Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
موسڵمان و مەسیحیەكان لە ئەندەنوسیا:

موسڵمان و مەسیحیەكان لە ئەندەنوسیا:

Closed
by February 20, 2008 گشتی

… گفتوگۆی ئاینەكان لە بەربڵاوی رۆشنبیریەتی توندوتیژیدا
 ن/ ئاریان فاربیورز…
 لەعەرەبیەوە/ هێمن مەحمود…
 
 سەرەڕای ئەوەی كە ئازادیی ئاینەكان یەكێكە لە بنەماكانی دەستوری ئەندەنوسیا، بەڵام كێشە ئابوری و سیاسیەكان و غیابی تێگەشتنی راستەقینە بۆ ئیسلام وەهایكردوە كە پێكداكێشانەكانی نێوان ئیسلام و مەسیحیەت زیاتر بێت.
 لەكەنیسەی كاسۆلیكی نزیك مزگەوتی سەربەخۆیی كە گەورەترین مزگەوتی ئەندەنوسیایە، قەداسەتی  ئێواران دەبەسترێت كە هەزاران نوێژكەر تیایدا بەشدار دەبن، لەكاتێكا ئەو كەسانە چەند هەفتەیەك پێشتر نەیاندەتوانی لە كەشێكی پڕ لەئاشتی و رۆحانی وەهادا بەشداربن.
 لە هەموو وڵاتیشدا پۆلیس لەترسی هێرشی موسوڵمانە توندەڕەوكان پارێزگاریان لەچەندین خانەی پەرستن كرد لەكاتی ئاهەنگەكانی سەری ساڵدا.
 ئەم مەترسیەش لەخۆڕا نەهاتبو، بەڵكو بەپێی ئامارەكانی ئەنجومەنەكانی ئیدارەی كەنیسە كاسۆلیكی و پرۆتستانتیەكان لە سێ ساڵی پێشوتردا زیاتر لە 108 خانەی پەرستنی مەسیحیەكان تاڵانكراون وسوتێنراون، ئەمە جگە لەو هەڕەشانەی كە لە هەڵگەڕاوەكان دەكرێت. توندترینی ئەم هێرشانەش لە ناوچەی "جاوە"ی رۆژئاوابوو.
 كەمی هۆشیاری یارمەتیدەری توندوتیژییە
 "غومار غولتوم" كە یەكێكە لە قەشەكان و ئەندامی ئەنجومەنی ئیدارەی كاروباری جالیەی پرۆتستانتیە لە ئەندەنوسیا بڕوای وەهایە یەكێك لە هۆكارەكانی توندوتیژی موسڵمانە توندەڕەوەكان دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی كە زۆرێك لە موسڵمانەكان بڕوایان وەهایە بونی مەسیحیەكان و كەنیسەكانیان لە ئەندەنوسیا دەمامكێكە بۆ "تەبشیری مەسیحی".
 هەروەها دەڵێت: " بۆ نمونە كاتێك كە خانەیەكی پەرستنی مەسیحی دروستدەكرێت، ئەوان وەهای دەبینن كە ناوەندێكی تازەیە بۆ بڵاوكردنەوەی مەسیحیەت، هەروەها نیگەرانیشن لەوەی نەوەی ئەو توێژانەی خەڵك كەئاستی خوێندنیان نزمە ئاینی مەسیحیەت هەڵدەبژێرن".
 ئاگادارنەبون لە بنەماكانی ئاین و هاندانی نالێبوردەیی و توندوتیژی وهەژاری بەرفراوان لەنێو توێژەكانی كۆمەڵگادا كۆمەڵە هۆكارێكن كە لەپشتی هێرشە چەند بارەبوەكانن نەوەك هەربەتەنها بۆسەر مەسیحیەكان بەڵكو بۆسەر تائیفەكانی دیكەی ئیسلام بۆ نمونە تائیفەی ئەحمەدی.
 زۆرێك لە مەسیحیەكان رەخنە لەحكومەتی ئەندەنوسی دەگرن كە لە بنەبڕكردنی زۆربونی دیاردەی توندوتیژی تائیفی سستە، هۆكاری ئەوەش بۆ ئەوە دەگەڕێننەوە كە لەدەستوردا بەشێوەیەكی تەواوەتی ئازادیی ئاینی تیادانیە.
 هەروەها هێزەكانی ئاسایش زۆربەی جار وەك هاندەرێك تەماشادەكەن لەو كاتەی كە توندڕەوە ئیسلامیەكان توندوتیژییەكانیان ئەنجام دەدەن.
 زانیاری دەربارەی ئاینی ئەوانی دیكە
