میرزا به‌دیار په‌یكه‌ری ژنێكه‌وه
كه دڵنیا بوون له‌وه‌ی رۆیشتوویت، وێرایان بچنه هۆده‌كه‌ته‌وه، پێشتر كه‌س زاتی نه‌ده‌كرد پێ بخاته ئه‌م دیو ده‌رگاكه‌ته‌وه، ده‌یانوت شێته ده‌ست ئه‌وه‌شێنێ، كچان به خه‌یاڵیش بیریان له هاوسه‌رگیریتان نه‌ده‌كرده‌وه، ده‌یانوت په‌لامار ئه‌دات، ئه‌وه سێ مانگه نه‌هاتۆته ده‌ره‌وه، كه‌س زاتی نه‌ده‌كرد خواردنیشت بۆ بێنێ له‌به‌ر قاپێكه بۆتیان فڕێ ئه‌دا، تۆش ئه‌وه‌نده‌ت ئه‌خوارد كه نه بژیت و نه بمری، ده‌یانوت گوێمان لێ بووه وتوته من نه‌متوانی ته‌نبووره‌كه‌م بپارێزم نه شایه‌نی ئه‌وه‌م بژیم نه شایه‌نی ئه‌وه‌م بمرم.
یه‌كه‌م جار كه له ئامێدیه‌وه هاتی، جگه له توێشه‌به‌ره‌كه‌ت سازێكت پێ‌بوو، به رێگه‌وه ده‌تژه‌نی، به ریش و قژه درێژه‌كه‌ته‌وه له دێوانه ده‌چوویت، تا خۆرئاوابوون، ئه‌و دێیانه‌ی گه‌رمیانت ته‌ی ئه‌كرد، كه ماندوو بوویت له دێیه‌ك سره‌وتیت له دێكانی دی ئاوه‌دان تربوو، بانگی شێوان خۆت كرد به مزگه‌وتی دێ‌دا له دوای نوێژ له مه‌جلیسی مه‌لا نزیكبوویته‌وه، ویستت بژه‌نیت، نه‌یانهێشت، گه‌له‌كۆمه‌یان لێ‌كردیت، گه‌نجێك هێشتا خه‌تی نه‌دابوو قۆڵی گرتیت و هێنایتیه ده‌ره‌وه، وتی ساز له مزگه‌وت گوناحه، بردتی بۆ دیوه‌خان، له‌وێ كۆمه‌ڵێ مه‌قامبێژ هه‌موو كات ده‌وری ئاغایان داوه و سه‌ری گه‌رم ئه‌كه‌ن، به دڵی ئاغا به‌سته یان مه‌قام ئه‌ڵێن، ئه‌وه جێگای تۆ بوو، خۆت ناسان :من میرزا شه‌هره‌یاری ته‌نبور ژه‌نم، یه‌كسه‌ر ده‌ستت كرد به ژه‌نین، تا ئاغا ئیشاره‌تی كرد بوه‌ستی، ئه‌و شه‌وه مه‌یلی له مه‌قام بوو، ئه‌مری پێكردی سازه‌كه‌ت له‌گه‌ڵا مه‌قامه‌كانا بژه‌نیت، دوو پیاوی كامڵا دانیشتبوون به نۆبه هۆڕه و ئای ئاییان ئه‌وت، ورده ورده ریتمه‌كه‌ت وه‌رگرت، بوویت به جێگه‌ی ره‌زامه‌ندیان، وتت ئه‌مه ساز نییه ته‌نبووره. ئاغا وتی ئه‌وه سازه، ئێمه به‌وه ئه‌ڵێین ساز.
– نا ساز جیاییه.
