Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
میدیا و تووندوتیژی … پۆڵا سەعید

میدیا و تووندوتیژی … پۆڵا سەعید

Closed
by February 14, 2013 گشتی

 

 

 

 

سه‌ره‌تا به وته‌یه‌کی ڤۆڵتێر ده‌ستپێده‌که‌م، که له‌وه‌ته‌ی بیرم بێت به هه‌ڵه‌ له‌ناو ئێمه‌ی کورددا چ ده‌گووترێت و چ له وتاری ڕۆژنامه‌ و سایته‌کانی ئینته‌رنێتدا بڵاوده‌کرێته‌وه. ڤۆڵتێر ده‌ڵێ: ده‌شێت نه‌فره‌ت له‌وه بکه‌م، که ده‌یڵێی، به‌ڵام ژیانی خۆم له‌پێناوی ئه‌وه‌دا داده‌نێم، که بۆت هه‌بێت بیڵێیت.

Ich mag verdammen was du sagst, aber ich werde mein Leben dafür einsetzen, dass du es sagen darfst.

„Voltaire“ 

 

هه‌رگیز له‌گه‌ڵ سه‌رکووتکردنی بیروڕادا نه‌بووم، ئه‌گه‌ر دژ به خودی خۆیشم بووبێت. ده‌شێت بیروڕاکانی دژ به من له چه‌ند ساڵی ڕابوورددا زیاتر جنێو و سووکایه‌تییپێکردن بووبێت، لێ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌کسێپتم کردووه، نه‌ک به‌وه‌ی، که په‌سه‌ندێتیی به سووکایه‌تییپێکردنم بده‌م، نه‌ک به‌وه‌ی، که لاواز بم، به‌پێچه‌وانه‌وه له به‌هێزیی خۆمه‌وه‌‌یه، چونکه هه‌تا ئێستاش دڵنیام له‌وه‌ی، که ئه‌وانه نازانن چیده‌که‌ن. چونکه دڵنیام له‌وه‌ی، که ئه‌وانه ده‌بێت ئه‌وه بکه‌ن، که ده‌یکه‌ن، چونکه ئه‌وان ئه‌وه‌ن، که هه‌ن خۆشیان نازانن بۆچیی، به‌ڵام من ده‌زانم. نه‌ کووشتنی سوکرات نه یێسووس کۆتایی پێنه‌هاتووه، ڕۆژانه سوکرات و یێسووس ژه‌هرخوارد ده‌کرێن و له‌خاچ ده‌درێن.

کۆششی من کۆشش نییه بۆ تاکه‌کان، به‌ڵکوو کۆششی مرۆڤایه‌تییه، کۆششه بۆ ژیانێکی به‌خته‌‌وه‌ر. کۆشش بۆ تاک ده‌بێته هۆی جیاکردنه‌وه، واته مرۆڤ ئاماده‌یه یارمه‌تیی مرۆڤی A بدات و مرۆڤی B په‌راوێز بکات. ئازادیی ڕاده‌ربڕیین ده‌بێت بۆ هه‌موو بێت، نه‌ک ته‌نها بۆ کۆیه‌ک.  کێشه‌که کێشه‌ی ده‌زگایه‌ک نییه، که هه‌ڵه به‌کاردێت، به‌ڵکوو کێشه‌ی که‌سایه‌تییه‌کانی ناو ده‌زگاکه‌یه، که میدیا ده‌به‌ن به‌ڕێوه. که‌سایه‌تیی تێکچووی تاکه‌کان وه‌ها ده‌کات، که میدیای کوردیی هه‌میشه به‌وشێوه‌یه‌ بێت، که هه‌یه. له ڕۆژنامه و گۆڤاره‌کانی کورد له باشووردا که‌سایه‌تیی تێکچووی سه‌رنووسه‌ر و ستافه‌که‌ی ده‌بینم. که‌سایه‌تیی تێکچووی نووسه‌ره‌کانی ده‌بینم.

