Skip to Content

Tuesday, April 23rd, 2024
میدیای كوردی و بەهاری عەرەبی

میدیای كوردی و بەهاری عەرەبی

Closed
by December 23, 2011 گشتی

    ئەم بابەتە بۆ میدیای كوردی كە ناواخنەكەی مەسەلەی بەهاری عەرەبی یە، هەرچەندە  ئەم وشەیە زیاتر هۆیەكانی ڕاگەیاندنی رۆژئاوا و میدیا زەبەلاحەكانی وەك سی ئێن ئێن ئەمەریكی، بی بی سی دامەزراوەی ڕاگەیاندنی حكومەتی بەریتانی، بەكاریانهێنا لە ژێر دەستەواژەی(Arab Spring)، لەهەمانكاتیشدا میدیای رۆژهەڵات بەتایبەتی كەنالى‌ ئەلجەزیرەی قەتەری و كەناڵی ئەلعەرەبیەی سعودی، شۆرشی تونس بەناوی (شۆرشی یاسەمین) و شۆرشی میسریەكان بەناوی(شۆرشی 25 ینایر)، بەهەر حاڵ میدیای كوردی بەهەر چوار جۆرەكەى(كەناڵە ئاسمانییەكان، رۆژنامەو گۆڤارەكان، پێگەئەلیكترۆنیەكان، ڕادیۆكان كەمتر) بونەتە تەماشاكەرێكی زۆر بێ‌ توانا لەماوەی ئەم یانزە مانگە بەهاری عەرەبیدا، ئەوەی لەكەناڵەكانی عەرەبی زمان و پێگەی ئەلیكترۆنیەكانیان بڵاودەكرێتەوە كە لەناوهەناوی بەهاری عەرەبی ڕوودەدات، میدیا رۆژئاوا بۆ گواستنەوەی زانیاری ڕاست و دروست بۆ هاوبەشەكانیان لە هەموو جۆرەكانی هۆیەكانی ڕاگەیاندن، بەملیۆنەها دۆلاریان خستۆتەگەر بۆ گواستنەوی نوێترین و خێراترین زانیاری بۆ سەرتاسەری جیهان، بەهاری عەرەبی بۆ میدیای عەرەبی بۆتە دەرفەتیك كە زیاتر ڕووماڵی هەواڵەكانی بكات لە هەریەكە لەوڵاتانی میسرو تونس و لیبیا و یەمەن، كە لە پێشوودا ئەو دەرفەتە زێڕینەی ئێستایان نەبوو، كە سەركردەیەك لە (برایانی موسڵمانی میسر) یان سەركردەیەكی وەك (راشد غەنووشی لە تونس) ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ چاوپێكەوتنی لەگەڵ بكەن، هەرچەندە ئەمە بۆشاییە كە دروستبووە بۆ میدیا زەبەلاحە سیاسیەكانی عەرەبی لە وڵاتانی بەهاری عەرەبیدا، هەروەها لەم وڵاتانەی ناومهێناون بەتایبەتی كەناڵی ئەلجەزیرە ئەو ئازادییەی ئێستای نەبوو، كۆت و بەندێكی زۆری لەسەر بوو، بۆیە ئێستا بۆتە مۆدێلێكی ڕاگەیاندنی سیاسی عەرەبی، بەبەراوردكردنی میدیای كوردی بە ڕاگەیاندنی عەرەبی نەك ئەوروپی و ئەمەریكی..
  بەداخەوە ڕاگەیاندنی ئێمە لەم ساتەوەختەی گۆڕانكاریەكان زۆر (بێكار و ناكاران)، هۆیەكانی ڕاگەیاندنی ئێمە زۆر حزبین بەداخەوە لە گواستنەوەی هەواڵە تەشریفیەكان تێنەپەڕیون، هەروەها پارتە ئۆپۆزسیۆنەكان بەدەر نین لە بڵاوكردنەوەی هەواڵە تەشریفەكان، ئەوەی ڕاگەیاندنی كوردی جیاواز دەكاتەوە لەهەموو ڕاگەیاندنێكی بیانی و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕاگەیاندنێكە زانیاری بابەتی نابەخشێت، نەك ئەو هەواڵ و ڕاپۆرتانەی تایبەتن بەباری ناوخۆی كوردستان ( ئەمە كێشەیەكی ترە و قسەی زۆر لەسەر