– فه‌رقی چییه هه‌مووی هه‌ر تاڵه‌و له‌سه‌ر ئه‌و ته‌خته‌یه دانراوه، ئێمه پێی ئه‌ڵێن ساز و تۆ پێی ده‌ڵێی هین، نازانم ئه‌و شته‌ی خۆت وتت
درێژه‌ت نه‌دایه، وه‌ك ئه‌وه‌ی قه‌شمه‌ریان پێ بكه‌ی باسه‌كه‌ت داخست، ئاغا وتی میرازای؟ به‌ڵێ به‌ڵام جگه له ته‌نبوورژه‌نین هیچی تر ناكه‌م. پرسی بۆ؟ وتت: ته‌نبوور ژنه، نابینن من چۆن له باوه‌شم گرتووه. به جارێ دیوه‌خان دایانه قاقا، تۆ وتت ته‌نبوور قسه ئه‌كات، گه‌نجێك لای خواره‌وه به لاقرتێوه وتی: پێی بڵێ به‌سه‌رهاتێكمان بۆ بگێڕێته‌وه، ئه‌وان پێكه‌نین و تۆ هیچت نه‌وت، شه‌و ئاوا رۆیشت، كه دیوه‌خان چۆڵ بوو ده‌فته‌ره‌كه‌ی به‌ر باخه‌ڵت ده‌ركرد و نووسیت:
ئه‌بێ ئه‌م خه‌ڵكه فێر بكه‌م چۆن له‌بری ژنه‌كانیان ته‌نبوور بیانلاوێنێ، ئه‌بێ فێربن له باوه‌شی بگرن، ئه‌م شه‌و لێره فێربووم له‌گه‌ڵ مه‌قامه‌كانیانا بیژه‌نم، ته‌نبوور به‌شه نه‌وتراوه‌كانی مه‌قام ئه‌ڵێت.
چه‌ند مانگێك له دیوه‌خان مایته‌وه، هه‌مووان خۆشیان ده‌ویستی، ئه‌یان وت قسه‌ی خۆش ئه‌كا، هه‌ركه‌س بێ حه‌واص بووایه ئه‌یانارد بۆ لات تا به‌قسه‌كانت پێ بكه‌نێ، مه‌قامبێژه‌كان كاروانچیه‌كان بوون، به‌ینت له‌گه‌ڵیان خۆش بوو، داوایان لێ ئه‌كردی له‌كاتی كاروانا هاوڕێگایانبیت، بۆ ئه‌وه‌ی به‌ڕێوه كه ئه‌وان مه‌قام ئه‌ڵێن تۆش بیژه‌نی، رۆژێك رازی بوویت، ئه‌چوون بۆ شار، شه‌و رۆژێك به رێوه‌بوون، تا ئه‌وێ به‌ده‌م ئه‌ڵاوه‌یسیه‌وه ئه‌تژه‌نی، دوای گه‌یشتن و كراوان خستن، به‌شارا گه‌ڕان، تۆ ده‌ستت بۆ به‌رباخه‌ڵه‌كه‌ت برد و به‌ر ده‌فته‌ره‌كه‌ت كه‌وت، وتت من نایه‌مه‌وه، زۆریان هه‌وڵ له‌گه‌ڵ دایت، بێ سود بوو، كه‌وتیته ناو كۆڵانه‌كان، بۆ شوێنی شه‌و ئه‌گه‌ڕایت، زاتت نه ئه‌كرد خۆت بكه‌ی به هیچ ماڵێكا، تا دره‌نگان كۆڵان و كۆڵانت كرد، گه‌یشتی به ده‌رگاكه‌یه‌ك كرابووه‌وه، زانیت ته‌كێ و باره‌گای شێخه، خۆت كرد به ژووراو یه‌كسه‌ر تاراتت گرت، هاتیته‌وه بۆ حوجره‌كه، كابرای ریش چه‌رموو به‌خێرهاتنی كردی، وتی غه‌ریبه‌ی، وتت گه‌ڕیده‌م، وتی یاعنی ناسه‌ره‌وی؟
– ره‌نگه لێره بمێنمه‌وه.
– چ كارێك ئه‌كه‌ی؟ به‌مه بێت به ده‌سته‌وه‌یه چاوشی؟
– نا ته‌نبوورژه‌نم.
– ئینجا ئێمه چی له مه بكه‌ین؟
– جه‌نابی شێخ نه‌حو و صه‌رفیشم خوێندوه، من میرزا شه‌هره‌یارم.
– یه‌عنی ئه‌زانی فه‌قێ فێركه‌ی؟
– ئه‌شێ بتوانم.
– لێره بمێنه‌ره‌وه، هه‌ندێ فه‌قێت بۆ دا ئه‌نێم، ئه‌وانیش خواردنی ماڵه‌وه و جل و به‌رگی كۆنه‌ت بۆ ئه‌هێنن، جار جار پاره‌شت ئه‌ده‌نێ.
