Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
میرزا مه‌نگوڕی و هه‌ڵكشان به‌ره‌و لوتكه‌

میرزا مه‌نگوڕی و هه‌ڵكشان به‌ره‌و لوتكه‌

Closed
by January 15, 2014 ئەدەب

 

 

 

 

 

میرزا محه‌مه‌دئه‌مین مه‌نگوڕی (1910-1988) بیرمه‌ند و دانا، شاعیر و زانا، به‌هره‌مه‌ند و مێژوونووس و داستانووسی نوێخوازی نه‌ته‌وه‌كه‌مان. نوسه‌رێكی به‌بڕشت، قه‌ڵه‌مێكی ئازا، هه‌ستێكی پاك، په‌راوێزخستنی بیرێكی گه‌ش و ڕووناك له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵگایه‌كی دواكه‌وتوو، ژیانێكی پڕ حه‌سره‌ت وچه‌رمه‌سه‌ری له‌ ڕۆژگارێكی نوته‌ك و ئه‌نگوسته‌چاو، خه‌باتێكی سه‌خت و ناهه‌مواری گۆڕه‌پانی سیاسی له‌سه‌رده‌م و زه‌مانێكی بێ‌ ڕه‌حم، له‌كۆمه‌ڵگایه‌كی دڵڕه‌ق، سیاسه‌تێكی بێ‌ وه‌فا، ئه‌مانه‌ هه‌مووی له‌ژیانی مه‌نگوڕی دا بوونه‌ ته‌پكه‌و دێوجامه‌ و ڕاوی چاره‌نووسی مه‌نگوڕی پێ‌ كرا.

ئه‌و ڕێبوارێك بوو ڕۆژگار خستیه‌ سه‌ر ڕاسته‌ شه‌قامی پڕ كێشه‌ و مه‌ینه‌ت، ناخۆشی و كوێره‌وه‌ری و حه‌سره‌ت، به‌ تاقی كردنه‌وه‌ ئه‌زمونی ژیانی نیشاندا، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌زمونیان لێوه‌ربگرێ‌ و له‌ كڵ بێته‌ده‌ر. تاڕێگای ڕاسته‌قینه‌ی ژیان پیشانی نه‌ته‌وه‌ هه‌ژاره‌كه‌ی بدات و له‌ تاریكستانی نه‌زانی بێته‌ده‌ر.

مه‌نگوڕی و نائومێد بوونی له‌ خوێندنی حوجره‌

 مه‌نگوڕی هه‌ر به‌منداڵی له‌خوێندنی حوجره‌ و ده‌رسی مه‌لا نائومێد ده‌بێ‌ و ئاكامێكی لێ‌ ده‌ستگیرنابێ‌، له‌ژیان تووشی چه‌ندین كێشه‌ و مه‌ینه‌ت و ده‌رده‌سه‌ری ده‌بێت، ئه‌گه‌رچی ئه‌مانه‌ هه‌موو له‌گه‌ڵ كه‌م ته‌مه‌نی و كه‌م ئه‌زمونی منداَڵی ئه‌و دا ناكۆك و یه‌كناگرنه‌وه‌، به‌ڵام نائومێد نابێ‌، نه‌خشه‌ی ژیان داده‌ڕێژێ‌، هه‌نگاو به‌ره‌و سه‌ركه‌وتن داوێژێ‌. 