خراپتریین میدیای کوردیی ده‌توانێت ببێته باشتریین میدیای کوردیی، ئه‌ویش به‌وه‌ی، که ته‌واوی کارمه‌نده‌کانیان لابه‌ریت و سه‌رله‌نوێ چه‌ند کارمه‌نێکی ته‌ندروستی تێدا بخه‌یته‌ کار. له بچووکتریین کارمه‌نده‌وه هه‌تاوه‌کوو سه‌رنووسه‌ریان پێویسته ته‌ندروست بن، پێویسته که‌سایه‌تییان تێکنه‌چووبێت.  ئه‌مه‌ش مه‌حاڵه، چونکه مه‌حاڵه کورد بیت و خاوه‌نی که‌سایه‌تییه‌کی ته‌ندروست بێت. هه‌روه‌کوو چلۆن به تێڕوانینێکی پسیشۆئه‌نالیزانه مرۆڤ له سروشته‌وه خراپه، ئاوهاش میدیای کوردیی له سروشته‌وه خراپه، چونکه مرۆڤی خراپ میدیا ده‌بات به ڕێگاوه.

تاکی کورد سادیسته خۆشیی له ناخۆشییه‌کانی به‌رانبه‌ردا ده‌بینێت. به ناوی خۆشه‌ویستیی نیشتیمان، ئازادیی، سه‌رۆک …هتده‌وه. ڕێگا به خۆی ده‌دات، ده‌ستدرێژیی بکاته سه‌ر هه‌موو که‌س. ده‌ستدرێژیی مه‌رج نییه، ته‌نها فیزیکییه‌ن پراکتیزه‌ بکرێت، به‌ڵکوو به خودی ته‌ماشاکردنێک مرۆڤ ده‌توانێت وێنه‌ی به‌رکه‌وتنی گولله‌یه‌ک ئازار بچێژێت. به چه‌ند وشه‌یه‌ک، که ڕۆڵی شمشێر ده‌بینن مرۆڤ ده‌توانێت که‌رت که‌رت بکرێت. کورد به‌س گوێی له چه‌مکی خۆشه‌ویستیی بووه، به‌ڵام نازانێت خۆشه‌ویستیی چییه!

خۆشه‌ویستیی ڕه‌خنه ناگرێت، به‌ڵکوو لێده‌گه‌ڕێت ئه‌وه بیت، که هه‌یت. ئه‌وه‌ی بێزارت ده‌کات، ده‌تشێوێنێت هه‌ستێکه، که هی خۆته. هه‌ستت هه‌ڵتده‌سوڕێنێت ئه‌و شته‌ی، که هه‌یه، که ڕووده‌دات به‌وشێوه‌یه نییه، که تۆ حه‌زت لێیه یان ده‌ته‌وێت. مرۆڤی کورد د‌ه‌ڵێ: “له‌به‌رخاتری من”، مرۆڤی به‌رانبه‌ریش ئه‌و کاره ده‌کات، که داوای لێکراوه نه‌ک، که خۆی ده‌یه‌وێت. ئه‌و کاره‌که ده‌کات له‌به‌رخاتری که‌سێکی تر. که‌سه‌که‌ی تر نازانێت خۆشه‌ویستیی چییه، هه‌ربۆیه هه‌ستێک، که هه‌ڵیده‌سووڕێنێت ده‌یشێوێنێت چونکه ئه‌وه‌ی ڕووده‌دات به دڵی ئه‌و نییه.