سه‌ری رازیبوونت له‌قاند، شه‌و پێش خه‌وتن ده‌فته‌ره‌كه‌ت ده‌ركرد و كه‌وتیته نووسین:
لێره ده‌ست ئه‌كه‌مه‌وه به خوێندن، درۆم كرد، گه‌ر بزانن نه‌ح و صه‌رف نازانم ده‌رمه‌كه‌ن، ته‌نبووره‌كه‌شم ئه‌ژه‌نم، به‌س كه حوجره‌كه چۆڵ بێت، مناڵه‌كان فێر ئه‌كه‌م ته‌نبووریان خۆش‌بووێت، ئه‌وه به‌شێكه له ده‌رسه‌كانیان، فێریان ئه‌كه‌م بخوێننه‌وه و بنووسن، خۆشم نامرم له برسا.
بۆ به‌یانی كابرای ریش چه‌رموو خۆی به موعه‌لیم ناساند، كتابێ ئه‌حمه‌دی بۆت هێنا و وتی: میرزا ئه‌مه‌یان فێر بكه، ته‌له‌به‌كانت سه‌لارن، ئاماده‌یانكه تا بتوانن خه‌تم بكه‌ن، به ده‌ستی ئیشاره‌تی بۆ خوار ته‌كێكه كرد و وتی ئه‌و هۆده‌یه‌ش بۆ ئیسراحه‌ت كردنت، وتت خوا باشت بۆ بكا، خه‌مت نه‌بێ ناو به ناو عه‌مه‌شیان بۆ ئه‌خوێنمه‌وه، حه‌وت ته‌له‌به‌ی باڵغ نه‌بووی زۆرزانت هه‌بوو، ده‌ستت پێكرد، شه‌وانیش له‌گه‌ڵ موعه‌لیم مه‌جلیستان گه‌رم بوو، كه پێت وت ته‌نبوور پیرۆزه، شێتی گرتی، وتی له‌به‌ر خوا‌و و بێ جێی و رێی ده‌رت ناكه‌م، له ناو ته‌كێكه‌یا كه‌س ئه‌م ده‌عبایه نه‌بینێ به‌ده‌سته‌وه، وتت ئاخر من نامه‌وێ له عه‌شقی كه‌مبێته‌وه، وتی به‌رۆژ دوای ده‌رسه‌كه‌ت ئه‌م ده‌عبایه به په‌ڕۆیه‌ك بپێچه‌ره‌وه و برۆ بۆ قاوه‌خانه‌كه‌ی سه‌ر ئاوه‌كه، له‌وێ له‌م بابه‌ته‌ی تۆی زۆر لێیه، چه‌ند رۆژێك تێپه‌ڕی و رێی قاوه‌خانه‌كه‌ت گرته به‌ر، دانیشتیت و قاوه‌یه‌كی بۆ هێنایت و به‌خێرهاتنی كردیت، وتی دیاره ئه‌هلی كه‌یفی؟ وتت ته‌نبوورژه‌نم. كابرایه‌ك هه‌ڵیدا: ئه‌مه‌ی پێته له ساز ناچێت، وتت ئه‌م ته‌نبووره، سازه‌كه‌ی له تاقه‌كه‌یا ده‌ركرد و وتی ئێمه ئه‌مه ئه‌ژه‌نین خۆمان ئه‌ڵێن ئه‌مه فه‌نه به‌س خه‌ڵك پێمان ئه‌ڵێن لۆتی، ده‌ستی كرد به ساز ژه‌نین، كه‌سێك ده‌نگی به‌سته‌ی به‌رز كرده‌وه (رێگای به‌رماڵتان به پا ئه‌كێڵم تا توم نه‌ده‌نێ شار جێناهێڵم…) كه‌مێكیان وت كابرای ژه‌نیار ئاماژه‌ی بۆ كردی تۆ بیژه‌نی، ته‌نبووره‌كه‌ت توند له باوه‌ش گرت و ده‌ستت پێكرد، له‌سه‌ر ئاوازی مه‌قامه‌كان به‌رده‌وام بوویت، ساز ژه‌نكه هه‌ستا و هاته ته‌نیشتت، تۆ ده‌ستت هه‌ڵگرت و سه‌یریت كرد، وتی ئه‌مه وه‌ك ئه‌وه‌ی ئێمه نییه، به‌س هه‌ر سازه، وتت نا ته‌نبووره، وتی ئێمه سازی جوڕه و سازی باغڵه‌مامان هه‌یه، ئه‌مه‌ی تۆش هه‌ر جۆرێكه له‌وان، باوه‌ڕیان پێت نه‌بوو، به‌س قایل‌بوون، كابرای ژه‌نیار وتی ئه‌مه