گه‌شتی مه‌نگوڕی بۆ كۆیه‌ 

 له‌بێ‌ به‌زه‌یی ڕۆژگار، زوو زه‌مان به‌ربینگی پێ‌ گرێ‌، هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای لاوێتی دا كاتێك باوكی له‌كاری كشتوكاڵدا شكست دێنێ‌ و به‌كرده‌وه‌كۆشی بۆ كاری تووتن فرۆشی ڕوو ده‌كاته‌ به‌غدا، مه‌نگوڕی و دایكی ته‌نیا و سه‌رگه‌ردان به‌جێ‌ ده‌مێنن، هیچ هه‌واڵێ‌ له‌ چاره‌نووسی بابی نازانن، مه‌نگوڕی بۆ پرسینی هه‌واڵی باوكی له‌سه‌ره‌تای لاوێتی و ته‌مه‌نی هه‌رزه‌كاریدا بڕیارێكی قورس و چاره‌نووس ساز ده‌دات، به‌ڕه‌زامه‌ندی دایكی و به‌نه‌شاره‌زایی به‌ره‌و نادیار مل پێوه‌ده‌نێ‌، له‌ساڵی 1924 له‌ قه‌ڵادزێوه‌ به‌ره‌و شاری كۆیه‌ ده‌كه‌وێته‌ڕێ‌، ئه‌گه‌رچی كۆیه‌ شارۆچكه‌یه‌كی بچوك بوو، به‌ڵام بۆ مه‌نگوڕی لاهورێك بوو، هه‌راوی و جه‌نجاڵی و قه‌ره‌باڵغی بۆ مه‌نگوڕی جێگای حه‌په‌سان و سه‌رسوڕمان بوو، ئه‌م سه‌رسوڕمانیه‌ كاریگه‌ری له‌سه‌ر ناخ و كه‌سایه‌تی دروست ده‌كات، چونكه‌ له‌ چاو قه‌ڵادزێی لاچه‌په‌كی مائوای خۆی دا كۆیه‌ شارێكی گه‌وره‌ و ئاوه‌دان بووه‌، ئه‌مه‌ش بۆ مه‌نگوڕی جێگای سه‌رسوڕمانه‌، مه‌نگوڕی جوان نوسێكی پڕكاره‌، به‌گێڕانه‌وه‌ی سه‌رنج ڕاكێشی وێنه‌كێشی ڕووداوه‌ دووره‌كان ده‌گرێ‌ و له‌ گۆشه‌یه‌كی نزیك و ڕوون پیشانی ئێمه‌ی تامه‌زرۆیان ده‌دات، به‌مه‌ش خۆشه‌ویستی كاره‌كه‌ لای خوێنه‌ر زیاتر ده‌كات، هه‌ر له‌و ڕوانگه‌یه‌وه‌ وێنه‌ی شارمان بۆ ده‌كێشێ‌، كه‌له‌لای مه‌نگوڕی تایبه‌تمه‌ندی خۆی هه‌یه‌ و ئه‌مه‌ دیارده‌یه‌كی نوێیه‌، دیارده‌ی نوێش پێویستی به‌تێرامان و لێ‌ وردبوونه‌وه‌ هه‌یه‌، ئه‌مه‌ به‌توندی ده‌یهه‌ژێنێ‌، لێره‌وه‌ ده‌كه‌وێته‌ به‌راورد كردنی خۆی و شار، هه‌ڵسه‌نگاندنی ئێستا و ڕابردوو، گوزارشت كردن له‌ كۆن و مۆدێرن، له‌ دواكه‌وتن و شارستانیه‌ت، مه‌نگوڕی به‌هه‌رزه‌كاری ده‌كه‌وێته‌ دنیای جه‌نجاڵی شار و به‌ئه‌زموونه‌وه‌ لێی ده‌ڕوانێ‌ و سه‌رنجه‌كانی تۆمار ده‌كا و ورده‌كارانه‌ و زانایانه‌ وێنه‌ی شارمان پیشان ده‌دا، كه‌ لای ئه‌و مانایه‌كی تایبه‌تی هه‌یه‌، ئه‌ویش دنیای مودێرن و شارستانی و پێشكه‌وتنه‌. لێره‌دا ڕه‌نگه‌ مه‌نگوڕی له‌ یه‌كه‌مینی نووسه‌رانی كورد بێت كه‌به‌گوزارشتی مۆدێرن سه‌رنج له‌دیارده‌ی شار بدات له‌شێوه‌ سه‌ره‌تاییه‌كه‌ی دا.