به‌هیچ شێوه‌یه‌ک له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵێک وته و بۆچووندا نیم، به‌ڵام لێده‌گه‌ڕێم بگووترێن و هه‌بن. من خۆشه‌ویستیی ده‌ده‌م و وه‌رده‌گرم، سووپاسی هه‌موو بوونه‌وه‌رێک ده‌که‌م، که خۆشه‌ویستییه‌که‌م وه‌رده‌گرێت، چونکه ته‌نها به وه‌رگرتنی خۆشه‌ویستیی تاک ده‌توانێت به‌خته‌وه‌ربێت. ئه‌وانه‌ی پێیانوایه، که خۆشه‌ویستییان سنوورداره و هه‌موو که‌س بۆی نییه هه‌یبێت، نه‌خۆشن، هه‌روه‌کوو چلۆن ئه‌وه‌ی به‌دوای زین و نرخی ژیاندا بگه‌ڕێت نه‌خۆشه. نه‌بوونی زین و نرخ له ژیاندا به‌رهه‌می ئه‌قڵی پسیشۆئه‌نالیزیانه‌ی فرۆیده. نه‌بوونی زین و نرخی بیروڕا له میدیای کوردییدا به‌رهه‌می ئه‌قڵی تاکی کورده.

جیاوازیی نێوان هه‌ڵکووتانێکی فیزیکیی و ده‌روونیی بوونی نییه. ئاسترومێنته‌کانی هه‌ڵکووتانێکی فیزیکیی بریتییه له “بۆکس، شه‌ق، گولله، بۆمبا …هتد.”، ئاسترومێنته‌کانی هه‌ڵکووتانێکی ده‌روونیی بریتییه له “میمیک، گێستیک”، به واتایه‌کی دی چاو و د‌ه‌م و ده‌ست. تاکی قسه‌که‌ری کورد ده‌توانێت به‌قه‌د هه‌ڵکووته‌رێکی فیزیکیی تووندوتیژ بێت و به‌رانبه‌ره‌که‌ی بریندار بکات. سه‌یر لێره‌دا ئه‌وه‌یه، که ئێمه به‌گشتیی ته‌نها هێرشه فیزییکییه‌کان ده‌بینین و ته‌واوی هێرشه ده‌روونییه‌کان ده‌خه‌ینه لاوه و گرنگیی پێناده‌ین. ئه‌وه‌ی توانای هێرشی ده‌روونیی هه‌بێت، دووئه‌وه‌نده توانای شاراوه‌ی هێرشی فیزیکیی هه‌یه‌.

ڕووی ڕاسته‌قینه‌ی میدیای کوردیی بریتییه له ڕووی ڕاسته‌قینه‌ی کارمه‌ندانی. واته بۆئه‌وه‌ی تۆ له میدیای کوردیی بگه‌یت پێویسته خوێندنه‌وه له‌سه‌ر که‌ڕاکته‌ری کارمه‌ندانی بکه‌یت. ژیانی کۆمه‌ڵگای کوردیی هۆکاره له پێسیمیستبوونی مندا. له‌کوێ ترووسکه‌یه‌ک ڕووناکییم به‌دیکرد، ئه‌وسا منیش هیوایه‌کم به ئاینده ده‌بێت. هێرشێکی فیزیکیی بۆسه‌ر میدیایه‌ک کاردانه‌وه‌ی هێرشێکی ده‌روونییه. ئه‌وانه‌ی، که هێرشێکی فیزیکیی ده‌که‌نه سه‌ر میدیایه‌ک ڕاسپێردراون، ئه‌وانه پراکتیزه‌ی ویستێکی ویستراو ده‌که‌ن. ئه‌مانه فێرنه‌بوون، که به‌شێوه‌یه‌کی تر مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ کێشه، گفتووگۆ و ڕه‌خنه‌دا بکه‌ن. ئه‌وه‌ی میدیا ده‌یکات و ده‌یڵێ، ئه‌وه نییه، که ئه‌وان ده‌یانه‌وێت. ئه‌مه له‌کاتێکدا کرده و گووته‌ی میدیای ناوبراو ده‌شێت خه‌ڵکانێکی تر به‌خته‌وه‌ربکات، چونکه کرده و وته‌ی ئه‌وان ئه‌وه‌یه، که ئه‌مان ده‌یانه‌وێت.

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.