Skip to Content

Tuesday, April 23rd, 2024
موبەق … دڵسۆز حەمە

موبەق … دڵسۆز حەمە

Closed
by December 21, 2011 ئەدەب

دوور… زۆر لە دوورە  خەیاڵم
لەو جێگایەی دڵم بە عەشق  دەگات و
ڕۆحم  بە ئارەزوی  فڕین،
لای  ڕاوکردنی پەپولە  و
نوسینەوەی  سەفەری  نائومێدیە
بەناو
کوچەو  کۆڵان وپێچیدەی  دڵی هەمیشە
تەنگمدا،
دڵم لەوێیە و
دەستیشم
لە  حەوزی  کەفاوی پڕ قاپی  چەور وچڵکنە ،
لە پشتی  پەنجەرەی  موبەق  ژیان
ڕێگایەکە بە سەحرادا ،
سێوێکە بێباک لە هێرشی  کرم و چارەنوسی
کەوتنە ناو  زبڵخانەوە ،
لە پشت ئەم پەنجەرانەوە،
بەم ڕۆژگارە
من پیس وپۆخڵی ژیان 
لەم ژورانە ،
لەم  جلانە ،
لەم قاپانە ،
لەم ژیانە دەردەکەم ،
قاپ دەشۆم و،
جل دەشۆم و،
ماڵ دەشۆم  و،
پەنجەرە  ومێز و پەرداخ وکاشی ژێر   پێ
دەسڕمەوە
کەچی ژیان  دڵی  لە خەیاڵم پیسە ،
دڵی لە لەشی من پیسە ،
دڵی لە کەمەرم پیسە ،
دڵی لە قوڵایی نیگا و عەترەکانم
لە مەمکم و
لە ڕازی دڵیشم پیسە ،
لە تەمیزکردنا  تیاچو دەستەکانم
تەواوی عومرێکی درێژ ،
کەچی 
خاوێن نابێتەوە  پەنجەرەی  ماڵەکەی  ئەو
کە دەڕوانێتە باخچەکەم
کە گوێی  لە خشپەی دامێنی  کراسەکەمە
وەختایەک
بە گوماندا  تێدەپەڕێت  خاتیرەم و
دڵم دەچێت بە ڕەوتی  فڕینی باڵدارێکدا ،
چەند  بچوکە  ئەم  ژورانە !
چەندە لە پۆخڵیدا دەژی  دەستم و!
چەندە تاریکە  پەیوەندی !
بەم ڕۆژگارە
لە دوی شوین پێی پۆخڵیم
ژێر دۆشەک و،
ژێر نینۆک و،
ژێر قاچی  قەسسابەکان و ،
پشتی دەرگا و،ژێر بەردەکانی پەیوەندی و
ناو  لەپی قسەکردنیش  دەگەڕێم
ناو  بۆشاییە  ئازاراویەکانی  بێدەنگی
نەوەک  گومان،
جێپێیەکی  جێهێشتبێ
لە تارمایی  ئەو کەسەی  بە ڕاڕەوی  خەیاڵمدا
گوزەر  دەکات
لە بۆنی  ئەو گوناهانەی  خەیاڵم دەیکات
بەم ڕۆژگارە
لە دوی  شوێن پێی  پۆخڵیم و
تەنافەکان  پڕدەکەم
لە گۆرەوی و دەرپێ وفانیلە وچەرچەف و
بەرگی ئەو سەرینانەی
گۆڕیچەی  سەرنانەوەی دەیان ڕستە و
وێڵبونی  ئەبەدی  خەیالم بو لە  کوچە تاریک و
قەبزەکانی
تەنهاییدا ،
لە شوێن تەمیزیدا
فریوی خوارد  هەمو عومرم
لە سەرقاڵی  ئاشپەزی و برژانی  کولێرە
ئەسمەرەکاندا
خەیاڵم چەندە برسی  و
پەنجەی  عاشقم  چەندە  تینو  مانەوە !
لەگەڵ هەور
لەگەڵ  شەپۆلی لیخنی  قەترانی شەو
لەگەڵ  چارەنوسی نادیاری پەیوەندی  و
لەگەڵ  دورترین  ،تەنهاترین ئەستێرە
وەختێ ،
یەکانگیر  دەبێت خەیاڵ،
گوناه دەکات  ڕۆحم و
تەماشام دەبێتە  فڕین ،
دڵم دەگوشرێ .. دڵم دەگوشرێ
دەستم  بە سڕینەوەی قاپ  و
پاککردنی سیر و پیاز و
ڕوتکردنەوەی بایینجانە  ڕەشپۆشەکە و
سازکردنی خواردنەوە  دەلەرزێ ،
دەڵێی  لە گۆڕی  خۆمدا وەستاوم
دوور… دوور  لە زەمین
وەختە  بۆ ئەبەد
وەکو سیر و
وەکو پیاز و
وەکو نانی  کەڕولێدراوی
لەبیرکراوی  بن مەنجەڵ
لە ژێر زەمین  و
لادیوار و تەریکی ژیان
هەڵدەگیرێ  خەیاڵم
بۆگەن  دەکات پەنجەکانم
کەڕو لێیدەدات  خاتیرەم ،
بەدوی  تەمیزیدا  فریوی  خوارد هەمو
عومرم
لە بێدەنگی  بکوژی دیوارە  بەردینەکانی
موبەقدا
باڵندەکانی  ووتن .. دەمرن … مردن…
فڕینیان  بیر دەچێتەوە…
ئەڵێی  لە  گۆڕی  خۆمدا  وەستاوە
قاچەکانم .

سلێمانی –مایسی 2010

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.