هه‌ر ئه‌و سه‌رسوڕمان و سه‌رنجدانه‌ش ده‌بێته‌ هۆی گۆڕینی ناخی مه‌نگوڕی هه‌رزه‌كار و ده‌بێته‌ مرۆڤێكی تر، ده‌كه‌وێته‌ به‌راورد كردن له‌نێوان شاری بچوك و گه‌وره‌دا بۆ ئه‌و ده‌بێته‌ پرسیار و وای لێ‌ ده‌كات به‌راوردی قه‌لادزێ‌ به‌كۆیه‌ بكات.

گه‌وره‌یی و هه‌راوی و جه‌نجاڵی و قه‌ره‌باڵی شاری كۆیه‌ و بوونی پۆلیس و به‌رگی نیزامی و نیشانه‌ی سیداره‌كانیان، ئه‌گه‌رچی شتێكی زۆر به‌سام بوو، به‌ڵام به‌لای مه‌نگوڕی ده‌بێته‌ نیشانه‌ی شارستانیه‌ت و پێشكه‌وتن و ژیانی مۆدێرن، له‌هه‌مان كاتدا نیشانه‌ی ده‌سه‌ڵات و هێز و سه‌رچاوه‌ی ترس و نیگه‌رانیشه‌، سه‌ره‌ڕای تێروانینی مه‌نگوڕی بۆ چاره‌قورسی پۆلیس و ترس و سام له‌ نیشانه‌ی سیداره‌كانیان، له‌هه‌مان كاتدا بیركردنه‌وه‌ و تێڕوانینی مرۆڤی كورد له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات پیشان ده‌دات له‌و سه‌رده‌مه‌دا، مه‌نگوڕی ته‌نیا به‌ورد بوونه‌وه‌یه‌ك له‌ پۆلیس وێنه‌ی ده‌سه‌ڵات له‌ هه‌ست و زه‌ینی نه‌ته‌وه‌ی كورد له‌و ڕۆژگاره‌دا پیشان ده‌دات، كه‌به‌درێژایی سه‌رده‌مه‌كان ئه‌م وێنه‌یه‌ لای نه‌ته‌وه‌ی كورد ئاماده‌یی هه‌بووه‌.

شار له‌ڕوانگه‌ی مه‌نگوڕی

 شار ئه‌گه‌رچی هه‌میشه‌ نیشانه‌ی شارستانیه‌تی و پێشكه‌وتن بووه‌، به‌ڵام وه‌ك مه‌نگوڕی گوزارشتی لێ‌ ده‌كات له‌ ڕوانگه‌ی ڕوانین له‌ پۆلیس و سیداره‌كانیان، هه‌میشه‌ نیشانه‌ی ترس و بێزاری و ئازاره‌كانی نه‌ته‌وه‌ی كورد بووه‌ و ڕۆژگاره‌ ئازاراویه‌كانی ڕابردوومان بیردێنێته‌وه‌.

مه‌نگوڕی له‌كاتی مانه‌وه‌یدا له‌شاری كۆیه‌ گۆڕانكاریه‌كی گه‌وره‌ به‌سه‌ر كه‌سایه‌تی دادێت، كه‌ ته‌نیا شار ده‌توانێت ئه‌و گۆڕانكاریه‌ له‌مرۆڤدا دروست بكات. ئه‌و گۆڕانكاریه‌ له‌ڕووی سایكۆلۆژیه‌وه‌ وای لێ‌ ده‌كات له‌ دووری باوك و تاسه‌ی بینینه‌وه‌ی دا بازبداته‌ ناو ده‌ریای ئه‌زمون و تاقی كردنه‌وه‌ی ژیان و به‌پیره‌وه‌ چوونی زانین و گرتنه‌به‌ری ڕێگای چاوكراوه‌یی  و خه‌می گه‌ڕان به‌دوای شته‌ نه‌دیتراوه‌كاندا. مه‌نگوڕی بۆ ته‌واو كردنی كاره‌كه‌ی به‌هۆی ناسیاوێكی باوكی هیچ خۆنابوێرێ‌، ته‌لگرافێك بۆ باوكی ده‌نێرێ‌.