كراوە)، هەتا زانیارییەكی زۆری كەڵەكە بووه لەسەر پێگەكانی ئەلیكترۆنی و ئاژانسەكانی هەواڵ، كە تا ئێستا نەیتوانیووە وەبەرهێنانی زانیاری تێیدا بكات، ئەمەش پەیوەست بە چەند هۆكارێكی بنەڕەتی بۆ دواكەوتنی ڕاگەیاندنی كوردی لەبەرامبەر ڕووداوەكانی بەهاری عەرەبی. یەكەم: سیاسیەتی ڕاگەیاندنی زۆر تەسكە بەتایبەتی ڕاگەیاندنی حزبەكان، دەڵێن هەیە و نییە هەر ئەوەیە. دووەم: ڕاگەیاندنی ئەهلی-سەربەخۆ- ئۆپۆزسیۆن، بیانووی سەرەكیان ئەوەیە كە سەرمایەیان (پارەكەیان) بەشی ئەو ڕووماڵكردنەوەی دەرەوەی كوردستان ناكات. ئەمەش ڕاگەیاندنی كوردی هەم بەدەستی حزبەكانی خستۆتە بوارێكی تەسكی ئیشكردنەوە، لەگەڵ ئەوەشدا میدیای سێ‌ كوچكەكەی دەرەوەی حزبەكان بە نەبوونی دارایی پێویست دەستی كاری ڕاگەیاندنی خۆی بەستووە یان بەستراوە، واتا لەیەكەم خاڵدا میدیای كوردی لە چەقبەستنێكی دووسەرەدایە لایەك توانای هەیە كاربكات لایەكی تر توانای نییە كاربكات، بەڕاستی چۆن هەرێمەكەمان شازە ئاواش ڕاگەیاندنەكەمان شازە، خاڵی سێیەم: رۆژنامەنووسی پیشەیی لە سەرنووسەری كەناڵەكانی ڕاگەیاندنى كوردی بوونێكی زۆر كەمی هەیە، چونكە سەرنووسەری چالاكی سەركەوتوو نەك باش، دەتوانێت ڕاگەیاندنێكی گەورەی پڕ زانیاری بە هاوبەشەكانی ببەخشێت، نموونەیەكی زۆر سادە: ئەرێ‌ خێرە سەرنووسەری رۆژنامەیەك يان بەڕێوەبەری كەناڵێكی ئاسمانی ئەوە نەزانێت ئەو هەموو چاودێری سیاسیە خۆی دەكات بەكەناڵەكەی بە كاتژمێر قسە دەكەن كە تەنها قسەی سواو و دووبارە و قسە لەپێناو قسەكردن نەبێت لە زمانی نابیستیت، واتا یەكێك لەو كێشانەی بەردەم گواستنەوەی زانیاری لە میدیای كوردی دروستبووە چاودێری سیاسییە، تا وای لێهاتووە ناوی خۆیان ئاشكرا نەكەن لە لێدوانەكانیاندا لەسەر پرسە گرنگەكاندا، لەهەموو كەسێكی خوێندەوار ئاشكرایە كەسێك خاوەنی لێكدانەوەی زانستی و پێشبینی سیاسی بێت چۆن دەبێت ناوی خۆی بشارێتەوە، خەڵك ئەو چاودێرە نەناسن كە ڕووداوەكانی ئێستا و داهاتوو دەخوێنێتەوە كە بەشێكی پەیوەستە بە بەشێكی ژیانی بنەڕەتی خەڵكەوە، مەسەلەكە رێك وەكو شایی كوردی جاران و ئێستای لێهاتووە، لەگەڵ رێزم بۆ ئەو هەرزەكارانەی ئێستا كە دەڕۆیت بۆ شاییەك یان ئاهەنگێكی بووكگواستنەوەی دۆستێك، لە سەرچۆپی بۆ گاوانییەكەی هەمووی هەرزەكارە، خەڵكەكە نەتەماشايان دەكەن نە گرینگیشی پێدەدەن.