چۆن دروست ئه‌كرێ تۆ وتت ئه‌مه‌ی من خۆم دروستم كردووه، صندوقه‌كه‌ی له شێوه‌ی سنگه مراویا بوو، وتت كوله‌كه‌یه، داره‌كه‌ش وه‌ك هه‌ر دارێكی تره،به‌س تاڵه‌كانی له ریخۆڵه‌ی حه‌یوان چێ كراوه، بێجگه له ژه‌نیاره‌كه هه‌موویان پێت پێكه‌نین، وتی ئه‌ی صنوقه‌كه له ته‌خته دروست نابێت، با دروست ئه‌بێت، به‌س ئه‌بێ زۆر بگه‌ڕێی بۆ ئه‌و داره، چونكه وه‌ستا دارێكی ئه‌وێ قسه بكات، كه وات وت دیسان ده‌ستیانكرده‌وه به پێكه‌نین، به‌س تۆ مورتاح بوویت، ئیتر بوو به جێگای عه‌سرانت، له دانیشتنه‌كان به‌شدار ئه‌بوویت و به‌زمه‌كه‌ت گه‌رم ئه‌كرد، زیاتر له‌گه‌ڵ مه‌قامه‌كانا ئه‌تژه‌نی، له‌گه‌ڵ به‌یتی له‌یل و مه‌جنونیشا هه‌ر تۆ ئه‌تژه‌نی، سازژه‌نه‌كان حه‌وصه‌ڵه‌ی درێژی له‌یل ومه‌جنونیان نه‌بوو، له ده‌فته‌ره‌كه‌تا ئه‌مه‌ت تۆمار كرد:
تا ته‌نبووره‌كه‌م بمێنێت و شوێنێك هه‌بێت تیا بیژه‌نم ژن ناهێنم، صنودقی ته‌نبووره‌كه‌م له كفڵی ژن خۆشتره، ده‌بێت ئه‌م خه‌ڵكه تێ بگات، له‌زه‌ت له ژه‌نینایه نه‌ك بۆڵه و قیژه‌ی ژن، ژن نییه نه‌قیژێنێت و ده‌نگه نه‌شازه‌كه‌ی هه‌ڵنه‌بڕێت، به‌س ته‌نبوور ته‌نها ده‌زانیت به ناسكی قسه بكات، به‌رامه له قورگیه‌وه ده‌ره‌چێت.
رۆژێك موعه‌لیم بانگی كردیت و كه‌وته ته‌مێ كردنت، كوڕم واز له‌م ته‌نبووره بێنه، تازه تۆ بوویت به كوڕی ئه‌م شاره، من ئه‌تگرمه خۆم و با ماوه‌یه‌ك بڕوات خه‌ڵك ئه‌م شته ناقۆڵایه‌ی ده‌ستتیان بیر بچێته‌وه، كسێكت بۆ ئه‌دۆزمه‌وه و بۆ خۆت ماڵێكت ئه‌بێت، لێره كه‌س ژن نادات به سازلێده‌ر، وتت موعه‌لیم ژنم هه‌یه.
– له‌كوێ؟
– لێره.
– كامه‌یه ؟
ده‌ستت بۆ ته‌نبوره‌كه‌ت درێژ كرد و وتت ئه‌وه‌یه. په‌نگێكی خوارده‌وه و وتی لای فه‌قێكانیش شه‌كرێكی وات شكاندووه.
– هیچم نه‌وتوه.
– با وتوته.
– چیم وتوه؟
– نه‌عوزوبیلا وتوته ته‌نبوور نیوه‌ی ئیمانه.
– ئێ خۆ درۆم نه‌كردووه!
– نا قه‌ت درۆت كردووه! خه‌ریكه شاربه‌ده‌رمان ئه‌كه‌ی، به‌س ئه‌حمه‌دی به مناڵه‌كان بڵێره‌وه، توخنی قورئان مه‌كه‌وه، توشی به‌ڵایه‌كامان ئه‌كه‌ی، میرزا تۆ كابرایه‌كی خوێنه‌واری به‌حساب عیلمه‌كانت خوێناوه، پێم ناڵێت ئه‌م به‌زمه كێ فێری كردووی؟
– ده‌ردی دڵ، عیشق فێری كردم،
– كوڕم شه‌یتان له كه‌له‌ت ده‌ركه، هه‌ڵا هه‌ڵا میرزان، ئه‌و عیلمه جوانه ئه‌زانن بۆ عه‌مه‌لی پێ ناكه‌ن، من به كوڕ خۆمت ئه‌زانم، مه‌راقمه له هه‌موو عاله‌م صاڵحتر بیت.
