Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
موچەکەی بەناز و پارەی تێچووی دەزگا ئیعلامییەکانی حیزبەکان

موچەکەی بەناز و پارەی تێچووی دەزگا ئیعلامییەکانی حیزبەکان

Closed
by September 27, 2011 گشتی

 

ئەو کچە ژیکەڵەیەی لە ماوەی ڕابردوودا گیانی خۆی کردە قەقنەز، لەبەر ئەوەی کە دانەمەزراوە و نەبوەتە خاوەنی موچەیەکی  چەند سەد هەزار دیناری لەم پارەیەی کە ناوی پارەی برێمەرە، بوە هۆی ڕاچڵەکینێکی گشتی، تا ئەو ڕادەیەی دەسەڵات خوازیارە کەیسی بەناز زوو بکەوێتە ژێر تەپوتۆزی ڕواداوەکان و هەرچی توانای خۆی هەیە بیخاتە کار بۆ ئەوەی بوعەزیزی لەناو کورددا دروست نەبێت، هەرچی ئۆپۆزسێۆنیشە نوقلانەی ئەوە لێدەدات کە بەناز بوعەزیزی کوردە و دەکرێت ئەم کیژۆڵە نازدارە ببێتە سەرەتای شۆڕشێکی سپی، کە عەرشی دەسەڵات بلەرزێنێت.
ئەگەرچی گرتە ڤیدیۆیەکەی ئەو کیژۆڵەیە زۆر بەسانایی ئەوەی سەلماند، کە خۆ سوتاندنی ئەو، وەک پەرچە کردارێک بووە بەرامبەر بەو نا عەدالەتییەی کە دەسەڵاتی خۆماڵی بەرهەمی هیناوە، برای هەمان کیژۆڵە لە ڕۆژنامە و بڵاوکراوەکاندا ئەوەی دووبارەکردوەە، بەڵام  یەکێک لە پارتە دەسەلاتدارەکان ، برای ئەو کیژۆڵەیەی هێنایە سەر تیڤی بۆ ئەوەی نکوڵی لەوە بکات کە خۆشکەکەی لەبەر دامەزراندن خۆی سوتاندبیت، ، تەنها بۆ ئەوەی پەردە پۆشی ئەو خۆسوتاندنە بکرێت و دیزە بەدەرخونە بکرێت، کە ئەمەش نا ئەخلاقیترین کارە، دەزگای ئیعلامی پێێ هەستێت.
کۆی گشتی خەونەکانی بەناز لە دامەزراندا کۆبوبوەوە، تەنها و تەنها بۆ ئەوەی کە چاوەروانی ئایندەیەکی ڕوناک بێت، چونکە هەموو ئەو ڕاستییە دەزانین، کە حکومەتی هەرێم لە بیست ساڵی رابردوودا هێندە نەزانانە کاری کردووە، پێموابێت چەندین زانای دەوێت بۆ چەندین دەیە تا بتوانن ئەو هەڵانە راست بکەنەوە کە دەسەلاتی کوردی کردویەتی لە ڕابردوو دەرحەق بە پەرە پێدانی کەرتی گشتی و کەرتی تایبەت.
گرفت ئەوەیە، ئەو مووچەیەی بەنازی ژیکەڵە خەونی پیوە دەبینی، چەند سەد هەزار دینارێکە لە مانگێکدا، ئەگەر خاوەنی دەسەڵاتێک بوینایە کە هاوڵاتی خۆی بخستایەتە سەنتەرەوە، نەک هەر بەناز بەڵکو زۆربەی ئەندامانی کۆمەڵگاکەمان دەیانتوانی لانیکەم ببنە خاوەنی کارێکی باش، ئەوەشی کاری دەستنەکوتایە، خەمی ژیان و پەیداکردنی قوتی، کارێکی نە ئەکرد کە مرۆڤەکانی ئێمە سەری ڕەشیان بۆ سپی بکردایە، چونکە ئەو کات هەرچی بێکار بوو دەبووە خاوەنی مووچەیەکی بێکاری کە بیتوانیایە خۆی پی بژیانایە، بەڵام ئەم دەسەڵاتەی ئێمە، هێندە خەمساردە لە ئاست هاووڵاتییەکانی خۆیدا، کە دەتوانین ناوی بنێین سەرکەوتوترین دەسەڵاتی سەدەی بیست و یەک لە پشتگوێ خستنی هاووڵاتییەکانی و بە هەند وەرنەگرتنی خەمی هاووڵاتییانی.
ڕەنگە هەبن وا بزانن ئەم بۆچونە زیادەڕۆیی پیوە دیارە، بەڵام ئەگەر بە راستی بێین و حەق و حسابیک لەگەڵ ئەم برادەرانەی خاوەن دەسەڵاتدابکەین، ئەو کات بۆمان دەردەکەوێت کە قسەی ئێمە تا چەند خاوەنی ڕاستییە.
با ئێمە بپرسین، ئەم هیزە سیاسییانە ئێمە کاتیک لە شاخەوە هاتن خاوەنی چ سەروەت و سامانێک بوون؟؟ هیچ، جگە لە خاوەنی سەرمایەیەکی ڕەمزی جوان، کە پێیان دەوترا پێش-مەرگ-ە واتە ئەو کەسەی پێش مەرگی خۆی دەکەوێت، بەڵام با بپرسین ئەم برادەرانە ئیستا خاوەنی چین؟ سەدەها ملێۆن دۆلار، بالەخانەی بەرز، سەدەها ئۆتۆمبێل و کۆمپانیای ڕاستەوخۆ و ژێر بە ژێر، لەمانەش بترازێ، هەر یەکێک لەم حیزبانە خاوەنی چەندین کەناڵی راگەیاندنن، بەتایبەتی کەناڵی تەلەفزیۆنی سەتەلایت.