 سەرەڕای ئەوەی كە ئەم ململانێیە روخسارێكی ئاینی هەیە، بەڵام زۆرێك لە رێكخراوە ئیسلامیە لیبراڵیەكان و نوێنەرانی كەنیسە مەسیحیەكان هەوڵی هاندانی بەردەوامی گفتوگۆی ئاینی دەدەن.
 هەر لەم سیاقەدا "ئەریك بارۆس" كە هاوڵاتیەكی سەر بەهۆزی "باتاك" ی باكوری سۆمەترەیە دەڵێـت: "لەهەمو ساڵێكدا دانیشتنێك رێكدەخەین بۆ دیراسەتی ئاینەكانی دیكە و بەشداربوەكانی لەهەموو مەزهەب و ئاینەكانی دیكەی تیادایە لەنێویاندا زانایانی ئیسلامیشی تیادایە".
 بارۆس دەڵێت: "لەو دانیشتنەدا باس لە كەشی پێكەوەژیانی ئاشتیانەی نێوان ئاینەكان دەكرێت لە ئەندەنوسیا".
 هەروەها چەندین وەرشەی كار دەكرێتەوە بەبەشداری هەر 86 ئەندامەكەی ئەنجومەنی كەنیسە و زانایانی ئیسلام كە تیایدا ئەو فرسەتە بۆ قەشەكان دەخوڵقێندرێت كە گوێ لە تێڕوانینی بۆچۆنی ئیسلامی بگرن دەربارەی هۆكاری توندڕەوی ئیسلامی و دانانی سنورێك بۆی.
  "فرانتز ماگنیس" كە قەشەیەكی ئەڵمانییە كە هەموو ژیانی خۆی بۆ پتەوتركردنی گفتوگۆی نێوان ئاینەكان لەئەندەنوسیا تەرخانكردوە.
 لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا لەئاستی ناوخۆیی چەندین موبادەرەی دیكە هەیە بۆ گفتوگۆ، بۆ نمونە لە ناوەڕاستی شاری "جاوە"مەسیحیەكان بەشێوەیەكی بەردەوام چاویان دەكەوێت بە موسڵمانەكان بۆ ئەوەی لەبنەماكانی ئاینی ئیسلامی شارەزابن.
 بێدەنگی هێزە میانڕەوەكان
 هەروەها چەندین كۆبونەوەی گەنجانە لەنێوان گەنجە موسڵمانەكان و مەسیحیەكاندا رێكدەخرێت و لەناوچە دورە دەستەكاندا كاری خێرخوازی ئەنجامدەدەن.
 لەلایەكی دیكەشەوە ئاستی هاوكاریكردنی رێكخراوە ئیسلامیە لیبراڵەكان بەتایبەتی لەگەڵ رێكخراوی "نادلاتول اولماو" كە گەورەترین رێكخراوی ئیسلامی جەماوەرییە لە ئەندەنوسیا بەرەو پێشەوە رۆشتوە.
 بەڵام سەرەڕای هەموو ئەوانە"فرانتز ماگنیس"ی قەشە كە ساڵانێكی درێژە لە جاكارتا دەژی هێشتا بەتەواوەتی دان بەوەدا نانێت كە لەو سیاقەدا پێشكەوتنی بەرچاو بەدیهاتبێت.
 دەڵێت: "لەئاستی باشتربونی پەیوەندییەكان لەگەڵ رێكخراوی "نادلاتول" و لەگەڵ ئەو رێكخراوەكانی دیكەدا وەك رێكخراوی "موحەمەدی" كاری زۆرتر ماوە، بەڵام لەدوای روخانی "سۆهارتۆ"ەوە بزوتنەوە توندڕەوەكان توانیویانە ئیستغلالی دیموكراتیەت و ئازادی لەوڵاتدابكەن و بەشێوەیەكی ئاشكرا دەربكەون و كار لەڕای گشتی بكەن".
 لەكاتێكیشدا كە توندڕەوەكان بەئاشكرا بیروبۆچونی خۆیان بڵاودەكەنەوە، هێزە میانڕەوەكان بەشێوەیەكی بەردەوام بێدەنگیان هەڵبژاردوە وەك ئەوەی "ماگنیس" وەهای دەبینێت و دەڵێت: "لەوانەیە بتوانین باڵی ئیسلامیە لیبراڵەكان لەوە دەربكەین، بەڵام ئەم سەركەوتنە ناتوانێت كاریگەریی هەبێت چونكە زۆر بەسادەیی لەتێڕوانینی موسڵمانە سادەكاندا بە ئەوپەڕی لیبراڵیەت سەیردەكرێت".
 
 سەرچاوە/ سایتی
  "قنطرە"
 و.بۆ عەرەبی: عماد م.غنیم
 
Hemnm1979@yahoo.com
 
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.