موعه‌لیم زۆری وت و تۆ وه‌رت نه‌گرت، تۆ زۆرت وت و موعه‌لیم وه‌رینه‌گرت، به‌و كلۆجه‌ی خۆتان به‌رده‌وام بوون.
چه‌ند ساڵێك رۆیشت و ته‌واو هۆگری شار بووبویت، كه‌مێك ته‌مه‌ن هیلاكی كردبوویت، كاتێك موعه‌لیم مرد، تۆ بێكه‌س كه‌وتی، ئه‌وانی تر كه له ته‌كێكه بوون، خۆشیان پێت نه‌ئه‌هات، ئه‌یان وت ئه‌مه لۆتییه نه‌ك له خوا نزیك، ئه‌وان وایانزانی به‌س بێزارت ئه‌كه‌ن، وایانزانی ته‌نبووره‌كه‌ت بشكێنن، شتێكی به‌سیتیان كردووه، نه‌یانزانی ئه‌وان ژنه‌كه‌ی تۆیان كوشتوه، تۆ ته‌واو شێت بوویت چه‌ن رۆژ هه‌ر هاوارت بوو، نوزه له قورگ و ئاو له چاوت بڕا، كه‌س نه‌یده‌وێرا نزیكت بكه‌وێت، توانات نه‌ما، خۆت له هۆده‌كه‌ت گیر كرد و سێ مانگ نه‌هاتیته ده‌ره‌وه، كه‌س زاتی نه‌ده‌كرد خواردنیشت بۆ بێنێ له‌به‌ر قاپێكه بۆتیان دا ئه‌نا، تۆش ئه‌وه‌نده‌ت ئه‌خوارد كه نه بژیت و نه بمری، ده‌یانوت گوێمان لێ بووه وتوته من نه‌متوانی ته‌نبووره‌كه‌م بپارێزم نه شایه‌نی ئه‌وه‌م بژیم نه شایه‌نی ئه‌وه‌م بمرم.
رۆژێك ون بوویت، كه‌س نه‌یزانی چۆن رۆیشتووی، كه دڵنیا بوون له‌وه‌ی رۆیشتوویت، وێرایان بچنه هۆده‌كه‌ته‌وه، پێشتر كه‌س زاتی نه‌ده‌كرد پێ بخاته ئه‌م دیو ده‌رگاكه‌ته‌وه، من به هه‌ڵه‌داوان خۆم پێ گه‌یان، كه‌وتمه هه‌ڵدانه‌وه‌ی یاتاخ و كه‌ره‌سته‌كانی ناو هۆده‌كه‌ت، بۆ ده‌فته‌ره‌كه‌ت ئه‌گه‌ڕام، له تاقه‌كه‌یا له ژێر دیوانه‌كه‌ی سه‌عدیدا دۆزیمه‌وه، دوای تۆ هه‌ر كه‌سه و به نه‌وعێك قه‌سه‌ی ئه‌كرد، ئه‌یانوت بوو به تۆز، سه‌ری خۆی هه‌ڵگرتووه بۆ هند، نا ئاقڵبووه و چووه‌ته شوێنێكی دوور تا كه‌س ئاگای لێ نه‌بێت ژنی هێناوه، ره‌نگه چووبێته‌وه ته‌نبوورێكی تر دروست بكات، ئه‌گه‌ڕێته‌وه… قسه زۆر كرا زۆر.