لە سەرەتای دروستبوونی کابینەی شەشەوە، ئومیدێک دروست بوو، کە حکومەت بڕی پارەی تێچووی کەناڵە حیزبییەکان دەبڕێت و دەیخاتەوە سەر ئەو برە کەمەی کە پیویستە بۆ هاووڵاتییان سەرفبکرێت، بەڵام بە داخەوە لە سەردەمی ئەم کابینەیەی ئێستا، نەک هەر ڕاگەیاندنی حیزبی کەمینەکرد، بەڵکو ڕۆژ بە ڕۆژ لە زیادبووندایە، بەتایبەتی تەلەفزیۆنی سەتەلایت، کە یەکێکە لە گرانترین جۆری ڕاگەیاندن. ئەوەتا حزبەکەی سەرۆکی حکومەت خەریکە وایلێدێت دەبێتە خاوەنی کەناڵی تەلەفزیۆنی بۆ هەموو شارو شارۆچکەکانی کوردستان، هەر ئیستا ئەم هیزە جگە لە دوو کەناڵی سەرەکی، کەناڵێکی بۆ کەرکوک و کەناڵێکی بۆ بادینان کردۆتەوە، وا بروات کۆیە و شارەزور و شارباژێر و سلێمانیش ئەبنە خاوەنی کەناڵی سەتەلایت. با ڕاستگۆیانە بدوێین، ئایا ئەم هەموو کەناڵی ڕاگەیاندنە بە پارەی کێ بەڕیوە دەچێت؟؟ ئایا زۆربەی ئەم ڕاگەیاندنانە بە پارەی میللەت و بودجەی خەڵک ناڕوات بەڕیوە، بە بودجەی بەنازەکان و هەموو ئەو خەڵکە ڕەشوڕوتەی کە هەیانە دەرۆزە دەکات و هەیانە وەک بەناز گیانی خۆی دەکاتە خەڵوز، بەڕیوە ناچێت؟؟
ئیستا بە شێوەیەکە، زۆربەی حزیبەکان لە هەرێمی کورسستاندا، خاوەنی چەندین ڕۆژنامە و گۆڤار، ڕادیۆ و هەفتەنامە، تەلەفزیۆنی ناوخۆیی و سەتەلایتن( تەلەفزیۆنی سەتەلایت پارەی خەیاڵی تێدەچیت)، ئەگەر تەنها وای دابنێین ئاساییە هەر حزبە و خاوەنی یەک کەناڵی تەلەفزیۆنی سەتەلایت بێت، ئایا ئەگەر تەنها پارەی تێچووی باقی ئەو کەناڵانەی بە فەرمی هی یەکیتی و پارتین لەگەڵ کەناڵە سێبەرەکانیان بگەڕیتەوە باخەڵی خەڵک و بکرێتە پرۆژە و کارگە و بە مۆرکی حکومەتییەوە، ئایا ئەو هەزارەها گەنجەی وەک بەناز لە چاوەڕوانی دامەزرانددان، بێکار دەبن؟؟
لێرەوە دەگەینە ئەو بڕوایەی کە دەسەڵاتی کوردی لە ٢٠ ساڵی رابردوودا هێندەی هەوڵی دەوڵەمەندیکردنی حزبی داوە و کار لەسەر ئەوە ئەکات لە ڕێگەی ڕاگەیاندنەوە پێگەی خۆی قایم بکات، نیو هێندە کاری بۆ ئەوە نەکردووە کە هاووڵاتی هەرێمی کوردستان ببێتە چەق و کاری بۆ بکات و لەوڕیگەیەوە پێگەی جەماوەری خۆی قایبکات، ئەمە لە کاتێکدایە، کە ئەوە مافی بەنازەکانە کە ببنە خاوەنی باشترین مووچە، چونکە بودجەی هەرێم بەناوی ئەوانەوە وەردەگیرێت، کەچی حیزب دێت و گیرفانی خۆی لێ پڕدەکات و ساڵانە بە چەندین ملیۆن دۆلار بۆ کەناڵە تەلەفزیۆنییەکانیان سەرف دەکات.
نازانم دەنگە لیبڕاڵەکانی ناو حیزبەکانی دەسەڵات بۆ نقەیان لە خۆیان بڕیوە و نایەنە گۆ و بە حیزبەکانیان بڵێن: برادەرینە، پێگەی جەماوەری لە ڕێگەی تەلەفزیۆنی زۆر و بۆرەوە دروست نابێت، وەرن با ئەو پارەیە بخەینەوە بەردەمی میللەت خۆی، چونکە ڕیگەی تەندروست ئەوەیە؟
ئافەرم دەسەڵاتی کوردی بۆ خۆت و کار و کردارت، ساڵانە سەدەها ملیۆن دۆلار لە بودجەی خەڵک بۆ دەزگا ڕاگەیاندنەکانت سەرف دەکەیت، بەڵام لەولاشەوە بەنازەکان بۆ چەند سەد هەزار دینارێک گیانی خۆیان دەکەنە خەڵوز.

ئاری ئەبوبەکر

 

لە ژ. ٧٦٧، ڕۆژنامەی هاوڵاتیدا بڵاوکراوەتەوە

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.