مه‌نگوڕی سه‌ره‌تا به‌ڕیپێدان و ڕێنمایی دایكی هاته‌ شاری كۆیه‌، به‌ڵام ئه‌و گۆڕانكاریه‌ی له‌ ناخی دا سه‌ری هه‌ڵدا، هانی دا به‌ره‌و به‌رزیی هه‌نگاو بێت، سه‌ربه‌خۆ بڕیاری چوونه‌ به‌غدا بدات بۆ هه‌واڵ پرسینی بابی.

 گه‌شتی مه‌نگوڕی به‌ره‌و به‌غدا

 گه‌شتی مه‌نگوڕی به‌ره‌و به‌غدا به‌ڵگه‌ی یاخی بوون و هه‌ڵوێستی به‌رگریكارانه‌ی ئه‌و مرۆڤه‌ مه‌زنه‌ پیشان ده‌دات، له‌ناو دنیای ساده‌یی گه‌له‌كه‌ی و دڕنده‌یی و بێ‌ به‌زه‌یی دوژمنانی نه‌ته‌وه‌كه‌ی دا.

مرۆڤی یاخی ئه‌و مرۆڤه‌یه‌ له‌نێوان ڕووداو و پێشهاته‌كاندایه‌، سه‌ره‌تای تێپه‌ڕاندووه‌ و نه‌گه‌یشتووه‌ به‌كۆتایی، كۆمه‌ڵێك بیری گه‌ش و ڕووناك پێشكه‌ش ده‌كات، پێچه‌وانه‌ی بیری دواكه‌وتوو و كه‌م و كوڕیه‌كان، ئه‌مه‌ش ئه‌نجامی ئه‌زمونێكی فره‌یه‌، بۆیه‌ ده‌توانین بڵێین یاخی بوونی ئه‌و یاخی بوونێكی ئه‌زموونیه‌، دیاره‌ ئه‌و بۆده‌ربڕینی هه‌موو شته‌كان پشت به‌بڵند گۆی وشه‌ ده‌به‌ستی كه‌له‌ ده‌ربڕینی مه‌به‌ستدا به‌هیز و بی سنووره‌، توانای ده‌بڕینی هه‌موو شته‌كانی هه‌یه‌، ئه‌گه‌رچی توانای ده‌بڕینی مرۆڤ ڕێژه‌ییه‌ و له‌ كه‌سێكه‌وه‌ بۆ یه‌كێكی دیكه‌ جیاوازه‌، به‌لام مه‌نگوڕی ئێمه‌ له‌م كاره‌یدا سه‌رتۆپی كه‌سانی تره‌. 