    بۆیە گرینگە ڕاگەیاندنی كوردی بەدوای ئەو كەسانە دابگەڕێیت كە ئەزموونێكی زۆری سیاسیان لە ژیاندا هەیە، بەتایبەتی لەسەر بارودۆخی دەرەوەی كوردستان و بەهاری عەرەبی بەدوای ئەو كەسانەدابێت كەلەو وڵاتانە دەژین، بۆ لێكدانەوەی هەواڵەكان و ڕووداوەكانی ناو بەهاری عەرەبی، زۆر بەداخەوە لە رۆژنامەكان و كەناڵە ئاسمانییەكان بابەتی وا دەبینیم ئەو كەسە بە چەند هەزار كیلۆمەترێك دوورە لە بەهاری عەرەبی قسەی وای تیانووسیووە یان لە كەناڵە ئاسمانییەكان لێدوان دەدات هەر باش نییە باس بكرێت! سوپاس بۆخوا لەو هەموو چاودێرە سیاسیەی كە قسەی زۆر سواو دەكەن، پێویستە قسەكانیان هەر بكەین بە نوكتەی بەهاری عەرەبی نەك شیكردنەوەی بەهاری عەرەبی، قسەكردن لەسەر بەهاری عەرەبی پێویستی بە تیڕامان و لێكدانەوەی وردی بابەتیانەی رۆژنامەوانی زانیاری هەیە، لەبەرچی؟ چونكە لە وڵاتانی بەناوی بەهاری عەرەبی كە بۆماوەی كەمتر لە ساڵێكە تێیدا بەردەوامە، پێكهاتەی كۆمەڵایەتی و ئاینی و كێشەی ئابووری و ململانێی سیاسی رۆژ بەرۆژ تێیدا گەرمتر دەبێت، بەتایبەتی هەڕەشەیەكی زۆر گەورە لەبەرانبەر كەمینە ئاینیەكان هەیە، ئەمە بۆتە نموونەیەك كە بەشێك لە وڵاتانی رۆژئاوا پاشەكشە لە پشتگیریكردن لە بەهاری عەرەبی بهێنن یان ساردببنەوە لەوەی پێشووتر دەیانكرد، ئاشتی كۆمەڵایەتی و كۆمەڵگاكانی عەرەبی كە هەموو شتێك سەپێنراوە لەبەردەم تەقینەوەیەكی گەورەدایە، بێكاری تەقینەوەیەكی گەورەتر بەدوای خۆیدا دەهێنێت، تەقینەوەی دانیشتوان بەدوای خۆیدا دەهینێت، زیاتر بەدواكەوتنی بوارەكانی توێژینەوە زانستی لە وڵاتانی بەهاری كە سفر پۆینت سفر نییە لەئاست زانكۆكانی جیهاندا و بە سیاسیكردنی خوێندن و توێژینەوەی زانستی، پاشەكشەی ئابووری گەشتیار و داڕمانی ئابووری وڵاتانی بەهاری عەرەبی كە پێشتر پارەیەكی زۆرى وڵاتانی ئەوروپی قەرزداربوون ئەمجارەیان لیبیاش هاتە ریزیانەوە.
  گۆڕانكاری مەدەنی و پرۆسەی دیموكراتی لە ئاستێكی زۆر لەسەرەخۆدایە، بەتایبەتی لە میسرو تونس و لیبیا، سوپا و میلیشای دەمامكدراوی سەلەفی حوكم لەوڵات دەكەن، ئیسلامی توندڕەویش شەقام دەجوڵێنێت، ئایندەی ئیسلامی میانڕەو كەوتۆتە ژێر هەڕەشەی ئیسلامی توندڕەو هێزە دیموكراتیەكان لە پاشەكشەدان، كە مەیلێكی زۆری بۆ دواكەوتن هەیە نەك پێشكەوتنی مەدەنی ودیموكراتی لەناوچەكەدا، ئەگەرەكانی بەردەم بەهاری عەرەبی زۆرن كە هێشتا ڕاگەیاندنی كوردی كە بەجۆرێك لە مەیدانەكە ئامادەیی نییە، ئەوانەی سەرەوەشی بەتەواوی ڕووننەكردۆتەوە بۆ ئەوانەی بینەری كەناڵەكانن، یان خوێنەری رۆژنامەو پێگە ئەلیكترۆنیەكانن یان بیسەری ڕادیۆكانن، پرسیار ئەوەیە ئایا میدیای كوردی توانیوویەتی بەهاری عەرەبی وەكو خۆی شیبكاتەوە یان هەر لە كەناری ئەو بەهارەدا خول دەخواتەوە و زانیارییەكانی سەرەتایین و مرۆڤی كورد بتوانێت پەنجە بە ریمۆت كونترۆلەكە بنێت بۆسەر كەناڵێكی ترى بیانی؟


محەممەد گەڵاڵەیی*

*زانكۆی بەیروتی عەرەبی-لوبنان
22-12-2011

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.