چه‌ند جارێك ده‌فته‌ره‌كه‌تم خوێنده‌وه، كاته‌كانم ئه‌ناسیه‌وه، ئه‌مزانی ئه‌و قسانه‌ت له ئه‌نجامی چییه‌وه كردووه، باوكم پێی ئه‌وتم تۆش وه‌ك مامۆستاكه‌ت ده‌ربه‌ده‌ر ئه‌بیت، ئه‌كه‌ویته ده‌شت و ده‌ر، سه‌نگه‌رم له باوكم گرتبوو، كه تۆ راست بوویت نه‌ك خه‌ڵكه‌كه، هه‌موو شاره‌كه به پێچه‌وانه‌ی تۆوه رێ‌یان ده‌كرد، بۆیه پێیان ده‌وتی شێت، ئێستا ته‌كێكه بووه‌ته كه‌لاوه، ماڵه‌كانی دراوسێتان پاشه‌رۆی تێ فڕێ ده‌ده‌ن، پێی ده‌ڵێن حاوییه‌كه‌ی میرزا شه‌هره‌یار، كه من ئه‌و شاره‌م به‌جێ هێشت مه‌كته‌ب كرابووه‌وه، هه‌موو ته‌كێی و خانه‌قاكانی شار بازاڕیان كزببوو، باوكم وتی ده‌تنێرم بۆ ئه‌و وڵاتانه، فێری عیلمبه، نه‌چی بۆ دیسكۆ یان به زوڕنایه‌كه‌وه بۆم بێیته‌وه، خه‌ڵك جاران ئه‌چوو بۆ صین بۆ عیلم، تۆش بڕۆ فێربه وه‌ك ئه‌و عاله‌مه.
من ناناسیته‌وه؟ من یه‌كێكم له‌و حه‌وت مناڵه‌ی له‌سه‌ره‌تاوه ئه‌حمه‌دیت فێر ئه‌كردم، زۆرم حه‌ز له ته‌نبوور ژه‌نین بوو، به‌س نه‌مده‌وێرا پێت بڵێم، ئه‌مزانی نامده‌یتێ، زۆر كات ئاگام لێت بوو، له نزیكت ئه‌وه‌ستام، گوێم لێ‌بوو بۆ موعه‌لیم باسی ئه‌وه‌ت ده‌كرد چۆن له ئامێدیه‌وه هاتویته‌ته گه‌رمیان و چۆن عاشقی ته‌نبووری، راستی هه‌ندێ كات منیش پێكه‌نینم به قسه‌كانت ئه‌هات.
زۆری وانییه لێره‌م، ده‌فته‌ره‌كه‌شتم له‌گه‌ڵ خۆم هێناوه، چه‌ند جارێك به لای په‌یكری ئه‌م ژنه‌یا رۆیشتووم، كه‌سێكم ئه‌بینی خۆی له پاڵتۆكه‌یه‌وه پێچاوه‌ته‌وه و له‌به‌رده‌م ئه‌م په‌یكه‌ره رووته‌دا گڕمۆڵه بووه، نه‌مزانی تۆی تا لێت نزیكبوومه‌وه، وا هه‌ستم ئه‌كرد نه‌داربیت، به‌س ئه‌وانه‌ی ئێره سواڵ به ژه‌نین ئه‌كه‌ن، ره‌نگه ته‌نبووره‌كه‌ت پێبوایه نه‌تمدۆزیایه‌ته‌وه هه‌ر وامزانیبا سواڵكه‌ری، به‌س تێ ناگه‌م، ئه‌مه په‌یكه‌ری كێیه؟ تۆ چی ئه‌كه‌ی به‌دیار ئه‌م په‌یكه‌ره‌وه؟
– ده‌فته‌ره‌كه‌م بده‌ره‌وه.
– هێناومه له شوقه‌كه‌مه، پێكه‌وه ده‌چینه‌وه بۆ ئه‌وێ، ئه‌تده‌مه‌وه، به‌س ئه‌مه په‌یكه‌ری كێیه؟
– نازانم كێیه، به‌س خۆشمه‌وێ، ئه‌وه قسه ناكات سه‌رم نایه‌شێنێت، به‌وه نییه به‌رده له مرۆڤه‌كان به‌خشنده‌تره، كه باران ئه‌بارێت ئه‌چمه ژێر سه‌كۆكه‌یه‌وه، به هه‌تاو سێبه‌رم بۆ ئه‌كات، ئه‌وه به‌رده نازانێت ته‌نبوور بشكێنێت، نازانێت پێم پێ بكه‌نێت، من ئاشقی ئه‌م ژنه بووم، ناقیژێنێ به‌سه‌رما، بۆڵه‌ی نایه‌ت، وه‌ك ژنه‌كانی تر داوام لێ ناكات خۆم نه‌بم، نازانێت گومان له پیاوه‌كه‌ی بكات، داوای متمانه‌ی لێ ناكات، مه‌نعم ناكات شه‌راب بخۆمه‌وه، رقی له دوكه‌ڵی جگه‌ره نییه، پێویستی به‌وه نییه هه‌موو شه‌وێك بۆی دووباره بكه‌مه‌وه كه خۆشمه‌وێت.