ئێواره‌یه‌ك ده‌گاته‌ ناو شاری ئه‌عزه‌میه‌ وه‌ك سه‌یرانگایه‌كی سه‌رسوڕهێنه‌ر سه‌رنجی ڕاده‌كێشێت، زۆر جار بینینی یه‌كه‌مجاری وێنه‌یه‌ك بۆ باوه‌ڕكردن نابێ‌ و مرۆڤ ده‌حه‌په‌سێنێ‌، به‌تایبه‌ت بینینی ئۆتۆمبیل و عه‌ره‌بانه‌ بۆ منداڵێكی هه‌رزه‌كاری خه‌ڵكی شارۆچكه‌یه‌كی بچوك و دووره‌ده‌ست له‌و ڕۆژگاره‌ دا شتێكی سه‌یرن، له‌وه‌ش سه‌یر تر بینینی داگیرسانی تۆڕی ئه‌له‌تریكی گڵۆپه‌كانی كاره‌بای ماڵ و شه‌قامه‌كانی به‌غدا بۆ یه‌كێكی یه‌كه‌مجاری بێت بچێته‌ شار و ئه‌مانه‌ ببینێت، نیشانه‌ی سه‌رسوڕمانه‌، مایه‌ی وردبوونه‌وه‌ و تێڕامانه‌، به‌غدا له‌كوێ‌ و قه‌ڵادزێی لاچه‌په‌ك و دواكه‌وتوو له‌كوێ‌، هیچ به‌لاتانه‌وه‌ سه‌یر نه‌بێت وه‌كو كابرای هیچ نه‌دیو، ده‌می ببێت به‌ته‌ڵه‌ی ته‌قیو، به‌تایبه‌ت كاتێك كه‌وێنه‌ی پێچه‌وانه‌ی ئه‌له‌تریك و گڵۆپه‌كان له‌ناو ئاوی دیجله‌دا دیار بێت، لای وابێت له‌ژێر ئاویشدا هه‌مان شاروكارخانه‌ و ئه‌له‌تریك هه‌بێت، به‌ڵام مه‌نگوری لێی ورده‌بێته‌وه‌ و تێی ڕاده‌مێنێ‌ و وێنه‌یه‌كی جوانی پڕاوپڕ مانادارمان بۆ ده‌كێشێ‌. 

مه‌نگوڕی داناو بلیمه‌ت سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی له‌دیدێكی هه‌رزه‌كارانه‌وه‌ وه‌ك یه‌كه‌مجاری چوونه‌ به‌هه‌شت لێی ده‌ڕوانێ‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی لێ‌ ون نابێت له‌م ده‌ڤه‌ره‌دا كه‌سایه‌تی مرۆڤی عیراقی له‌سه‌ر بنه‌مای هزری عه‌قیده‌یی و ئایدیۆلۆژی و ململانێی مه‌زهه‌بی و چه‌ندین لایه‌نی تر له‌ناخی كه‌سایه‌تی دا جێگیرن.   

ئه‌مانه‌ هه‌مووی گه‌وره‌یی و هوشیاری مه‌نگوڕی نیشان ده‌ده‌ن، یه‌كه‌م به‌ریه‌ك كه‌وتنی له‌گه‌ڵ دنیای شارستانیه‌ت و پێشكه‌وتنی ده‌وروبه‌ری دا هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ دروست بوونی هه‌ستی تێگه‌یشتن و پێگه‌یشتن له‌واقیعی خۆی، لێره‌دا ده‌توانێ‌ هه‌ست به‌بوونی خۆی بكات، له‌هه‌مان كاتیشدا ئه‌زمونی له‌ تاقی كردنه‌وه‌كانی ژیان وه‌رگرت.

