه بزۆت له تاریكی‌دا سوور سوور ده‌چنه‌وه!!!
تێبینی: له ژماره 13ی گۆڤاری ئاینده‌سازی بڵاوبۆته‌وه.