مه‌نگوڕی له‌ ساته‌ وه‌ختێكی هه‌ستیاردا

 مه‌نگوری نوسه‌ری ساته‌وه‌ختیكی هه‌ستیار و گرنگه‌ له‌بارودۆخێكی جه‌نجاڵ و ئه‌نگوسته‌چاو هه‌نگاو ده‌نێ‌ به‌ره‌و سه‌ركه‌وتن، لیره‌وه‌ هه‌ست و زه‌ین و بیركردنه‌وه‌ی مه‌نگوڕی ڕوو له‌ هه‌راوی ده‌كات و ده‌یه‌وێت رێگایه‌ك بگرێته‌به‌ر نه‌ك هه‌ر خۆی، به‌ڵكو نه‌ته‌وه‌كه‌شی به‌ره‌و شاستانیه‌ت و پیشكه‌وتن و هوشیاری به‌ریت، بۆیه‌ له‌ گه‌یشتن به‌م ژیانه‌ تێكۆشان له‌ناو حزب به‌یه‌كێك له‌چاره‌سه‌ره‌كان ده‌زانێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ گه‌شتی داهاتووی هه‌نگاوێكی تر به‌ره‌و سه‌ركه‌وتن داوێژێ‌، له‌گه‌ڵ چه‌ند پۆلیسێكی تردا نه‌خشه‌ی كۆمه‌ڵه‌یه‌ك داده‌ڕێژێ‌، بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ی بیری نیشتمانی و كوردایه‌تی، زۆر به‌ئازایه‌تی، ئه‌وانه‌ پاشتر چوونه‌ ناو حزبی برایه‌تی، به‌ڵام مه‌نگوڕی وه‌ك مرۆڤێكی یاخی و سه‌ركێش له‌ژیان، له‌ساڵی 1938( هه‌نگاوێك به‌ره‌و سه‌ركه‌وتن) تۆمار ده‌كا، به‌ڵام پێ‌ راناگا، ئه‌وه‌ی مه‌به‌سته‌ به‌ئاكام ناگا، له‌سه‌ری دراوه‌ ته‌ دادگا، زیندانی كراوه‌، كتێبه‌كه‌ی زه‌وت كراوه‌، چه‌ندین جار له‌ وه‌زیفه‌ ده‌ركراوه‌، چه‌ند جارێك گیراوه‌ و به‌ردراوه‌، به‌ڵام ماندوو نابێ‌ هه‌دانادا نه‌وه‌ستاوه‌، هه‌نگاوی به‌گوڕتری بۆ سه‌ركه‌وتن ناوه‌، له‌گه‌ڵ دروست بوونی كۆماری كوردستان له‌ مه‌هاباد، به‌هه‌ستی پاك به‌دڵی شاد، گه‌شتی به‌ره‌و ئه‌وێ‌ كردووه‌، چالاكانه‌ به‌شداری كۆماری كوردستانی كردووه‌، به‌وپه‌ری له‌خۆبوردوویی خه‌باتی كردووه‌، بۆ سه‌ركه‌وتنی كۆمار هه‌ولی داوه‌ خۆی ماندوو كردووه‌، وه‌ك هه‌موو نه‌ته‌وه‌ی كورد شكانی كۆمار كاریگه‌ری له‌سه‌ر ئه‌ویش هه‌بووه‌، تاساوه‌، خه‌می قوڵی بۆ داگرتووه‌، دواتر هه‌ر نه‌حه‌ساوه‌ته‌وه‌، بۆ كوردستانی باشوور گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌.

به‌رده‌وامی گه‌شته‌كانی مه‌نگوڕی

 گه‌شتی بێ‌ پسانه‌وه‌ و بێ‌ سانه‌وه‌ی مه‌نگوڕی به‌شاره‌كاندا، ڕه‌نگدانه‌وه‌ی گه‌وره‌ی له‌سه‌ر هه‌ست و ناخی مه‌نگوری داناوه‌، هه‌ر ئه‌وه‌ش وای كرد دوای ئه‌وه‌ی گه‌شته‌كانی به‌شاره‌كاندا له‌سه‌ر زه‌وی به‌ئه‌نجام ده‌گه‌یه‌نێ‌، هه‌رگیز له‌ ژیان دانامێنێ‌، كه‌ڵكه‌ڵه‌ی گه‌شتی ئاسمان له‌كه‌لله‌ی ده‌دات، مرخی خۆی له‌مه‌ریخ خۆش ده‌كات، (گه‌شتی ئه‌ستێره‌ی مه‌ریخ) ده‌كات، هه‌نگاو ده‌نێت به‌ره‌و سه‌ركه‌وتن، له‌نه‌وی، به‌ره‌و مه‌ریخ، به‌ره‌و هه‌ساره‌یه‌كی تری دراوسێی زه‌وی.

گه‌شتی ئه‌ستێره‌ی مه‌ریخ

 گه‌شتی ئه‌ستیره‌ی مه‌رخ شاكاریكه‌ له‌نایابی دا گه‌یشته‌ لوتكه‌. میرزا مه‌نگوڕی به‌بیری زیخ، له‌گه‌شتی ئه‌ستێره‌ی مه‌ریخ، كه‌ چیرۆكێكی خه‌یاڵی زانستی شێعریه‌، جیهانێكی یه‌كسان و  بێ‌ چه‌وسانه‌وه‌ و ڕه‌نگینمان پێ‌ ده‌ناسێنێ‌، نرخ و به‌های مرۆڤ به‌ بالای دا ده‌چه‌سپبَنێ‌. یه‌كسانی و دادپه‌روه‌ری و نوێگه‌ری، داهێنانی ژیانی نوێ‌ دابه‌ش ده‌كاته‌ سه‌ری.

مه‌نگوڕی شاعیر و ئه‌دیبیكی گه‌وره‌ی سه‌رده‌می خۆی بوو، به‌ده‌نگی شێعر و نوسینی جوان، هه‌ست و سۆزی خه‌ڵكی ده‌بزواند، بانگی ئاشتی و سه‌ربه‌رزی به‌گوێی نه‌وه‌ی نوێ‌ دا دا، بانگی سه‌ركه‌وتن له‌مه‌یدانی شارستانیه‌تی دا، ئه‌و بانگه‌ ئاوینه‌ی دڵی بیگه‌ردی نه‌ته‌وه‌كه‌ی بوو، بۆیه‌ وه‌ك زه‌نگێك ده‌نگی هات، گوێی هه‌موو ده‌وروبه‌ری زرنگانده‌وه‌. نه‌فام و كۆنه‌په‌سته‌كانی داچڵه‌كاند و هوشیار و نیشتمان په‌روه‌رانی ڕاپه‌ڕاند.

مه‌نگوری له‌ گه‌شتی ئه‌ستێره‌ی مه‌ریخدا په‌ی به‌شتێك ده‌بات كه‌ پیشتر ده‌وروبه‌ره‌كه‌ی په‌یان پێنه‌بردووه‌ و ناسنامه‌ی بوون ده‌دات به‌شتێك له‌و شتانه‌ی له‌ هه‌ستی زۆربه‌ی خه‌ڵكدا نه‌بوون و لای هه‌ندێكی دیكه‌ش گومانیان له‌سه‌ر بوو، ئه‌مه‌ش هه‌ندێ‌ جار ده‌گاته‌ به‌رزی په‌ڕپرۆِچكه‌ی ئاسمانێ‌، هه‌ندێك له‌و شته‌ په‌ی پێنه‌براوانه‌ ناسنامه‌ی مسۆگه‌ریان پێده‌به‌خشێت، ده‌یكاته‌ هۆكاری سه‌ركه‌وتنی شته‌ په‌ی پینه‌براوه‌كان، ده‌یكاته‌ وه‌سیله‌یه‌ك بۆ ئه‌وه‌ی له‌ڕێگایه‌وه‌ نه‌ته‌وه‌كه‌ی ئاراسته‌ بكات به‌وره‌و شارستانیه‌ت به‌ره‌و خوێندن و زانین به‌ره‌و دامه‌زراندنی بنه‌مای ئابووری خاپوره‌ وڵات و گه‌شه‌ كردنی پیشه‌سازی، به‌ره‌و سه‌ركه‌وتن به‌ پلیكانه‌كانی ژیاندا بۆ گه‌یشتن به‌ئه‌وجی فه‌له‌ك، بۆسه‌ركه‌وتنی نه‌ته‌وه‌كه‌ی و گه‌یشتن به‌ دوا لوتكه‌ی ژیان.

خه‌یاڵ به‌رزی مه‌نگوڕی

 هونه‌ر زاده‌ی بیری خه‌یاڵه‌، هونه‌ر هه‌وڵ ده‌دات واقیع به‌شێوه‌یه‌ك پیشان بدات دوور له‌ جیهانه‌ ده‌ستكرده‌ی هه‌یه‌، هونه‌ر هه‌میشه‌ بنه‌مای تازه‌ بۆ واقیع داده‌ڕێژێ‌ و داهاتووی كۆمه‌ڵگا به‌شێوه‌یه‌كی ئازاد و یه‌كسان و خۆش گوزه‌ران ده‌بێنێ‌، بۆیه‌ مه‌لی خه‌یاڵی مه‌نگوڕی له‌ نیشتمانیكی وێران و دواكه‌وتوو دوور له‌ ته‌كنه‌لۆژیا، هه‌ڵفڕیوه‌ و به‌رزبۆته‌وه‌ بۆ ئاسمان و له‌سه‌ر مه‌ریخ له‌ پێشكه‌وتووترین وڵات نیشتۆته‌وه‌، له‌وێوه‌ خه‌یاڵی خۆش و خه‌ونی خۆش بۆ نیشتمانی كاول و نه‌ته‌وه‌ی دواكه‌وتووی خۆی ده‌بینێ‌. 

له‌گه‌شتی ئه‌ستیره‌ی مه‌ریخ دا وه‌كو شاعیریك ده‌یه‌وی گۆرانكاری بكا “به‌مه‌ش زه‌بریك ده‌دا له‌ دیدی (دیوی) كه‌پێی وایه‌ ته‌نیا فه‌یله‌سوفانن ده‌توانن گۆڕانكاری بكه‌ن” هه‌رچه‌نده‌ دڵنیا نیه‌ له‌و هه‌وڵه‌ی دا بۆ گۆرانكاری سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ست دێنێ‌ یاخود نا، به‌ڵام به‌بڕوای ته‌واوه‌وه‌ هه‌وڵی خۆی ده‌دا و به‌رده‌وام ده‌بێت.

گه‌شتی ئه‌ستێره‌ی مه‌ریخ هیواخوازی ژیانی باڵایه‌، ژیانی بالا بریتیه‌ له‌ تیرامان و بیركردنه‌وه‌، كه‌ پر له‌ به‌خته‌وه‌ریه‌ بۆ مرۆڤ، حه‌سره‌تخواردنی ئه‌و ره‌نگدانه‌وه‌ی نه‌بوونی به‌خته‌وه‌رین، ئاره‌زووی ئه‌و  بۆ به‌خته‌وه‌ری ئاماژه‌ی كه‌سیكی حه‌سره‌ت دیده‌یه‌، ئه‌گه‌رچی به‌خته‌وه‌ری یه‌ك پێناسه‌ی نیه‌، به‌ڵام ویستی ئه‌و بۆ به‌خته‌وه‌ری له‌ناخه‌وه‌ خۆشبه‌ختی نه‌ته‌وه‌كه‌یه‌تی.  

مه‌نگوڕی زانا و بلیمه‌تی لێهاتوو به‌رهه‌می ئه‌ندێشه‌یی ورد و تیژی له‌مێژینه‌ی، له‌ناو سینه‌ی بێ‌ كینه‌ی خۆیه‌وه‌ ئاراسته‌ی نه‌ته‌وه‌كه‌ی كرد، به‌ڵام له‌ژێر هه‌ستی كۆنه‌په‌رستی و كه‌لله‌ وشكان لێی وه‌رنه‌گیراو وه‌ڵامی هوشیاری و زانین به‌نه‌زانین و بیری ڕووناك به‌تاریكی و بیری فراوانی ئه‌و به‌ چه‌قبه‌ستوویی درایه‌وه‌، “داخه‌كه‌م ڕۆژگار هه‌وگه‌ری وه‌بن گڵ دا، داخی ئه‌و مایه‌وه‌ له‌نێو دڵ دا” پێش ئه‌وه‌ی لێی به‌هره‌مه‌ند بین، بیر و لاشه‌ی پیرۆزی لێ‌ ون كردین، گیانی به‌رز و ڕۆحی سپی شادبێ‌.

 

 

ڕه‌سوڵ بۆسكێنی

له‌كوردستانی نوێ‌، ژماره‌ی 6172، 11-7-2013، ل 

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.